ئارین زانا

(بۆ بەڕێز لەیلا گوڤەن و هەموو ئەو کەسانەی کە بە بڕیاری مانگرتنی خۆیان، گیان لە سەر دەست بەرەو پیری ئازادی ئەچن!)

 

لە مێژوودا هەندێک ئان و سات هەن کە ئەبەدی ئەبن و قەت لە یاد ناچنەوە. هەندێک کەس هەن کە ئەبنە ئەفسانە و لە سەر زار ناکەون و هەندێک چیرۆک هەن لە دوای سەدان و هەزاران ساڵ بەرگی نوێ لە خۆ ئەکەن و سەر لە نوێ ئەدرەوشێنەوە . سەیرە ئەڵێی جارێکی دیکەش لەیلا لەسەر ڕێی عەشق دا وەستاوە و ئەبێتە قارەمانی عەشقێک کە قەت ناکوژێتەوە و ئەبەدی ئەبێت.

لەیلای ئەمڕۆ میراسداری هەموو ئەو لەیلایانەیە کە واتایەکی ڕاستەقینەیان بەعەشق بەخشی و گەیشتن بە دوایین سنووری پیرۆزی و نەمری. هەمووان ناوی لەیلایان بیستووە. ئەو لەیلایەی کە بە وەفاداری بە عەشقی مەجنوون بووە ئەفسانە و قەت نەیهێشت ئەم عەشقە بۆ چرکەیەک لە دڵیدا کەم بێتەوە. لەیلا نای وت بەو عەقڵییەتە وا ئەیهەوێ بە داگیرکردنی جەستەی ژن ئەو بکات بە موڵکی خۆی و بووە قارەمانی عەشق.

سەدەها ساڵ دواتر لە کوردستان لەیلایەکی بوێر جارێکی دیکە نای وت بە زۆرداری و واتایەکی نوێی بۆ عەشق خوڵقاند. لەیلا قاسم بووە ئەو سەمبۆلە جوانە کە هەزاران کچ و کوڕی ئەم وڵاتە کردیانە نموونە بۆ خۆیان و لەسەر ڕێی ئەو ڕێیان گرتەبەر و بووە ئیلهام بۆ هۆنراوەی شاعیران. لەیلا بووە بووکی کوردستان و سەربەرز ئازادی لە ئامێز گرت و مەشعەلی عەشقی گەیاندە لەیلاکانی دوای خۆی.

لە سەرەتای سەدەی بیست و یەک، ئاگری جەستەی لەیلایەک، گیانە خەواڵووەکانی لە خەو ڕاچڵەکاند و وتی کەس ناتوانێ ڕۆژی ئێمە تاریک بکات! لەیلا والی حوسەین ناسراو بە ڤیان بووە ئەو خوداوەندە کە سەر لە نوێ عەشقی ئافراند. لەیلا زۆر باش هەستی بەوە کردبوو کە ئەوەی کە توانی ژن بگەیێنێتەوە بە واتای ڕاستەقینەی ژیان، تەنیا و تەنیا یەک کەسە و ئەویش سەرۆک ئاپۆیە. ئاگری جەستەی لەیلا تا ئەوڕۆش بڵێسە ئەدات و هەر بە پیت و گڕە و ڕێی ڕێبوارانی وڵاتی عەشق ڕوناک ئەکات.

شتێکی زۆر جوانە! ئەڵێی ئەم لەیلایانە میراسی عەشقی خۆیان بۆ ئەوەی دوای خۆی بە جێ هێشتووە.

ئەوڕۆ ئەم میراتەیە لە لەیلایەکدا کۆبۆتەوە کە ئەزانێ ئەگەر ئەرکی خۆی لە هەمبەر مێژوو و لە هەمبەر ئەوانەی پێش خۆی بە جێ نەهێنێ، لەوانەیە ڕۆژێک بێت کە مرۆڤایەتی لە هەرچی واتای جوانی خۆی داماڵرێ و تەنانەت چیرۆکی لەیلاکانیشمان وەک چیرۆکی دایکە خوداوەندوکانمانی بە سەردا بێت.

لەیلا زۆر جیاوازە لەو پێوانانەی کە سەرمایەداری دیاری کردوەە و جوانی ئەو لە جوانی بووکەڵەکانی سەرمایەداری ناچێ. ئەو ژنێکە کە بە چەکی بڕوا و خۆناسین ئەجەنگێ و عەشق بە یەکسانی و ئازادی ژن ئەوی جوان کردووە. ئەو باش ئەزانێ کە گۆشەگیرکردنی سەرۆک ئاپۆ واتا چی!؟ ئەزانێ کە بۆچی دوژمن بە هەموو هێزیەوە ئەیهەوێ مەودا بخاتە نێوان سەرۆک ئاپۆ و گەلی کورد. ئەزانێ ئەبێ وەک ژن وەفای خۆی بۆ ئەو کەسەی کە ژیانی بە ژن بەخشی پیشان بدات و بۆ ئەوەش بووە پێشەنگی ئەم هەنگاوە مێژووییە.

لەیلا بۆ سەرکەوتن ئەجەنگێ! وەک سەرۆک ئاپۆش ئەڵێ ئەوەی سەرکەوتنی نەبێ عەشقیشی نابێ!

گەلی کورد کەوتۆتە ناو ڕێگایەک کە ئیتر گەڕانەوە لێی نابێ و تەنیا یەک هەڵبژاردە لە بەردەم ئێمەدا هەیە و ئەویش سەرکەوتنە.هەرکەس ئەبێ هەست بە هەستیاری ئەم پێواژۆیە بکات و بە پێی ئەو هەستیارییەش هەڵسوکەوت بکات. پێشەنگایەتی ئەم هەنگاوە مێژووییە کە هەر دەچی پەرە دەستێنێ، ژنی کوردە و ئەوەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ژنی کورد گەشتووەتە ئەو ڕادەیە لە خۆ ناسین کە قەت ڕازی نابێ تاقە هەنگاوێک بەرەو دواوە هەڵبێنێ.

لەیلا گوڤەن ئەوڕۆ بۆتە ڕەمزێک بۆ هەموو ئازادیخوازانی جیهان. دوژمن چی لە دەست دێت بە کوشتن و لێدان و ئەشکەنجە دژێ گەلی کورد ئەیکات، بەڵام ئەم گەلە یەک داوایان هەیە و ئەویش شکاندنی گۆشەگیری سەر سەرۆک ئاپۆیە و بۆ ئەوەش لە گیان شیرین تر شک نابەن تا بیکەنە قوربانی بۆ ئەوەی دیدەیان بە دیداری ڕێبەریان ڕوناک بێتەوە.

ئەوڕۆ لەیلای کورد جارێکی دیکە ئەفسانە ئەخوڵقێنێ و بە گوێ کەڕ و چاوە کوێرەکانی هەموو ئەو دەوڵەتانە وا بانگەشەی مافی مرۆڤیان سەرابێک زێدەتر نیە هاوار ئەکات: ” گەر بە ئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم.”

ئەم ئاگرە کە لە چاوانی لەیلاوە بڵێسە ئەدات، هەر دێ و بە پیت و گڕتر ئەبێ و ئەڤیندارانی ئازادیی بە دەوری خۆیدا کۆ ئەکاتەوە وموژدەی دواڕۆژێکی ڕوناکمان پێ ئەدات. چەپک چەپک سۆز و خۆشەویستی بە بۆن و بەرامەی چیا و بەفر و ئازادی بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی کە سنوریان بێ واتا کردووە و بە دروشمی یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن، هەنگاو بەرەو پێش دەنێن.