لە حەوتەمین ساڵەی شەهیدانی سێدارە، هەڤاڵان ( فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیانی تێکۆشەر ) دا، سەرەتا یادی شەهیدانی مانگی گوڵان و هەموو شەهیدانی ئازادیخوازی گەل بەرز رادەگرین. ئەو دۆزەی لەلایەن ئەو هەڤاڵانەمانەوە بە ئاستێکی بەرز گەیەندرا، بە هەمان باوەڕی، جۆش و بڕیاردارییەوە بە سەرکەوتنی دەگەیەنین و ئەمەش قەرزێکی ئەو هەڤاڵانەیە لەسەر شانی ئێمە. هەر لەسەر ئەم بناخەیەش رژێمی سێداری ئێران و هەموو کردە نامرۆییەکانی بە توندی شەرمەزار و مەحکوم دەکەین.

مانگی گوڵان هەر لە سەرەتاوە هەتا دوایی بۆتە مەڵبەندێکی گرنگی تێکۆشانی دژ بە داگیرکەری، دەسەڵاتداری و فاشیزم، و لەم مانگەدا زۆر قارەمان گەیشتنە لوتکەی شەهیدبوون. شۆڕشگێڕانی ئینتەرناسیۆنالیست – سۆسیالیست و تێکۆشەرانی کورد بە خوێنی ئاڵی خۆیان ئەم مانگەیان سەرلەنوێ ژیاندۆتەوە. گیڤارا، دەنیز گەزمیش، یوسف ئاسڵان، حسێن ئینان، خەسرەو گوڵسۆرخی، حەقی کارەر، محەمەد قەرەسونگور، ئیبراهیم بیلگین، خەلیل چاوگین، هونەرمەند مزگین و بە سەدان شەڕڤانی حەقیقەت و ئازادی، بە دەستکەوت و نرخی ئافرێندراوی خۆیان مانگی گوڵانیان رازاندەوە و لە کەسایەتی خۆیاندا گەلی ژێر دەستیان زیندوو کردەوە. ئەوان لە کات و شوێنی جیادا لە بەرزترین ئاستتدا ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر بە زیهنییەتی سەردەست و فاشیزان دەربڕی و رێگەی ئایندەیان نیشانی گەلەکەیان دا.

هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئێران بە دەستوورە دژە مرۆییەکەیان بە ئامانجی رێگرتن لە تێکۆشانی ئازادی گەلان، رێبازی سێدارە بەکاردێنن. بەو شێوەیەش دەیانەوێت بەر لە هەموو شتێک بە لەناوبردنی پێشەنگانی رێکخستن و تەڤگەڕانی تێکۆشەری رێی ئازادی، کۆتایی بە هەموو خەباتێکی دژبەر، ئۆپۆزسیۆن و دیموکرات بهێنن. بۆ سەپاندنی ئەم سیاسەتەشیان رۆژی 9ی گوڵانی 2010 بە لە سێدارەدانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی و هاوڕێیانیان، ویستیان هەمان رێباز لە کوردستان دووپات بکەنەوە. بەم لە سێدارەدانانە هەوڵیاندا ترسوخۆف لەناو گەلی کورد و هەموو بەشە دیموکراتییەکانی ئێران دروست بکەن.

مامۆستا فەرزاد کەمانگەر بە دڵسۆزی بۆ خاک، منداڵان و گەلەکەی، لە هەر هەل و مەرجێکدا و لە هەر جێگەیەک بێ وچان تێکۆشا. بۆ بڵاوکردنەوەی هەست و تێڕوانینی ئازادانەی، دانی بەهیچ سنوور و بەندێکدا نەنا. لە خوێندنگای گوندی کامیاران، لە زیندانەکانی ئێران بە وانە و نامەکانی، رۆح، هەست و رامانی پاکی مرۆڤایەتی نوێ دەکردەوە. بەو جۆرەش نەک تەنیا لەناخ و دڵی گەلی کورد دا، لەلایەن هەموو گەلانی ئێران و جیهانەوە خۆشەویستی دروست کرد و بوو بە سیمبۆڵ.

شیرین عەلەم هولی، وەک درێژە پێدەری رێ و رێبازی لەیلا قاسم، بێریتان و زیلان و نموونەگەلی ژنانی قارەمانی تر، بە کاردانەوە و وەڵامی بەهێزی شۆڕشگێڕانەی لەدژی ئەو سیستەمەی سەختترین دوژمنایەتی ژن و فەرهەنگی ژن دەکات، زیهنییەتی پیاوسالاری رژێمی هەژاند. عەلی حەیدەریان بە بەرپرسیارێتی و دەرک کردنی بە ئەرکی سەردەمیانەیەوە خاوەنداری لە بەرخۆدانێکی مێژووی دژی زیهنییەتی فاشیست و تاکپەرستی رژێمی ئێران کرد. فەرهاد وەکیلی بانگەوازی سەرهەڵدان بوو بۆ چینی کرێکار و گەلانی بندەست. ئەم چوار قارەمانە بەرخۆدێرە بە ئیرادە و پابەندبوونیان بە دۆزی ئازادیی خۆیان زیندانەکانی ئێرانیان رووخاند و جارێکی تر رووی رەش و فاشیزانەی رژێمی ئێرانیان بۆ جیهان ئاشکرا کرد.

شەهیدانی 9ی گوڵان سەلماندیان کە هیچ فشار و گوشار و تەنانەت سێدارەش ناتوانێت رێگری لە تێکۆشانی ئازادی گرێت و لە زیندانی ئەوینی تاران، هەمان ئەو فەرهەنگەیان زیندوو کردەوە کە مەزڵوم دۆغان لە زیندانی ئامەد شکستی بە تەسلیمیەت هێنا، و فەرهەنگی بەرخۆدانیان لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە.

رژێمی سێدارەی ئێران بە کردە دژە دیموکراتییەکانی دژ بە گەلان و بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بووەتە هۆی فشارێکی زۆرلایەنەی سەر گۆمەڵگا. تا ئێستا هیچ هێز و دیکتاتۆرێک لە مێژوودا نەیتوانیوە رێ لە تێکۆشانی ئازادی بگرێت و شکست بە هێزی گەلان بهێنێت. بەرخۆدان و تێکۆشانی رەوای گەلەکەمان و گەلانی ئێران کۆتایی بەم رژێمی سێدارەیە دەهێنێت و ژیانی یەکسان و دیموکراتیک بونیاد دەنێت. ئەمە دەبێتە شکۆدارترین وەڵامێک کە بدرێتەوە بە شەهیدان، کە شەهیدانمان نرخی گەورە و بەهاداریان بۆ خوڵقاندووین. لەسەر ئەم بناخەیە لە ساڵڕۆژی شەهیدانی 9ی گوڵاندا، بانگەوازی لە گەلەکەمان و رای گشتی دیموکراتیک دەکەین کە لە بەرامبەر بە هێرشەکانی رژێمی سێدارەی ئێران بێ دەنگ نەبن، هەر گۆڕەپانێک بکەنە جێگەی بڵندکردنی تێکۆشانی دیموکراتییانە و تۆڵەی شەهیدانیان بسێنن.

بژی شەهیدانی 9ی گوڵان
بژی بەرخۆدانی زیندانەکان
بژی ئازادی و یەکسانی گەلان

مەجلیسی PJAK
08/05/2017