ڕەنگە پێک نەهێنانی ئەو پیلان و بەڵێنانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی سیاسییەوە بە خەڵک دراوە لە بەشیک لە کۆمەڵگا و وڵاتان بۆ دەسەڵاتدارن تێچووی زۆری نەبێ بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم بوارەوە جیاوازە.هەر لایەنێکی سیاسی لە ئەگەری هەر لادانێک لە هەڵوێستە سەرەکییەکانی خۆی تووشی سزای قورس دەبێتەوە. بە لەبەرچاو گرتنی گرنگی ژۆپۆلەتیک و ژئۆستراتژیکی هەرێمەکە ئەو ڕاستییە دەر دەکەوێت کە هەر چەشنە کردارێک کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە دەکات و لە بەرانبەردا کاردانەوەی هەموو لایەکی بەدواوەیە.
بەهۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی داخراوە و ساڵانێکی دوور و درێژ بە چەوساندنەوەی کۆمەڵگا ڕێگای نەداوە کۆمەڵگایەکی سیاسی بەدی بێت کە داخوازی هەموو چین و توێژەکان لە بەرانبەر دەسەڵاتەوە لەخۆ بگرێت ، گۆڕەپانی سیاسی ئێران وای لێ هاتووە کە لایەنەکانی ناوخۆی دەسەڵات تەنها بە مەرجی ئەوەی کە خزمەتی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە ئەرکی سەرەکی خۆیان بزانن دەتوانن هەبوونی خۆیان بپارێزن و پلان و پرۆژەکانی ئەم لایەنانە زۆر بەرتەسکە و خواست و خەیاڵەکانی کۆمەڵگا لە بەرچاو ناگرێت.
دەوڵەتی یازدەهەم بە ئەو بەڵێنانەی کە دابووی بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا و هەروەها ژنان و جەوانان، توانی دەنگی زۆربەی کۆمەڵگا بەدەست بهێنێ بەڵام دەوڵەتەکەی ڕۆحانی لە پێکهێنانی ئەو بەڵێنانە سەرکەوتوو نەبووە. ڕەوتی میانەڕەو کە حەسەن ڕۆحانی پێشەنگایەتی دەکات بە سوودوەرگرتن لە بۆشاییەکانی ناوخۆی دەسەڵات کە لایەنەکانی ناوەکی هۆکاری سەرکی بوون هەوڵی ئەوەی دا بۆ بەدەست هێنانی دەنگی کۆمەڵگا خۆی نۆژەن بکاتەوە. مەبەستی ڕۆحانی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا نەبوو لەبەر ئەوە بۆ ئەو مەبەستە پێویست بوو سەرەتا کۆتایی بە فراوانخوازییەکانی دەسەڵات لە ژیانی تایبەتی کۆمەڵگا بهێنێت. ئەو بابەتانەی وەک دیموکراسی، ئازادی و مافی هاووڵاتی دیموکراتیک و پابەندبوون بە یاسای بنەڕەتی دیموکراتیک بۆ ئەوەی دەوڵەت و دەسەڵات دەست درێژی نەکەنە سەر ژیانی هاوبەشی کۆمەڵگاکانی ناوخۆی جۆگرافیای ئێران تەنها بە پێش گرتن لە زیادەخوازییەکانی دەسەڵات دەیتوانی بەدی بێت نەک بە تۆقاندنی کۆمەڵگا لە هەندێک کەسایەت و ڕەوتی وەک ئەحمەدی نەژاد و داعش و سەرکردەکانی سوپای پاسداران وەک جەعفەری.
بەڕێوبەرانی ئێران گۆڕانکارییەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین و گەیشتنی شەپۆلەکانی گۆڕانکاری بۆ ناوخۆی سنوورەکانی ئێران بە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر دەزانن کە زوو یان درەنگ ڕوودەدات. هەرچەند سوپای پاسداران بە خۆنواندن لە بواری سیاسی، سەربازی و ئابوری دەیەوێت خۆی بەهێز نیشان بدات بەڵام سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی گوشار و هەڕەشەکانی دەرەوە زۆر بە مەترسی دەزانن. هەڕەشەکانی دەرەکی لەپاڵ گوشارەکانی کۆمەڵگای ناوخۆ بۆ بەدەست خستنی مافی ڕەوای گەلان، هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی کردە یەکێک لە هەستیارترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی. تێکڕای لایەنەکانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی وەک بناژۆخوازان، ڕیفۆرمخوازان و لایەنی میانەڕەو بە هەر شێوازێک هەوڵی ئەوەیان دا هەموو تواناکانی خۆیان بۆ پێشی گرتن لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بخەنە گەڕ. لەم هەل و مەرجەدا ڕۆحانی توانی لە خولی دووهەم دا بێ ئەوەی کە لە لایەن بناژۆخوازان، خامنەیی و سوپای پاسدارانەوە بەربەستێکی بەرچاوی بۆ ساز بکرێت خۆی کاندید بکات. ڕیخستن و پارتە جیاوازەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەم لە ناوخۆی ئێران و هەم لە دەرەوە باسیان لە ناکۆکی لەنێوان سیستەمی یاسا، مافناسی و دادپەروەری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەمای دیموکراسی کردووە. یەکێک لە هۆکارەکانی بەشداری گەلانی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە ئەوەبوو کە ویستیان دەرفەتی کۆتایی بدەن بە دەوڵەت تا کەڵک وەربگرێت لە تەنها ڕێگایەک کە ماوەتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییەی حەسەنی ڕۆحانی بانگەشەی دەکات. بەشداری ٢٤ملیۆنی کۆمەڵگا بە قازانجی ڕۆحانی پێداگری چین و توێژەکانی ئێران لەسەر ئەوەی بوو کە ڕۆحانی پێویستە بەڵێنەکانی ڕابردووی خۆی جێبەجێ بکات.
ڕۆحانی بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەروەها کەم کردنەوەی گەمارۆکانی وڵاتانی دەرەوە لەسەر ئێران و پێشخستنی پرۆژەی وەک باس کردن لە مافی هاووڵاتی، بەشداری زیاتری ژنان لە دەسەڵات، باشترکردنی بارودۆخی ئابوری و چارەسەری کێشەکانی ئیکۆلۆژیک توانی بەسەر ڕکابەرانیدا سەربکەوێت. لە هەمان کاتدا ئاماژە کردن بەم خاڵانە و باس کردن لە کێشەی بەم شێوەیە بە جۆرێک دان پێنان بە کەم و کوڕی و نەبوونی وەڵام بۆ ئەو کێشانەیە کە بەهۆی نابەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە درێژایی چەند دەیە هاتۆتە ئاراوە. ڕۆحانی بە ڕاگەیاندنی جاڕنامەی مافی هاووڵاتیبون ناڕاستەوخۆ نەبوونی بنەمایەک بۆ پاراستنی ڕێز و کەرامەتی هاووڵاتیانی دەرخست. بە ئاماژە بە بارودۆخی ژنان و کێشەی کەمینەکانی نەتەوی و ئایینی دانی نا بە نەبوونی یەکسانی و بنپێ کردنی مافە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگا.
لە چەند بوارەوە دەکرێت تاوتوێێ چاوپێکەوتن و ڕاوێژیەکانی پشت پەردەی ڕۆحانی بکەین کە پێش دەستنیشان کردنی کابینەی دوازدەهەم لەگەڵ هێزە سەرەکیەکانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی وەک خامنەیی، بناژۆخوازان و سوپای پاسداران بەڕێوەچوو: یەکەم ئەوەی کە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەکی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەستی سوپای پاسداران کرا و بەتایبەتی بەشی دەرەوەی کە وەک سوپای قودس دەناسرێت، دەوڵەتی ڕۆحانی و دەزگای دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوە بە وڵاتانی ئەوروپی سنووردار دەمێنێتەوە. دووهەم ئەوەی کە هێزە چەکدارەکان(بەشی ناوخۆی سوپای پاسداران)، بەشی هەواڵگری و سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامی وەک سێگۆشەی گوشار لەسەر کۆمەڵگا ئەرکەکانیان بە شێوازێکی بەرفرەتر لە ڕابردوو جێبەجێ دەکەن. بەرزبوونەوەی ئاستی لەسێدارەدان، دەرکردنی سزای قورس بۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنی، کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوورەکان و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە. سێهەمین خاڵ ئەوەیە کە بە لەبەرچاو گرتنی کابینەی نوێی ڕۆحانی و نەبوونی ژنان لەناو ئەو لیستەی کە ڕۆحانی وەک وەزیرانی کابینە پێشنیاری کردبوو، هەروەها بانگهێشت نەکردنی کەسایەتی سیاسی و ئایینی بەتایبەت لەناو کەمینە ئایینیەکان ئەم پەیامە بە کۆمەڵگا دەدات کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پرسی ژنان و بابەتی لەم چەشنە ڕێگە بە هیچ گۆڕانکارییەک نادات. بەشداری ژنان لە بەڕێوەبەری وڵات و گۆڕانکاری هەرچەند بچووک لەم بوارەدا و پرۆژەی تایبەت بە پرسی ژنان دەیتوانی ببێتە دەستپێکێک بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەمە بە خاڵی لاوازی خۆی دەزانێت و لەبەردەم هەبوونی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت و بەڕێوەبەری وڵاتدا بەربەست دروست دەکات و کابینەی ڕۆحانی دەرگای خۆی بەڕووی ژنان داخست کە نیوەی کۆمەڵگا پێک دەهێنن. بەرتەسک کردنەوەی ئاستی بەشداری، سووکایەتی کردنە بە کۆمەڵگای ژنانی ئێران و جەخت کردنەوە لەسەر ئەو تێڕوانینەی کە ژنان وەک ڕەگەزی دووهەم دەبینێت. ڕۆحانی لە هەنگاوی یەکەمدا نیشانی دا کە لە چوارساڵی داهاتوودا هیچ گۆڕانکارییەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژنان ئەنجام نادات.
بەشداری نەکردنی گەل و ئایینە جیاوازەکانی ناو ئێران و دەستنیشان کردنی کابینەی پیاوسالاری حەسەن ڕۆحانی ڕوبەڕووی ناڕازیبوونێکی زۆر بووەوە لە لایەن کۆمەڵگای ئێرانەوە کە بۆ کەم کردنەوەی ئاستی ناڕەزایەتییەکان وەک ڕابردوو بیانووی ئەوەیان هێنایەوە کە ڕۆحانی لەژێر گوشاری قورس ناچارکراوە بەم شێوەیە هەنگاو بنێت. لەکاتی سەرۆککۆماری خاتەمی و دوای هەشت ساڵ بەڕێوەبەری ڕیفۆرمخوازان هەر ئەم بیانویە بۆ کۆمەڵگا هێنرایەوە تا بەم شێوەیە جێبەجێ نەکردنی پلان و پرۆژەکانی ڕیفۆرمخوازان پەردەپۆش بکەن. ئەوە جێگای باوەڕ نییە کە ڕۆحانی دوای چوارساڵ سەرۆککۆماری وڵات و پێش ڕاگەیاندنی بەڵێنەکانی ئاگاداری ئەقڵیەت و سیستەمی ئیدارەی کۆماری ئیسلامی و کاریگەری بناژۆخوازان نەبووبێ.
ڕۆحانی لە یەکەمین هەنگاوی خۆیدا بە بنپێ کردنی بەڵێنەکانی تەمەنی دەوڵەت و سیستەمی دەسەڵاتداری کەم دەکاتەوە. ڕۆحانی پێی وایە کە دەتوانێت ڕەوتی گۆڕانکاری ئێران بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و هێز و داخوازەکانی کۆمەڵگا بۆ گۆڕانکاری بێکاریگەر بکات و لە هەمان کاتدا بۆ دونیای دەرەوە ڕوخساریکی نوێخواز لە ئێران نیشان بدات بەڵام خەیاڵ و داخوازەکانی کۆمەڵگا هیچ کاتێک بە گوێرەی بەرژەوەندی دەسەڵاتداران نابێت و بەردەوام لە ئاڵوگۆڕدایە.
لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکارییەکی خیرادایە، مووسڵ لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرا و ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بە شەڕی گەورە لە ڕەقا پێشڕەوی بەردەوام دەکات بەڵام لەسەر داهاتووی ئێراق و سوریا تا ئێستا هیچ پرۆژەیەکی چارەسەری پێشکەش نەکراوە و شەڕ لەسەر بست بە بستی خاکی ناوچەکە بە قورسی لەئارادایە. زلهێزەکانی جیهانی هەوڵ دەدەن بچنە ناو قووڵایی ستراتێژیکی هێزەکانی ڕکابەریانەوە.
وێنەی داهاتوو زۆر دیار نیە، ئەوەی کە ڕوونە و نکۆڵی لێ ناکرێت گۆڕانکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەروەها ئەو پێشکەوتنانەی کە کۆمەڵگای ئێران بەخۆیەوە دەیبینێت، ئەم فاکتەرەی دووهەم ئەگەر بەرچاو نەگیرێت دەتوانێت ببێتە بۆمەلەرزەیەک کە کۆماری ئیسلامی بنبڕ بکات. دەسەڵاتدارانی ئێران نابێت وا بیربکەنەوە کە بە توندکردنەوەی بارودۆخی ئەمنی و بە بیانووی هەبوونی شەڕ لەپاڵ سنوورەکانی ئێران و سازکردنی دوژمنی جۆراوجۆر دەتوانن چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران ناچار بە بێدەنگی بکەن و بەڕێخستنی شەپۆلی نوێی فاشیسمی ناوخۆیی وەک تورکیا گەلان لە داخوازی مافە ڕەواکانیان پاشگەز بکەنەوە، بەو هۆیەوە پێویستە کۆمەڵگا درێژە بە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی بدات و سیاسەتمەداران پێویستە بزانن قسە و کردارەکانیان چ کاردانەوەیەکی لێ دەکەوێتەوە.
ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-PJAK
۱۷ ۰۸ ۲۰۱۷