نەورۆزی 2716ی ئاشتی و ئازادی، نەورۆزی سەركەوتن لە رێبەر ئاپۆ، لەمەشخەڵدارانی نەورۆزی سەردەم و هەروەها لە گەلی كورد بەتایبەت لە بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز دەكەین. نەورۆزی ئەمساڵ بە هۆی تێكۆشان و خۆڕاگری بێ‌وێنەی گەلی كورد لەدژی عەقڵیەتی فاشیزمی ئاكەپە لەشارەكانی باكووری كوردستان و راگەیاندنی هێزی شۆڕشگێڕی گەلانی توركیا و سیستەمی فيدڕال دیمۆكراتیكی رۆژئاوا ـ باكووری سوریا جیاوازیەكی زۆری لە گەڵ ساڵانی دیكەدا هەیە. لەمێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەورۆز رۆژێكی شكۆمەندە، جەژنی برایەتی گەلانە، دروشمێكی نوێیە، رۆژی ئازادی و خۆڕاگرییە. نەورۆز بۆ گەلی كورد جێژنی نەتەوەیی، رۆحی سەر لە نوێ ژیانەوە، بەرخۆدان و تێكۆشانی بەردەوام و هەمیشەیی بوونی كولتور و شارستانیەتی دیموكراتیكی گەلی كوردە. نەورۆز بە واتای سەرهەڵدان لەدژی چەمكی ستەم و داگیركەرییە.
نەورۆز بۆ ئێمە هەڵگری پەیامی ژیانی ئازاد و دەستەبەر كردنی هیواكان و ئازادیخوازی و راپەڕین لەدژی زوڵم و زۆرداری و زهنییەتی فاشیزمە. نەورۆز سەلمێنەری ئەوەیە كە زیاتر لە 2700 ساڵە گەلی كورد زوڵم و زۆری زەحاكەكانی قبووڵ نەكردووە و ئێستاش بە بەرخۆدان و تێكۆشانی لەرۆژئاوا و باكور و بەشەكانی تری كوردستان سەلماندی كە ئیدی مەحكوومی چەوساندنەوە و دیكتاتۆریەت نابێت.
نەورۆزی ئەمساڵ و سەری ساڵی كوردی رێكەوتە لەگەڵ پەلاماری دڕندانەی چەتەكانی حكومەتی ئاكەپە و ئەردۆغان بۆ سەر خەڵكی سڤیل و دەستپێكردنی هەڵمەتی سووكایەتی و بێ‌رێزی بەرامبەر نرخ و بەهاكانی گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان كە دەسەڵاتداران ئامادە نیین دان بە ماف و ناسنامەی گەلی كورددا بنێن. لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتەش ئەوەتا گەلەكەمان لە سەرانسەری كوردستان لەسەر پێیەو لەهەوڵی دەستەبەر كردنی ماف و ئازادیەكانیدایە، بەیەكێتی و یەكڕیزی نێوان گەلی كورد و بە برایەتی لەگەڵا گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین گورزێكی تری جەرگبڕ لەداگیركەران دەدرێت.
لەكۆتاییدا نەورۆزی 2716ی كوردی وەكوو سەرەتای بەهاری گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان لەقەڵەم دەدەین و بە گەلەكەمان بەڵێنمان دووپات دەكەینەوە كە لەپێناو دەستەبەر كردنی مافی رەوایان و سەركەوتنی بەهاری رۆژهەڵاتی كوردستان هەموو هێز و توانامان دەخەینەگەڕ و بە بەهێز كردنی تێكۆشانی دیموكراتیانەمان، هەوڵی چارەسەری كێشەی كورد لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستاندا دەدەین. هاوكات بانگەوازی لەگەلەكەشمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین كە بە رۆحی كاوەی ئاسنكار و مەزلوم دۆغانەكان نەورۆزی ئاشتی و ئازادی 2716 پیرۆز بكەن.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)
20\03\2016