بابەتێک لە لایەن شەرڤین مەزڵوم سەبارەت بە کەسایەتی پاکڕەوان “کەمال پێنجوێنی”

سەرەتا بە پێویستى دەزانم لە کەسایەتى بەرزى شەهید کەمالدا، هەموو شەهیدانى تێکۆشانى ئازادى کوردستان وەبیر بێنمەوە. شەهید کەمال هەڤاڵێکى خەڵکى باشوورى کوردستان بوو و بە درێژایى ساڵانێکى بەنرخ لە ناو تێکۆشانى خەباتى ئازادى گەلى کوردستاندا جێیگرت و بە شێوازێکى شۆڕشگێڕانە وەکوو کەسایەتیەکى بەرز و زاناى هەڵکەوتوو لە کۆمەڵگاى کورد هەڵوێستى خۆى بەرامبەر بێ شکۆیی و بێ رێزی و هێرش و پەلامارەکانی داگیرکەرى هاوچەرخ و دیکتاتۆران نیشان دا بوو و ڕۆژبەڕۆژ هەنگاوەکانى لە بەرامبەردا پتەوتر کردەوە.

شەهید کەمال هەر لە تەمەنێکى بچووکەوە بەرخۆدانى لەهەمبەر بیرى داگیرکەرى کوردستان کرد و هەتا دووایین ساتەکانى ژیانى لە ناو تێکۆشاندا جێیگرت و لە بەرامبەر بەو زیهنییەتە داگیرکەرانە و پاوانخوازەى زاڵ بەسەر کوردستاندا کە لە دژى دەستکەوتەکانى گەلى کورد و خاکى کوردستان بەڕێوە دەچوو تێکۆشا.
ئامانجى شەهید کەمال پێکهێنانى هزرێکى نەتەوەیى یەکگرتوو لە بەرامبەر زیهنییەتى داگیرکەران و هێرشەکانیان بۆسەر گەلى کوردستان و دەسکەوتەکانى بوو. بیرى ئازادى لە کەسایەتى شەهیددا ساڵانێکی دوورودرێژ وەکو دارێکی بەرهەمهێنەر بوو و لە خەباتى پێشمەرگایەتی دا لە باشوری کوردستان خاوەن کاریگەری و ئاسەوارێکی دیارە بەڕووی لاپەڕەکانى تێکۆشانى مێژووى شەرەف و بەرخۆدانى گەلى کورد.

هەوڵی ناسینى شەهید کەمال لەسەر هزر و ڕامانى ڕێبەر ئاپۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 ئاشنای تەڤگەرى ئاپۆچى دەبێت. هەڤاڵی شەهید لە زۆر بوارەکانى ژیانیدا، تەنانەت لە بواری هەڵسوکەوتى نێوان بنەماڵەوە هەتا کۆمەڵگا و شۆڕشى کوردستان توانیبووى بگاتە ئاستێکى بەرزى بیرۆمەندى ئاپۆیی. لێگەڕینى شەهید کەمال بۆ ناسینى ڕاستیەکان و بەرخۆدان لە دژى زیهنییەتى داگیرکەران هەر لە ساڵى ٢٠٠٧ەوە دەستى پێ کرد. لەڕاستدا شەهید کەمال بە لێگەڕینى ئازادى خۆى گەیشتە ئەو ئامانج و هیوایە کە بە ساڵان بوو بە شوێنیدا دەگەڕا و چاوەڕوانى بوو.

ساڵى ٢٠٠٧ بە ئاشنابوونی بە تەڤگەرى ئاپۆچى لە باشوورى کوردستان، هەنگاوێکی گەورە و شۆڕشگێڕانەى نا. لە واتایەکدا ئاسۆی ئەو حەقیقەتەی دۆزیبوەوە کە ساڵانێکی زۆربوو لە چاوەڕوانی و گەڕانی دا بوو. دوواى ناسین و پەیوەندیکردن بە تەڤگەرى ئاپۆچییەوە، هەوڵ دەدات بە رەنج و خەباتێکى گەورە و واتادار لە ڕیزەکانى تێکۆشاندا جێ بگرێت. بەزیاتر ئاشنابوون بە بیرى ڕێبەر ئاپۆ و بەرزتربوونی ئاستی هەوڵەکانی، چیتر کاتێکی زیاتری خۆی بۆ کاروخەباتی ژیانى کردنى هزرى ڕێبەر ئاپۆ تەرخان دەکات.

هەر لەو سەردەمەوە گۆڕانکارییەکى بەرچاو لە ژیانى هەڤاڵی شەهیدا بەدی دەکرێت، هەر لە هەمان ساڵدا لە ڕیزەکانى خەباتى پارتى چارەسەرى دیموکراتى کوردستان (پ.چ.د.ک) دا درێژە بە هەوڵەکانی تێکۆشان و بەشداریکردن لە خەباتی نەتەوەیی کوردستان دەدات. لێرەشدا وەکو هاوڕێ و هاوخەباتانی باسی دەکەن بە شێوازێکى دڵسۆزانە و چاونەترسانە لە زۆر شوێن و جێگەی باشوری کوردستاندا و بەتایبەتیش لە شارى پێنجوێن ناوی لە دەفتەرى تیکۆشانى ئازادى گەلى کورددا ماییندەیی کردەوە. هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ رەنج و خزمەتى دڵسۆزانە بۆ گەلى کورد و ناساندى ئاستی تێگەیشتنی ڕامانى ڕیبەر ئاپۆ خستۆتە گەڕ و هەر لەو پێناوەشدا تێکۆشانى خۆى ڕۆژبەڕۆژ پتەوتر کردۆتەوە. کە وەک مرۆڤێکی تینووی حەقیقەت بەردەوام بووە لە لێگەڕان بەدوای جیاکردنەوەی راستی و حەقیقەتی ژیان لە یەکتر. ئەمەش جگە لەوەی لەناو خێزان و بنەماڵەکەیدا رەنگدانەوەی دەبێت، لەناو خودی کەسایەتی هەڤاڵ کەمال دا هەست بە بەرزی ئاستی گۆڕانەکانی دەکرێت، تا بەو ئەندازەیەی کە رۆڵەکانی خۆی لەسەر بنەمای هۆشیاری کوردایەتی پەروەردە بکات، تا ئێستاش کاردانەوەی ئەم هەوڵانەی لە ژیان و تێکۆشانی خانەوادەکەیدا بەدی دەکرێت. بچووکترین نموونە بۆ پەردە لادان لەسەر ئەم راستییەش گوتەیەکی بەنرخی هەڤاڵی شەهید خۆیەتی کە هەمیشە دووبارەی دەکردەوە و دەیگوت:”زۆر درەنگ کەوتووین لە کاروخەباتدا، ئەگەر دوژمنمان رۆژانە 24 کاتژمێر کار بکات، دەبێت ئێمە 25 کاتژمێر کار بکەین، ئەگەر وەها بتوانین برەو بە خەبات و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان بدەین و بیپارێزین.”

شەهید کەمال بەردەوام لە هەوڵدا بوو بە کردەیی رەخنەدانی خۆی بە هاوژینەکەی و رۆڵەکانی و کەسوکارەکەی بداتەوە لەمەڕ ئەو کەمی و ناتەواوییەی لە هزریدا هەیبوو. بە خوێندنەوەی زیاتر و هەوڵی تێگەیشتنی زیاتر دەیویست بە هاوبەشی لەگەڵ‌ هاوژینی دا بنەمای هاوژیانی ئازاد کە یەکێکە لە پرەنسیپە بناخەییەکانی ژیانی ئەخلاقیانەی کۆمەڵگا، ژیانی خانەوادەکەی بونیاد بنێتو هەر بۆیە گرنگییەکی زۆری بە پەروەردە و خۆ پەروەردەکردن دەدا. لە هەمووشی گرنگتر هەوڵێکی زۆری دەدا تا کەسایەتی و هزری پیاوسالاری و کلاسیکی بشکێنێت و بەرەو هزری کەسایەتی کۆمیناڵی هەنگاو بنێت.

لەلایەکی ترەوە شەهید کەمال چەقبەستوویی هزری پارچەگەرێتی وەک گەورەترین کێشەی کورد دەبینی و هەمیشە و لە هەموو هەوڵ و باسێکی دا توانای هزری خۆی بۆ شکاندنی سنوورە دەستکردەکان دەخستەڕوو، هەست و ڕۆحى نەتەوەیى شەهید کەمال ڕۆژبەڕۆژ گەشەى دەکرد و دەیخواست ڕامانى ڕێبەر ئاپۆ بە هەموو شوێنێک بناسێنێت و مرۆڤ لەو قەیرانە هزری و فکری و ژیانییە رزگار بکات کە بەهۆی هێرشەکانی سەرمایەداریی و دارودەستەکانییەوە پەرتەوازە بووە.

شەهید کەمال بەردەوام لە قسەکانیدا دەیگوت “چەندە پەرە بە کار و خەباتمان بدەین هێشتا کەمە، چونکە داگیرکەرانى کوردستان بە سەدان ساڵە ئێمەیان لە چاند و کوردبوونى خۆمان دەرخستووە. هەر بۆیە دەبێت ئەو گەلە ببەینەوە سەر ڕێبازى ڕاستینە خۆى و دیسان لەسەر ڕیشەى هەزاران ساڵەى خۆیدا گەشەى پى بدەینەوە” لێرەوە دەگەین بەو راستینەیەی کە شەهید کەمال نموونە کەسایەتی میلیتانێکی تێکۆشانى ئازادى گەلى کورد بوو و هەر لەسەر ئەو بنەمایە شەهیدبوونیشى زامێکى سەخت بوو بۆ هەموو دۆستان و هەڤاڵان و بنەماڵەکەى.

کاتێک هەواڵى شەهیدبوونی هەڤاڵ کەمالم بیست، نەمدەتوانی بڕوا بکەم. لە سەروبەندی ساڵیادى ئەنفال و بوو کە پێکەوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵانى تەڤگەرى ئازادى باشووری کوردستاندا بەرەو کەلار دەڕۆشتین. بەر لەوە بە رۆژێک هەواڵی رفێندرانی هەڤاڵ کەمال م بیستبوو. دەستی رەشی داگیرکەی و دوژمنایەتی ئازادی گەلان زۆر ئەنفالیان بەسەر کورد دا هێنا بوو و بەردەوام بوون لە هێنانی ئەنفالی تر و هەوڵی قڕکردنی کوردان. بۆیە دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی یادی ئەنفال و لە گەڕانەوەماندا بۆ شوێنی خۆمان، هەواڵی ئەنفالێکی ترم بیست و هەرگیز نەمدەتوانی و نەمدەویست بڕوا بکەم.

رۆژی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی پیرۆزی شەهید کەمالیش، ئاسمانیش بارانێکی بەخوڕی لێ دەباری، ناشتنی تەرمی تێکۆشەرێکی رێگەی ئازادی دیارە تەنیا بۆ ئێمەی مرۆڤ سەخت نەبووە. جگەلەوەش کە تەماشایەکی دەوروبەرم کرد و چاوێکم بە بەشداربووانی مەراسیمەکەدا گێڕا، هەستم کرد کە هەڤاڵ کەمال بە ئامانجی خۆی گەیشتووە، چونکە لە هەر چوارلای کوردستانەوە ئامادەبووانێکی زۆر هەبوون و بنەماڵە و دۆست و هاوڕێیانی تەنیا نەبوون.

تێگەیشتم کە بە شەهیدکردنی هەڤاڵ کەمالیش دوژمن ناتوانێت هێزی یەکڕیزی وڵاتپارێزی لە کورد دا لەنێو ببات. لەلایەکی تریشەوە هاوژینەکەی کە نموونەی ژنێکی تێکۆشەر، خۆڕاگری و هێزی وەڵامدانەوەی نیشاندا و هەروەها رۆڵەکانی هەڤاڵ کەمال بە هەست و ڕۆحێکى زۆر مەزن و شایستەی شەهید کەمال پێشوازییان دەکرد و بە بانگەشەیەکی هیوابەخشەوە بەڵێنی گەورەکردنی رێگە و رێبازی شەهیدیان دووپات دەکردەوە و دەیانگوت:” داخوازى شەهید کەمال بەدی هات، هەر بە شانازى و سەری بەرزییەوە شەهید بوو. ”

گەرچى دوژمن وایزانى بەو کردەوەیە ڕێگا لە بەردەمى تێکۆشانى ئازادى کەسایەتى بەرزى شەهید کەمال و هەڤاڵان و بنەماڵەى دەگرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ بە شێوازێکى نوێتر و پتەوتر بەردەوامە. داخوازیی شەهید کەمال بۆ درێژەدان بە رێ و رێبازی تێکۆشانی ئازادی ئەمڕۆکە رۆژبەرۆژ لەبەرزبوونەوەدایە و بەڵێنی بەردەوامی تا بەسەرکەوتن گەیاندنی دووپات دەکەنەوە. وەک پێشتر خۆی گوتبووی:” بە ئازادی نەژیام، بۆ ئازادی هەوڵمدا بژیم و بە ئازادی دەمرم ” و هەر بەو ئاواتەشی گەیشت.