مێژوی هەر نەتەوەیەک ناسنامەی ئەو نەتەوەیە، ناسنامەی هەر نەتەوەیەک هەڵگر و پارێزەری زمان و چاند و هونەر و شارستانیەتی ئەو نەتەوەیە، ناسنامەی نەتەوەکان تۆمارگەی خۆشی و ناخۆشێکان و نەکسە و سەرکەوتنەکانن، پێناسەی هەر گەلێک لە سیمبولەکانی نەتەوەیی، وەکو زمان، جێژنی نەتەوەیی، ئاڵا، و….. لە شوێنەواری مێژویی خۆی کە بەڵگەی زیندووبونی خۆی ئیسپات دەکات، روحی هەر نەتەوەیەک لە زمان و چاند و شوێنەواری مێژویی و دیرۆکەکەیدا دەژی، هەر بۆیە داگیرکەرانی کوردستان لە پێناو لە ناوبردن و تواندنەوەی نەتەوەی کورد بە درێژایی سەدان ساڵە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن زمان و مێژوی کورد و کوردستان ئینکار بکەن و لەناوی بەرن، بۆ ئەو مەبەستە تەواوی شوێنەواری مێژویی کوردستانیان لە ناوبردوە، یان دزیویانن لە بازارەکانی عەتیقەی جیهاندا فرۆشتویانە و یان بەناوی خۆیان موزەخانەکانی ئانکارا و تاران و بەغدا و شام یان پێ ڕازاندۆتەوە.

داگیرکەرانی کوردستان لە پێناو ئاسیمیلەکردن وتوانەوەی نەتەوەی کورد دا جێژنی نەورۆز کە یەکێک لە سیمبوڵەکانی نەتەوەی کورد تا لێواری نەمان و لەبیر چونەوە بردبوو، بەڵام بە زیندوبونەوە و هوشیاری خەباتی ڕزگاریخوازی گەلانی کوردستان، دیسان مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لە زیندانی ئامەد سەری هەڵداوە، کاوەی سەردەم مەزلوم دۆغان بۆ زیندوکردنەوەی جێژنی نەورۆز لە زیندانی ئامەد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، پڕیشکی بڵێسەی ئاگری جەستەی مەزلوم دۆغان، ساڵی 1992 کەوتە شارەکانی جەزیرە و شیرنەخ و نوسێبین لە باکوری وڵات، فاشیزمی تورک بۆ ئەوەی پێش بە تەشەنەی ئەو ئاگرە بگرێ، دەسڕێژی کردە سەر خەڵک، کۆمەڵ کوژێکی هۆڤانەی کرد، بەسەدان ژن ومنداڵ و خەڵکیان کۆمەڵکوژ کرد. بەڵام فاشیزمی تورک نەک هەر نەیتوانی پێش بە بڵێسەی ئەو ئاگرە بگرێ، بەڵکو هەر هات و مەشخەڵ و بڵێسەی گەورەتر بوو، ئیتر جێژنی نەورۆز نە هەر جێژنی نەتەوەیی کوردانە، بۆتە جێژنی برایەتی و وەک هەوی گەلان، دژی فاشیزم، شۆڤینیزم و ناسیۆنالیزمی سەرەتایی.

ئیتر جێژنی نەورۆز بۆتە سیمبۆل ورەمزی خەبات و هەوێنی بەرخۆدان لە پێناو ئازادی و برایەتی و پێکەوەژیانی گەلان. دوێنێ لە رۆژئاوا هێزی سوریەی دێموکراتیک و مەجلیسی باکوری سوریەی دێموکراتیک پێکهات، لە باکور پاش لەدایک بونی پارتی گەلان وا ئیمڕۆ هێزی شۆڕشگێڕی گەلانی تورکیە بونی خۆی ڕاگەیاند، سبەینێ لە ڕۆژهەڵات هێزی برایەتی گەلانی ئێران سەر هەڵدەدا، و بۆ دوسبەی هێزی دێموکراتیکی برایەتی گەلانی رۆژهەلاتی ناوین بەرێوەیە.

سەرکەوتوو بێ جێژنی نەورۆز سیمبوڵ و رەمزی سەرهەڵدان و بەرخۆدان
پیرۆزبێ جێژنی نەورۆز، جێژنی برایەتی گەلان.
هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

رەحمان حاجی ئەحمەدی
نەورۆزی ساڵی 2016