ئەگەر گەلانی ناوچەکە لە پڕۆسەی مێژووییدا، سەردەمی هەستیاریان تێپەڕاند بێت، گەلی کورد بەردەوام رووبەڕووی بارودۆخی هەستیار بۆتەوە. بە سەدان ساڵ خەباتی نیزامی – سیاسی بۆ ناساندنی خۆی وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی، ئەزموونی بێ وێنەی بۆ گەلەکەمانی بە دەست هێناوە. بەڵام ئەو ئەزمونانە و دەرس وەرنەگرتن لە شکستە بەردەوامەکان، گەلەکەمانی لە پێک هێنانی              ئاڵ ۆگۆڕ لە فەرهەنگی سیاسەت کردن و گۆڕینی ژێرخانی پڕاکتیک و تێگەیشتنی مێژوویی خۆی بێ بەش بووە. بەو واتایە کە گەلەکەمان و ئەو هێزانەی کە نوێنەرایەتی تێکۆشانی ئازادیخوازانەیان لە سەر شان بووە، توانایی تێگەیشتنی قۆناخی مێژووییان لە کاتی خۆیدا نەبووە و بە دروستی شروڤەیان نەکردووە؛ لە ئاکامدا بە فیداکاری و لە خۆبردوویی مەزنی گەل و تێکۆشانی تێرنەکەری پێشەنگانی بواری سیاسەت، خراونەتە پەراوێزەوە. بە هۆی تێنەگەیشتن لە قۆناخی سیاسی و چارەنووس ساز، هەڵوێستی گەل و تێکوشەران، ڕەنگدانەوەیەک بوو کە لە دوا ساتەکاندا بە ئەنجام دەگەیشت. ڕەنگدانەوەیەک کە لە بە جێ مان لە ئاڵ وگۆرە جیاوازەکاندا گوزاری دەکرد. بەو هۆیە وەک دوا تەقەلای کەسێک دەچوو کە لە چنگی مردن خۆ ڕزگار بکات، بەڵام لەم چەند دەیەی کۆتایی و گەشەکردنی خەبات و پێوەندی ناوبەری جەریاناتی شۆڕشگێڕ لە هەرچوار بەشی کوردستان و تێکەڵاوی نێوان گەل و حیزبە سیاسیە کوردیەکاندا ئاڵ وگۆڕی بەسەردا هات. دەرفەتێکی نوێ خوڵقا تا زمانێکی کرداری سیاسی و دیپلۆماتیکی نوێ بۆ گەل و تێکۆشەرانی بێتە ئاراوە. دەرئەنجامی وشیاری نەتەوەیی گەلەکەمان لە هەر چواربەشی وڵات و هەروەها دروست بوونی دەغدەغەی هاوبەشی نێوان حیزبەکان و ڕێکخراوە و لایەنە سیاسیەکان، دەبێتە هۆکاری بیستنی دەنگی گەلی خۆیان و  بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرزی نەتەوەیی کە دەبێتە وشیاری تاک و بە کۆمەڵی هەموو تاکەکان و ڕێکخراوەکان و لەم پێناوەدا تێکۆشان بکرێت.

هەربۆیە بەستنی کونگرەی نەتەوەیی وەکوو گۆڕەپانێک دەبینین بۆ کۆکردنەوەی بۆچون و تێگەیشتنەکانی گەل و بنیادنانی عەقڵیەتی لە یەک تێگەیشتن نێوان نوێنەرانی گەل؛ تاکوو بتوانین لە سەروی سەلیقە و بەرژەوەندی حیزبی دەرفەتی هاتنە ئارای روانگە و شوناسی سیاسی نوێ بخولقێنین و لەم رێگایەوە بتوانین ڕیزەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە ڕەشەبای ئاڵۆزی و مەترسییەکان بپارێزین. لەخۆبردوویی و فیداکاری گەلەکەمان لەم چەند سەدەیەدا ئەم ئەرکە قورسەی لەسەر شانمان داناوە. لە پێناو  رۆڵ و بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و ویژدانی بە پێویستی دەزانین ئەرکی خۆمان بە شێوازێکی بەرپرسانە بە جێ بەگەیەنین. هەر بۆیە بەستنی کونگرەی نەتەوەیی لەم قۆناغەدا بە ئەرکێکی گرینگ دەزانین و هەموو تێکۆشانی خۆمان بۆ بەشداری چالاکانە لەم کونگرەیەدا بەکار دەێنین.

بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گرنگە، بە شیاوی دەزانین کە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوور لە چوارچێوە و بیری حیزبایەتی، بە شێوازێکی یەکگرتوو، رۆڵ و کارامەیی خۆیان لە ناو کۆنگرەی نەتەوەییدا بە جێ بگەیەنن.

هاوسەرۆکایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک

١٤-١٢-٢٠١٦