ڕۆژی ٧ی ئەیلول هاوکات لەگەل هێرشی “تیرۆریستی” سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەی حیزبە کوردییەکان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارۆچکەی کۆیە، هێرشی هێزەکانی ڕژیمی سوریا لە قامیشلو و تۆپبارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە، سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەربڵاوی بەبەشداری بەکرێگیراوانی ناوچەکە لەدژی گەریلاکانی کۆدار لە قووڵایی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی سنە دەستیپێکرد. دەبێت ئەم ئۆپەراسیۆنە بەربڵاوە لە چوارچێوەی هێرش بۆ سەر هەبوونی کورد ناوبنرێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشە بەربڵاوەدا سێ گەریلای ئێمە لەدوای شەڕێکی قارەمانانەدا لەدژی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران شەهیدبوون و لە چارەنووسی یەکێک لە گەریلاکانمان بێ ئاگاین. لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا چەکداران و بەکرێگیراوانی کورد وەک پێشڕەو و قەڵغانی هێزەکانی سوپای پاسداران ڕۆڵیان گێڕاوە و ڕاستەوخۆ لە شەهیدکردنی هەڤاڵانمان دەستیان هەبووە کە وردەکارییەکانی لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاودەکەینەوە. ناسنامەی سێ هەڤاڵە شەهیدەکەمان بەمشێوەیە: ١.جەمال ڕەحمانی ناسراو بە ئارگەش کارزان لەدایک بووی ١٣٦٠-کامیاران، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار. هەڤاڵ ئارگەش لە کاتی خوێندنی لە زانکۆ پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئاپۆیی کرد و دوای بەشداربوونی لە ڕیزەکانی تێکۆشاندا بە پێشەنگایەتی لە هەموو بوارەکان جێگای گرت و بوو بە نموونەیەکی بەرچاو بۆ هەموومان. ٢.ڕەئوف ئیبراهیمی ناسراو بە تۆلهەڵدان سنە لەدایک بووی ١٣٥٢-سنه ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار کە زۆربەی ژیانی شۆڕشگێڕانەی خۆی لە پێناو پەروەردەکردنی ئەو شەڕڤانە نوێیانە تەرخان کرد کە لە دژی داگیرکاری و ستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشانی گەریلا دەبوون. هەڤاڵ تۆڵهەڵدان تێکۆشەرێکی بێ وچان بوو کە بە ڕۆحێکی ئاپۆیی و شۆڕشگێڕانە بوو بە نموونەی یەکیەتی نێوان بیر و کردار لە تێکۆشاندا. ٣. شەریف ئەمینی ناسراو بە دلۆڤان فەدایی لەدایک بووی ١٣٧٣-سەردەشت، ئەندامی کۆمەڵەی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەجەرە. کە بە جۆش و خرۆش و هەستی شۆڕشگێڕانەی، هەموو ژیانی فیدای بەڕێخستن کردنی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و تێکۆشانی بەردەوام و تەنها ئارمانجی ئەو شەهیدە ڕزگاری جەوانان لە دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی بوو. کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار، سەرەڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵەی شەهیدان، هەڤاڵانیان و سەرجەم گەلی کورد، بەڵێن دەدات کە خوێنی ئەم شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت و درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان دەبین.

 

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار

15/9/2018