سیامەندی موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و شاندی یاوەری ڕۆژی چوارشەممە ١١ / ١ / ٢٠١٧ لە چوارچێوەی گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەسەرپەرشتی ڕەزا کەعبی دیداریان ئەنجامدا.

لەم کۆبوونەوەیەدا هەردوولا ئاماژەیان بەخاڵە هاوبەشەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کردو جەختیان کردەوە؛ ئەم دانیشتن و گفتوگۆ هاوبەشانە هۆکاری ئافراندنی ئاڵوگۆڕی بیروڕاو کردەیی کردنی لە نێوانی هەردوو لادایە.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گۆڕانکاریە هەرێمیەکان و ڕووداوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کاریگەریەکانی لەسەر تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد لەهەر چوار بەشی کوردستان کرا. لەم ڕاستایەدا ڕۆڵی تایبەت و دروست کردنی بەرەی هێزە هەرێمی و جیهانیەکان لە گۆڕانکاری و ڕووداوەکاندا نرخێندرا.

سیامەندی موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەم کۆبوونەوەیەدا شرۆڤەی گۆڕانکاریە سیاسی-کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ئێران و بەتایبەت دەسەڵاتگەرایی و گوشار لەسەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرد. هەروەها جەختی کردەوە کە “ئەو لێکترازان و پەرش وبڵاویەی نێوان هێزە سیاسیەکان دەبێتە هۆی بێ هیوایی و لاوازی مۆراڵی شۆڕشگێڕێتی گەلی کورد”.

لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنەدا هەروەها ڕەزا کەعبی دەستنیشانی کرد کە ئەو پارچە بوون و لێکترازانە، زیانی زۆری بە گەل و پارتەکان گەیاندووە. لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد کردو وتی: “ئێمە ناتوانین سەبارەت بە پارچەکانی تری کورددستان بێ هەڵوێست بین”. و “من خۆشحاڵم کە ئەم هەنگاوە لەلایەن پژاکەوە بۆ نزیک بوونەوەو هاوهەڵوێستی پارت و لایەنە سیاسیەکان هەڵگیراوە”.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە کۆمەڵگای ئازادو دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) و کارە تایبەتەکانی و چۆنێتی جێگرتن و پێگەی سیاسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەم سیستمەدا گفتوگۆیان کرد.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سیامەندی موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) وتی بەردەوامی ئەم دیدار و گفتوگۆیانە دەبێتە هۆی فەراهەم کردنی فەزایەکی زیاتری زیهنی و پراکتیکی هەڵوێستی هاوبەش. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەرەنجامی ئەم چاوپێکەوتن و کۆبوونەوانە هۆکاری بڕیاردانی هاوبەش و بەشداری کردنی هەمە لایەنە لە بواری سیاسی-کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا دەبێت.