جووتیار پێشەوا –
بەراوەردەکردنی پێداویستیە مادییەکانی زەرووری کۆمەڵگا بە شێوازێکی رێک‌وپێک دەبێتە ئابوری کۆمەڵگا. سەرەتا دەبێ یەک خاڵ لەبەر چاو بگرین و سەرنجی بدەین. ئەویش بابەتی پێداویستی یا خود نیازە.مەبەست ئەوەیە کە نیاز تەنیا مادی نییە. مرۆڤ بواری مانەویشی هەیە. بۆیەش کۆمەڵگا بە تێربوون لە هەردوو بواردا دەتوانێ بڵێت کە کۆمەڵگایەکی ئینسانیم. واتە نابێت داخوازی و پێداویستی تەنیا مادی ببینین. ئەو جۆرە دیتنە زۆر بازارییە و فەرهەنگی سەرمایەدارییە. جا ئەو بیرۆکەیە لە کام بەستێن و کام قۆناغدا دەبێت با ببێت،بۆچوونێکی سەرمایەدارانەیە. تەنیا بەو پێنجسەد ساڵەی کۆتایی سەدەی بیستەمەوە سنووردار نامێنێ. بەر لەوەی کەسێک بیهەوێ سەرمایە کۆبکاتەوە،دەبێ بەستێنی بۆ ئامادە بکات. نەفسی سەرمایەداری لەتەک کۆمەڵایەتی بوون دژایەتی هەیە. ئەوەش باسێکی دوورودرێژە، لەو باسەدا ناگونجێت. بە کورتی دەبێ بێژین کە لەبەر ئەوەی کە سەرمایە لە کۆگاکردن و کەڵکەکردنی دەسکەوتەکان پێکدێت، بۆیەش دەبێ خاوەن دەسکەوتەکان رازی بکرێن و متمانە بکەن. دەبێ بەستێنەکان قۆرغ‌بکرێن، چوونکە سەرمایەداری خۆی لە ناو بەستێنەکانی کۆمەڵگا بەجێدەکەن. بەستێنکانیش نابێت تەنیا بە بەستێنی ئابوورییەوە سنووردار بکەین. دەبێ بزانین کە بەر لەوەی ئابوورییەک بەرهەم بێت، دەبێ بیرۆکەکەی بخوڵقی. جا ئەگەر دەس بەسەر بیروکە و فکرەکەدا بگیرێ ئیتر دەسکەوت و بەرهەم دەبێتە هی خاوەن پاوانکاری ئەندێشەکە. بەڵام ئەگەر بمانهەوێت بە کورتی سیستەمی سەرمایەداری بخەینە بەر باس و لێکۆڵین و هەندێک ورد لە سەری بیر بکەینەوە،بۆمان دەرئەکەوێ کە سەرمایەداری نەک تەنیا ئابوری نییە بەڵکو بە تەواوی دژی ئابووریە. هەڵبەت دەبێ جیاوازی بخەینە بەینی ئابووری و فەرهەنگی بازار کە بەرهەمی نیولیبرالیسمە. بە کاڵا کردنی هەرشتێک و فرۆشتنی بە زیاترین سوود،جا ئەوە دیاردەیەکی مادی دەبێ یا مانەوی. ئەو سیستەمە بە گشتی دەستی بە سەر هەموو بەستێنە چالاکییەکانی کۆمەڵگا بە حەوزەی فەرهەنگی،سیاسی،کۆمەڵایەتی،عیلمی.،هونەری، دواتر ئابووریدا گرتووە و لە پاڵ ئەوانیشدا سروشت و هەر تاکێکی کۆمەڵگایش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی وەک کەرەستەیەک بە کار ئەهێنێت و هەموو شتێکی خستۆتە بن دەسەڵاتی خۆیەوە و وەهای کردووە کە هەر تاكێک وەک ئەکتەرێکی سەرمایەداری رۆڵ بگێڕێت.هێندە مرۆڤەکانی بە خۆیەوە گرێداوە هەست بەوە ئەکەن کە بەبێ سیستەمی سەرمایەداری ژیان ناکرێت و هەندێ جاریش وەک خودا چاوی لێئەکەن.ئەیشتوانم بێژم خودی سەرمایە خاوەنەکەیشی بۆ سوودی زیاتر بە کار دێنێت.دەس داگرتن بە سەر ئابووریدا هۆڤانەترین داگیرکارییە،
بناغەی سەرمایەداری لەو سەردەمەوە کە پێکهاتەی کۆمەڵگای سروشتی بە لاڕێدا بردرا و زێهنییەتەکەی تووشی خواری و دەستێوەردان بوو دانرا. واتە هاتنی فەرهەنگی دەسەڵات و سەپاندنی بەسەر رەهەندەکانی ژیاندا. دەسەڵاتداران هەر لەو کاتەوە ژن و سروشتیان خستە ژێر رکێفی خۆیانەوە وبە جێی خزمەت بە کۆمەڵگا،کۆمەڵگایان خستە خزمەتی خۆیانەوە. ئەم رەوتە تا رۆژی ئەمڕۆ دریژەی هەیە و بە پێی دەرفەت و بارودۆخ سەرەڕای دژایەتی کۆمەڵانێکی‌تر، چەن قۆناغێکی بڕیوە و هەر جارەیش زیاتر لە بەرێ کۆمەڵگایان بەرەو هەڵوەشاندنەوە بردووە،لەم چوار،پێنج سەدەی ئاخریشدا رۆژئاواییەکان بە دروست کردنی سێ چەکی بە کاریگەر کە برێتی بوون لە،١-قازانجی زۆر و کەڵەکە کردنی سەرمایە،٢-رێکخستنی هێز و دەسەڵات بە فۆرمی دەوڵەت نەتەوە و٣-شۆڕشی پیشەسازی {انقلاب صنعتی}بۆ بەهێز کردن و باش بە جێکردنی سیستەمی سەرمایەداری هەنگاوێکی گەورەیان هەڵگرت.
وەک دەسپێک ئاماژەم پێکرد سەرمایەداری ئابووری نییە بەڵکو سیستەمێکی چینایەتییە کە هەموو نرخەکانی کۆمەڵگای بێ‌نرخ دەکات و لەو دەرفەتە بۆ درێژەدانی تەمەنی خۆی کەڵک وەرئەگرێت.
بازار جێگای کڕین و فرۆشتنی کەرەستە و پێداویستییە مادییەکانی کۆمەڵگایە کە ئەبێت هەموو کۆمەڵگا خۆی تێدا ببینێتەوە،نابێت هەموان تەنیا مەسرەف بکەن بەڵکو ئەبێت بەرهەم هێنەریش بن،بەرهەمەکانیش ئەبێ بە ئەندازەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا و بە مەبەستی دابین‌کردنی نیازە کانی کۆمەڵگا بێت. بەڵام ئەمڕۆ بازاڕ بووەتە گۆڕەپانێک بۆ سەرمایەداری تا بە ئارەزوو گورزی خۆی بوەشێنێت و ئەسپی خۆی تاو بدات. بەر لە هەر شتێک زانست کە بەرهەمی خودی کۆمەڵگایە،کەوتۆتە بن پاوانی سەرمایەداری. ئیتر لە زانستی پزشکییەوە بگرە تا فیزیک و کیمیا و هەموو بوارەکانی تری. سیستەمی پەروەردە لە باخچەی مناڵانەوە بگرە تا دوا قۆناغی پەروەردە بە زێهنییەتی سەرمایەداری و بۆ خزمەتی سەرمایەداریە. هەر کەس بە مەبەستی داهات و پارە پەیدا کردن دەخۆێنێت،
گەشەپێدانی فەرهەنگی مەسرەفی لە رادەبەدەر‌ لە ژێرناوی پێشکەوتن،مۆد و مودێڕنبوون و گەشەداری و بریقەداری لە ژێرناوی جوانناسی و جوانکاری و ئەمنییەت و ئارامی بو هەر تاکێک. کە رووی ئاوەژووی دەبێتە دوورخستنەوەی مرۆڤ لە چاند،فەرهەنگ،مێژو،ناسنامە،رەسەنایەتی،نەتەوە و نیشتمانەکەی. ئەمانە هەموو بەرهەم و دیاری سەرمایەدارییە بۆ کۆمەڵگا. کورد دەبێژێ ” دز بازاری شێواوی دەوێت”، سەرمایەداری دزی کۆمەڵگایە و نەتەنیا بازاری شێواو بەڵکوو کۆمەڵگای شێواوی دەوێت. باشە کێ لە ناو ئەو سیستمەدا ئەتوانێ لە ئەو نەهامەتی و نەخۆشی و ئازارانە خۆ بپارێزێت و توش نەبێت؟
سەیری بازاڕەکان بکەین رۆژانە بەرهەمی نوی و مۆدێلی نۆی لە لایەن کۆمپانیاکانەوە هەناردە دەکرێت،،بەر لە دروستکردنی کاڵا بۆ خۆیان دیار ئەکەن کە چۆن نیازەکان دروست بکەن،چەنێک بەرهەم بهێنن،بە چ نرخێک بیفرۆشن،چەن مانگ یا چەن ساڵ مۆد بێت،کەی و چۆن بینێرنە بازار.کۆمپانیاکان هەر ساڵ مۆدێلێکی نوی دروست دەکەن،بە نرخێکی گرانتر ئەیفرۆشن،ئینسانەکانیش بە پێویستی ئەزانن بیسێنن چونکا زێهن و زەمینی بۆ دروست ئەکەن.کۆمەڵگایش تەنیا دو رۆڵی هەیە،یەکەم وەک هێزی کار بۆ بەرهەم هێنان لە زانست و فکر و فیزیکیان کەڵک وەرئەگرن.دووەم دەسێنن و مەسرەف دەکەن.
لە سایەی سەر سەرمایەدارییەوە هەموو مرۆڤەکان تەنیا فکر و زکریان دەر هاوردنی پارەیە و هەر چەنیش هەوڵ ئەدەن پێیناگەن. پسپۆڕان و شارەزایان بۆ خۆیان ئەڵێن زانست ئەوەندە پێشکەوتووە کە ئەگەر بۆ خزمەت بە کۆمەڵگا بە کار بهێنرێت نە بێکاری نە هەژاری و نە برسێتی بوونی نامێنێت،بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ برسێتی و بێکاری روی لە زیاد بوونە،زۆربەی ئینسانەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. دۆخێک دروست بووە کە مرۆڤەکان گورچیلە و تەنانەت منداڵ و ژن و لەشی خۆیان بۆ بژێوی ژیان دەفرۆشن.لە کام قۆناغی مێژودا بە قەد ئەم سەردەمە خۆکوژی روی داوە؟ چ کاتێک ئینسانەکان ئەوەندە بێ قیمەت بو‌ون؟ کەی بووە بە ئەم ئەندازە مامەڵە بە ژنەوە بکرێت؟ ژن بێجگە لە کەرەستەیەکی سێکسی چ جێگەو پێگەیەکی بۆ ماوەتەۆە؟زۆر نەخۆشی بەرهەمی سەرمایەدارییە و بەر لە دروست کردنی ڤیروس یا باکترییەکەی یا هەر هۆکارێکی تر دەرمانەکەی دروست ئەکەن و تا کۆمەڵگا نەکەوێتە غەرغەرە دەرمانەکەی نافرۆشن جا ئەو دەم چەن قیمەتی لە سەر دابنێن ئەتوانن بیفرۆشن. بە باشی روونە هەر چی زانست پێشکەوتوە جۆری نەخۆشیش زیادی کردوە و هەر رۆژە هەواڵی نەخۆشییەکی نوی بڵاو دەبێتەو،کێیش هەیە پرسیار بکات کە هۆکاری چییە؟جودا لە پیس بوونی ئاو و هەوا و سروشت ئەتوانێت چی بێت؟
بۆ مادەی خاوی بەرهەمەکانیان بەو پەڕی نامرۆڤانە دەستدرێژی دەکەنە سەر سروشت.قاغەی ئەکەن،پیسی ئەکەن،بێکەڵکی ئەکەن و کاولی ئەکەن،جا چ قەیران و کارەساتێک ئەکەوێتەوە گرنگ نییە،بۆ ئەوەی کە ئەوان بە چاوی پوڵەوە لە سروشت و لە کۆمەڵگا ئەڕوانن تا ئاستێکە بۆ هەموو بەشەکانی لەشی ئینسان،تەنانەت گیانیشی نرخ دیار کراوە.زیاد بوونی رێژەی حەشیمەت کە وەک مۆریانە رووی لە زیاد بوونە پلانی ئەوانە. کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بەشێکیئ هەرە زۆری بازاڕەکانی جیهانی داگیر کردوە کە بێجگە لە کوشتن و بڕین چ کارێکی پێ ئەکرێ؟ گرنگیش نییە چ بۆ هێرش بێت یا خۆپاراستن کوشتن هەر کوشتنە. نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە نێوان گەلان و وڵاتانی بە قەول ئەوان گەشەنەکردوو بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناویندا و کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە بۆ بازار گەرمی خۆیان.ئەو هەلە بۆفرۆشتنی چەک و تەقەمەنی ،تاڵان کردنی سامانی سروشتی،لەناو بردنی ژیرخانی ئابووری،پڕ کردنی بازاڕەکان لە کاڵای خۆیان و بە جێکردنی فەرهەنگی خۆ بەکار ئەبەن.
تاک پەرەستی{فردگرایی}هەر کەس بۆ بەرژەوەندی خۆی،هەوڵ ئەدات کاسانی‌تر بنپێ و ژێرچەپۆکە
بکات،لە ئاخریشدا بۆ خۆی سیستەمێک بن پێی کردوە.دەیان نمونەی تر لە کاریگەری ماڵ وێرانکەر و کۆمەڵگا روخێنی سیستەمی سەرمایەداری هەیە. جا مەبەستی سەرمایەداری لەم هەموو پلان بۆ قازانجی زۆر و کەڵەکە کردنی سەرمایەیە.بۆ ئەوەی کە بتوانین پێش بە ئەو سیتەمە بگرین و کۆمەڵگا لە ژێر گوشار و زەختی هەژاریدا رزگاریان بێت.بۆ پەیدا کردنی نانێک سووکایەتی بە ئینسانەکان نەکرێت،کۆیلەتی و مل‌کەچی بۆ پارە نەمێنێت ئەبێ بە باشی ناخ و ناوەرۆک و رووی شاراوەی سیستەمی سەرمایەداری بناسین لە بەرانبەریشیدا ناخ و ناوەرۆکی ئابووریی کۆمەڵایەتی یا خۆسەری ئابووری کە وەک ئاڵترناتیوێک بۆ ئابووری سیاسی لە ناو کۆمەڵگای دیموکوراتیکدا پێناسە کراوە،بناسین.پێکەوە هەڵیانسەنگێنین
پێویستە ئاماژە بکەم کە هیچ کۆمەڵگایەک بە بێ ئابوورییەکی سالم نە سالم ئەبێت نە ژیانێکی سالمی تیا ئەکرێت. ئابووری سالمیش ئابوورییەکە کە کۆمەڵگا بە شێوازی سەربەخۆ بەڕێوەی ببات.،لێرەدا ئابووری کۆمیناڵە و بە شێوازی کۆمین و تەعاونی بەڕێوە ئەچێت کە هەر کەس لە بەرهەم هێنان و مەسرەفدا خۆی تێدا دەبینێت و رۆڵ دەگێڕێت. ئابووری لە سەر ئەساسی سوودی لەڕادەبەدەر و کەڵەکەی سەرمایە نییە.ئابووری ناتوانێت زەربە لە سروشت بدات.سەنعەت و تێکنولوژی،گەشە پێدان و ئاوەدانی،کە دژی سروشت بێت مافی پێنادرێت،سەرچاوەی ئابووری خاک و دارستانە و دەرفەت بە نۆژەن بوونەوە و زیندو کردنەوەەی سروشت ئەدرێت.دارستان جودا لەوەی کە بۆ خۆ دەیان بەرهەمی جوراو جۆری هەیە،گرنگترین رۆڵیشی لە زۆربوونی ئاو و خاوێن کردنەوەی هەوا و بە پیت کردن و مانەوەی خاکدا هەیە.بۆ هەموان روونە کە کشت‌و‌کاڵ و ئاژەڵداری لە سەر خاكێکی بە پیت و پاەێزراودا ئەنجام دەدرێت.بەرهەمەکانی دارستان و خاک بنگەهی‌ترین رۆڵیان لە ناو ئابووریدا هەیە.دەرفەتی نوێکاری و خوڵقکاری بە هەر کەس ئەدرێت بە مەرجێکە بۆ خزمەت کردنی کۆمەڵگا بێت،ئابوورییەکی ناوەندی واتای نییە و هەر گوند و ناوچەیەک بە پێی دەرفەتی کەش و هەوا و تایبەتمەندی سروشتی خۆیان بەرهەم ئەهێنن و بە بێ واستە و دەڵاڵ لە رێگای تەعاونییەوە هەناردەی بازار ئەکرێت.نرخیش بە دەست چینێکی تایبەت دەسنیشان ناکرێت و حەتمەن لە ژێر چاودێری کۆمەڵگادا دەبێت. بازار،توجارەت،جۆراوجۆری بەرهەم،رکەبەرایەتی سالم رەد ناکرێتەوە بەڵام نایشیەڵێت قازانج و سەرمایەیش زاڵ بێت.زەمینێک بۆ پەیا کردنی پارە لە رێگای پارە ۆ نییە.دەمێک کە کار کردن و بەرهەم هێنان بە مەبەستی قازانجی زۆر و کۆکردنەوەی سەرمایە نەبێت،زانست و تێکنولوژی و پێشکەوتنەکان بۆ خزمەت کردن بە کۆمەڵگا بن،قۆرغ کردن و پاوانخوازی نەمێنێت،بێگومان هەژاری و بێکاریش نامێنێت.بە جێگای چاوەبڕینە کان و سوتەمەنییە بەردینەکان{فسیلی}ئەبێ کار لە سەر وزەی نوێوەبوو{تجدید‌شوندە}وەک با و هەتاو کار بکرێت.باش بزانین کە بە بێ پاراستنی سروشت هەم ئابوری و هەم کۆمەڵگایش ناتواننن خۆ لە سەر پێبگرن.بۆیە لە ئابوری کۆمەڵایەتی زۆر بایەخ بە پاراستنی سروشت و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەم و سەرچاوەی بەرهەمدا دەدرێت.چینایەتی،دەوڵەمند و فەقیر بێ‌واتا دەبێت.بە تەواوی رەوتی خان و رەعیەت کە لە ئەمڕۆدا بە شێوازی مۆدێڕن بووە بە بەڵێندەر و کرێکار لە ناو دەبرێت.بە گشتی ئەتوانم بیڵێم کە هەر کەس کار ئەکات و هەر کەس داهاتی خۆی ئەبێت بە بێ ئەو جیاوازییە کە چینێک برسی و چینێک تێر بن.بە کوورتی باسی ئابووری کومیناڵم کرد.باسی ئابووریش باسێکی قووڵە و بە ئەم زێهنییەتەوە کە بە درێژایی سەدان ساڵ و بگرە هەزاران ساڵیش دروست بووە،سەقامگیر نابێت.لەوانەیە زۆر کەسێس بێژن کە دامەزراندنی سیستەمێکی وەها ئیمکانی نییە،بەڵام هەروەها کە زەمانێکی زۆر سەرمایەداری حاکم بووە،هەزاران ساڵ ئابووری کومیناڵیش ژیانی پێوە کراوە.لەم سەردەمەدا بۆ جێگیرکردنی ئەم سیستەمە بەرنامەی تۆگمەی ئەوێ،کە بەشێکی وەک چوارچێوە پلانی بۆ دانراوە و بەشێکیشی ئەکەوێتە ئەستۆی پسپۆڕانی بوواری ئابووری،بەر لە هەر کارێک فەرهەنگ‌سازییەکی رێک ‌و‌پێکی دەوێت.دەبێت لە سیستەمی پەروەردەدا بە باشی گرنگی پێبدرێت و بە کردنەوەی دەورەگەلێکی ئاکادمی زیاتر کاری لەسەر بکرێت. زەمینێک کە ئاوەها ئابوورییەکی کۆمەڵایەتی تێیدا ئاوا ببێت و کاری بۆ بکرێت کۆمەڵگایەکی دیموکوراتیکە.