سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و شاندێکی یاوری ڕۆژی پێنج شەمە ۱۲/۱/۲۰۱۷ لە شاری سلێمانی بە مەبەستی وتووێژ و بیروڕا گۆڕینەوە لەگەل بابە شێخ حسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و ئەندامانی ئەم پارتە دیداریان ئەنجامدا.

ئەم دانیشتنە لە چوارچێوەی پێکهێنانی بەرەی هاوبەشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بانگهێشت بۆ بەشداری بەرفراوانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ئەنجامدرا.
هەردو لایەنەکە لەم دانیشتنەدا جەختیان کردەوە کە چاو پێ کەوتن و ڕاوێژ کردن لە ئێستادا دەبێتە هۆی دەستەبەری سەرکەوتن لە داهاتودا.
سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە ئێستادا کێشە لە بینینی کەموکوڕیەکان و خەسارناسی و هۆکاری پارچە بوونی پارتەکانی ڕۆژهەڵات نیە، هەروەها وتی: دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە تەواوی پارتەکان، ئەو کێشە و زیانانەی کە لە بواری سیاسی-کۆمەڵایەتی لە نێوان پارتەکان و گەل هەیە بە ڕۆشنی دەبینین.
بەڵام خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە کە ڕێکار ڕێبازی دەرباز بوون لەم سیکلە کەموکورتە ناخەنە بەرچاو. بە ڕای ئێمە ڕێگا چارە لە یەکێتی و سازانی پارتەکان و هێزە سیاسیەکاندایە، ئەوە دەبێتە هۆی هیوادار بوون، باوەڕ و چالاکی زۆرتری گەل.
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا بابە شێخ حوسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ئاماژەیەکی کورتی بە ڕوداوەکانی دەیەی ٥۰ و ٦۰ ی هەتاوی کرد و وتی یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی لێکترازان و پارچە بوون لەنێوان پارتەکان نەبوونی دیالۆگ و یەکێتی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان بوو.
هاوسەرۆکی پژاک دەستنیشانی کرد کە پێڤاژۆی دەرباز بوون بۆ گەیشتن بە یەکگرتویی، بە خێرایی بە دەست نایەت. لە ڕاستیدا ئەم دانیشتن و چاوپێکەوتنانە هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. پێویستە لە بواری ڕاوبۆچووندا یەکگرتوو بین تا لە بواری کرداریشدا هاوکاریەکانمان پەرە پێبدەین.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا هەردوولا جەختیان لە پێویستی لێبوردەیی سیاسی لە پەیوەندی نێوان پارتەکان کردەوەو وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ هاوکاری کردەیی لە هەموو بوارەکاندا لەقەڵەمیاندا.