جوانا سنه
قەیران و ئالوزیی جیهانی لەگەڵ خۆیدا  رۆژهەڵاتی ناوەراستی خستووەتە ناو گێژاوێک، لەو گێژاوەدا سیستەمی کاپیتالیست، وەک حەزیایەکی “لویاتان” ژیانی مروڤایەتی هەڵدەلوشێت و لە ڕێگای سیستەمی دەوڵەت نەتەوە، تاکخوازی، لیبراڵیسم و… کۆڵەکەکانی خۆی بەهێز دەکات. بۆ درێژکردنی تەمەنی خۆی هەموو هەوڵێک دەدات و لە رێگای وڵاتانی زلهێزی دیکە نەخشەڕێگای گۆرانکارییەکان بۆ درێژماوە دادەڕێژێت.
لە ڕاستیدا رۆژهەڵاتی ناوین کە وەکو لانکەی مرۆڤایەتییە و دەیهەوێت جارێکی دیکە مروڤایەتی لە ئامێزی خۆیدا ڕاژێنێ و پەروەردە بکات، هەر جۆرە گۆرانکاری یان هەنگاوێک بەرەو دیموکراتیزەکردن لەو ناوچەیە وەک دەڕبازبوون لە سیستەمی سەرمایەداری بە ئەژمار دێت. هەر بۆیەش هێزە دەرەکییەکان کە هەموو کات خۆیان بە خاوەنی رۆژهەڵاتی ناوەراست زانیوە و مافی هەموو جۆرە دەستتێوەردانێک بە خۆیان دەدەن، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی دیموکڕاتیک لەو ناوچەیەدا کۆک نین، ئەوان تەنیا ئەو گۆڕانکارییانە دەخوازن کە لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەواندا تەبا بێت. هەر وەک ئاشکرایە ئەم گێژاوەی بە ساڵانە ناوچەکە تێی کەوتووە، لەم سەرمەشق و تێڕوانینەوە سەرچاوە دەگرێت.
دەتوانین بڵێین، کە لە ئێستادا هەنگاوی ستراتیژیی وڵاتە زلهێزەکان ئەوەیە، کە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە دیزاینێکی نوێ لە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان دابڕێژنەوە، جێگای ئاماژەیە کە پلانی ئەو گۆرانکارییەی کە لە ئەفغانستان، ئێراق، تونس و لیبی جێبەجێ کرا و ئیستاش لە سوریە و ئێران بەڕێوە دەچێت، بەردەوامی هەمان زێهنیەت و پڕۆژەیە.
وڵاتانی زڵهێزی وەک ئامریکا بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵاتدارییەتیی خۆیان لە ناوچەکە بەرفراوانتر بکەن، بە پیویستی دەزانن، دەوڵەتی ئیران کە دەخوازێت بە پەرەپێدانی هێژمۆنی خۆی لە دەروەی سنوورەکانیدا خۆی بکاتە هێزی یەکەم، لاواز بکەن و خۆیان ئەنتیگرە بکەن. هەر بۆ ئەم مەبەستەش بۆ لەباربردنی ئەو ستاتۆیەی کە ئێران لە ناوچەکەدا هەیەتی، لە لایان ئەو وڵاتانەوە گوشاری ئابووری، سیاسی، کۆمەلایەتی ودیپلۆماسی و …  خراوەتە سەر ئێران. بەڵام لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا ئیران وەک هەمیشە بەسیاسەتی بێدەنگ کردنی کۆمەڵگا، هەوڵی ئەوەی داوە کە لە نێوان گوشاری دەرەکی و تەوژمی ناوخویدا هاوسەنگییەک دروست بکات. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش هەر جۆرە سیاسەتێک کە لە زێهنیەتی نەتەوپەرەستی، ڕەگەزپەرەستی و دینپەرەستییەوە سەرچاوە دەگرێت لە سەر کۆمەڵگا پەیرەو دەکات. دەسەڵاتدارێتی ئێران لە ڕێگای تاکتیکی گرتن، کوشتن، بێکارکردن، لەشفرۆشی، مادەی هۆشبەر و… دەخوازێت بەسەر جەستە و ڕۆح و ڕەوانی تاکەکانی کۆمەڵگادا زاڵ بێت و بەم شێوەیە ئیڕادەی کۆمەڵگا لەناو بەرێت.
هەر وەک دەزانین کۆمەڵگا تەنیا بە لەناوبردنی جەستەییی مرۆڤەکان لەناو ناچێت، کاتێک کۆمەڵگا بناغەی ئەخلاقی و سیاسی بڕوخی ئەو کۆمەڵگایە بەرەو داڕووخان دەڕوات.
جێگای باسە رژێمی ئیران کە خۆی بناغەی کۆمەڵگای بریندار کردووە، بە تەڵەکەبازی و تاکتیکی خێرخوازانە بۆ جاریکی دیکە بۆ دەرمانی زامەکانی، کۆمەڵگا ناچاری خۆی دەکات و لەم ڕێگایەوە دەخوازێت کە ئیرادەی گەلان بەتەواوەتی بەچۆک دابێنێت و تەسلیم بکات.
بەڵام مێژووی مروڤایەتی هەموو کات شایەتی ئەوە بووە، کە لە بەرامبەر چینی دەسەڵاتدار هەمیشە چینی بەرخۆدێر و سەرهەڵدێر هەبووە و لەنێو ئەوانیشدا ڕۆڵ و بوونی ژنان راستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
شیاوی لێوردبوونەوەیە کەجیا لەو تاکتیکانەی بەگشتی بۆ دیلگرتنی کۆمەڵگا بەرێوە دەچن، لەسەر ژنانیش تاکتیکی دیکە بە شێوەی جیاواز بەڕێوە دەچن، کە بەرچاوترینیان بەئۆبژەکردنی ژنانە لەڕێگای کڵاوی شەرعییەوە. هەوڵێکی یەکجار  زور لە ئارا دایە، کە لە ژێر دەمامکی ئەخلاقی و ئیسلامی و مەزهەبیدا، دژکردەوەی کۆمەڵگا بێکاریگەر بکەن. ژن کە لە کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسیدا کۆڵەکەی ژیان بووە، ئێستا پێناسەی هەبوونیشی پێ نادرێت. ئەمە کارەساتێکە کە بنگەی ناکۆکی سیاسی ،کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر بنیات نراوە.
بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە سەرەتا پرسیارکردن گرینگە، کە ئەمە گەیشتن بە نیوەی واتایە، پاشان پێناسەکردنی کێشەکە و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەری پێویستە. بە پێی هەستیاریی هەر قۆناخێک، دیاریکردنی ئامانج و ئامرازی تایبەت پێویستە. دەبێت بزانین کە ئەم گەردەلوولەی لە ئێراندا هەیە تەنیا بە شەپۆلی گۆرانکارییەکی دیموکڕاتیک دەتوانێت راوەستێت.
لە ناو دەنگی داخوازیی گەلان لە ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەنگ و رەنگی ژنان لە ئاستێکی بەرز و بەرچاو دایە. ئەمە هێمای بوونی پوتانسییەلێکە، کە وەکوو ژیلەمۆی دانەمرکاو هەر کات بایەکی بەهێزی بەر بکەوێت لەگەڵ خۆیدا ئاگری شورش هەڵدەگیرسێنیت.
هەر بە پێی ئەم پیویستییە کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان “کەژار” لەم بارودۆخە هەنووکەیییەدا بە هەڵگرتنی هەنگاوێکی ئامانجدار، لە چارەسەریی کێشەی ژنان لە ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا نەتەنیا بە تیوری و لێکدانەوە خۆی بە بەرپرسیار بینیی، بەڵکو بە ئاوایەکی کرداری بۆ چارەسەری بە شێوازیکی دیموکراتیک ئەرکدارە.
چوونکە ئێمە لەو بڕوایە داین کە تا ژن ئازاد نەبێ کۆمەڵگا ئازاد نابێت، کلیلی چارەسەریی سەرجەم گرفتەکان، کردنەوەی گرێی کێشەکانی ژنانە، خوڵقاندن و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد لەبن سێبەری زێهنییەتی ژنان زیاتر مسۆگەر دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو تایبەتمندییانە کە بۆ کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و پۆلێتیک پێویستە بە ئاوایەکی سرووشتی لە ژندا هەن، هەر وەک رێبەر ئاپۆ دەلێت: “وزە لە کەسایەتیی ژندا نەکەوتووە ناو فۆڕم و هەموو کات لە هەرکاندن دایە، ئەو فۆڕمەی کە لە کەسایەتی و زێهنییەتی پیاوەوە وەکو دەسەڵات خۆی دەردەخات، لە کەسایەتیی ژندا بە رەنگێکی دیموکڕاتیک خۆی پێناسە دەکات”. بۆیە ژن زیاتر دەتوانێت لە ئافراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک و کۆنفێدرال خۆی بەرپرسیار ببینێت و وەکو بەشیک لە هەبوونی خۆی سەیری بکات. خوڵقاندنی کۆمەڵگایەک بە سیاسەتی دیموکراتیک وەکوو گەڕانەوە بۆ سرووشتی خۆی ببینێت.
ئەو خاڵانەی کە کژار لە نەخشەرێگاکەی خۆی دیاری کردوون بە هەموو جۆرێک گەراندنەوەیکە بۆ کەسایەتیی راستەقینەی ژن و کۆمەڵگایەکی ئەخلاقیی سیاسی، بۆیە بۆ پراکتیزەکردنی ئەو نەخشە رێگایە، یەکگرتنی هەموو ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێویستییەکی گرینگ دەزانین! ئەو یەکگرتنە تەنیا بە حیزب و لایەنی سیاسی پێک نایەت، هەر تاکێکی کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا بەرپرسیارە، لەبەر ئەوەی ئەو گوشارەی کە ئێستا لەسەر ژنان بەرێوە دەچێت لە ئاستی گەردونیدایە. بۆیە تێکۆشانی ئێمەش پیویستە گەردوونی بکرێت، بەڵام زۆرجار هێندێک بیرکردنەوەی تەسک و  دەمارگرژیی حیزبی و سیاسی دەبن بە هۆکار کە پێناسەکان بگۆردرێن، هەر بۆیەش ئاستی تیکۆشانیش دادەبەزێت.
کێشەی ژنان و تێکۆشان بۆ چارەسەری ئەرکی هەموو ژنانە بەڵام دەمارگرژیی سیاسیی حیزبەکان و گرتنی دەرگاکانی گفتوگۆکردن دەبن بە هۆی ئەوەی کە چەندەش داخوازیی ژنان بۆ یەکگرتن هەبێت بەڵام بەربەستی پیاوانە ڕێگر بێت لە هەنگاوی شێلگیرانە و  کرداری.
کە ئەمە مژارێکی گرینگی تێکۆشانی ئێمەیە، هەر بۆیەش بە مەبەستی تێکشاندنی ئەم قاڵبانە، ئێمە وەک کەژار لە هەنگاوی یەکەمدا بیروبۆچوونی ژنانی ئەندام لە نێو حیزبەکانی رۆژهەڵاتمان وەرگرت، ئەم هەنگاوە بۆ ئێمە دێتە واتای لەبەرچاوگرتنی ئیرادە و باوەڕمەندبوون بە هێزی سەرجەم ژنان.دێتە واتای پووچەڵکردنەوەی زێهنییەتی پیاوسالاری.
مژارێکی دیکەی گرینگ ئەوەیە کە ژنان دەستەواژەکان و دامودەستوور و پێکهاتەی پیاوسالاری بەباشی بناسن و شرۆڤە بکەن، ئەو دەربڕینانەی کە لە ڕوانگەیەکی پیاوسالارانەوە تەنیا لەسەر ئەساسی ڕەگەز حوکمی پێشوەختەیان لەسەر ژنان داوە و وەکو راستییەکی نەگۆڕ دەیان هەوێت لەسەر ژنانی فەرز بکەن، دەبێت لەلایان ژنانەوە شەڕی هەمەلایەنەی لەگەڵدا بکرێت. ئەبێت ژنان وریا بن بە قەرەبووکردنەوە وگوڕانکارییەک لە لایان پیاوانەوە، کە دیسان لە زێهنیەتی ڕەگەزپەرەستی، نەتەوەپەرستی و دینپەرەستییەوە سەرچاوە بگرێت، گەیشتن بە ئازادی و کۆمەڵگایەکی دیموکڕاتیک مسۆگەر نابێت، لەبەر ئەوەی کە ئارمانجی ئەو زێهنییەتە پارچەکردنی کۆمەڵگا و لە سەرەوەی ئەویش پارچەکردنی ژنانە.
بەگشتی بە تێگەیشتن لە بارودۆخی هەنووکەیی و ئەو ڕاستییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد ئەمڕۆ هۆشیاری و یەکدەنگیی ژنان لە هەر کاتێک زیاتر پێویستە.