لە بناخەی شەڕی جیهانی سێهەمدا زیاتر لەوەی کە بەرژەوەندی ئابوری، سەربازی و ژئۆپۆلەتیکی دەوڵەتەکان گرنگی پێ بدرێت، پێشگرتن لە دەرکەوتنی ئەو بزووتنەوانەی کە بتوانن هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای پەراوێزخراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خۆ بگرن گرنگی پێ دراوە. گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر کاریگەری دەوڵەت-نەتەوە و مۆدیرنیزاسیۆن و بەناوی ئابوری و پێشکەوتن لە دیمۆکراسی و سیاسەتی ڕاستەقینە بێبەش کراون و دەسەڵات هەوڵی ئەوە دەدات ڕێگری لەوەی بکات کە گەلان بگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسەت و چارەنووسی ڕاستەقینەیان بەدەستی خۆیان دیار بکەن. لە بیرمان نەچێت کە ئەمە بەو واتایە نییە کە ناکۆکی و قەیرانی نێوان هێزەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و کێشەی نێوان بەڕێوەبەرانی شەڕ و قەیران حاشای لێ بکرێت. پێداگری لەسەر ئەم بابەتە زیاتر بەهۆی ئەوەیە کە هەڵبژاردە یان هێڵی سێهەم کە تایبەتمەندی ئەم شەڕەیە و ناسنامەی جیاوازی پێ دەدات لەبیر نەکرێت. لە ئێستادا بەو گۆڕانکاریانەی کە ئەم شەڕە بە خۆیەوە بینیوێتی ڕاشکاوانە دەبینرێت کە زلهێزە جەمسەرەکانی جیهان بە تێکڕایی لەگەڵ یەک لەنێو شەڕدان بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵدانیان بەردەوامە بۆ پێشگرتن لە بەدی هاتنی بەرەی ڕاستینی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. ئەو دژە شۆڕشانەی کە بە شێوازی کۆدەتا و بەکارهێنانی زۆرترین ئاستی توندوتێژی بۆ ڕۆخاندنی سەقامگیری لە باکوری ئافریقا بەڕێوەچوو بە شێوازێکی پەرەپێدراوتر لە قاڵبی داعشدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامی پێ درا. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە کارنامەی ڕابردووی زلهێزەکانی جیهان بۆ داڕشتنی نەخشەی سیاسی نوێی جیهان بە ڕوونی دەبینین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم ساڵانەی دواییدا دژایەتی ئەو هێزانە لەگەڵ گەلان گەشەی کردووە. شۆڕشە مەخمەڵینەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورۆپا کە بە ئامانجی پەرەپێدانی هەژمۆنی بلۆکەکانی سۆڤیەت و ئامریکا کەوتنە بواری کردارییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی گۆڕی بۆ شۆڕشێکی ڕەش و سپی لارەسەنگ لە هەموو بوارەکاندا. لە ئەساسدا دەرکەوتنی داعشی ڕەش و هەنگاوە ستراتژیەکانی ڕاستیه دژەشۆڕشەکەی بە ڕووتی خستە بەر چاوان. بەکارهێنانی ئەم هێزە لە دژی کوردان ئەم ڕاستییەی دەرخست کە داعش پیلانێک لە دژی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە بارودۆخێکدا کە هەموو هێزەکان بیر لە قۆناخی دوای داعش دەکەنەوە، ڕێکخەرانی ئەم بیرۆکەیە بیریان لە قۆناخی پشتی داعشی ڕەش دەکردەوە. هێرشی ئەم دواییەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ڕاستیدا سەرخستنی پرۆژەی ناتەواوی داعشه لە قاڵبێکی نوێ و سپی دا و بەو شێوەیە کە کەسینجر باسی لێ دەکات ئامریکا هێشتا پێویستی بە داعش هەیە. پێویستی بەردەوامبوونی داعش دەکرێت بە قاڵب و شێوازەکانی ڕابردوو نەبێت، ئەوەی کە گرنگە بەردەوامی داعشیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو سەلەفیزمەی لەماوەی کورتی ئەم دواییانە لە دونیای شیعیدا بە ڕەنگی سپی و لەژێر ناوی حەشدی شەعبی دەرکەوتووە هەمان ڕۆڵی داعشی هەیە کە لە جیهانی سوننی بەڕێوەی دەبرد.
ناسیۆنالیزمی دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆ پێناسەی شوناسی خۆی پەنای بردۆتە وانە دوژمن سازەکانی دین و مەزهەب، خێرایی بە ڕەوتی گۆڕانکاری لە سەلەفیزمەوە بۆ داعشیزم داوە و ڕۆڵی گرنگتری هەبووە تەنانەت لەوانەی کە بانگهێشتی ئیسلامی توندڕەویان دەکرد. زۆرتری پێوانە مۆدێڕنەکانی سیاسەتی ئێستای دەوڵەتە نەتەوەپەرەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگ و بۆنی سەلەفیەتی پێوەیە. لەم نێوەندەدا ناسیۆنالیزمی کوردی و ئەزموونی دەوڵەت-نەتەوەخوازی بارزانی لە باشوری کوردستان ئاستی دواکەوتویی لە ناوچەکەدا بە ڕادەیەک دەرباز کردووە کە تەنانەت دوای ٢٦ ساڵ ئەزموون، ناسیۆنالیزمێکی پێچەوانە لە باشوری کوردستان هاتۆتە ئاراوە. کارگێڕانی ئەم ناسیۆنالیزمە تەنانەت بۆ پێکهێنانی سێ فاکتەری سەرەکی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێڕن کە بریتین لە جۆگرافیا، هێزی سەربازی و مافی بەڕێوەبەری وڵات و دەزگای داد سەرکەوتوو نەبوون. ئەم ناسیۆنالیزمە لە باتی پێکهێنانی یەکیەتی و یەکڕەنگی کە بەشێک لە سروشتی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنە، ناسیۆنالیزمێکی پەرتەوازی لەسەر بنەمای ماڵباتی و خێڵی پێک هێنا. ئەوەی لە کەرکوک ڕوویدا تەنها بەرهەمی پرۆسەی ڕیفراندۆم نەبوو. ڕاستە ڕێفراندۆم خێرایی بەم پرۆسەیە دا بەڵام هەندێک لە لایەنەکان کە بانگەشەی دیموکراسی و گەشەکردنی سیاسی دەکەن، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆیان لابەرن و کارنامەی ٢٦ ساڵەی هەبوونیان لە ئاستی بەڕێوەبەری وڵاتدا بشارنەوە ئەم گۆڕانکاریانەی لە باشووری کوردستان ڕوویداوە تەنها بە پرسی ڕیفراندۆم سنووردار و بچووک دەکەنەوە. دەمێکی درێژە ئێران و تورکیا سەروەری هەرێمی کوردستانیان پێشێل کرەووە و هەبوونی چەندین هێزی سەربازی جیاواز لە هەرێمی کوردستان زیاتر لەوەی کە پێوەندی بە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت لەگەڵ هەندێک کەسایەتی خاوەن دەسەڵات لە پێوەندیدایە و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە بەردەم پێکهێنانی هێزێکی سەربازی هاوبەش و یەکگرتوو بەربەستی سازکرد. نەبوونی سەربەخۆیی سیاسی ڕێگای لە بەردەم گەندەڵی لە ئاستێکی بەرفراوان کردەوە کە بووە هۆی نەڕازیبوونی کۆمەڵانی خەڵک و لەدەستدانی شەرعیەتی بزووتنەوەی سەبەخۆیی کوردستان، لە هەمان کاتدا نەبوونی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی و هەروەها شکستی سیاسەتی دەرەوە پەرەپێدەری ئەم پەرتەوازییە لەناو ڕای گشتیدا بوو. ناچارکردنی گەلی کورد لە باشوری کوردستان بۆ پەنا بردن بە زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهان بەرهەمی نەبوونی هیچ ستراتژی و پلانێکی سەربەخۆ لە لایەن بەڕێوەبەرانی باشوری کوردستانەوە بوو. پێک هێنانی جێگایەک بۆ کۆمکردنی بەرژەوەندیە ناکۆکەکانی زلهێزانی جیهانی لە کۆتاییدا بەرتەسک بوونەوەی سەروەری و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی تا ئاستی نوێنەر و پارێزەری بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانە لێکەوتەوە. بناخەی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا نەک لەسەر سازان لەگەڵ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئێران، ئێراق، تورکیا و سوریا بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بەڵکو لەسەر پێکهێنانی پشتوێنی ئەمنی بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکان و هەروەها کردنەوەی ڕێگا بۆ دەستێوەردانی زلهێزەکان داڕێژراوە. بەڕێوەبەرانی باشوری کوردستان و لە سەرووی هەموویاندا مەسعود بارزانی بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکە، لەناوبردنی بزووتنەوە سیاسیەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بە بنەمای ژیانی خۆی دەزانێت.
لە جەرگەی تێڕوانینێکی بەم شێوەیەدا بەشی کۆمەڵگای کورد ئاشبەتاڵێکی پۆست مۆدێڕنە کە تەنها لە بواری زەماندا جیاوازه و لە ئەساسدا ڕووداوەکەی ساڵی ١٩٧٥ دووبارە بۆتەوە. پێویست بوو بنەمای سیاسەتی دەرەوەی کورد لەسەر ئەم ڕاستیە دابنرێت کە گەلی کورد هیچ دۆستێکی ستراتەژیکی لە ئاستی دەوڵەتەکان نییە، پێناسەی بەم شێوەیە دەیتوانی سەربەخۆیی سیاسی، سەربازی و ئابوری ناوخۆ گەرەنتی بکات و پەرەی پێ بدات.
گواستنەوەی گۆڕەپانی شەڕ بۆ ڕەقا و دێرەلزۆر لە ڕاستیدا دەسپێکی قۆناخی دووهەمی شەڕی جیهانی سێهەم بوو. بەم قۆناخە تورکیا کاریگەری سەرەکی خۆی لە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست دا و هەروەها بەدی هاتنی خۆبەڕێوەبەری سیاسی و پاراستنی لە پانتایی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەگەڵ ئێراق هاوسنوورە، سێبەری خستە سەر هەبوونی ئێران لە ناوچەکەدا و هاوکات ئەزموونی نەتەوەی دیموکراتیک و مافی چارەنووسی گەلان بە شێوازێکی دیموکراتیک لە باکوری سوریا هەڵبژاردەیەکی ئاڵتەرناتیڤ و سەردەمیانە بوو لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمی پێچەوانەی بارزانی. خستنە ڕۆژەڤی ڕیفراندۆم دەستپێکی کاردانەوەکانی ئێراق، ئێران و تورکیا بوو کە لە ڕێگای حەشدی شەعبیەوە کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە. تێڕوانینی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بۆ پرسی کورد بە شێوازێکی گشتگیرە و لەگەڵ تێڕوانینی بارزانی بۆ ئەم بابەتە زۆر جیاوازە و ئەوان زۆر زیاتر لە بارزانی یەکپارەیی چارەنووسی سیاسی گەلی کورد لەبەرچاو دەگرن بەتایبەت بەو گۆڕانکاریانەی کە هەبوونی بزووتنەوەی ئازادیخوازی بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ لەدوای ساڵەکانی ١٩٩٠ لە ناوچەکە هێنایە ئاراوە. ئەم تێڕوانینەی دوژمنانی گەلی کورد تەنانەت دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووداوەکانی دوای بەهاری عەرەبی لە سوریا و بەتایبەت ڕۆژئاوای کوردستان. خاڵی دەگمەن ئەوەیە کە تێڕوانینی دوژمنان بە یەکپارەیی سیاسەت لە ئاستی سەرانسەری کوردستان زۆر لە تێڕوانین و کرداری بارزانی لەپێشترە.
لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینە، سیاسەتڤانانی ئێرانی و لەقی ئێراقی سوپای پاسداران کە وەک حەشدی شەعبی دەناسرێت خۆی بۆ هێرشێکی هەمەلایەنە بۆ سەر کوردستان و بەتایبەت ئۆپەراسیۆنی دێرەلزۆر ئامادەکرد. کورد بە گرتنەبەری سیاسەتی هاوسەنگی سەلبی لەگەڵ دەوڵەتەکانی جیهان و هاوپەیمانی لەگەڵ کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێته یەکێک لە ئاکتەرانی سەرەکی ڕکابەری لە بوارەکانی دیپلۆماتیک، سەربازی، ئابوری و سیاسی لە ناوچەکەدا و چیتر دەوڵەتەکان ناتوانن وەک کارتی گوشار بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتی خۆیان لە بەرانبەر یەکتر بەکاری بهێنن. لە ئێستادا کورد لەژێر کاریگەری سیاسەتی ئازادیخوازی لە باتی بەدواداچوونی خولیای پاشکەوتووی دەوڵەت-نەتەوەخوازی، بزووتنەوە و ڕەوتێکیان بونیاد ناوە و لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت دەکەن. ئەم ڕێگایە تەنانەت لە لایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە پەیڕەو کراوە. نئۆعوسمانیگەری کە بە تێکەڵاوبوونی بیرۆکەی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و فاشیزمی تورکی بونیاد نراوە و هەروەها ناسیۆنالیزمی ئێرانی-شیعی بە پێشەنگایەتی دەسەڵاتی سیاسی، سەربازی و ئابوری سوپای پاسداران نموونەی بزووتنەوە مۆدێڕنە فراوانخوازەکانی ئەم وڵاتانەن. هەموو هێزەکان دەمێکە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە تەنها بە شێوازی بزووتنەوەیەک دەتوانن لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەون. ئێران کە خۆی بە پێشەنگی جیهانی شیعی دەزانێت بە باشی دەرکی بەم ڕاستیە کردووە، لایەنی تورکی و عەرەبیش هەرچەند لە سەرەتادا هاوڕا بوون بەڵام بە کەوتنە ڕۆژەڤی زیاتری پرسی کورد تووشی پەرتەوازەیی بوون کەم بەم بۆنەوە لە ئێستادا هەوڵی تێکەڵاوی زیاتر لەگەڵ ڕەوتی ناسیۆنالیزمی توندڕەوی ناوخۆیی دەدەن.
هێرشەکانی حەشدی شەعبی لەم قۆناخەی شەڕی جیهانی سێهەمدا زۆر پێشتر لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە پلانی ئێراندا بوون. هەوڵەکانی ئێران بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی کوردی بە سەرکردایەتی بارزانی لە پێناو پێناسەی دوژمنێک بە ئامانجی دەستێوەردان لە دەرەوەی سنوورەکانی بۆ دژایەتی لەگەڵ سروشتی یەکپارەی سیاسەتی کورد بەڕێوەچوو کە پێداچوونەوەی پەیماننامەی ئەرزەنەڕۆمی لەسەر هەموو ڕکابەرەکانی و بەتایبەت تورکیا سەپاند. هاوکات ویستی لە ڕێگای سەربازییەوە سەروەری پێشووی ئێراق بۆ سەر باشوری کوردستان بداتەوە دەستی دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغداد و کۆتایی بەو بارودۆخەی بهێنێت کە جیهانی شیعی لە ژێر ناوی بلۆکی عەرەبی و فارسی دابەش کردبوو. بەرهەمی ئەم سیاسەتە بۆ کەرکوک و گەلی کورد ئەو ڕووداوانەمان بیر دەخاتەوە کە دوای جەماڵ عەبدولناسر بەسەر جیهانی عەرەب ڕوویدا و بەتایبەت ئەو شکەستانەی دوای ساڵی ١٩٦٧ عەرەب تووشی بوو. دوابەدوای ئەم شکەستە تا بە ئەمڕۆش ڕەوتێکی شۆڕشگێڕ و کاریگەر لە کۆمەڵگای عەرەب نەهاتۆتە ئاراوە و تێکۆشانی کۆمەڵگا و هەندێک کەسایەتی ڕیفۆرمخواز سەرکەوتوو نەبوە. کۆنەپەرەستی و سەلەفیەت لە لایەکەوە و پەلەپەل بۆ چاولێکەری وڵاتانی ڕۆژئاوا لە لایەکی دیکەوە جیهانی عەرەب و سیاسەتڤانانی ناڕازی لە ڕووداوەکانی دوای ١٩٦٧ی بە لاڕێدا برد. ڕۆڵی ئیسرائیل لەم نێوەدا گرنگی تایبەتی هەیە کە وەک مۆدێلێک تا ڕۆژی ئەمڕۆ جێگای لە سەرووی هەموو پلانەکانی سیستەمی کۆلۆنیالیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە. هێنانەسەرکاری هەندێک کەسایەت و دەسەڵاتی پەسەندنەکراو لە وڵاتانی جیهانی عەرەب وەک میسر بەردەوام جێگای مشتومڕ و ناکۆکی لە سیاسەتی ئەم وڵاتانە بووە. کۆماری ئیسلامی بە هەموو ئەو دژایەتیەی کە لە گوتاردا لەگەڵ ئیسرائیل دەری دەبڕێت بەڵام لە کرداردا لە دژی کوردان هەر ئەو سیاسەتەی ئیسرائیل پەیڕەو دەکات کە وەک مشتی ئاسنین بەناو دەکرێت. بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرسوڕمانە نەک تێکشکان لە ٢٤ کاتژمێردا بەڵکو پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی دیاریکراو بۆ کارگێڕی لە ماوەیەکی زۆر کورتدایە کە زۆر بەرچاوتر لە نموونەکەی ئیسرائیلە. لە ڕاستیدا گەلی کورد دوای ڕووداوەکانی کەرکوک و لە ڕۆژی ئەمڕۆدا لە مێژووی ڕابردووی عەرەبدا دەژیت هەڵبەت بە هەندێک تایبەتمەندی جیاوازەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەبوونی کارای ڕەوتی ئیسلامی توندڕەو لە باشوری کوردستان دەکرێت دۆخێکی چاوەڕوان نەکراو بەدی بێت، وەک ئەوەی دوای ڕووخانی سەدام لە ئێراق هاتە ئاراوە. دۆخی بەم شێوەیە تەنها بە ڕابردووی جیهانی عەرەب سنووردار ناکرێتەوە، دوای خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاوی و تێکشکانی ناسیۆنالیزمی ڕەزاشاه لە ئێران سیناریۆی تێکەڵاوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەگەڵ بونیادگەرایی شیعی دەستی پێ کرد. بابەتێکی بەم شێوەیە لە ئەمڕۆدا بۆ باشووری کوردستان و پێشەنگانی ئەو ناسیۆنالیزمەی کە بە دەستی هێزە ئیسلامیەکان تێکچووه دەتوانێت مۆدێڕنیزمێکی بونیادگەرای هاوشێوەی سەلەفییەت بەرهەم بهێنێت. هەڵبەت بژاردەی دیکەی سەلەفیزم کە خوازیاری دەوڵەتداریە بەشێک لە ئەو دیسکۆرسەیە کە هەوڵ دەدات دوای شکەستی داعش لە پەراوێز دەرکەوێت و ببێتە ڕکابەرێک بۆ لایەنە سەردەستەکانی باشوری کوردستان.
ئەوەی باسمان لێ کرد هۆکارەکانی یەکگرتوو نەبوونی ئێمە لە باشوری کوردستانە کە شووناسێکی بەناوی (ئێمە)ی بەدی نەهێناوە، بۆ چارەسەری ئەم لاوازیە پێویستە هەموو لایەن و ڕەوتە کۆمەڵایەتی، چاندی و سیاسیەکانی گەلی کورد خۆیان بەرپرسیار ببینن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. تێکچوونی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی کورد و کارنامەی ڕابردووی ڕەوتی ئیسلامی بونیادگەرا و توندڕەو ڕێگای لەپێش بیرۆکەی نوێ و پێداگر دەکاتەوە و چارەنووسی گەل بەدەستی ئەوانەیە کە بتوانن گوتار و کرداری سیاسی ڕەخنەگرانەی نوێ بەکار بهێنن. کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و باشوری کوردستان بە تایبەتی لە ئێستادا تووشی شۆک بووە و بە سەرلێشێواوی لە باتی ئەوەی بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە ڕابردووی خۆی شیکار بکات، وەک نموونەی جیهانی عەرەب بۆ نەزارقەبانیەکان یان بۆ شۆخی و شیوەن پەنای بردوە و دەیەوێت بەم شێوەیە کێشەکانی بسڕێتەوە بەڵام گرتنەبەری ئەم نەریتە دەتوانێت ببێتە بەربەست لە بەردەم گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی تێکۆشەری سەردەمیانە کە وەڵامدەری ئەم قۆناخە بێت و چارەنووسی گەلی کورد بۆ سەدساڵی داهاتوو بگۆڕێت. کورد بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکیە کە چی دەبێ بکرێت؟ تەنها یەک ڕێگایان لەپێشە کە ئەویش تێپەڕاندنی داخوازی دەوڵەت و پەرەپێدانی بزووتنەوەیەکی خەباتکاری یەکگرتوویە کە سەرانسەری کوردستان بگرێتەبەر و کۆمەڵگا بکاتە بنەمای تێکۆشانەکەی.
ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- (PJAK)
٣٠-١٠-٢٠١٧