ئەوەى ئێستا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەیبینین؛ لەلایەکەوە هەڵقوڵاوى ناکۆکییەکانى سەدەکانى دوایى نێوان زلهێزەکانى جیهانە بۆ داگیرکردنى زیاترى کۆڵۆنیەکان، لە لایەکى ترەوە لە کێشەکانى دەوڵەتە زلهێزە هەرێمییەکان کە وەک بەکرێگیراوى هەرێمى زلهێزەکانى جیهان هەڵدەسووڕێن و هەروەها پێکهاتەکانى ترى کولتورى و نەتەوەیى ئەم هەرێمەیە. ئەو پێکهاتانە، دواى شەڕى کەنداو بۆ مانەوە و گەشەپێدانى هەبوونى خۆیان ڕووبەڕووى بەربەستى زیاتر بوونەوە. لە ئیستادا ئەوەی کە قەیرانە هەنووکەییەکان زیاتر دەکات؛ قەیرانى ئابوری، بەرزبوونەووەى ڕۆژانەى گەندەڵى دارایى و پەرە سەندنى بیرى توندڕەوى و تیرۆریزمە بە هۆى ڕەگەز پەرەستى و تیۆکراتیەوە کە لە ئێستادا بووەتە دیاردەیەکى جیهانی. ئەوەى کە بازنەى ئەم کێشانە بەرفراوانتر دەکات شەڕى نێوان پێشەنگانى دوو تێڕوانینە کە سەرەڕاى هەمووى ئەو ناکۆکیانەى لە بوارى جێبەجێکردن و پلان هەیانە، لە ئامانج و بیرکردنەوەدا هاوشێوەن. تەنها جێى ناکۆکی، چۆنیەتى هەبوونیان لە پانتایى ئەو جۆگرافیایە و چۆنیەتى بەدەست خستنى سەرچاوە داراییەکانە. لە لایەکەوە شەپۆلى نوێى هێرش و گوشارەکانى نیۆلیبراڵى زلهێزەکان بۆ گلۆباڵیزاسیۆن دەبینین کە بە ئامانجى داگیرکردنى زیاترى کولتورى و ئابورى گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە دەرگاى ماڵەکانیان دەدات و لەلایەکى ترەوە گوشار و فراوانخوازى سیاسی، ئاسایشی و سەربازى دەوڵەتە هەرێمییەکانە کە تەواوى هەوڵ و تەقەلای خۆیان بۆ درێژەدان بە هەبوونی خۆیان دەدەن تا وەک جێگرى زلهێزە نیۆلیبراڵەکانى جیهان هەبن.
ئەو شەڕانەى کە لە ساڵانی هەشتاکانەوە بە بەردەوامى ڕوویانداوە، نیشاندەرى ناکارامەیى و ناکاریگەرى ڕێکارە سەربازییەکانى دەوڵەتە هەرێمییەکان بۆ بەدەستخستنى ئامانجەکانیان. لە نێوان ئەوانەدا ئێران وەک وڵاتێک پێناسە دەکرێت کە بارودۆخى لە وڵاتەکانى ترى هەرێمەکە جیاوازترە. لە لایەکەوە بانگەشەى دژایەتى ئیمپریالیزم و نیۆلیبراڵیزم دەکات و لە لایەکى ترەوە لە ناو سنوورەکانى خۆیدا سیاسەتى ئیمپریالیستى و نیۆلیبراڵى پەیڕەو دەکات. ئێستاش بە هەموو ناکۆکییەکانیان و هەروەها جاروباریش هاوڕەنگییەکانیانەوە، لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان کەوتونەتە ناوەندى دەستێوەردان و هێرشەکان و لە هەمووان زیاتر لە مەترسى ئەم بنبەستە سەربازییە ئاگادارە کە ئێستا پێش هاتووە و لە هەمووان باشتر دەزانێت ئەگەرى ئەوە هەیە بێتە هۆى پەرەسەندنى ڕووداوى نەخوازراوى زیاتر لەلایەن ئەو بەرەیەی لە دژى ئێران ساز بووە. کۆمارى ئیسلامى لە دەستپێکى شۆڕشى گەلانەوە لە ساڵى ١٣٥٧ى هەتاوی بەرامبەر بە 1979ی زاینی، هێزى هەڵقوڵا و لە کولتور و پەروەردەى سیاسى کۆمەڵایەتى گەلانى ئێرانى بۆ ئامانجە پراگماتیستییەکانى بەرەو زیادکردنى دەسەڵاتى لە دەرەوەى سنوورەکانی خۆى و لە ناوچەکە بەکار هێناوە و کەمتەرخەم بووە لە بەرانبەر ئەو فاکتۆرانەى ئەم هەست و چالاکیەیان لێ دەرکەوتووە.
لە نەبوونى دیالۆگ لە نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەتدا، پێوەندییەکى یەک لایەنەیى و باوکسالارى نوێ لە ئێران دروست بووە، کە بۆتە هۆى ئەوەى بایەخێکى زۆر بە خۆبوونى تاک – هاووڵاتى نەدرێت. بێگومان هەر تاک – هاووڵاتیەکى ئێرانى لە هەر گەل و جوگرافیایەکى کولتوری – نەتەوەیى هاتبێت، دەبێت بتوانێت پێناسەى شوناسى خۆى بکات، ئەوجار چاوەڕوانى ئەوە بین پێناسەى شوناسى جیهانى مۆدێرن، تایبەتمەندییە جیاوازەکان و پێداویستییەکانى بکات، دوابەدواى ئەوە بەشێک لە گەشەپێدان، گۆڕانکارى و پێشکەوتنى کۆمەڵگاى خۆى هەبێت و لە چارەنووسى ئەو پێگە سیاسییە خۆجێیەى هەیەتى و لەهەمانکاتدا لەو پێگە بەرفراوانەى بۆى تەرخان کراوە جێگیر ببێت و هەست بە بەرپرسیارێتى بکات.
بە هۆى دەستەبەر نەکردنی هەلومەرجی لەبار بۆ گفتوگۆى نێوخۆیى گەلانى ئێران و خۆ دەربڕین لە رووی هزرى و کولتورییەوە و دانووستانی گونجاو لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئێرانەوە، ئەم وڵاتە بەرەو لایەک براوە کە لە ئامانجەکانى سەردەمى مەشڕووتە (سەرەتاکانی سەدەی بیستەم) و شۆڕشى گەلانى ئێران دوور بکەوێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێویست بوو دەرفەتێکى کراوە بۆ دیالۆگ بەدى بهێنرێت تا نیشان بدرێت کۆمارى ئیسلامى دەتوانێت زەمینە بۆ دانوستانی دوولایەنە ساز بکات بۆ بیستنى بۆچوونەکانى گەلان و داڕێژانى پلانێکى کاریگەر بۆ پێشکەوتن و پەرەسەندنى وڵات. لە چەکى سەربازى و دارایى کە زۆربەى جار لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکار هاتووە، بەکاریگەرتر سازکردنى بنچینەى زمان و سیستەمى دانوستانێکی نوێ بوو کە دەبوو بە بنەمای لەیەک تێگەیشتنى دوولایەنى دەوڵەت و کۆمەڵگا لەمەڕ پێداویستییەکان، ئەمەش دەیتوانى ببێتە هۆى یەکگرتویى نێوان هاووڵاتیان، بە بینینى روداوەکانی چوار دەیەى دەسەڵاتدارى کۆمارى ئیسلامى، ئەم راستییەک وەک خەونێک دەنوێنێ. ناکاریگەرى ئەم ئەمرازە دەبێت کۆمارى ئیسلامى ناچار بکات بچێت بەرەو کولتورێکى سیاسی – بەشداربوونێکی جیاواز لە ڕابردوو. هەر چەشنە وەڵامێک دەتوانێت سیماى ژیۆپۆلتیکى ئێران بە تایبەت و ناوچەکە بە گشتى بگۆڕێت.
شۆڕش و بزووتنەوەکانى گەلان لەم سەردەمی دواییەدا بەرەو پەرەسەندن چووە، لە ئێستادا قورساییەکى زۆریان لە پانتایى سیاسەتى نێودەوڵەتى بەدەست هێناوە و بوونەتە ناوەندێکى سرنجڕاکێشى گۆڕانکارییەکان. کۆمەڵانى نەتەوەیى و کولتوری، سیاسى و باوەڕى کە زۆر لەمێژ بوو لە گۆڕەپانى سیاسەتى جیهاندا کەوتبوونە پەراوێزەوە، ئەگەر دەیانەوێت ڕۆڵى مێژویى خۆیان بۆ مانەوە و پەرەپێدانى هەبوونیان و سەرکەوتن بەسەر ئەو ئاستەنگانەى بەرهەمى ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەم دوو جەمسەرەیە بگێڕن، پێویستە بەدواى ستراتیژییەکى نوێدا بگەڕێن. کێشەکانى گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەگەڵ دەوڵەتەکانى هەرێم، بارێکى سەختی خستۆتە سەر ئەم جەمسەرەى سێهەم. رەوتى نیۆلیبڕاڵیزمى جیهانی، بەربەستە مەزنەکانى فراوانخوازى کولتوری، سەربازى و ئابوری – سیاسى خۆیان لەگەڵ دەوڵەت نەتەوەکان (کە دەمێکى درێژە سیاسەتى نیۆلیبڕاڵیزمیان گرتۆتەبەر) لەو هۆشیارییەدا دەبینى کە دوابەدواى شۆڕشەکان لەناو گەلاندا گەشەی کردبوو.
دیسکورسە شۆڕشگێڕە چالاکەکانى ناو جوگرافیاى ئێران بەهۆى کەمتەرخەمى لە بنچینەى زمان و بەسەرهاتە مێژوییەکانى گەلانى ئێران، بێ ئەوى لە پرۆسەى شۆڕش یان چاکسازى هەوڵى گۆڕینى ئەم دوو پێناسەیە بدەن، باشترین دەرەنجامیان لەجێگەی یارمەتیدان بۆ گەشەکردنى سیاسەتى دیموکراتیک و سەربەخۆیى گەلانى ئێران، ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات و دەوڵەتەکان بوو. بێگومان ئامانجى شۆڕش و چاکسازی، دۆزینەوەى ڕێگایەکى جیاواز لە گوتووبێژە بیانییەکان لەتەک رۆحى کۆمەڵگایە. بەڵام بەرهەمى ئەم بەسەرهاتانە بۆ کۆمەڵگاى ئێران جۆرێک لە گۆشەگیرى سیاسیە کە تاک و کۆمەڵگا بە باشترین هەڵوێستى خۆى ببینێت. مەزنترین ئاکامى نەرێنى ئەم هەڵوێستە پاسیڤانە، پەسەند نەکردنى هەمەلایەنەى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامییە بۆ بەدەست هێنانى هەندێک پێداویستى سەرەتایى ژیانی. بە دڵنیایەوە ئامانجى شۆڕشەکان بەدیهێنانى بارودۆخێکە تا شێوازێک لە ژیان دەستەبەر بکرێت کە لە ئاستێکى بەرزتر لە پێداویستیە سەرەتاییەکانى ژیان بێت. بۆ ئەوەش پێویستە سەرلەنوێ سیاسەتێک پێناسە بکرێت کە ڕووى لە کۆمەڵگا بێت و ئامانجى هەستیارکردنى کۆمەڵگا بۆ دیارکردنى چارەنووسى خۆى و پەرەپێدان و دەوڵەمەندکردنى هەبوونى کۆمەڵگا بێت.
بە شێوەپێدانى بڕیاردان لە ژێرەوە تا ژوورترین ئاستەکان بە دەستێوەردانى خۆسەرى تاکەکانى ناو کۆمەڵگا، دەبینە خاوەنى دیموکراسى ڕاستەقینە. کۆمەڵگا بە لێک جیاکردنەوەى سیاسەت لە چەمکى دەسەڵات، سیاسەت بە موڵکێکى گشتى دەکات و لە دەست چینى ژوورەوەى کۆمەڵگا دەریدەخات و لەم ڕێگایەوە دەیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکانى ڕاستەقینەى خۆى کە ئەوانیش هاووڵاتیانن. بەو هۆکارەی باس لە تاکەکانى ناو کۆمەڵگایە، خۆدەربڕینى تاک – کۆمەڵگا و بیرکردنەوەیان لە ئازادى و گەشەکردن، دەبێتە بەشێکى دانەبڕاو لە سیاسەت و لەم ڕێگایەوە گۆشەنشینى ئەندامانى کۆمەڵگا بەرەو بەشدارکردنێکى چالاکانە دەبات. بەم تێڕوانینە سیاسیە، کەلێنەکانى ناو کۆمەڵگا کەمتر دەبێتەوە و باشتر دەتوانێت لە بەرانبەر پاوانخوازى دەوڵەت ڕابوەستێت. دەوڵەت پێویستە لە پلانداڕێژى بۆ ئامانجە ستراتیژییەکانى خۆى بۆ گەشەکردن، گەشەى کۆمەڵایەتى و ئازادى و ئیرادەى کۆمەڵگا وەک بەشێک لە ئامانجەکانى خۆى دیارى بکات و یارمەتى بدات. تەنیا لەو ڕێگایەوە دەتوانێت لە هێزى کۆمەڵگا بۆ بەرژەوەندى گشتى کەڵک وەربگرێت و ڕەوایى بە هەبوونى خۆى بدات تا لەو ڕێگایەوە ئەو کەلێنەى لە ساڵانى ڕابردوودا هاتۆتە ئاراوە پڕ بکاتەوە.
ئەگەر دەوڵەت بە ڕەخساندنى دەرفەت بۆ بەشدارى کردنى زیاترى گەلان ڕێگاى دیالۆگ لەگەڵ کۆمەڵگا بکاتەوە، بارودۆخێک دێتە ئاراوە کە هەستى بەرپرسیارێتى دوولایەنە و قوبووڵ کردنى بەرانبەر و جیاوازییەکان لەگەڵ خۆى دێنێت. باشترین ڕێگا بۆ دەرباز کردنى ئەو قۆناغە قەیراناویەى ئێستا تێیدا دەژین ئەوەیە دەوڵەت مافى دیاریکردنى پێداویستییەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى بداتە کۆمەڵگا بۆ خۆى و بەربەست ساز نەکات لە بەردەم کۆمەڵگا بۆ هەڵبژاردنى ئەو کەسانەى کە وەک نوێنەرى خۆى دەستنیشانیان دەکات. کۆمەڵگاى خاوەن بیروبۆچونى سیاسی، ئەو دەرفەتەى هەیە بە سپاردنى پلان و پرۆژەى سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتى و ئابورى بە نوێنەرانى هەڵبژێردراوى خۆی، لەگەڵ دەوڵەت بکەوێتە ڕکابەرى بۆ باشترکردنى پلان و پرۆژە و کارەکان. هەر ڕێگایەکى تر جیا لەم ڕێگایە کۆمەڵگا ناچار دەکات بە شێوازێکى یەکلایەنە و بێ گەڕانەوە بۆ حکومەت، بەرەو ئامانجى دڵخوازى خۆى هەنگاو بنێت.
کۆمەڵگا پێویستە لە جێگاى بیرکردنەوە لە بەشداریکردن لەو گۆڕەپانەى لەناو شوێنێکى دیارى کراو و بە کەسانێکى سنووردار لەلایەن دەوڵەتەوە پێشتر بۆى ئامادەکراوە ، بیر لە گەشەپێدانى بارودۆخى کۆمەڵایەتى خۆى بکاتەوە. بەو گۆڕانکارییانەى لە جیهاندا هاتوونەتە ئاراوە و تەشەنە سەندنی شەڕ لە هەرێمەکە، کۆمەڵگاش پێویستە بە هۆشیارى لە بەرانبەر هاوپەیمانیە نوێییەکانى شەڕ و لە هەڵقوڵانى ڕەوتى پۆپۆلیستی – فاشیستى ناوخۆ بجوڵێتەوە. کۆمەڵگا بە دیاریکردنى سنوورى پانتایى چالاکى سیاسى خۆى کە تەیدا بووژانەوەى تواناکانى تاک و کۆمەڵگا دەستەبەر بکات، لە بەرانبەر هەڕەشەکانى دەرەوە و پاوانخوازیەکانى ناوخۆیى دەوڵەت دەبێتە چەکێکى کاریگەر. چالاکى سیاسى کۆمەڵگایەک، پرۆسەى بەدەستخستنى هێزى بیرکردنەوە، بڕیاردان، جێبەجێکردن و پاراستنى دەستکەوتەکانێتی.
هەر بۆیە پارتى ژیانى ئازادى کوردستان PJAK بە گرتنەبەرى هەڵوێستێکى بەرپرسیارانە لەم قۆناغە هەستیارەی تێیدا داهاتوى سیاسى و ژیانى هەمووى پێکهاتەکانى ناو ئێران دیار دەبێت، بە هەڵوێستێکى سەربەخۆ، وردبینانە و دوور لە پەلەکردن، هەوڵ دەدات بە هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و بە تێکۆشان بۆ سازکردنى بەرەیەکى نوێ هەنگاو بۆ ئەودیوى ریزبەندییەکانى بناژۆخوازى و ڕیفۆرم گەرایی بنێت. لە هەمانکاتدا نە چاوەڕوانى دەستێوەردانى دەرەکى دەبێت و نە ئەو بارودۆخەى ئێستا هەیە پەسەند دەکات، لەبەر ئەوەی شەپۆلێکى نوێ لە هەوڵەکانى حکومەت بۆ دوورخستنەوەى کۆمەڵگا لە سیاسەت دەستى پێ کردووە، هەرجۆرە پەلە کردن یان درەنگ مانەوەیەک لە بەرانبەر ڕووداوەکانى داهاتوودا دەشێت ببێت بە هۆکاری لاوازکردنی ئەو هێزانەی دەیانەوێت کێشەکان لە ڕێگاى دیموکراسى و ئاشتییەوە چارەسەر بکەن و ڕێگا بۆ فاشیزمى ناوخۆیى و دەستێوەردانى دەرەکى هەموار بکات. لەو چوارچێوەیەدا ئەگەرچى هاتنە ئاراوەى ئەم دوو ئەگەرە بە سیاسەتەکانى خودى کۆمارى ئیسلامى و رێکخراوەکانى سەر بەو سیستەمەوە بەندە، بەڵام ئێمە هیچ کام لەم دوو رێگەیانە ناگرینە بەر. بەو مەبەستە لە ڕۆژانى داهاتوودا داخوازى دیموکراتیانە و داواکارییەکانی مافى رەوای گەلى کورد و گەلانى ترى ناو ئێران بە ڕاى گشتى رادەگەیەنین و هەڵوێستى کۆتایى خۆمان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان و چۆنیەتیەکەى دیار دەکەین.

مەجلسى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان PJAK
08-04-2017