رێزان جاوید، وڵامی تۆمەتەکان بۆ سەر “پژاک” دەداتەوە

٢٨/٧/٢٠١٦

 

رێزان جاوید، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان ” کۆدار”، لە وت­ووێژێکی تلێڤزیۆنی لەگەڵ کاناڵی “نەورۆز”دا رایگەیاند: «ئێمە تەڤگەرێکین کە ئەزانین بۆ چی تێکۆشان دەکەین. کەنگێ حەرەکەت بکەین و چۆن حەرەکەت دەکەین، بۆخۆمان دیاری دەکەین؛ کەس بۆمان دیاری ناکاتهەروەها وتی: چ کەس نە بۆی هەیە و نە حەدی ئەوەی هەیە سێبەر بخاتە سەر تێکۆشانی ئێمە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران­دا؛ لە بەر ئەوەی ئێمە رۆژانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەهید دەدەین. هاوسەرۆکایەتی “کۆدار”، سەبارەت بە ئەو تاوان و تۆمەتگەلە کوو لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە رووبەرووی “پەژاک” دەبنەوە، ئاشکرای کرد کە تەڤگەری ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا خزمەتکاری گەلی کوردە و قەد نابێ بە خزمەتکاری هیچ دەسەڵات یان لایەنێکی کە و لەو بوارە­دا خاوەن مێژوویەکی پاکە و هەر پاکیش دەمێنێ.

لە درێژەی وت­ووێژەکان­دا رێزان جاوید، لە وڵامی وتەکانی “نەچیرڤان بارزانی” سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دژی تەڤگەری ئازادیخوازی لە روژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت “پژاک” وەها ئاماژەی پێ دا: «وا دیارە پێیان ناخۆشە کوو کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە ئاسانئ هەڤاڵان و ئەندامانی ئێمە شەهید بکا یان زەربەی گەورەمان لێ بدا. هەڵبەت زۆر ئاگاداری ئەوەش نین کە ئێمە شەڕ و پێک دادانیشمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرە. » ناوبراو هۆکاری هەڵوێستێکی وەهای لەوەدا زانی کە لەم قۆناخە­دا سیاسەتەکانی بنەماڵەی بارزانی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکەوتوو نەبووە.

رێزان جاوید تیشکی خستە سەر ئەو بابەتە کە “پارتی دیمۆکراتی کوردستان” و بنەماڵەی بارزانی بە راستەوخۆ بەشدار بوون لە پرۆژەی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان­دا؛ بۆ هەڵخڕاندنی داگیرکەرانی دیکەی کوردستان لە دژی تەڤگەری ئاپۆیی لە کوردستان­دا. جاوید وەها بەردەوامی کرد: «بنە ماڵەی بارزانی چەندە لە ئاژاوەگێڕی و بێ­ئەخلاقی سیاسی­دا ئەزموون و پێشێنەیان هەبێ، ئێمەش بە پێ تێکۆشانی خۆمان ئەوەندە ئەزموونمان هەیە کە ئەو ئاژاوەگێڕی و بێ­ئەخلاقیانە باش بناسینەوە. بۆیە نەکەوتینە داوی سیاسەتی ئەوانەوە. ئێمە تەڤگەرێکین کە ئەزانین بۆ چی تێکۆشان دەکەین. کەنگێ حەرەکەت بکەین و چۆن حەرەکەت دەکەین، بۆخۆمان دیاری دەکەین؛ کەس بۆمان دیاری ناکات.» هەروەها بەردەوامی کرد کە قسەکانی نەچیرڤان بارزانی، وێڕای ئەوەی کە سووکایەتیە بە شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دیاری دەکات کە لە سەر نەکەوتنی پیلان و سیاسەتەکانی خۆیان لە دژی ئێمە تووڕەیە.

بە پێچەوانەی سیاسەتەکانی بارزانی لە کوردستان­دا کار کردن، راستە

بە وتەی هاوسەرۆکایەتی “کۆدار” رێزان جاوید، بە پێچەوانەی سیاسەتەکانی بارزانی کار کردن لە کوردستان­دا، رێبازی راستی کارکردنە. هەروەها وتی: «پێویستە هەموو حەرەکەت و لایەنە کوردەکان و بە تایبەت حەرەکەتە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بزانن و بانگیان لێ دەکەین، ئەگەر دەیانهەوێ کوردایەتی بکەن، بنەماڵەی بارزانی چ هەڵوێستێکیان هەبوو، بە پێچەوانەی ئەوە بکەن. لە بەر ئەوەی ئەوان بەردەوام پیلانی ئاژاوەگێڕییان هەیە؛ هەم بۆ باشوور و هەم بۆ پارچەکانی­تر. ئەوەی لە رۆژهەڵات­دا نەیهێشت حزبی دیمۆکراتی کوردستان هەنگاو بنێتەوە، سامی عبدورەحمان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و قیادە موەقەتەکەیان بوو. ئێستا چ گۆڕدراوە کە نەچیرڤان بارزانی پارێزوانی لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات؟!» لە بەردەوامی قسەکانی دا رێزان جاوید بانگی لە حزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کرد کە هوشیارانە هەڵسوکەوت بکات؛ لە بەر ئەوەی ئەم چەشنە هەڵوێستانە گەمەیەکی لە پشتە.

لە وتارەکە دا سەرنج را کێشرایە سەر ئەوەئ کە هەر لە سەرەتاوە هەدەفی بنەماڵەی بارزانی ئەوە بوو کە لە سەر بنەمای سیاسەتەکانی تورکیا، ئێران لە دژی “پژاک” هان بدەن. هەروەها هاوسەرۆکایەتی “کۆدار” ئاشکرای کرد کە ئەوان ناهێڵن هیچ یەک لە پێلانەکانی بنەماڵەی بارزانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەرکەوێت و جارێکی­تر ئیزنی ساز کردنی قیادە موەقەتە بە بارزانیەکان نادرێت.

رێزان جاوید، لە وڵامی تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بارەی “پژاک”ەوە کە گوایە بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران لە ئامریکا و عەرەبستانی سەعوودی پشتیوانی وەر دەگرێ وتی: «ئێمە بەس خزمەت کاری گەلەکەمانین و خزمەتکاری کەسی­تر نین؛ قەتیش نابین بە خزمەتکاری کەس. لەو بوارەدا مێژوومان پاکە و پاکیش دەمێنێت. وەکوو “کۆدار” و “پژاک”، ئێمە بۆ خۆمان و گەلی کورد، دیپلۆماسی لەگەڵ هەموو دونیا دەکەین و بە رەوایشی دەزانین.لەوەش­دا نە شەرم دەکەین و نە داوای لێ­بووردن لەکەس دەکەین. بەڵام چاوپێکەوتنی دیپلۆماسی ئێمە بەواتای ئەوە نیە کە خزمەتکاری کەسێک دەبین یان خزمەت بە لایەنێک دەکەین یانێش پارە پووڵ و بەرژەوەندی وەردەگرین. » هەروەها راشیگەیاند: بە تایبەت لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و عەرەبستانی سعوودی لە دژی ئێران هیچ یارمەتیەکمان وەرنەگرتووەوهیچ پێویستیەکیشمان بەوە نیە. کە ئەگەر بشبێت بۆ حەرەکەتی کوردی نەنگ و ناڕەوا  نیە.

ناوبراو خەتاب بە کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، حەرەکەتێکی سەر بەخۆیە. ئەگەر سیاسەتێک بەڕێوە ببات،چالاکیەک بکات یان وڵامی چالاکیەکان بداتەوە، بۆخۆی و گەلی خۆی کردوویە. ئەمەش مژارێکی زۆر رەوایە. لە بەردەوامی قسەکانی­دا ئاماژەی دا: کۆماری ئیسلامی هێرشی هەمەلایانە دەکاتە سەر گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێمەش مافمان هەیە خۆمان بپارێزین. بەڵام بە راشکاوانە دەڵێین، هەتا ئێستا بەردەوام هەوڵمان داوە سیاسەتەکانمان نەکەوێتە بن سێبەری هیچ لا و لایەنێک. ئێمە تەڤگەڕێکی بە پرەنسیبین بە پیوانەوە ژیان دەکەین. زۆر کەس پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە ببین بە ءەسگەریان، بەڵام نەمان کردووە و ناشئکەین.

ئێمە لە هەموو رەهەندەکان­دا تێکۆشان دەکەین و تەنانەت یەک چرکەش راناوەستین

بە وتەی جاوید، کار و خەباتیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان­دا جەوهەری و ستراتژیکە. هەروەها هێزەکانیان لە سەرتاسەری رۆژهەڵات­دا بڵاو بوونەتەوە و لە هەموو رەهەندەکان­دا خەبات بەڕێوە دەبەن. راشیگەیاند کە هێزەکانیان بەردەوام رووبەڕووی هێرش و هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبنەوە و لە چوارچێوەی پاراستنی رەوا دا خۆیان دەپارێزن. ئاشکراشی کرد: ئەگەر هەزار هێرشی بەم چەشنەش لەسەرمان بێت، تێکۆشانی سەربەخۆی خۆمان درێژە پێ دەدەین و تا گەیشتن بە ماف و ئازادی گەلەکەمان لە تێکۆشان راناوەستین؛ لەم بوارە دا با کۆماری ئیسلامی و هەموو کەس ئەرخەیان و دڵنیا بێت. کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان ئەزموون بگرێ و بۆ چارەسەری هەنگاو دانێ نەک بۆ رق و کینی زیاترو لە ناو بردنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد. و کۆماری ئیسلامی جگە لە چارەسەری کێشەی کورد رێگایەکی­تری نیە.با ئێران هەر چۆن لەگەڵ “شەیتانی کەبیر” کێشەکانی چارەسەر دەکات، با بێت و کێشەکانی لەگەڵ گەلانی ناوخۆش چارەسەر بکات. ئەگەرنا با کۆماری ئیسلامیش و هەر تەڤگەر و حەرەکەتێکی جیهانیش ئاگادار و ئەرخەیان بێت، “پژاک” لە ناو ناچێت، “پژاک” داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

لە کۆتاییش دا، رێزان جاوید، بانگی لە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بە لە بەرچاو گرتنی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی کوردستان، ئاست و رادەی تێکۆشان بەرزتر بکەنەوە.