شێروین مەزڵووم ( ئەندامی مەجلیسی پەژاک)

 

سەرۆک ئاپۆ ئەڵێ ئێمە بە گەنجی دەستمان پێکرد و بە گەنجی سەر دەکەوین. لە ناو تەڤگەری ئاپۆییدا ژن لە ئاستی پێشەنگایەتی مرۆڤایەتیدا جێی گرت. شەهید سارا( سەکینە جانسز) لەو کەسانە بوو کە هەم بە تایبەتمەندی ژن بوون و هەم گەنج بوون لە ناو تەڤگەری ئاپۆییدا جێی گرت و بووە پێشەنگی ئەم تەڤگەرە.

ژنێک بە بۆن و بەرامەی دێرسیم و میراتگری شۆڕشگێرانی ئەم هەرێمە یاخییە. یەک لەو شوێنانەی کە هەمبەر هێرشە هۆڤانەکانی دوژمن سەری هەڵدا و خۆڕاگری کرد، دێرسیمە. کەسانی وەک سەید ڕەزا، شێخ سەعید، بەسێ، زەریفە و هەزاران ژن و پیاوی دێرسیم پێشەنگایەتی شۆڕشی کوردستانیان کرد و لەم ڕێگەدا مێژوویەکی پڕاوپڕ لە سەربەرزییان نەخشاند.

بەڵام ئەم تێکۆشانە ڕەوایە لە لایەن زیهنییەتی پاشکەوتوو و مەغۆل ئاسای عوسمانییەوە تەحەمول نەکرا و لە بەر ئەوەش هێرشێکی هۆڤانە بۆ سەر پێشەنگانی کورد کرا. هەر وەها دوای کوشتاری فیزیکی و سەرکوت کردنی پێشەنگانی کورد، لە لایەن ڕۆحی و کلتووریشەوە هێرشێکی بەرفراوان کرایە سەر کوردان و ویستیان بەم جۆرە دەنگی کوردان ببڕن. بە تایبەت بە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن هەوڵ درا کە گەلی کورد لە ڕاستی خۆی دوور بخرێتەوە.

لە کاتی کۆمەڵکوژی دێرسیم لە ساڵی ١٩٣٨ ژنانی کورد لە بەر ئەوەی نەکەونە دەست دوژمن و بێ ڕێزییان پێ نەکرێت، بە کۆمەڵ خۆیان ئەخەنە ناو ئاوی مونزور. ئەوە ڕاستییەکە کە ئەو بوێری و کۆڵنەدەرییەی ئەو ژنانە هەم لە چاندی عەلەوی گەرییەوە دێت و هەم سەرچاوە لە چاندی کوردایەتییەوە ئەگرێ. لە بەر ئەمەش بوو کە دوژمن هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە لەم دوو چاندە داماڵێ و ئەوەشی بە هەموو شێوازەکانی ئاسیمیلاسیۆن پێک ئەهێنا. بەڵام دوژمن قەت بیری نەدەکردەوە کە ئەو شوێنەی کە زێدەترین کوشتار و ئاسیمیلاسیۆنی تێدا بەڕێوە بچێت، ڕۆحی خۆڕاگری لەوێ سەرهەڵدەدات. دوژمن وای بیر ئەکردەوە کە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە جارێکی دیکە ناوی کورد و کوردستان نابیسترێت.

بەڵام جارێکی دیکە لەو هەرێمە کە زێدەترین کوشتن و ئاسیمیلاسیۆنی تێدا بەڕێوە برا، ڕۆحی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی ومەزن کردنی شۆڕش و ئازادی کوردستان دەستی پێکرد. لە بەر ئەوە شەهید سارا بە تێکۆشانی ساڵان، شۆکێکی گەورەی لە دوژمن دا و ئەو پەیامەی بە دوژمن دا کە تۆ ناتوانی گەلی کورد و ژنی کورد لە ناو ببەی. ڕاستییەک لە کوردستان دا هەیە کە لە کوێ کۆمەڵکوژی و قەتڵی عام بەڕێوە بچێت، پێشەنگی گەل لەوێ دەرئەکەون. چونکە هەرە زێدە ئەوان پێویستی خۆیان بە ئازادی ئەبینن و هەوڵ ئەدەن تێکۆشانی بۆ بکەن.

لە بەر ئەوە هەڤاڵ سارا وەک ژنێکی کورد بووە تروسکەی هیوا بۆ هەموو ژنان، بووە تیشکێک کە تێکۆشانی ژنانی ڕوناک کردەوە. بووە خوێنێک کە ڕژایە دەمارەکانی شۆڕشگێڕان لە هەموو کوردستان. ئەوڕۆ هەڤاڵ سارا وەک پێشەنگی هەموو ژنان و وەک پێشەنگی ئازادی و حەقیقەتی ژیان پێناسە ئەکرێت.

فاشیزمی تورکیا و ئەشکەنجەگەرانی وەک ئەسەد ئۆکتای لە زیندانی ئامەد، بە هەموو هێزی خۆیانەوە هەوڵیان دا هەڤاڵ سارا و بە دەیان هەڤاڵی وەک ئەو لە ئامانجەکانیان پاشگەز بکەنەوە، بەڵام نەیانتوانی بگەن بە ئامانجەکانیان. بە پێچەوانەوە زیندان کرایە شوێنی تێکۆشین و خۆڕاگری و نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ لە تێکۆشانی ئازادیخوازی. دوژمن وای ئەزانی کە بە زیندانی کردنی ئەوان بێدەنگیان ئەکات، بەڵام نەیدەزانی کە زیندان ئەبێتە گۆڕەپانی هەرە بەهێزی خەبات و تێکۆشین.

شەهید سارا ئەوڕۆ تەنیا یەک کەس نیە، بەڵکوو لە دڵ و مێشکی هەموو ئەو مرۆڤانەدایە کە لە ئازادی ئەگەڕێن و بووە سەمبۆلی ئازادی و خۆڕاگری. شەهید سارا نەک تەنیا لە ناو ئەو کەسانەدا کە ئەیانناسی خۆشەویست بوو، بەڵکوو لە دڵی ئەو کەسانەشدا کە قەت نەیان دیتووە شوێنێکی تایبەتی هەیە و بە هەزاران کەس هەبوون کە ئەیانەویست بۆ تەنیا جارێکیش بووبێت هەڤاڵ سارا ببینن. تا ڕادەیەک کە ژنە هونەرمەندێکی تورک لە دوای شەهادەتی هەڤاڵ سارا ئەڵی: “من ئەوڕۆ هەڤاڵێکی زۆر ناخۆشم بیست. زۆر خەمبارم کە نەمتوانی پێش شەهادەتی هەڤاڵ سارا ئەو ببینم، بەڵام بەشداری مەراسمی بە خاک سپاردنی ئەو ئەبم. ژنی پێشەنگ، ژنی شۆڕشگێر، ژنێک کە کەوتە دڵی بە هەزاران مرۆڤەوە.”

شەهید سارا لە هەموو تەمەنی خۆتدا کەسایەتییەکی بە دیسیپلین و بە بەرنامە بوو. بە تایبەت ڕۆحی گەنجی لە ناو کەسایەتیدا زۆر بەهێز بوو و ئەیویست کە هەمیشە ژنان و گەنجان بەو ڕۆحەوە ژیان بکەن.هەڤاڵ سارا نەک تەنیا بۆ پارچەیەکی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو پارچەکان بە بەرپرسیارێتییەوە هەڵسووکەوتی ئەکرد و دیارە ئەوەش لە بەرپرسیارەتی پێشەنگ و ڕۆحی ئاپۆییەوە سەرچاوە ئەگرێت.

شەهید سارا هیوایەکی زۆری بە تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو. ساڵی ٢٠١١ کاتێک بەشدای سێهەمین کۆنفڕانسی( YJRK) بوو، دڵخۆشی و مۆڕاڵێک کە لەو کۆنفڕانسە گرتبووی هێنایە سەر زمان. ئەو کۆنفڕانسە لە چواری نیسان ساڵڕۆژی لە دایکبوونی سەرۆک ئاپۆ پێک هات و هەر لەبەر ئەوەش خاوەن واتا و گرنگییەکی تایبەت بوو. ئەو ڕۆژە لە مێژووی گەلی کورددا وەک ڕۆژی زیندوو بوونەوە پێناسە ئەکرێت. چواری نیسان بووە گڕکانێک لە دڵی گەلی کورد و سەر لە نوێ لە دایکبوونەوەیەک بە تایبەت بۆ ژنانی کورد.

پەیامی شەهید سارا بۆ کۆنفڕانس بەم شێوازە بوو: هیوای من بۆ شۆڕشی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرە. چونکە چاندی دایک خوداوەند لەوێ هێشتاش بەهێزە و بەو ڕۆحەوە تێکۆشان بەڕێوە ئەچێ. بە ساڵانە سیستەمی دەسەڵاتداری و دەوڵەتدار هەوڵی داوە ئەو چاندە لە ناو ببات و بە تایبەت ویستیان لە کەسایەتی ژنی کورددا ئەو ڕۆحە بکوژن. هەڤاڵ سارا ئەو ڕۆحەی لە ژنی کورد و ژنانی ئێران دا دیت. هەڤاڵ سارا هیوای خۆی بۆ ئامادەبووانی کۆنفڕانس باس کرد و گوتی با ئێمە بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد و ژنانی هەموو ئێران ئەم چاندە زیندوو بکەینەوە و بە ڕۆحی ئاپۆیی پێشەنگایەتی ژیان بکەین.

پەیامی هەڤاڵ سارا بۆ ژنانی کورد و ئێران ئەوە بوو کە ئەبێ ژن خۆیان بۆ پێشەنگایەتی و هەڵگرتنی باری شۆڕش ئامادە بکەن و ئەو چاندە کە چاندی دایک خوداوەندە زیندووتر و بەهێزتر بکەن. شۆڕشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوە سەرەتاییەکانی هەڵ ئەگرێ و ئەو تواناییەی تێدا هەیە کە شۆڕشی چاندی ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک بهێنێت. ئەبێ ژنانی ڕۆژهەڵات خۆ لە بەرپرسیاری دوور نەگرن و باری شۆڕش بگرنە ئەستۆی خۆیان.

کاتی گەڕانەوە لە کۆنفڕانس هەڤاڵان پێی ئەڵین دیارە لە کۆنفڕانس هێزێکی زۆرت گرتووە. ئەویش ئەڵێ من لەوێ ئەو چاندی دایک خوداوەندییەم دیت کە تا ئێستاش هەر زیندووە و بە پێشەنگایەتی ژنان هەر بەردەوام ئەکرێت. من هێزێکی زۆرم لەو کۆنفڕانسە گرت و بڕوام وایە کە ژنێک کە لە ڕاستی خۆی دوور خراوەتەوە و بە سەدان ساڵە لە ڕێی کاپیتالیزمەوە هێرش ئەکرێتە سەر بەدەن، مێشک و ڕۆحی، جارێکی دیکە بەو چاندە خۆڕاگری پێش ئەخات و لە هەمبەر سەرمایەداری دەرئەکەوێت و ئەڵێ من هەم و هێزی من بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سسیستەمە هەیە. ژنی کورد باش لەو ڕاستییە گەشتووە کە چۆن کاپیتالیزم ڕۆژانە بەدەنی ژن پارچە پارچە ئەکات و هەر پارچەیەک بە نرخێک ئەفرۆشێ. هەر بۆیە ئەیهەوێ بە ناسینی حەقیقەتی خۆی لە هەمبەر ئەوە شەڕ بکات.

شەهید سارا بە دیتنی تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆر خۆشحاڵ بوو و داهاتوویەکی زۆر باش و ئەرێنی بۆ ئەم تێکۆشانە پێشبینی کرد. ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە خۆڕاگری هەڤاڵ سارا لە زیندانی ئامەد لە هەمبەر داگیرکەری بووە هێز و پاڵپشت بۆ هەموو ژانی کورد و هەموو جیهان. و ئەوڕۆ ژنان لە زیندانەکانی ئێران بەو ڕۆحەوە تێکۆشان بەڕێوە ئەبەن. هەر چۆن لە دەیەی هەشتای زایینی تا ١٩٩٠ شەهید سارا توانی خۆڕاگرییەکی مەزن لە هەمبەر قورسترین ئەشکەنجەکان پیشان بدات، هەر بەو ڕۆحەوە ژنان لە زیندانەکانی ئێران لە بەرامبەر هۆڤانەترین ئەشکەنجەکانی کۆماری ئیسلامی خۆڕاگری ئەکەن و ئەو خۆڕاگرییە بۆ خۆیان بە نموونە ئەگرن. خۆڕاگری شەهید شیرین له زیندانی ئێڤین زۆر لە خۆڕاگری شەهید سارا و زیندانی ئامەد ئەچێت. هەروەهاخۆڕاگری ژنانی گیراوی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران بە پێشەنگایەتی زەینەب جەلالیان لە ڕاستیدا بەردەوامی تێکۆشانی هەڤاڵ سارا لە زیندانی ئامەدە.

ڕژیمی فاشیستی تورکیە وای ئەزانی کە بە شەهیدکردنی هەڤاڵ سارا و دوو هەڤاڵی، خۆڕاگری ژنان تێک ئەشکێنێ و تەڤگەری ئاپۆیی زەعیف ئەکات. ژنانی کورد زۆر بە باشی توانیان لە ئامانجی دوژمن تێبگەن و هەر لەبەر ئەوەش دوای شەهادەتی ئەو هەڤاڵانە دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە. دوژمن سارایەکی کوشت، بەڵام بە هەزاران سارا نەک بە تەنیا لە ناو کورددا بەڵکوو لە هەموو جیهان دا بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوون تا بۆ ئامانجی هاوبەشی هەموو ژنان تێبکۆشن و بەو شێوە شەهید سارا بووە کەسێکی ئینتێڕناسیۆناڵیست و جیهانی.