ئامەد شاهۆ

ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەردەم ئاڵۆگۆڕی جیددی دایە. ئەگەر خوێندنەوە و هەڵوێستی هێز و لایەنە سیاسیەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بە پێ ویست و داخوازی رەوا و دیمۆكراتیانەی گەل و كۆمەڵگا نەبێت، ئەوا دەرفەتێكی زێڕین لەمێژووی خۆڕاگری و سەرهەڵدانی دیمۆكراتیانەی گەلان لەدەست دەدەن و لەمێژووی نفرین كراوی گەلان ناویان تۆمار دەكرێت. بۆیە لەقۆناخی ئەگەری ئاڵۆگۆڕیەكاندا پێویستی بەوە هەیە كە یەكڕیزی، هاوئاهەنگی و یەكگوتاری نێوان هێزە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بێتە ئاراوە. بۆ سەركەوتن لەو پڕۆسەیەش دا پێویستە هێزە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەكان بە پرەنسیبێكی شۆڕشگێڕانەوە لەچەمك و زهنیەتی دەوڵەت ـ نەتەوە دووری بگرن و بە جێگای ئەوەش نەتەوەی دیمۆكراتیك كە سەرەكی ترین پرەنسیبی چارەسەركردنی كێشەی نەتەوەیی ـ نیشتمانییە لەجۆگرافیای هاوبەشی نەتەوەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بۆنیادی بنێن.

دەبێت لەقۆناخی بەهاری ئازادی گەلانی ئێران دا هەر رێكخراو، هێز و لایەنی سیاسی شۆڕشگێڕ، سۆسیالیست و دیمۆكراتیك لەو بڕوایە دا بێت كە نابێ لەژێر هیچ هەلومەرجێكدا لایەنگری و پاشكۆی دەوڵەت ـ نەتەوە بن و بەرگری و پێداگری لێ بكەن. چۆن دەبێت بەو روانگەیەوە سەیر بكرێت كە دەوڵەت ـ نەتەوە تەڵەیەكی سەرمایەدارییەو دژە دیمۆكراسی، دادپەروەری و ئازادی تاك و كۆمەڵگایەو لەناوەڕۆكدا فاشیزمە. دەوڵەت ـ نەتەوە سەرجەم جیاوازیەكانی ناو كۆمەڵگا لەناو یەك نەتەوەدا یەكدەست و تەك تیپ دەكات و گرووپی جیاواز و ناسنامەكان رەت دەكات. لایەنە ناڕەزایەتیەكانی ناو كۆمەڵگا دەچەوسێنێتەوەو ناكۆكی نێوان گەلان و پێكهاتەكانی تر قووڵتر دەكات و نەتەوەپەرەستی پەرە پێ دەدات و بەردەوام قەیران لەدوای قەیران دەخۆڵقێنێت و هەرگیز كێشەكان چارەسەر ناكات. ئەگەر هێز و لایەنێكی سیاسی بە شێوەی دەوڵەت ـ نەتەوە بیر لەسەروەری و دەوڵەت بكاتەوە، ئەوا تووشی هەڵەی گەورە دەبێت. چۆن دەوڵەت ـ نەتەوە فۆرمی دەسەڵاتی سەرمایەدارییە كە گەلانی ئێرانی خستووەتە ناو تەڵەی سیاسەتی (پەرتگە و زاڵبە)وە كە گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تێدا دەناڵێنن.

ئەوەی كە ئێستا لەئێراندا دەگوزەرێت دادگایی كردنی مێژووی دەسەڵاتدارییە. راپەڕینی ئیبراهیمە هاوچەرخەكان دژ بە نەمروودە هاوچەرخەكانە. واتا مێژوو بۆ گەلانی ئازادیخوازی ئێران لەئێستادا چڕ دەبێتەوە، مێژووی دەسەڵاتداری لەبەردەم دادگای گەلدایە. لەهەموو قۆناخ و سەردەمێكیش زیاتر ئێستاش بۆ گەلانی چەوساوە دەبێت بە مێژووی حەقیقی گەلان. گەلان بە راپەڕین و خەباتی ئازادیخوازی و مەدەنیانەیان دەیانەوێت لەزهنیەت و سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە رزگاریان بێت و لەسەر بنج و رەوڕەوەی كۆمەڵگای دیمۆكراتیك ببوژنەوە. بەو پێیە پێویستە سەرجەم هێز و لایەنی سیاسی شۆڕشگێڕ، سۆسیالیست و دیمۆكراتیك لەسەر بنجی مێژووی گەلەكەیان شین ببنەوەو لەهەر هەلومەرجێكدا بەرگری لەبناخەی كەلتوورە هاوبەشەكانی ناو جۆگرافیای هاوبەشی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بكەن.

پژاك یەك لەو هێزە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستانەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانە كە لەسەر بنجی مێژووی گەلانی ژێردەست و ئازادیخواز شین بووە. بەو پێیە حەقیقەتێكە كە هەرگیز پەراوێز ناخرێت و تێكۆشانی بەلاڕێدا نابرێت. نكۆڵی كردن لەپژاك بە واتای نكۆڵی كردن لە رژێمی دیمۆكراسییە كە پەیوەندیداری چالاكی گەلە. نكۆڵی كردن لەئافراندنی ئاشتی، رێگە چارەی دیمۆكراتیانە و ئاواكردنی نەتەوەی دیمۆكراتیكە. پەرەپێدانی سیاسەتی نكۆڵی كارانە دژی بەرژەوەندی، ویست و داخوازی گەلانەو بە پێچەوانە گەورەترین خزمەت بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و نەیارانی دیمۆكراسی دەكات. پژاك ئەو هێزەیە كە خاوەن پڕۆژەی چارەسەری كێشەی كورد و گەلانی ئێرانە. ئەو هێزەیە كە بە بوێرانە پڕۆژەكانی بە روونی بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكات و بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەوە هەنگاوی كرداری لەپێناو هاوئاهەنگی هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەڵدەگرێت. هێزێكە كە بە پارادیگمایەكی سەردەمیانەوە خوێندنەوەی بۆ رووداوەكان هەیەو وەك هێزێكی پێشەنگ و رادیكاڵ لەگۆڕەپانی خەباتدایە. لەپێناو یەكڕیزی و هاوئاهەنگی و یەكگوتاری ماڵی كوردی بە رۆحێكی شۆڕشگێڕانەو بەرپرسیارانەوە ئەركی سەرشانی جێ‌بەجێ‌ كردووە. بۆیە پژاك ئەمڕۆ بووەتە رووناككەرەوەی حەقیقەتی شۆڕش و رژێمی دیمۆكراسی و هیوای گەلانی ئازادیخواز لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان.

كۆدار و پژاك لەماوەی دوو مانگدا دوو پڕۆژەی چارەنووس سازیان بۆ سەرتاسەری گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیاند. پژاك دەیەوێت سەرەتا لەبواری زیهنی تێگەهێشتنی هاوبەش بۆ پێكەوە ژیان كردنی گەلان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لەناوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دروست بكات. گرنگی ئەو پڕۆژانە ئەوەیە كە لەژێر هەیمەنەی واشنگتۆن ـ پاریس ـ هەولێر و تاران دانەڕێژراون، بەڵكوو پڕۆژەیەكە كە لەناخ، هەست و سۆزی گەلانی ئازادیخوازی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان هەڵقۆڵاوە. پڕۆژەیەكە كە تێدا بەرژەوەندی گەلان تێدا سەروەرەو دیمۆكراسی، ئازادی و رۆحی پێكەوە ژیان كردنی گەلان بۆ داهاتووی ئێران گەرەنتی دەكات و چارەسەری بنەڕەتی لەشیرازەو سیستەمی بەڕێوەبەری وڵات دروست دەكات. پژاك و كۆدار پڕۆژەكانیان رووبەڕووی مۆخاتەبی سەرەكی كێشە و گرفتەكان كردووەتەوەو بۆ سەركەوتنی ئەو پڕۆژانەش ئاستی تێكۆشانی دیمۆكراتیك بەهێز و بەفراوانتر دەكات. بەڕای ئێمە تەنیا نەتەوەی دیمۆكراتیك دەتوانێت بەرژەوەندی تاك و كۆمەڵگا لەناو رژێمە قەیراناویەكاندا بپارێزێت. چۆن نەتەوەی دیمۆكراتیك بەواتای دیمۆكراتیك بوونی كۆمەڵگایە. گۆنجاوترین رێكار ئەوەیە كە گەلان دیمۆكراسی راستەوخۆ بە بنەما وەربگرن، چۆنكە هەموو تاك، پێكهاتە و رەنگە جیاوازەكان لەسیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتی دا بەشدار دەبن و مافی كەس و پێكهاتەیەك پێشێل ناكرێت.

ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە ناوەندی بە ناو هاوكاری پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە كردەوەكانی بە پێچەوانەی ناوەكەیەتی زیاتر لەهەر هێز و لایەنێك دژی پڕۆژەكانی كۆدار ـ پژاك وەستاوە. لەدوا كۆبوونەوەی ئەو ناوەندە لە 16ی گەلاوێژی 1397ی هەتاوی خوێندنەوەیەكی وا لەسەر پڕۆژەی كۆدار و پەژاك بۆ دیمۆكراتیزە كردنی ئێران دەكەن كە نەخشە ڕێگای كۆدار و پژاك (پڕۆژەیەكی ناواقعی و ناتەبا لەگەڵ رۆحی جووڵانەوەی گەلی كورد و هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران). هەروەها پڕۆژەی هەنگاوی كرداری پژاك بۆ هاوئاهەنگی هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن بەشێك لەهێزە سیاسیەكان لەژێر پاساوی بێ‌بنەما رەت دەكەنەوە.

ئەوەی كە ئەمڕۆ بۆ رای گشتی ئاشكرایە پژاك و كۆدار لەپێناو دەستەبەركردنی مافی رەوای گەلی كورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێران ئەركی شۆڕشگێڕی و مێژووی سەرشانی خۆی جێبەجێ كرد و بە ئیرادەیەكی پۆلایینەوە پەرە بە تێكۆشانی دیمۆكراتیكی خۆی دەدات. تایبەت لەم دۆخە هەستیارەدا زۆر بە بەرپرسیارییەوە هەنگاوی هەڵگرتووە. بەڵام ئەو لێدوانانەی كە لەژێر ناوی ئەو ناوەندەو چەند لایەنێكی سیاسی بڵاو دەكرێنەوە، لێدوانی زۆر نابەرپرسیارانەو دوور لەهەڵوێستی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەیە. بە پێچەوانەوە ئەو لێدوانانەو كردەوەكانی بۆ خۆی گەورەترین خزمەت بە بەرژەوەندی سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و دەكەوێتە خانەی بازنەی شەڕی تایبەتی داگیركەران دژ بە گەلی كورد. تایبەت لەلایەن ئەو چەند لایەنەوە هێڵ و هزرێك ئاراستەی كۆمەڵگا دەكرێت كە هیچ لەگەڵ رۆحی خرۆشاو و راپەڕیوی گەلانی ئێران یەك ناگرێتەوەو جیا لەدەستدانی پێگەو رەوایەتی خۆیان هیچ لەتێكۆشانی دیمۆكراتیكی پەژاك كەم ناكاتەوە.

پەژاك لە12ی ئابی ئەمساڵدا هەنگاوێكی مێژوویی لەپێناو هاوئاهەنگی هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دانا. بە راگەیاندنی 10 خاڵی بنەڕەتی كێشە و گرفتەكانی هەنووكەیی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی دۆستایەتی و بەرپرسیاری شۆڕشگێڕانەی بۆ خزمەت كردنی زیاتری گەلەكەمان درێژ كردەوە. بەڵام ئەوەی كە دەردەكەوێت ئەو لایەنانە نایانەوێت نیگەرانی و پەرۆشیەكانی گەلەكەمان بڕوێننەوە. لەپەرەپێدانی سیاسەتی دیمۆكراتیك هەراساون. بەڕەنگاری داخوازی رەوای گەلی كورد كە یەكێتی هەموو پارتە كوردیەكان و پێكهێنانی بەرەیەكی نەتەوەیی ـ دیمۆكراتیكە دەبنەوە. هەستیاری ئەم دۆخە ئەوەی دەوێت كە ئەگەر هەر پارت، لایەن و یان رەوتێكی سیاسی لەم بەرپرسیارێتی و ئەركی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی خۆی بدزێتەوە، ئەوا داخوازی و داواكاریە رەواكانی گەلی كوردی بەرچاو نەگرتووەو داهاتووی سیاسی كوردستان بەرەو مەترسیەكی جددی رووبەڕوو دەكات.

بۆیە دەبێت هەر كەس ئەو حەقیقەت هەرس بكات كە گەرەنتی سەركەوتنی گەلی كورد و گەلانی ئێران دژ بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی، لەیەكڕیزی و هاوئاهەنگی نێوان رێكخراو، هێز و لایەنە سیاسیەكاندایە. واتا هیچ هێز و پێكهاتەیەكی ناو خۆی ئێران بە تەنیا ناتوانێت بەڕەنگاری سیاسەتە دڕندانەكانی كۆماری ئیسلامی ببێت. دەبێت هەر كەس لەو بڕوایەدا بێت كە كێشەی كورد بە بێ چارەسەری كێشەی بەلووچستان، ئازەربایجان و ئەحواز و سەرجەم جیاوازیە باوەڕی و مەزهەبیەكانی تری ئێران چارەسەر نابێت. ئەگەر هێز و لایەنە سیاسیەكان بە پێ ویست و داخوازی گەل هەنگاوی كرداری هەڵنەگرن، ئەوا كەسایەتیە سیاسیەكان، رووناكبیران، ژنان و لاوان و رێكخراوە مەدەنیەكان رۆڵی چاڵاكانەیان دەگێڕن و حیزب و لایەنەكان ناچار بە هاوئاهەنگی دەكەن. ئەگەر لایەنیكیش نەكەوێتە ژێر ئەو بارەوە، هێز و پێگەی جەماوەری خۆی لەدەست دەدات.