شێعر و هەڵبەست: ئاگرین ژیار

تووڕەم، تووڕەم
تووڕەم لێتان ئەی دەسەڵاتدارانی گەردوون
تووڕەم لێتان ئەی پیلان پیسان
تووڕەم لێتان ئەی خوێن مژەکان
کە هەناسەی خۆتان بە خوێنی مرۆڤە هەژارەکان فێنک دەکەنەوە
نازانم چۆن تووڕەیی خۆم خەلاس کەم
کە بناغەکەی زۆر ئەستوورە
هەر ساڵێک دەرباس دەبێت
وەک دار پەڵک باڵا دەکات و ڕیشە دەڕوێنێ
جارنا بە تەوەرداسەکەی دەستان دەتانهەوێت
ئەو تووڕەییە قەت بکەن
بەڵام، ئەوە قەت کردن نییە
بەڵکوو هەرەس کردنە
کە زۆرتر باڵا دەکات و گەش دەبێتەو
لێتان دەپرسم!!!
ئاخر بۆچی؟؟؟
لەبەرچی؟
بە هۆی چی واتان کرد؟
بۆ خێمە ڕەشەکانتان دایە سەر تاکە ڕووناکی شەوی کوردە
بۆچی لە بیابانی ڕەش و ڕووتدا گۆچانتان لە دەس بێچاوان گرت و بەجێتان هێشت
کە تەنانەت دیوارێک، دارێک یا بەردێکتان نەهێشت دەستی پێوە بگرێ
بۆچی هاوڕێ باڵندەکانتان وەکوو باڵندە خستە قەفەسەوە
بۆچی بارانی زەوییە تینووەکانتان وشک کرد
بۆچی پەڵەهەوری ڕەشتان بە تاوی بەیانییەوە گرێ دا
لەبەر ئەوە نەبوو
کە ڕووخساری قیزەونتانی خستە ڕوو
یا خۆ لەبەر ئەوە بوو
ئاوی ڕێشتە ژێر بیناکانتان
کە سەرە بێ جەستەکانی خستە سەر ئاو
بەڵام! بە داخم بۆتان
نە خێمە، نە هەوری ڕەش، نە قەفەس
نەیتوانی پێش ڕووناکی ئەو بگرن
سیم خاڵدارەکانتان نەیتوانی پێش لە شەپۆلی بای بەیانی بگرێ
دیوارە چیمەنتۆکانیش نەیتوانی پێش لە دەنگی ئەو بگرێ
شەپۆلی زەریای ڕەشیش نەیتوانی بەلەمەکەی ئەندێشەی ئەو نوقم بکات
ڕاستە جەستەت لە تاریکیدایە
بەڵام ڕۆحت وەک تاکە شەمێکە لە شەوی زۆڵمەتدا ڕۆشنە
ڕۆشناییەکەت چرکەچرکە زۆرتر دەبێت
پەپوولەکانی دەوروبەری زۆرتر دەبن
ناهێڵن بە تەنیا ئەم شەوە بە سەر بەرێ
ڕووناکیەکەت دەڕوا و دەڕوا
تا دەگاتە سەر سەری ئەوانەی کە نووستوون
بە نوورایی خۆی گوتی
هەستن، هەستن لە خەوی مردن
مەندیلی سەرکەوتن لە دەستی مندایە
ڕابن بیسووڕێنن
تا شەپۆلی، خەواڵووەکانیتر لە خەو هەستێنێ
گریانم دێ بە حاڵتان ئەی ترسنۆکەکان
لە ترسی خۆتان
هێڕشتان کردە سەر داری بەر پەنجەرەی ژوورەکەی
بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە بڕیتان
کە تاقە چۆلەکەی سەری کە ئاوازی بۆ دەخوێند فڕانتان و بێ شوێنتان خست
دیسان و دیسان هەر خۆتان بن کەوتن
شەپۆلی زەریای ڕەش هەر ئێوەی خنکاند و
بوونە نچیری ئاژەڵانی ناو ئاو
کە تۆڵەی گیانلبەرەانی سەر زەوییان لێتان کردەوە
ئاخ، ئاخ.
ڕۆژانی سارد و سڕی ڕێبەندان هەموو دەم لە دیرۆکدا لەسەر پێ خۆت ڕانەوەستای
لە دووڕوویی تۆ مێژوو سەری لێ شێواوە
دەسپێکت باش بوو هەمابادت شین کردەوە
بەڵام تۆ لە ڕۆژی ٢٥تدا ڕووی خۆتت گۆڕی
پایەبەند نەبووی بەو بەڵێنەی کە بە کوردت دابوو
خیانەتت کرد
پشتت لە هەژاران کرد
بەری خۆت دایە مەلا و بازرگان
ئاخ ڕێبەندان، ئاخ ڕێبەندان
داخت ‌قووڵە
هەرچۆن وەک ناوی خۆت ڕێگەگری
کلێڵەبەفرەکەت ڕووخایە ناو ڕێگا ڕاستەکەی ئاپۆ
ویستت پێشی پێ گری
بەڵام نەیتوانی لەگەڵ گەرمای ئەندێشەی ئەودا خۆ بگرێ
زوو بوو بە ئاو
کوێرەکانییەکانی ژیان دەبا
ئاپۆ نازانم چۆن وەسفت کەم
کە تۆ زیاتر لەوەی کە من باست کەم
لەو ڕۆژەوە کە تۆ
چوویتە تاقە نوقتەی زەریای ڕەش
دڵم بێ سەر و سامانە
سەرگەشتە و حەیرانە
دەگری و دەناڵێ
و دەڵێ: تێکەڵی دڵە گەرمەکەی ئاپۆم کە
زۆرجار بە خۆم دەڵێم خۆزگە چۆلەکەیەک ببایەم
کە بمتوانیایە لەبەر پەنجاەرەی ژوورەکەتدا
سەیرت بکەم و ئاوازت بۆ بخوێنم