ئێمە لە کاتێکدا دەژین کە ناکۆکی و شەڕ هەموو دونیای گرتۆتەوە و ئەوەش ڕێگا لەبەردەم بەرفراوانتر بوونی قەیرانەکان دەکاتەوە.
وڵاتی ئێمە کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی چەتەکانی دەوڵەتانی داگیرکەردا یە و سەرەڕای هەوڵەکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای دیموکراتیک و بە بێ بەکارهێنانی هێزی نیزامی، بەڵام دوژمنانی گەلەکەمان بە پێداگری لەسەر سیاسەتی لەناوبردن هێرش دەکەنە سەرمان. یەکینەکانی ئێمە بۆ پێشگرتن لە شەڕی نەخوازراو لەگەڵ هێزەکانی سەر بە ڕژیمی ئێران بە هەستیاریەوە ئەرکەکانی خۆیان پێک دێنن بەڵام دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەستبەرداری سیاسەتە شەڕخوازانەکانی نییە، لە بەرامبەر ئەوەشدا هێزەکانی ئێمە لە چوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوادا خۆیان دەپارێزن.
ڕژیمی ئێران بە سازکردنی پایەگای نیزامی، لێدانی بەنداو، بەرفراوانکردنەوەی بنکەکانی شەڕی تایبەت، بڵاوکردنەی مادە هۆشبەرەکان، پەرەپێدان بە لەشفرۆشی و… سیاسەتی تەسلیم بوون و بێئیرادەیی بەسەر جەوانان و گەلی ئێمە دادەسەپێنێ.

لەم ماوەی دواییدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی جموجۆڵی هێزەکانی کۆنترا (دژە) گەریللای لە هەرێمەکانی یەکینەکانی ئێمەدا زۆرتر کردووە. لە ڕێکەوتی ٤ی مانگی گوڵان دا لە گوندی “مەونە”ی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت، یەکینەکانی ئێمە کە لەو ناوچەیە جێگرن و کار و خەبات دەکەن لە لایەن گەلی ولاتپارێزەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە گروپەکانی کۆنتراگەریللا ئامادەکاری هێرش دەکەن. کاتژمێر ٦ی بەیانی شەڕ و تێکهەڵچوون دێتە ئاراوە و لە ئەنجامدا ٢کەس لە هێزەکانی کۆنترا دەکوژرێن و ژمارەیەکیش بریندار دەبن. بە دوای ئەوەدا دوژمن هێزێکی زۆرتر بۆ ناوچەکە بەڕێ دەکات و یەکینەکانی ئێمەش لە وڵامدا هێرش دەکەن و شەڕ هەتا کاتژمێر ١٠ بەردەوام دەبێت. دوای ماوەیەکی کورت ڕژیم هێزی تر بۆ مەنتەقە دەنێرێ کە لە ئەنجامی هێرشی هەڤاڵانی ئێەمەدا ئۆتۆمبێلێکی نیزامی دوژمن هەڵگری دۆشکا وێڕای ٦ پاسدار لەناو دەچێت. شەڕەکە هەتا کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ بەردەام بووە و هێزەکانی ئێمە شوێنی فەرماندەهی ئەو گروپانەیان کردووەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی یەکینەکانی ئێمە لەو شەڕەدا دوژمن ٦ کوژراو و ژمارەیەکی زۆر برینداری هەبووە کە ڕەوشی ٣کەس لە بریندارەکان نالەبارە. بە گوێرەی شایەتحاڵان و خەڵکی ناوچەکە هەژماری کوژراوەکان زیاتر لە ١٠ کەس بووە.
شایانی باسە یەکینەکانی ئێمە دوای شەڕەکە بە سڵامەتی گەڕاونەتەوە بنکەکانی خۆیان. هەروەها دیمەنی ئەو شەڕە لە لایەن هەڤاڵانمانەوە تۆمار کراوە و لە دەستماندایە.

بەو پێیە ئێمە وەک فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ی.ر.ک ڕژیمی ئێران وشیار دەکەینەوە کە دەست لە سیاسەتی ئینکار و لەناوبردنی گەلی کورد هەڵگرێ. داوا لە بەکرێگیراوان و جاشەکانیش دەکەین کە چیتر خۆیان نەکەن بە ئامرازی سیاسەتەکانی دوژمن، وە لە بەرامبەر گەلی خۆیان هەڵوێستی خیانەت نەگرن. پێویستە دەست لەو کارە ناشایستە هەڵگرن و چەکی دوژمن لە دژی گەلی کورد بەکار نەهێنن. ئەوانەی کە وا لە بەرەی دوژمندا جێ دەگرن دەبێ چاوەڕێی ئاکامی خیانەتەکانیان بن و باش بزانن کە یەکینەکانی ئێمە لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، خۆیان و گەلەکەیان دەپارێزن.

لە کۆتاییدا داوا دەکەین لە گەلەکەمان بەتایبەت جەوانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە بەرامبەر سیاسەتە قڕێژەکانی دوژمن بۆ لەناوبردنی گەلی کورد بێدەنگ نەمێنن. پێویستە لە دژی ئەو سیاسەتە سەرهەڵبدەن و لە ڕفەکانی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەیاندا جێ بگرن.

 

فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ─ YRK