ڕێوار ئاودانان

 

تورکیا ئەمڕۆ بەئاشکرا ناوەندی بڵاوکردنەوەی فاشیزم لەڕۆژهەڵاتی ناوینەو ناوی ئەردۆغان لەنێوان دیکتاتۆرە ناودارەکانی جیهاندا دەدرەوشێتەوە، ئەو ئێستا لەلوتکەی هیستریای دەسەڵاتیدا بەسەر دەبات. بەو هۆیەشەوە شەپۆلێک لە لەشکرکێشی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا وەڕێ خستووە. زلهێزانی جیهانی تێدەکۆشن خۆیان وا نیشان بدەن کە دەستدرێژیەکانی تورکیا بۆ سوریاو عیراق پەسەند ناکەن، بەڵام هەموو بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە تورکیا مۆڵەتی هاتنە ناوەوەی لە خودی ئەوان وەرگرتووە.

تورکیا بە سێ کارتی «داعش، شەپۆلی پەنابەران و ئەندامێتی لە ناتۆ»، خەریکی باج گرتنە لە ئەوروپا، ئەمریکاو تەنانەت ڕوسیاش. دوای کودەتای ١٥ جولای، پێشبڕکێیەکی زیاد کردن لە نێوان ناتۆو ڕوسیا بۆ ڕاکێشانی تورکیا بەلای خۆیاندا هاتۆتە ئاراوە، تا ئەو ئاستەی کە هەردوولا چاویان بەڕووی فرەخوازیەکانی دیکتاتۆری تورکیادا داخستووە. ئەگەر چی دەشزانن کە تورکیا تا دووایین هەناسە درێژە بە تیرۆریزم و توندڕەوی خۆی دەدات. تورکیا ئەندامی ڕەسمی ناتۆیە، بۆیە ئەگەر ڕۆژئاوا بانگەشەی ئەوە دەکات کە داگیرکاریەکانی تورکیا پەسەند ناکات، ئەوا پێویستە ناتۆ ڕێڕەوی خۆی لە تورکیا جیاکاتەوە. دەربڕینی نیگەرانیەکانی ئەوروپاو ئەمریکا سەبارەت بە هەنگاوەکانی تورکیا، هەڵوێستێکی زۆر پاسیڤ و دەستکردە. لەلایەکەوە گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا ڕۆشن دەکەن و لەلایەکی ترەوە دەڵێن ئێمە کۆنترۆڵمان بەسەر تورکیاوە نیە! هەموومان مانای ئەم یاریە زارەکیانە باش دەزانین.

 

دەتوانرێ تەخمینی ئەوە بکرێت کە ئەمریکاو ئەوروپا هەوڵ دەدەن لە ڕێگای سیاسەتە لیبراڵەکانیانەوە پێش بە تورکیای سەرکێش بگرن تا بەردەوام سود لە هەبوونی وەربگرن لە ناوچەکەدا. بەڵام ئاماژەکان ئەوە دیار دەکەن کە ئەردۆغان ئاوێکی پاک بەدەستی ئەواندا دەکات. لە دڵی ئەو ئیسلامە لیبراڵەوە کە ڕۆژئاوا لە سینی زێڕینی پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیاوە پێشکەشی ڕۆژهەڵاتی ناوینی کرد، هەشپای داعش هاتە دەرەوە. لە ئۆپۆزسیۆنی ساختەی سوریاش دوبارە تورکیا سود دەبات. ئەم ئۆپۆزسیۆنەی کە هەروەکو جەرابلوس ئێستا لە هەرێمی باب خەریکی وەرگرتنی دەسەڵات لە داعشە، لە ڕاستیدا لەلایەن ناوەندی هەواڵگری و ژوورەکانی شەڕی تورکیاوە ڕێنمایی دەکرێن. ئەردۆغان بەڕێگای سوپاکەیەوە کە دوای ڕووداوی کودەتا بووەتە سوپایەکی شکست خواردوو بێ متمانە، دەیەوێت درێژە بە خۆ نمایشکردنەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بدات تا خۆی وا نیشان بدات بەهێزترە لەوەی کە هەیە.

 

لە قسەی پایە بڵندانی تورکیاو جوڵە سەربازیەکانیاندا ئەوە دەخوێندرێتەوە کە ئەوان پێداگرن لەسەر ئەوەی تەواوی ناوچەکە بە زەمینەی شەڕ لەگەڵ کوردان یانی سەرەکیترین هێزی دژی داعش بگۆڕن. ئەردۆغان دەیەوێ تۆڵەی شکستەکانی داعش لە کوردان بسێنێتەوە. کوردان لە چوارچێوەی هەڵمەتی ‘توڕەیی فرات’ دا هێرشیان کردە سەر ڕەقای پایتەختی داعش و هەروەها بە هەڵمەتی ‘تۆڵەی ژنانی ئێزیدی’ یەک بەیەک گوندی ئێزیدیەکان لە دەشتی موسڵ ئازاد دەکەن. هیوای فەتح کردنی ویلایەتی موسڵ و ڕەقا بۆ ئەردۆغان بووە خەونێکی با بردوو. هەر بەو هۆیەوەیە کە ئەو بە توڕەیی قەندیل و شەنگال بەئامانج دەگرێت. بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە جگە لە پڕ چەک کردنی ناتۆ، ئارتەشی تورکیا هیچ مۆراڵ، تواناو هێزی ڕوو بەڕووبوونەوەی لەگەڵ گەریلاو شەڕڤانانی کورد نیە. کەشتی داگیرکەران لە قەندیل و شەنگال لەقوڕ دەچەقێت و دوایین بزمار پەکەکە لە تابوتی دیکتاتۆری تورکیای دەدات.

سەرکوت کردنی ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوە مەدەنیەکان، داگیرکردنی شارەوانیەکانی گەل و دەستگیر کردنی هاوسەرۆکان و پارلەمانتارانی هـ .د .پ لەلایەن ڕژێمی پۆلیسی ئەردۆغانەوە، ڕاگەیاندنی شەڕێکی بە تەواو مانایە. کەواتە دەبێ چاوەڕوانی ڕۆژانێکی پڕ لە پێکدادان بین لە هەرێمەکەدا. بەتایبەت ئەگەر ڕەوتی دەستدرێژیەکانی تورکیا بۆ باکوری سوریا بەردەوام بێت، ئەوا ناوچەی باب دەبێتە مەیدانی شەڕ. دەستوەردانی تورکیا لە جەرابلوس و باب لەڕاستیدا سوریای پارچە کردووە؛ تا ئەوکاتەی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناتۆ لە ئیستانبوڵ و سپاس کردنی ئەردۆغان لەلایەن ڕایەدارانی ناتۆوە، فڕۆکە جەنگیە دەستدرێژکارەکانی تورکیا شاری منبج و سەنگەرەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بۆمباران دەکەن و داگیرکەرانی نەژادپەرست، منداڵانی جەرابلوس لەناو خاکی سوریادا بەناچاری بە زمانی تورکی پەروەردە دەکەن(وەک ئەوەی کۆمەڵکوژی کەلتوری کوردان، عەرەبەکان، لازەکان و چەرکەسەکانی تورکیا کەم بووەو ئێستا نۆرەی گەلانی سوریایە)! لە ئەگەری بەردەوامی دەستدرێژیەکانی تورکیا لە عەفرین، باب و منبج، بێگومان فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا و هێزەکانی پاراستن وەڵامێکی توندی تورکیا دەدەنەوە. ئەم فیدراسیۆنە، هەم گەرەنتی هەبوونی هەموو گەلانی سوریا دەکات و هەم خۆبەڕێوەبەری سیاسی، کەلتوری، ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەموو ناسنامەکان پەسەند دەکات. واتا دژە بەکتریای هەموو جۆرە فاشیزم و نەتەوەپەرستیەکە.

 

ئاشکرایە کە دەستوەردانی تورکیا لە عیراق و سوریا هەم بەرنامە درێژخایەنەکانی ئەمریکا ئاستەنگ دەکات و هەم بەواتای مەیدان خوێندن لە بەرامبەر ئێرانە. بەڵام تاکە هێزێک کە بێ باک بەرامبەر تورکیا ڕاوەستاوە، کوردە. کۆماری دووەم کە ئەردۆغان لەسەر وێرانەی کۆماری ئەتاتورک هەڵیچنیوە، لەسەر فاشیزم و تیرۆر ڕاوەستاوە. جەمسەری ناکۆکی دیموکراسی گەلان، کۆماری داگیرکەری تورکیایە. هەربۆیە تاکە هەڵبژاردەی کوردان بەرامبەر ئەو شەڕەی کەلەلایەن کۆماری تورکیاوە لە دژیان هەڵگیرساوە، بەرخۆدانە. پەلاماری تورکیا بۆ ڕۆژئاوا، شەنگال و قەندیل لەهەر چوار بەشی کوردستان دەبێتە هۆکاری شەڕێکی دژوار لەدژی ڕژێمی داگیرکەری تورکیا. دەیبینین کە کوردان بە زوویی کۆماری کارتۆنی تورکیا لە بڵێسەی ئاگری توڕەیی خۆیاندا دەسوتێنن.