جوانا سنه‌
٤١ ساڵ بە سەر دامەزراندنی تەڤگەری ئاپۆیی و ھەروەھا ٢٠ ساڵ بەسەر گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی دژی رێبەر ئاپۆو ئەم تەڤگەرە تیپەردەبێ. ئاشكرایە فکرو ڕامانی رێبەر ئاپۆ سنووری نەناسیوەو كوردستان و ناوچەكەی تێپەڕاندوەو لە ئاستی گەردوونی دا بەرجەستە بووە. ئەو ئایدولۆژیایە وەکوو شەپۆلێک کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و پێناسەیەکی تازەی بۆ تاکی کورد، کۆمەڵگەی كورد، ژن، ئازادی و مرۆڤایەتی هێنایە ئاراوە. جارێکی دیکە گیانی بە جەستەی مردووی کورد بەخشی و زیندووی کردەوەو وەکو ڕێبەری کۆنفیدڕالیسمی دیمۆكڕاتیک، پێکەوە ژیانی گەلانی خولقاند. دوژمنانی گەلی کورد وەها بیریان دەکردەوە کە دەتوانن جارێکی دیکە مێژووی سەر کوردان دووپات  بکەنەوەو بە گرتنی ڕێبەر ئاپۆ ئیرادەی گەلی کورد لاواز بکەن و  بیرو ڕامانی ئازادی لەناوببەن، بەڵام ئەو پیلانە چەپەڵە، بە دروشمی “کەس ناتوانێ ڕۆژی ئێمە تاریک بکات”، لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات وڵام درایەوەو لێگەڕینوانانی ئازادی گیانی خۆیانیان کرد بە کڵپەیەک لە ئاگرو خستیانە ناو جەرگەی دوژمن. بە گرتنی ڕێبەر ئاپۆو خوڵقاندنی سیستەمی ئیمراڵی پیلانی ئەوەیان دارشت کە فکرو هزری ئاپۆ بە دیل بگرن و ببنە بەربەست لە بەرامبەر تیئۆریزەبوونی ئەو فکرە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەمە ڕێبەر ئاپۆ ئەو پیلانەی پووچەڵ کردەوەو دوورگەی ئیمراڵی کردە فێرگەیەك کە ئاسۆیەكی تازەی بۆ خوێندكارانی بدۆزێتەوە. ھەر بۆیە هیچ کات لێگەرینی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادیی تاکەکەسی نەبوو، بەڵكوو هەموو هەنگاوەکانی لە پێناو بەرژەوەندی کۆمەڵگەداھەڵگرتووە، كە هەر لەم پێوەندیەش دا دەڵێ: ئەگەر رزگاریی تاكەكەسی باجه‌که‌ی ڕاکردن له‌ کۆمه‌ڵگەی خۆت بێ، تاچه‌نده‌ ڕاست یاخود باشه‌؟ بۆیە پێویستە هەرکەس ئەوە باش بزانێ ئازادی تاک بێ ئازادی کۆمەڵگە مسۆگەر نابێ بەو هۆیە کە، لە بواری سۆسیۆلۆژی ئازادی تاک راستەوخۆ گرێدراوی ئازادی کۆمەڵگەیە .
بۆیە قۆناخی ئیمراڵی بووە بە قۆناخێکی نوێ لە تێکۆشانی ڕێبەرایەتی و گەلی کورد، دەستەواژەکان گۆڕانکارییەکی مێژوویی تێیدا دروست بووەو پێناسەی زیندان، ژیان، خۆڕاگری، حەقیقەت و تێکۆشان، و لە هەمان کاتدا هەڵسەنگاندنەکانی رێبەر ئاپۆ لە سەر تاک و کۆمەڵگەی ئەخلاقی و پۆلۆتیک، ئەوەی سەلماند کە پێناسەی دیاردەی کورد و کێشەکانی تەنانەت لە میانەیکی ئەخلاقییەوە دەستەبەر ئەبێ. هەر وەک رێبەر ئاپۆ دەڵێت: دۆخی کۆیلایەتی کوردان ئەو دەرفەتەی دروست  کرد کە من نەتوانم بڵێم ده‌رفه‌تی ژیانی ئازاد هه‌یه. و باوەریم بەوە هێنا کە دونیایه‌کم نییه‌ به‌ ئازادی تێیدا بژیم.
بۆیە رێبەر ئاپۆ لە دوورگەی ئیمراڵی بوو بە سەنتێزێک لە میلیۆنان مرۆڤ. رێبەر ئاپۆ ئەوەی فێری هەموو دونیا کرد کە مانای گه‌ردوون له‌ژیاندا شاراوه‌یه‌ و کاتێک هه‌ست به‌و نهێنی یانە‌ بکرێت، ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ زیندانیش دا بێت، کێشه‌یەک به‌ناوی به‌رگه‌گرتنی ژیان لە ‌ئارادا نامێنێت. ئەوەی بە هەموو دونیا سەلماند کە زیندان جێگەی چاكسازی نیە بەڵام مەیدانێکە بۆ فێربوونی ئەوەی کە بە شێوەیەکی بەھێزو له‌ به‌رزترین ئاستدا ئه‌رکه‌ ئه‌خلاقی و سیاسییە‌کان ده‌رهه‌ق به ‌کۆمه‌ڵگەبوون جێبه‌جێ‌ بکرێت. ڕێبەرئاپۆ به‌ندێتی ده‌ره‌وه‌ بۆ تاک زۆر مه‌ترسیدار ئەبینێ و ئەڵێ ئه‌گه‌ر تاکێکی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ خۆی ئازاد ببینێت و به‌م جۆره‌ش بژیت ئه‌وه‌ به‌ هەڵەیەكی گەورەدا چووە‌. ژیانێک له‌ ژێر باڵادەستی، به‌هه‌ڵه‌داچوون و درۆوه‌ تێپەڕ بێ، ژیانێکی دۆڕاوه‌و دووچاری خیانه‌ت ھاتووە، نموونە ئەو ژیانەیە کە ئەمڕو هەموو مرۆڤێک خۆی پێوە سەرقاڵ کردوە. مودێرنیتەی کاپیتالیزم گەورەترین و مەترسیدارترین تێگەیشتنی پێشکەشی مرۆڤ کرد، ئەویش ئەمەیە کە مرۆڤ بێ کۆمەڵگە ژیان بکات کە ئەمەی بە تاکتیکی دوور خستنەوەی تاک لە بنەما ئەخلاقییەکان بەڕێوە برد و تاکی لیبراڵی بە دابڕاندنی مرۆڤ لە کۆمەڵگە خولقاند. بۆیە ئەگەر ئێستا ئەبیندرێ کە هێرشێکی هەمە لایەنە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆ لە سەر گەلی کوردو مۆدێلی کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک کە وەکوو سەمبولی یەکەم لە ڕۆژئاوا خۆی بەرێخستن کردوە بەرێوە ئەچێ، ترسی دۆژمنانە لەو تێکۆشان و ئەو ژیانەی کە میعمارەکەی ڕێبەر ئاپۆیە، ترس لەوەیە کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێشەنگایەتی گەلی کورد جارێکی دیکە هیلالی زێڕین بە پێکەوە ژیانی گەلان گەشاوە بکەن. ترسیان لە هه‌ست یا خود په‌یبردنی مرۆڤایەتی بە حه‌قیقه‌ته‌، بەڵام ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە تا ئێستا دوژمن نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگاو لە داھاتووشدا پێی ناگات. لە بەر ئەوەی کە هەر کاتێک کە دوژمن ویستی پەلاماری سەر رێبەر ئاپۆ بدا تێکۆشانی ڕێبەرایەتی و گەلی کورد و بە تایبەتی ژنان ئەو پیلانانەیان پووچەڵ کردەوە. ئەوە لە مێژووی تەڤگەری ئاپۆیی وەکوو لاپەڕەی زێڕینی لێ هاتووەو هەموو کاتێك ژنان ئەو ئەرکەیان بە رۆحێكی خۆنەویستانە بەڕێوە بردووەو لە هەر پەلامارێک کە بۆ سەر تەڤگەرەکەمان کرابێ، ژنان بە پێشەنگی  خۆیان دەستێوەردانی قوناخەکەیان کردوە. لە ساڵی ٩٢، بە پێشەنگیی شەهید بێریتان هێڵی خیانەت بە بن خرا. ساڵی ٩٦، بۆ پووچەڵكردن و مەحكوومكردنی ھەوڵی لەنێوبردنی رێبەر ئاپۆ، شەھید زیلان هێڵی فیدایی بوونی پێش خست. ساڵی ٩٩، بە دوای بەدیل گرتنی رێبەر ئاپۆ، بە “ردوشمی کەس ناتوانێ روژی ئێمە تاریک بکات”، بە سەدان كەس ئاگرێان لە جەستەی خۆیان بەرداو گیانیان بەخشی. ئێستاش لە بەردەوامی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی و گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە بە پێشەنگایەتی لەیلا گووڤەن لە زیندانی ئامەد ئەو هەنگاوە هەڵگیراو بە درووشمی “ئێمە سیستەمی ئیمراڵی هەڵدەوەشێنینەوە و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەژین”، بە سەدان و هەزاران لەیلا لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوی وڵات مانیان لە خواردن گرتووەو ئەمە بەردەوام ئەکات تا گەیشتن بە ئامانج.
هەر وەک ڕێبەر ئاپۆ دەلێ: تاکه‌ ده‌رمانی هێزی خۆڕاگری پێشخستنی ده‌رک پێکردنی حه‌قیقه‌ته‌ و ئەوە دیارە کە ئێستاش خۆڕاگری لەیلا گووڤەن لەوەدایە کە دەرکی بە حەقیقەتێک کردوە و ئەوەش ئەمەیە “حەقیقەت عەشقە و عەشقیش ژیانی ئازادە”.