لە بەردەوامی سەردانەکانی پژاک بۆ لای پارت و لایەنە کوردیەکان، رۆژی هەینی نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشوور پێشوازی لە هاوسەرۆکی پژاک و شاندی یاوەری کرد.
لە سەردانەکەدا، هاوسەرۆکی پژاک “سیامەند موعینی” جەخت لە یەکڕیزی لایەنە کوردیەکان لەو قۆناخە هەستیارەی ناوچەکە دەکات و داوا لە هەموو پارت و لایەنە کوردیەکان دەکات پشگیری رۆژئاوای کوردستان و سیستەمی کونفدڕاڵیزمی باکووری سوریە بکەن کە ماوەیەک لەوەپێش دامەزرا.
لەگەڵ ئەوەش “غەریب حەسۆ” نوێنەری پەیەدە لە باشوور، وێرای پێشوازی کردن لەو هەنگاوانەی کە پژاک بۆ یەکڕیزی لایەنە کوردیەکان هەڵیگرتووە، گوتی ئیستا گەلی کورد لە هەموو کاتێک پێویستیان بە کۆدەنگی و هاوئاهەنگی ئیستراتژیک هەیە و نابێت دەرفەتێک بدەرێت بە نەیاران کە ئاگری نیفاق و دووبەرەکانی درووست بکەن.
سەردانی پژاک بۆ لای نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشوور لە کاتێک دا دێت کە ئەو پارتە ماوەیەکە دیدار گەلێکی دیپلۆماتیکی لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵە و دیموکڕات و لایەنەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
شایانی باسە دەسپێشخەری پژاک بۆ پەیوەندی پتەو لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشوازی گەرمی ڕووناک بیران و کۆمەڵانی خەڵکی لێکەوتۆتەوە و بە گەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی دەکەن.
پژاک دوای کۆنگرەی پێنجەمی خۆی، هەوڵەکانی بۆ پەیوەندی هەرچی نیزیکتر لەگەڵ لایەنە کوردیەکانی رۆژهەڵات چڕتر کردەوە و ئەو هەنگاوانەش لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرە دەستەبەر دەبێت.