کۆماری کوردستان بەرهەمی لێگەڕینەکانی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە پێگەیەکی سیاسی- حقوقی لە دەهەکانی چلی زایینیە. ئەم لێگەڕینە لە کۆماری کوردستان لە قۆناخی سەقامگیربوونی سیستەمی نکۆڵی و کوشتاری سەدەی بیستەم دا خۆی دەنوێنێ و ئەزموونی کۆمارێکی دیموکراتیک دەخاتە مێژووی سیاسی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمڕۆکە کە بە قۆناخێکی مێژوویی دا تێپەردەبین کە سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی داگیرکەران مەحکومی تێکچوون و گۆڕانە و دەرەتانی گەیشتن بە ستاتۆی دیمۆکراتیک بۆ گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، یادی کۆماری کوردستان خاوەن واتەیەکی تایبەتە.هەر بۆیە یادکردنەوەی کۆماری کوردستان پێویستە بە پێی گرینگی و واتای مێژووی خۆی بێت و لە چوارچێوەی مێژوو و نەریتی حیزبی دا بەرتەسک نەکرێتەوە. لەم قۆناخەدا رێبازی راستەقینە بۆ داکۆکیکردن لە کۆماری کوردستان گوڕکردنی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە پێگەیەکی سیاسیە.

چڕکردنەوەی تێکۆشانی نەتەوەیی- دیموکراتیک و بەرپەرچدانەوە و پووچەڵ کردنەوەی پیلانی دوژمنانی گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان بە تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی تیرۆر و ئیعدام لە سەرتاسەری کوردستان ئەرکی مێژووی تێکۆشانی گەلی کوردە.لەو پێناوەدا بەرزکردنی ئاستی تێکۆشانی نەتەوەیی و کورت کردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە دەستدرێژی و داگیرکاری لە سەر کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی وڵات، خاوەن دارێتی لە ستاتۆی دیمۆکراتیکی گەل لە رۆژئاوای کوردستان، پشتیوانی لە تێکۆشانی باکور و قۆناخی چارەسەری دیمۆکراتیک و خاوەن داری لە باشوری کوردستان لە بەرامبەر هێرشی تیرۆریستان و پیشتیوانی لە هەنگاوەکانی دیمۆکراتیزە بوون ،دەتوانێت خاوەندارێتی راستەقینە لە کۆماری کوردستان بێ.

ئێمە وەک پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان، کۆماری کوردستان لە مەهاباد وەک بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی و مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کوردستان دەنرخێنین و خاوەندارێتیکردن لەم نرخە وەک ئەرک و بەرپرسیارێتی شۆڕشگێری و وڵاتپارێزی خۆمان پێناسە دەکەین.

لە کۆتاییدا بانگ لە گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین کە بە هەستیاربوون لەم قۆناخەدا و داکۆکیکردنێکی نەتەوەیی لە دەستکەوتەکانمان لە رۆژئاوای کوردستان و بەرزکردنی ئاڵای خەبات و تێکۆشان بە روحێکی نەتەوەیی و بە تێپەر کردنی یەکجارەیی پارچەگەرایی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، هەنگاوەکانی ێازادی خێراتر بکەین وکۆتایی بە داگیرکەری بێنین.

جارێکی تر٦٧ەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان لە هەموو گەلی کورد پیرۆز دەکەین و سۆز و پەیمان لەگەڵ ئامانجەکانی کۆمار لە پێناو ژیانێکی ئازاد لە کوردستانێکی ئازاد دا، نوێ دەکەینەوە.

 

مەجلیسی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان- پەژاک
21.01.2013