ڕۆژی ٨/١١/٢٠١٧ لە شاری لاهەی هۆلەند تێکۆشەر ئەحمەد مەولا نیسی لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە گەڵ دوو کەس، کەوتە بەر هێرشی تێرۆریستیانەی کەسێک و گیانی لە دەست دا.
دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە سەدەی ڕابردوو تا ئێستا بەدوای ڕابوونی گەلان و هەستانەوەی کۆمەڵایەتیان تیرۆری تێکۆشەران لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵاتیان بە ئامرازێکی بنەڕەتی بۆ خۆیان بە بنەما وەرگرتووە. بە گرتنەبەری شێوازی سیاسەتی کوشتن و تێرۆر لە بەرانبەر دژبەرانی خۆیان تەنیا قین و توڕەیی خەلک و خەباتکاران زیادتر دەکەن و ئاستی پێداگریان بۆ تێکۆشان بەرز دەکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی کردەوە تیرۆریستیەکانی دیکتاتۆرانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ئوروپا لە لایەن دەوڵەتانی ئوروپا گرنگی ئەوتۆی پێ نەدراوە. تیرۆری ئەحمەد مەولا نیسی لە لاهە وەک شارێکی ناسراو بە پارێزگاری لە مافی مرۆڤ مەترسیەکی گەورەیە لەسەر هەموو دەستکەوتەکانی کۆمەڵگای ئوروپایی و هەموو مرۆڤایەتی و ئەو کەسانەی کە لە پێناو مافی مرۆڤ تێکۆشانیان کردووە. بەم هۆیەوە بانگ لە چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دەکەین کە پێداگر بن لەسەر لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستیەکانی ئەو تیرۆرانەی لە ئەوروپا ڕوویانداوە.

وەک پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان هەر جۆرە کردەوەی تێرۆریستی بەرانبەر ئەو تێکۆشەرانە ئیدانە دەکەین و پێمان وایە هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێت بە تێرۆریزە کردنی کۆمەڵگا و کردەوەی تێرۆریستی لە بەرانبەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی بۆ درێژخایەن دەستەڵاتی خۆی ڕابگرێت و بە تایبەت تێرۆری ئەحمەد مەولا نیسی و هەموو ئەو خەباتکار و تێکۆشەرانەی گەلی عەرەب لە ئەحواز کە لە پێناوی مافە ڕەواکانی گەلەکەیان تا ڕۆژی ئەمڕۆ تیرۆر کراون مەحکوم دەکەین.

ئێمە پێمان وایە بۆ کۆتایی پێ هێنانی تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێویستی بە سیستەمێکی دێمۆکراتیک، فرەڕەهەند، سکولار کە یەکسانی ژن و پیاو ئەساس دەگرێت لە ئێران، تورکیا، سوریا و ئێراق و هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانی هیچ گەلێک بۆ مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی خوێنی نەڕژێت. ئێمە پشتیوانی هەمو هێزیکی ئازادیخواز دەکەین کە لە چوار چێوەی داهاتویەکی دێمۆکڕاتیک و سکۆلار بۆ ئێران و ناوچەکە تێکۆشان دەکات.

لە کۆتایی دا لە گەڵ بنەماڵەی ئەحمەد مەولا نیسی خۆمان هاوخەم دەزانین و سەرەخۆشی لە هاوخەباتکارانی بەڕێزیان و بەتایبەت لە بزوتنەوەی خەباتی عەڕەبی ئەلئەحواز دەکەین و پێمان وایە خوێنی ئازادیخوازان پاراوی داری ئازادی دەکات.

مەجلیسی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
۱۱.۱۱.۲۰۱۷