“نابێت دەنگی گەلانی ئێران وەک دەنگ بۆ حەسەن ڕۆحانی چاوی لێ بکرێت و یان ئەوەی کە خەڵک سیاسەتەکانی ڕۆحانییان بە تەواوی پێ باشە،بەڵکو خەڵکی ئێران خوازیاری گۆڕانکاری و دیموکراسی ڕاستەقینەن و دەنگیان بە بەڵێنەکانی ڕۆحانی دا. ئەوەی کە ئەو بەڵێنانە تا چەندە توانای جێبەجێ کران و پشتگری یاساییان هەیە جێگای پرسیار و تێڕامانە. ”
ئەمە بەشێک لە قسەکانی #باران_بریتان، ئەندامی مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(#PJAK)ە کە لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی «FREEDOM»تیڤی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شۆرای شار و گوندەکانی ئێران و گۆڕانکارییەکانی کوردستان.

تێکەڵاوی ڕیفۆرم خوازی و میانەڕەوی جۆرێک بەرژەوەندی خوازی لە حەسەن ڕۆحانی بەدی هێناوە

باران بریتان بە ئاماژە بەوەی کە لە ساڵەکانی ٩٠ی زایینیەوە ڕەوتێکی میانەڕەو بە پێشەنگایەتی هاشمی ڕەفسەنجانی خوازیاری جۆریک ئابوری لیبەراڵ یان نئۆلیبراڵی لە ئاستی ناوخۆیی و پەرەپێدانی پێوەندە ئابوریەکان لەگەڵ ئەوروپا بوو. بریتان دەڵێت: «ئێستا تێکەڵاوی ڕیفۆرم خوازی و میانەڕەوی جۆرێک بەرژەوەندی خوازی لە حەسەن ڕۆحانی بەدی هێناوە».
بریتان پێی وایە کە: ئەو بارودۆخەی کە لە ئێستادا لە سیاسەتی ئێران زاڵە و لە لایەن بەرژەوەندی خوازانەوە پێشەنگایەتی دەکرێت، خوازیاری ئەوەن کە بە پێکهێنانی بارودۆخێکی لێڵ، خەڵک ڕابکێشن بۆ ئەوەی دەنگ بدەن. ئەوان باسی گۆڕانکاری دەکەن بەڵام هیچ جۆرە گارانتی یاسایی لە پشتی بەڵێنەکانیان بوونی نیە و لە هێچ شەرت و مەرجێکدا سەبارەت بە گۆڕانکاری لە یاسای بنەڕەتی قسەناکەن و یان نایانەوێت کە باسی لێ بکەن. »

ناوبراو باس لەوە دەکات کە خەڵکی ئێران لە ئێستادا لەبواری بیرکردنەوەی سیاسی گەیشتوونەتە ئاستێکی ژوور و دەڵێت: «خەڵک بۆ ئەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکردووە کە ٤ساڵ چاوەڕوانی بکێشن کە ئایا شتێک ڕوودەدات یان نا. من پێم وایە کە گەلانی ئێران ئەو قۆناغەیان دەرباز کردووە کە تەنها دەنگ بدەن و ٤ساڵ چاوەڕوان بمێنن. ئێستا دەرفەتێکی باش هاتۆتە ئاراوە تا دەوڵەت و دەسەڵات بتوانێت گۆڕانکاری هەرچەند بچووک لە بواری دیموکراسی و سەقامگیرکردنی دیموکراسی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. »

کوردەکان توانای ئەوەیان هەیە ببن بە هێزی سەرەکی گۆڕانکاری دیموکراتیک لە ئێران و گشتی ناوچەکە

باران بریتان ڕایگەیاند: « بە هۆی ئەوەی کورد توانای ئەوەیان هەیە ببن بە هێزی سەرەکی گۆڕانکاری دیموکراتیک لە ئێران و ناوچەکە، سیاسەتی ترس و سەرکوت لە ٤٠ساڵی ڕابردوودا لەسەری بەڕێوە چووە و وەک تاقیگەیەک بۆ سیاسەتەکانی ئێران چاوی لێ کراوە و ئەگەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان سەرکەوتوو بێت لە سەرانسەری ئێران پەیرەو دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە لە ئێستادا گۆڕانکاری هەرێمەکە و بەتایبەت سوریا نیشان دەدات کە کوردەکان ڕۆڵی سەرەکیان لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵای ناوین بە ئەستۆ گرتووە. »

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بریتان ئاماژە بەوە دەکات کە لە چەند ڕۆژی کورتی سەرکەوتنی حەسەن ڕۆحانی، شەپۆلی گرتن، سێدارە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچە سنووریەکان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئارادا بووە. بریتان پێی وایە ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە هیچ بایەخێک بە دەنگی ٢٣ ملیۆنی خەڵک نادەن و لە ڕاستیدا ئەو پەیامە دەدەن: لە بواری سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکی ئێمە بڕیار دەدەین و ئێوە تەنها دەتوانن بەڵێن بدەن و هێچ هێزێکی جێبەجێکردنتان نییە.

هێرش بۆ سەر هێزەکانی پاراستنی گەل(#HPG)پەیامێکە بۆ ڕۆحانی کە ئێوە بە هیچ جۆرێک سیاسەتی کوردستان دیار ناکەن

سەبارەت بە پێکدادانەکانی ڕۆژانی ڕابردووى نێوان هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) و هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هاتۆتە ئاراوە و تۆمەتبار کردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(PJAK#) وەک بەرپرسی ئەو هێرشانە، بێریتان ڕونی کردەوە: « ئێمە وەک PJAK دوای دامەزرانی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵآتی کوردستان(کۆدار) و بەستنی کۆنگرەی چوارەمی PJAK ئەرکی خۆمان پارتیەکی سیاسی-ئیدئۆلۆژیک پێناسە کردووە. بەو واتایە PJAK لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیک و پێک هێنانی نەتەوەی دیموکراتیک لە ئێران کار و خەبات دەکات. »

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە هێزەکانی پاراستنی گەل(HPG) بە فەرمی بەرپرسیارەتی ئەم پێکدادانەیان گرتۆتە ئەستۆ، ڕایگەیاند: «ئەم هێرشە بۆ سەر هێزەکانی پاراستنی گەل لە پێوەندیدایە لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆی ئێران و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە هەرێمەکە بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت و پەیامێکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕاستەقینەی ئێرانەوە بۆ حەسەن ڕۆحانی کە پێویستە بزانیت تۆ سیاسەتی کوردستان دیار ناکەیت و لەو بوارەدا ئێمە قسەی کۆتایی دەکەین. »