ئەندامی مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانپژاک باران بێریتانلە دیمانەیەک لەتەک بەرنامەی هێڵی سێلە تلویزیۆنی ئاریەن تی ڤیبەشداری کرد و وڵامی چەند پرسی گرینگ سەبارەت بەو شەڕ و پێکدانانەی سوپای پاسداران لە سنوورەکانی ئیران و رۆژهەڵات، رێفڕاندۆم یان گشتپرسی باشوری کوردستان هەوروەها ناکۆکی ناوبەری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دایەوە.

ناکۆکی ناوبەری لایەنە سیاسیەکانی ئیران زۆر جدی نیە

لە ولامی ئەو پرسە کە ئاخۆ ناکۆکی ناو باسک و لایەنەکانی کۆماری ئیسلامی ئەویش دوای هەڵبژاردنەکانی ئیران، مژارێکی راستە یان لە ڕواڵەتدا وا دیار دەکات باران بێریتان گوتی: دەکرێت ناکۆکی ناوبەری لایەنەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئیران هەبێت بەڵام ئەگەر ئیمە بەینو وەک کێشەیەکی قووڵ و سەرەکی چاوی لێبکەین ئەوە بێگومان توشی هەڵە دەبین. بە تایبەت لە بواری سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی ئیران لەو کاتە هەستیارەی ناوچەکە و جیهاندا، ئەم ناکۆکیانە زۆرتر حیزبی و کۆرتخایەن بووە. ئەگەرچی ئیستاکە زەختێک هەیە سەر روحانیکە دەیەوێت کابینەی دوازدەهەمی خۆی پێک بێنێت هەر بۆیە هەم بە رێگەی تۆمەتبارکردنی کەسانی نێزیک و ماڵباتی ئەو بە گەندەڵی و هەمیش جێگەدان بە کەسانی گرێدروای بەیتی خامەنەیی و سوپای پاسداران داوای بەشە هێز لە روحانی دەکەن.

با نەکەوینە ئەو وەهمەی کە دەوڵەتی روحانی گۆڕانکاری زۆر بنەڕەتی دێنێتە ئاراوە

ئەندامی مەجلسی پژاک لەسەر ئەو پرسە کە چاوەڕوانیەکانی گەڵانی ئیران لە ڕوحانی بەدی هاتووە یان نە دەڵێت: “بە لەبەرچاوگرتنی چوارساڵی ڕابردووی روحانی و شەرت و مەرجی ئیستاکەی ئیران، گەڵ چاوەڕوانی زۆری بۆ گۆڕانکاریە دیموکڕاتیەکان هەبوو بەڵام 24 میلیۆن دەنگ تا ئیستاکە ئەو جەسارەتەی بە روحانی نەداوە گوڕانکاری بنەڕەتی لە سیاسەت و یاساکانی ئیران بخولقێنێت. ئەگەرچی روحانی بەردەوام ئەو 24میلیۆن دەنگە وەک ئەمرازێکی سیاسی بەکاردەبات بەڵام ئاستەنگی زۆری ڕووبەڕوویە. لەگەڵ ئەوەش با ئەو وەهم و خەیاڵەمان پێ دەست نەدات کە ڕوحانی دەتوانێت گۆڕانکاری زۆر رادیکاڵ و بنەڕەتی لە ناو سیاسەتەکانی ئیران پێک بێنێت. ئیمە ئەو ڕاستیەمان لە چوارچێوەی دیبەیتە هەڵبژاردنەکان دیت کە هیچ کام لەو بەربژێرانە لە هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران تێپەڕ نەبوون. گەلانی ئیرانێش لەو سیاسەتە تێگەیشتوون هەر بۆیە کێشەی ناوبەری هێزەکان زۆرتر گرتنە دەستی هێز و بەش خواستن لە ناوەندەکانی ئیقتداری حکومەتە تا ویست و داخوازیەکانی خەڵک.

ئیران دوورگەیەکی ئارام لە میانەی دەستێودانەکانی دەرەکی نابێت

بێریتان لەمەڕ ئەگەرەکانی دەستێوەردان سەر ئیران ئاماژە دەکات: “دەستێوەردانەکانی دەرەکی هەر لە ساڵەکانی 90 بەملاوە لە چوارچێوەی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی مەزندەچێتە پێش. ئیمە نموونەکانی لە ئەفغانستان، ئیراق، سوریە ووڵاتانی عەڕەبی و باکوری ئافریقا دەبینین. بێ گومان ئیرانیش بەشێکە لەم دەستێوەردانانە و هەر بۆیەش هەوڵ دەدات شەڕ لە سنوورەکانی خۆی دوورکاتەوە . ئەگەرچی وەزیری دەرەوەی ئامریکا باس لە ئامادەکاریەکان بۆ گۆڕانی رژیمی ئیران بە شێوازی دیموکڕاتیکی کردووە بەڵام ئەوە لە قۆناخی هەنووکەییدا سنوورەکانی گوتن تێپەر ناکات. بەڵێ، ئیران ئامادەکاری خۆی بۆ هەر ئەگەرێکی دەستێوەردان سەر خۆی دەکات هەر بۆیە خامەنەیی باسی کردبوو ئەگەر ئیمە ئامادەکاریمان لە قەفقاز، باڵکان، ئەفغانستان، ئیراق و سوریە نەکردبایە ئیستاکە شەڕ لەبەر دەرگای ئیمە بوو. کۆماری ئیسلامی ناتوانێت وەک پێشتر کە خۆی وەک دوورگەیەکی ئارام دەدێت پێناسە بکات هەربۆیە دەبیت چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی گەلانی ئیران و خەڵکی کوردستان بە زووترین کات پێش بخات“.

گەلی کورد مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە بەڵام زەمینی رێفراندۆم تا ئیستاکە نەخولقاوە

لە وڵامی ئەوەیکە سەرەڕای دژایەتی وڵاتانی ناوچەکەو ئامریکا و ئەورووپا، بۆچی بارزانی سوورە لەسەر پرسی رێفڕاندۆم، بێریتان ئەمە دەڵێت: “هەر نەتەوەیەک مافی سروشتی خۆیەتی قەدەر و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دیار بکات. ئەمە هەم یاساییە و هەمیش مافی ئەو گەلەیە. گەلی کوردستانیش مافی خۆیەتی سەربەخۆ بژێت بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەمە بە رێگە و رێبازی خۆی دەکرێت. بێگومان پرسی رێفراندۆمی هەرێمی باشوری کوردستان دەتوانێت لە دەرگای دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پێک بێت کە هەموو لایەن و پارتە سیاسیەکان تێدا جێدەگرن. هەروەها پێویستە بەرلەوەیکە باس لە ریفڕاندۆم بکەین ئەو پرسە بورووژێنین کە ئاخۆ زەمینەی سیاسی، ئابوری، لەشکەری و یاسایی بۆ ئەم گشتپرسیە ئامادەیە یان نا. من لەسەر ئەو بڕوایەم کە لە قۆناخی هەنووکەیی ئیستادا ئەو ئامادەکاریە نەهاتۆتە ئاراوە. هەروەها هەندێک پارت و لایەنی سیاسی کە خۆیان باس لە رێفراندۆم دەکەن بەشداری کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوینەبوون گەلۆ چۆن دەکرێت باس لە سەربەخۆیی بکەین. سەربەخۆیی دەسپێک دەبێت بە یەکێتی ناو ماڵی کوردان دەست پێبکات پاشان بەو هێزەوە بەەرەو ریفڕاندۆم بچێت”.

کورد، چاوی ئەسفەندیاری کۆماری ئیسلامیە. بێ کورد، هیچ پرۆژەیەک سەرناکەوێت

ئەندامی مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانپژاک لەسەر هۆکاری جم وجوڵەکانی سوپای پاسداران لەسەر سنورەکان و کوشتن کۆڵبەر و سووتاندنی دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هێڵی سیێ گوت: “کاربەدەستانی ئیران بە تایبەت سەرۆک کۆمار بەردەوام باس لە کرانەوەی کەش و هەوای سیاسی ئیران دەکات و ئەویکە دەبێت کوردان و گەلانی تر ئازادانە ژیان بکەن بەڵام ئەوەیکە لەسەر ئەرزی واقیع دەبیندرێت پێجەوانەیە. بە چاوی ئەمنیەتی و سەربازی ڕوانین بۆ کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. با هەر کەس ئەوە باش بزانێت هیچ پرۆژەیەک بێ کوردان سەرکەوتوو نەبوو و نابێت، نموونەکانی هەری بەرچاو لە ژنێڤ و ئاستانە و کۆبونەوە ناونەتەویەکان لەپێش چاومانە. ئەمن دەڵێم کوردستان و گەلی کورد لە ڕوانگەیەکدا وەک چاوی ئەسفەندیار و پاشنە ئاشیلی کۆماری ئیسلامی ئیرانە. هەربۆیە هەر چەشنە پرۆژەیەکی سیاسی بێ بەشداری کوردان مەحکومە بە نەمان. حکومەتی ئیرانیش هەرکات ویستوویەتی پرۆژەیەکی سیاسیئەمنیەتی لەناوخۆ بەتاقی کاتەوە دەسپێک لە کوردستان پەیرەوی کردووە. ئەگەر سیاسەتی برسی هێشتنی گەل لەرێگەی تیرۆری ئابوری و مێلیتاریزەکردنی کوردستان توانیبێت لە کوردستان سەرکەوتن بەدەست بخات ئەوە لە هەموو ئیران ئەنجامی دەدەن. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی پێویستە عاقلانە لەسەر پرسی کوردان نێزیک بێتەوە و نەکەوێتە حیسابی هەڵە“.

ئەگەر حکومەتی ئیران دەیەوێت کوردان لەدەست نەدات دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکات

لە کۆتایی دیمانەکەدا، باران بریتان بە وەبیرهێنانەوەی شەشەمین ساڵیادی شەڕی قەندیل و ویستی وڵاتە دەسەڵاتدارەکان لەسەر بێ ماف هێشتنی کوردان دەبێژێت: “شەڕێک کە لە قەندیل دژی کوردان پەیڕەو بوو ئامانجەکەی لەدەرەوە هێشتنەوەی کوردان لەمەڕ ئازادی و ماڤەڕەواکانیان بوو. حیماسەی قەندیل وانەیەکی مەزنی بە داگیرکەرانی کوردستان دا. ئەو کێشمەکێش و پرسە ئالۆزانە لە کاتێکدایە کە96ەمین ساڵیادی رێکەوتننامەوی لۆزان کە لەسەر بێ ماف کردنی کوردان پێک هات تێپەر دەبێت. ئیستاکە سنورەکان زۆر واتەیان نامێنێت. دەوڵەتەکان هەر دێنو بچوکتر دەبنەوە و گۆڕانکاری بنەڕەتی ئاوا دەبێت. سیاسەت بە رۆژانە ئاڵوگۆڕی بەسەر دێت و رێکەوتننامەکان یەک لە دوای یەک هەڵدەوەشێنەوە. هەر بۆیە کەس ناتوانێت کوردان وەک سەدساڵی پێشوو لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بێڵێتەوە و ماڤی دیاری کردنی چارەنووسی ئەوان نەدیتوو بگرێت. ئیرانیش ئەو ڕاستیە دەزانێت و پێویستە لەسەر ئەو ئەساسە هەنگاو هەڵێنێتەوە. ئەگەر دەسەڵاتی ئیران دەیەوێت کوردان لەدەست نەدات دەبێت هەنگاوی مەزن و بوێرانە بۆ چارەسەری پرسی کورد هەڵێنێتەوە“.