دەستگیركردنی هاوسەرۆكانی هەدەپە (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ) و پەرلەمانتارانی بە توندی شەرمەزار دەكەین و سڵاوی شۆڕشگێڕانەمان ئاراستەی بەرخۆدانی مێژوویی یان دەكەین و پاڵپشتی خۆمان بۆ تێكۆشانی رەوای گەلەكەمان لەباكووری كوردستان و توركیا دووپات دەكەینەوە.
حكومەتی ئاكەپە و ئەردۆغان بە داخستنی میدیا كوردیەكان، دەركردنی سەرۆك شارەوانی و مامۆستایان، بۆردومانی هەرێمەكانی پاراستنی میدیا، كاولكاری ناوچە كوردیەكان و هەرە دوایی گرتنی هاوسەرۆكانی هەدەپە و پەڕلەمانتارانی، دیكتاتۆریەت و فاشیزمی گەیاندە لووتكە و بەو كودەتایە قۆناخێكی نوێ‌ نكۆڵی و سەركوتی دژ بە تێكۆشانی رەوای گەلی كورد دەستپێكرد. ئەردۆغان و ئاكەپە بەو پڕۆواكاسیۆنانەی رووی راستەقینەی خۆی بۆ رای گشتی ئاشكرا كرد و لەپێناو مانەوەی لەسەر دەسەڵات و هژمۆنی بە سەر ناوچەكەدا، دەیەوێت شەڕ و ئاڵۆزی لەناوچەكەدا قووڵاتر بكات و راشكاوانە پشتگیری راستەوخۆی بۆ چەتەكانی داعش دووپات كردەوە. هاوكات بەو شەپۆلە گرتنە ئەردۆغان دەیەوێت سەرنج و ئامادەكاریەكانی هێزە نێودەوڵەتی و كوردیەكان لەسەر شەڕی موسل و رەقە لاببات و بەجێگای تیرۆریستانی داعش، ئازادیخوازانی گەلی كورد دەكاتە ئامانج. بە بەندكردنی نوێنەرانی راستەقینەی گەلی كورد، ئازادی و دیمۆكراسی بەند دەكات و ئەوەش شەڕێكی ماڵوێرانكەر بەدوای خۆی دێنێت. بۆیە پێویستە سەرجەم هێزە نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤ دژ بەو كردەوانەی ئاكەپەو ئەردۆغان هەڵوێستی كردارییان هەبێت و كۆتایی بە دیكتاتۆریەت و زهنیەتی فاشیزمی ئەردۆغان بهێنن كە هەڕەشەیەكی جددیە بۆ سەر جیهان.
ئێمە ئەو هێرشانە تەنیا بە هێرش بۆ سەر گەلەكەمان لەباكووری كوردستان لەقەڵەم نادەین، بەڵكوو هاوكات هێرشێكە بۆ سەر دیمۆكراسی و هاوكات ئیرادەی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و سەرجەم گەلانی ژێردەستی ناوچەكە. بۆیە گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران هەرگیز نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان بە تەنیا ناهێڵن و بە پتەوكردنی تێكۆشان و بەهێزكردنی بەرخۆدان خاوەندارێتی لەنوێنەرانی خۆیان دەكەن. لەسەر ئەو بنەمایە بانگەوازی لەسەرجەم رۆشنبیران، میدیاكاران، مامۆستایان، پارت و لایەنە سیاسیەكان و رێكخراوە مەدەنیەكان، تایبەت گەنجان و ژنان دەكەین كە هاوشێوەی خاوەندارێتی و بەرخۆدانەكانی رابردوویان بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی دژ بە زهنیەتی فاشیزمی ئەردۆغان و ئاكەپە بوەستن. هاوكات گەنجان بە بەشداریان بۆ ناو ریزەكانی تێكۆشان بەرگری لەناسنامە و ئیرادەی ئازادیان بكەن و ئەركی مێژوویی و نەتەوەییان بەجێ‌ بهێنن.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)
05\11\2016