٦٨مین ساڵڕۆژى لەدایکبوونى ڕێبەرى گەلى کورد ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو گەلانى ئازادیخواز و مرۆڤایەتی، بە تایبەت لە گەلى کورد پیرۆز دەکەین. لەدایکبوونى ڕێبەرى گەلى کورد ڕێبەر ئاپۆ سەر لە نوێ ژیانەوە و لەدایکبوونەوەی گەلى کورد و شۆڕشى هەبوونى نەتەوەى کوردە. ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفە و بیر و ئایدیۆلۆژیاى خۆى جارێکى تر بایەخەکانى کۆمەڵگاى سیاسى و ئەخلاقى کە لەناو برابوون، زیندوو کردەوە و لەپێناوی بونیادنانی مرۆڤى ئازاد و ژیانێکى ئازادی راستەقینە، قوربانی و تێکۆشانێکی بێ وێنەی کرد و دەکات. لەدایکبوونى ڕیبەر ئاپۆ نەک هەرتەنیا بۆ گەلى کورد ژیانەوەیەکی نوێ نەبوو بەڵکو بۆ هەموو گەلانى بندەست بوو بە لە نوێ دەستپێکردنێک لە ڕێگاى ژیان بەرەو حەقیقەتدایە. لە مێژووى تێکۆشانى گەلى کورد دا بوو بە ژیانەوەى هەبوون و ڕێبازى تێکۆشان. هەروەها لە ڕووناکایى ئەو فەلسەفەیەدا، گەلى کورد و بە تایبەت ژنى کورد پەروەردە کرا و هۆشیار کرایەوە. لەگەڵ پەروەردەکردن، خۆى بەڕێخستن کرد و ئاستى زانستى خۆى بردەسەر و بوو بە خاوەن هەبوون و ناسنامەى خۆی، ڕێبەر ئاپۆ سەرلەنوێ ژنى خولقاند بۆ ئەوەى خاوەندارى لە هەبوونى خۆى بکات و بتوانێت خۆى لە چنگی سیستەمی دەسەڵاتدارى ڕزگار بکات.
لە هەمان کاتدا ڕۆژى ٤ى نیسان ڕۆژى دامەزراندنى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان PJAK لە هەموو گەلى ئازادیخوازى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەت ماڵباتى شەهیدان و هەموو دایکان پیرۆز دەکەین. ڕۆژى ٤ى نیسان لە مێژووى تێکۆشانى گەلى ڕۆژهەڵاتى کوردستان خاوەنى واتایەکى گرنگە. لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان PJAK لە ڕووناکى بیر و فەلسەفەى ڕێبەر ئاپۆ دا خۆى لە سەر بناخەی داخوازەکانى گەلى کورد بۆ ئازادى ڕێکخستن کرد و PJAK لە پێناو هیوا و کلتووری نەریتی بەرخۆدانی چەندین ساڵە بۆ دۆزى ئازادى گەلى ڕۆژهەڵاتى کوردستان تێدەکۆشێت. دامەزراندنى PJAK لە ڕاستیدا خاوەندارى لە نرخەکانى گەلى کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانە. لە ئێستادا PJAK بە هۆى ئەو کێشانەى کە لە ئێران بوونیان هەیە و بۆ ئازادى گەلى کورد برایەتى گەلان لە ئێران خۆى بەڕێخستن کردووە و بۆ ئەوەى لە ڕێگاى سیاسەتى دیموکراتیک چارەسەرى مسۆگەر بکات، بەردەوام لە هەوڵداندایە و لەو ڕێبازەدا پێداگر بووە. بەڵام تا ئێستا ڕژێمى ئێران بەردەوام لە سەر چارەسەر نەکردنى کێشەکان پێداگر بووە. لە بارودۆخێکدا کە هەموو گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ناو سەرهەڵادان و خۆڕاگرى بۆ ئازادى و مافى خۆیان دەژین، بە دڵنیاییەوە ئەوە بۆ گەلى ڕۆژهەڵاتى کوردستانیش پێویستییەکی دەستلێبەرنەدراوە.
١٤ساڵە PJAK لەسەر بناخەی هزری کۆمەڵگاى دیموکراتیک، ئێکۆلۆژیک و ئازادیخوازى ژن بۆ چارەسەرییەکى ماییندەیی چارەسەر کردنى کێشەکان و دیمۆکراتیزە کردنى ئێران خاوەنى ڕێبازى تێکۆشانى دەوڵەمەند بووە. لە سەر ئەو ڕێگایە، سەدان شەڕڤانى ئازادى گیانى خۆیان فیدا کردوە و دەستکەوتى مەزنیان بە دەست خستوە. لە ڕۆژى ئەمڕۆدا PJAK لە ئێران لە سەر هێڵى سێهەمین بووە بە ئاڵتەرناتیڤێک لە بەرانبەر دەسەڵاتدارى لە سەر گەلى کورد لە ئێران. بۆ بەدى هێنانى نەتەوەى دیموکراتیک و پێکەوە ژیانى گەلان خاوەنى هزرێکی دیموکراتیکە. لە هەمان کاتدا لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بۆ ساز کردنى بەرەیەکى چەپ و دیموکراتیک بۆ کوردان لە هەوڵدان بەردەوامە. دامەزراندنى PJAK بۆ گەلى ڕۆژهەڵات و ئێران هیوایەکى نوێیە بۆ بەدى هاتنى ئاواتەکانى گەلان. بە دامەزراندنى PJAK و بەرزبوونەوەى داخوازى ئازادى و یەکسانى و دەسکەوتەکانى گەلى کورد لە ئێران، ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى مەجبور دەبێت کێشەکان چارەسەر بکات. بۆ ئەوەى ئێران لە قەیرانى سیاسی، کۆمەڵایەتى و بەڕێوەبەری دەرەکى خۆى ڕزگار بکات و پێشگیرى بکات لە دەستێوەردانى دەرەکی، مەزنترین بەربەست ڕژێمى کۆمارى ئیسلامیە. بۆ ئەوەى پێشى لە تەقینى ناوخۆ بگرێت ڕێگاچارە دیمۆکراتیزە کردنى سیستەم و پێدانى مافى ئەو گەلانەیە کە لە مافى خۆیان بێ بەش کراون. سەدەی٢١، سەدەى دیارکردنى چارەنووسى گەلانە بەتایبەت گەلى کورد. سەدەى ئازادى گەلانى بندەست و مافى ڕەواى گەلانە و ئەو گەلانەى لە ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەژین پێویستیان پێى هەیە. PJAK لە ساڵانى ڕابردوودا بە باوەڕى بە هێزى گەل خۆى ڕێکخستن کرد و لە سەر ئەو بناخەیە خەباتى کرد هەر بە باوەڕبوونی بە پشتیوانی گەل پێداگیری لەسەر هێڵى تێکۆشانی ئازادى کرد و بەردەوام دەبێت.
دەتوانین بڵێین ڕۆژى ٤ى نیسان بۆ گەلى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە واتای دوو لەدایکبوون و ژیانەوەیە چونکە PJAK بە پێشەنگى شەڕڤانانى وەکو عاکیف، مانى مەهاباد، زیلان پەپولە، زانا، خۆشمێر، تەوار مەهاباد، ڕۆناهى سنە، زاگرۆس و هێمن و تێکۆشەرانی تر کە لە ساڵى ١٩٩٩ لەبەر رووناکی فەلسەفەى ڕێبەر ئاپۆ بەشدارى تێکۆشانى ئازادى بوون. لە دامەزراندنى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان(PJAK)یش دا ڕۆڵى پێشەنگیان گرتە ئەستۆى خۆیان و تا کۆتایى لە سەر باوەڕى بە فەلسەفەى ڕێبەر ئاپۆ، بێ دودڵى بۆ ئازادى ڕێبەر، گەل و وڵاتەکەیان تێکۆشان و گیانى خۆیان فیدا کرد. دەستپێکى لە کەسایەتى تێکۆشەرى ئەو هەڤاڵانەدا و هەموو شەهیدانى ڕێگاى ئازادى بە بیر دێنین و بەڵێنى بەرزکردنى ئاستى تێکۆشان دەدەین.
لە کۆتایى دا لەدایک بوونى ڕێبەر ئاپۆ بە تایبەت لە کەسایەتى دایکە ئوڤەیش و هەموو دایکان، هەموو ژنان و هەموو گەلانى ئازادیخواز پیرۆز دەکەین. هیوادارین گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە ڕۆحى پێشوازى لە نەورۆزى ئەمساڵ و ٤ى نیسان، هەردوو لەدایکبوونەوەکە پێشوازى بکەن و لەم ڕۆژەدا هەرکەس بە چاندنى نەمام بەشدارى پیرۆزبایى ئەم ڕۆژە ببێت و ئەمەش وەک کلتورێک لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان پێش بخەن.

مەجلسى PJAK
٣/٤/٢٠١٧