هێژا هەڵەبجەیی

ئەمرۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەر دەبێت، سیستەمی سیاسی، ئیداری، ئابوری، کۆمەڵایەتی جیهان لە قەیرانێکی قووڵ دایە، ئەمرۆ ئەوەش دەبینین کە ئەو قەیرانانە بوون بە بەڵا بەسەر دەوڵەتانەوە. ئەو قەیران و گێژاوەی کە بەرۆکی  دەوڵەت بە گشتی و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت بووەتەوە مرۆڤایەتی لە چارەسەر کردنی ئەو ئاڵۆزیانە بێ هیوا کردووە. هەموو گەلان، هێز و لایەنێکی سیاسی، ئایدیا جیاوازەکان، چەپ و لیبراڵ و سۆسیالیستەکان، دەوڵەت نەتەوەکان لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشانەدان، هەر بۆیە ئەو کێشانەی کە ئەمرۆ ڕووبەڕووی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش بووەتەوە بەدەر نیە لەو ئاڵۆزیانەی کە لە ناوچەکەو جیهاندا هەیە. بێ چارەبوونی دەوڵەت لەم دۆخەدا دەبێتە هۆکارکە هەوڵدان بۆ چارەسەری ببێتە ئەرکی تاک بە تاکێکی کۆمەڵگا. لە کاتێکی وەک ئێستادا کە ماسکی دەوڵەت دەکەوێت و زیاتر ڕووی ڕاستی دەسەڵاتداران ئاشکرا دەبێت، ڕاستی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانیش لە دۆخێکی بەم ڕەنگەدا دەر دەکەوێت، کە ئایا تاچەند دەتوانێت کێشەو قەیران و ئاڵۆزیەکان چارەسەر بکات؟ هەندێک دەخوازن لە ڕێگای دەوڵەت ـ نەتەوە، هەندێکی تر لە ڕێگای بەسیاسی کردنی ئاینەوە، هەندێک گروپیش دەخوازن لە ڕێگای مۆدێلی لیبراڵیزمەوە پرسەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکەن. ئاشکرایە کە هەموو ئەم تێزانە خۆیان بەچارەسەری بەناو دەکەن وە ئەوەش دیارە کە هەموو هەوڵدانەکانیان لەو چوارچێوەیەدا دەسووڕێتەوە. لێرەدا گوومان و پرسی ئەوە دێتە پێشەوە کە ئایا ئەم هێز و گرووپانە دەتوانن کێشەو قەیرانەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکەن؟ یان تاچەند لە توانایان هەیە شرۆڤەیەکی ڕاستی ڕووداوەکان بکەن.

لە کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا مومکین نیە هیچ کام لە ڕێگای نەتەوە ـ دەوڵەت، یان ڕوانگە ئاین و مەزهەبیەکن، یان ئایدیای لیبراڵ و نیۆلیبراڵ، هەتا سۆسیالیست و چەپەکانیش توانای چارەسەرکردنی ئەم قەیران و ئاڵۆزیانەی نیە، بۆچی؟ چونکە هەر یەک لەم فکر و ئایدۆلۆژیانە تا ئاستێک یان لە چوارچێوەیەک دا توانای شیکاری بۆ کێشەکان هەیە، هیچ سیستەمێکیان بەگشتگیری توانای شیکاری کێشەکانی نیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم سیستەمانە یان دژ بەیەکترن یان خاڵی هاوبەشیان لاوازە یانیش مەودای بەیەک گەیشتنیان لەیەکدی زۆر دوورە، لەبەر ئەوە چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شیکاریەکی هەمەلایەنەی سیستەمەکانی دەوێت کە بە فۆرمێک ڕووبەڕووی ئەم قەیرانانە ببێتەوە. لێرەدا تێزی ڕێبەر ئۆجالان کە ڕێبەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆرهەڵاتی ناوینە شایستەی ئەوەیە کە ببێتە بنەما بۆ چارەسەر کردنی قەیران و ئاڵۆزیەکانی ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە ژێر ڕکێفی دەوڵەتانی داگیرکەردان. تێزی ڕێبەر ئۆجالان کە کۆتێزی هەموو تێز و ئەنتی تێزەکانە، دەتوانێت وەڵامدەرەوەی هەمووئەم قەیرانانە بێت. ئەو تێزەی ڕێبەر ئۆجالان کە سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە، دەتوانێت هەموو گەلانی جیاواز، چاندو کلتوری جیاواز، ئاین و باوەڕیە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە ئامێز بگرێت و ڕەنگی هەر فۆرمێکی جیاواز لە ناو ڕەنگینی کۆمەڵگادا بمێنێتەوە.

ئەم سیستەمە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەش دەداتەوە کە ئایا کۆمەڵگا دەتوانێت بەبێ دەوڵەت خۆی بەڕێوەببات و کێشەکانی خۆی چارەسەربکات؟ مرۆڤایەتی لە ژیانێکی دوور و درێژی خۆی دا توانیویەتی بەبێ بوونی دەوڵەت خۆی بەرێوە ببات بۆچی لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا دەوڵەت بووە بە سەرچاوەی ژیانی کۆمەڵگا؟ ئایا کۆمەڵگاکان بەبێ دەوڵەت ناژین؟ ئەگەر سەیری مێژووە نوسراوەکان بکەین دەبینین کە دەوڵەتان هەرچەندە لەرووخساردا گۆڕانکاریان ئەنجام داوەو مۆدێلی جیاجیایان دروستکردووە، بەڵام ڕووبەڕووی هەمان پرس بوونەتەوە و نەیان توانیوە وەڵامی پرس و داخوازیەکانی کۆمەڵگا بدەنەوە. نەک تەنها نەیان توانیوە وەڵامدەرەوە بن، بەڵکۆ لە سایەی دەوڵەت دا پرسەکانی تاک و کۆمەڵگا، سیستەم، ژینگە، ڕەگەز و چینایەتی، ئابووری، نەتەوە، ئاین، بەرەو قەیران چوون.

پارادیگما و جیهان بینی ڕێبەر ئۆجالان کە تێزێکی نوێیە بۆ چارەسەر کردنی ئەم پرسانە شیاوترین و گونجاوترین سیستەمی بەرێوەبردنی کۆمەڵگایە، چونکە سەرچاوەی ئەم تێزە هەر خودی کۆمەڵگا بۆ خۆیەتی. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای سروشتی کە کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و پۆلەتیک بوو هەموو ئازادیەکان بە پەرنسیپی ئەخلاقی پەرژین کرابوون، لە ئێستادا کە کۆمەڵگا بێ ئومێد و بێ موڕاڵ ماوەتەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکانیدا، ئەم تێزەی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت گرووتینێک بە تاکەکانی کۆمەڵگا ببەخشێت و هیواش بۆ کۆمەڵگا بگەرێنێتەوە. ناوەڕۆکی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە تاک وەک هاوڵاتیەکی ئازاد خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆی بکات بۆئەوەی بتوانێت لەدەرەوەی سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵات خۆی بەڕێکخستن بکات. ئەم خۆبەرێکخستنەش بە خۆبەرێوەبەری دیموکراتی ناوزەد کراوە. ئەم تێزە لە ڕوانگە ئایدۆلۆژیەوە چەمکی دەوڵەت و ناوەند گەرایی قبوڵ ناکات، لە ڕووی سیاسی و ئیداریەوە دەوڵەت لە سنوری خۆی دا دەهێڵێتەوە و دەوڵەت بەم فۆرمەی ئێستا کە هەیەتی قبووڵ ناکات. لەهەموو ڕوانگەکاندا ئەم سیستەمە ناخوازێت پش بە دەوڵەت و دەسەڵات ببەستێت لە چارەسەر کردنی کێشەکاندا. بەڵکۆ بە هێزی کۆمەڵگاو ئیرادەی تاکی ئازادی کۆمەڵگا هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.نهێنی سەرکەوتنی ئەم تێزە ئەوەیە کە پشت بە ئیرادەی هەموو گەلان و ئاینە جیاوازەکان و هەموو ڕەنگەکانی تری کۆمەڵگا دەبەستێت. ڕووداوەکانی خۆڕهەڵاتی ناوین و کوردستان و بێ چارەبوونی دەوڵەتان لەگەڵ ئەم قەیرانەدا سیستەمێکی بەم ڕەنگە دەکاتە پێویستیەکی ژیانی بۆ کۆمەڵگا.

چ کۆمەڵگایەک دەتوانێت ئەم سیستەمە جێ بەجێ بکات؟

دیارە کە بناغەدانەری کۆمەڵگاکانی ئەمرۆ بۆ کۆمەڵگای سروستی دەگەرێتەوە. هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە هەتا ئەمرۆ دروست بوون لە جەوهەردا کۆمەڵگا گەلێکن کە پڕاوپڕن لە بەها کانی مرۆڤایەتی، ئەگەر ورد ببینەوە دەبینین هەر تاکێک یان هەر ڕەنگێک یان رەگەز و نەتەوە و ئاینێک ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایانە بوون. کۆمەڵگای کوردستانیش بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی پێشەنگی ئەم کۆمەڵگایانە بووە. گەلانی مەدیایی لە مێژوو دا مۆری خۆیان لە سیستەمێکی بەم ڕەنگەی کۆمەڵگا داوە، پێکەوە ژیان، هاوخەمی ژیان، بەرێوەبردنی ژیان ، پاراستنی ژیان لەناو گەلانی مەدیایی دا ئەرکی هەموو تاک و کۆمەڵانی کۆمەڵگابووە. کۆمەڵگای ئەمرۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش هەمان ڕەنگی کۆمەڵگای مەدیاین. ئەمرۆ دەبینین لە هەمان کۆمەڵگادا نەتەوەکانی کورد وفارس و ئازەری و بەلوج و عەرەب ، لە گەڵ هەموو پێکهاتە دینیەکانی وەک زەردەشتی، ئیسلامی شیعە و سوننە، کاکەیی و یارسان، کریستیان و هەموو باوەڕیەکانی تر لەناو کۆمەڵگادا بەو پەڕی ڕێزداریەوە ڕێز لە ڕەنگەکانی کۆمەڵگا دەگرن. ئەوەی جێگای سەرنجە سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانە کە ئەم ڕەنگانەی کۆمەڵگای کاڵ کردووەتەوە، یان نەی هێشتوون. داگیرکەری ئێران هەموو هەوڵەکانی بۆ بە هێز کردنی هێڵی شیعە و ناسیۆنالیزمی فارسە،  بۆ ئەمەش لە ڕێگای بە سیاسی کردنی دینەوە ناکۆکی و دوو بەرەکی خستۆتە ناو ئاینە و نەتەوە جیاوازەکانەوە. لەبەرامبەر چارەسەر کردنی دۆزی گەلانیش بەتایبەت دۆزی گەلی کوردا بێ چارە بووە و یان هەوڵی بە کرێگرتنی کوردانی داوە، داگیرکەری ئێران ڕۆژانە تێکۆشەرانی دۆزی کوردی لە سێدارە داوە، ئەمەش ئاستی فاشیزمی ئەو ڕژێمە داگیرکەرە نیشان دەدات. هەرئەمەشە وای کردووە کە ئیرادەی کوردی ئازاد، لە بەرامبەر سیاسەتی دڕندانەی داگیرکەری ئێران دا لە ڕێگای یاخی بوون لە سیستەم تێکۆشانێک نوێ دەسپێ بکەن، گەلی کورد ٤٠ ساڵە لە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران یاخیە.

بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران سیاستی تایبەت بۆ دەستەمۆ کردنی ژن و گەنجانی وەک  دوو پێشەنگی کۆمەڵگا هەبووە، دەوڵەتی داگیرکەری ئێران هەمیشە لەو دوو توێژە پێشەنگەی کۆمەڵگا ترساوە، هەر بۆیە هەوڵدەدات گەنج و ژن بێ ئیرادە بکات، سیاسەتی دەستەمۆ کردنی ژن و گەنج سیاسەتی دەستەمۆکردنی تەواوی کۆمەڵگایە، کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران زیاتر لە ٤٠ ساڵە پەیڕەوی دەکات. ئاشکرایە کە  لە نیوە زیاتری گەنجانی کۆمەڵگای ئالوودەی موعتاد کراون، دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بۆئەوەی دەرفەت بۆ بیرکردنەوەی گەنج نەمێنێت سیاسەتی موعتادکردنی گەنجان بەڕێوەدەبت، هەر لە چوار چێوەی دەستەمۆکردنی گەنجان سیاسەتی سەربازی زۆرملێ و بەرێکخستن کردنیان لە ناو سیستەمی ئیتلاعات و بەسیج دا کە گەنجێک نەماوەتەوە لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران ببێت. هەمان سیاسەت لە بەرامبەر ژنانیش بەرێوە دەچێت، پرۆسەی سیغە پرۆژە یاسایەکە بۆ بەستنەوەی ژن بە گەنجی دەستەمۆکراوەیە، دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لێرەدا دەیەوێت هەردوو هێزی  پێشەنگی کۆمەڵگا بێ ئیرادە بکات، زەواج بێ ئیرادەیی نیە، سیاسەتێکی بەم شێوایە لە سەرلێشێواندنی تاکەکانی کۆمەڵگا زیاتر هیچی تر بە دوای خۆیدا ناهێنێت.

کۆمەڵگایەکی بەم ڕەنگە بەدەر نیە لە دیاردەی لەڕێلادانی کۆمەڵایەتی، کێشە کۆمەڵایەتیەکان و دیاردەکانی شەڕو شۆر، کوشتن، دزیکردن، تووندوو تیژی، فاحیشە بەرهەمی سیاسەتی چەپەڵانەی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە. توندوتیژی دژ بە ژنان پرۆسەیەکە کە کۆماری ئیسلامی خۆی سەرمەشقی دەکات. دیارە لە کۆمەڵگایەکی بەم ڕەنگە ئەوەی سەرگەردان دەبن منداڵانن، منداڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبنە قوربانی ئەو دیاردانەی کە کۆمەڵگا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت. کارکردنی منداڵان لە تەمەنێکی بچووکدا هیوا دەبەخشێتە سیاسەتمەدارانی کۆماری ئیسلامی، چونکە کارکردنی ئەوان لەو تەمەنە بچووکەدا وا دەکات کە لە کاتی گەورەبوونیشیاندا هەر کار بۆ خزمەتکردنی ئەو سیستەمی بەڕێوەبردنەی کۆمەڵگا بکەنەوە. کۆڵبەرانی سەرسنور، ئەو کۆڵبەرانەی کە  شەختەبەند و سەهۆڵبەندانی زستان بە بەهەنگاوی گەرمیان دەتوێننەوە و گەرمایی هاوینانیان بە هەناسە ساردەکانیان فێنک دەکەنەوە، ئەو مرۆڤە ڕەنجدەرانەی کە پێشمەرگە ئاسا بۆ ژیانێکی سەربەر گیان لەسەردەستن، بۆ دەبێت کۆماری ئیسلامی  کوشتنی ئەم ڕەنجدەرانە حەڵال بکات؟ دەبێت کەی ئەم ڕەنجدەرانە لە کوشتن ڕزگاریان ببێت؟ کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتیدا سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی بەسەر کۆمەڵگاوە بەرێوەبردووە، سیاسەتێک کە خەڵكی فێر کردووە لە بەرامبەر زۆرترین ڕەنجیاندا دروشمی زندگی سەختە واتا (ژیان زەحمەتە) بڵێنەوە. لێرەدا دەبێت دەستەواژەی  کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاست بکرێتەوە، چونکە ئەو دەسەڵاتە بەهەموو جۆرێک لە جۆرەکان دوورە لە کۆمارێکی ئیسلامیەوە، ئەو دەسەڵاتە تەنها و تەنها سیستەمی دەوڵەتێکی داگیرکەرە کە تەجاوزی هەموو پیرۆزیەکانی کۆمەڵگا دەکات.

پەیوەندی گەلی کورد لە گەڵ گەلی فارس دا بنەمایەکی مێژووی هەیە، فارس بە گوێرەی هەر گەلێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت هێزی لە کوردان وەربگرێت زەمینە بابەتیەکانی ئەمەش لە ئارادایە، ئێران پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا نیە، ئەمەش لە قورسایی ئێران کەم دەکاتەوە. بڵند بوونی ئاستی تێکۆشانی کوردان دەبێتە پاڵنەر کە کێشە مێژوویەکانی ئێران لەگەڵ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان چارەسەر ببێت. تێکۆشانی گەلی کورد بۆ ئازادی ئەم هەل و مەرجە بۆ گەلانی دیکەی ئێران گونجاوتر دەکات. پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگا لەم دۆخەی ئێستای کۆمەڵگا باش تێبگەن، خوێندنەوە و شرۆڤەیەکی واقیع بینیانەی بۆ بکەن، گەنجان و ژنان پێویستە لە هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگادا ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕن، چونکە تەنها لە توانی ئەوان دایە کە کۆمەڵگا ڕاپەڕێنن. دەوڵەتی  داگیرکەری ئێران ئێستا لەهەمووکات زیاتر لە سەرەمەرگی خۆی نزیک بووەتەوە، هەر بۆیە بە هەزاران کچ و کوری تێکۆشەری ئازادی کۆمەڵگایان لەمەیدانەکاندا بۆ تۆقاندنی خەڵکی لە سێدارەدا. ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەوانان ئەوانەی کە تاکە وشەی ئازادی یان نوسیبێت ئێستا لە زیندانەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرەدا شەو و ڕۆژ بۆ ئازادبوونی خۆیان دەژمێرن. دیارە هەموو دیاردەکانی تر کە سەرچاوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکانن، سەرچاوەکەیان بۆ خودی سیستەمی ئێران دەگەڕێتەوە.کەمترین یاسای لە دادگاکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێراندا لە گەڵ یاسا کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگا دەگونجێت. ئەو یاسایانەش کە ئەمرۆ کۆمەڵگای پێ بەڕێوە دەبەن بەدەرن لە هەموو بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگا. کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دۆخەدا بەدەست ئەشکەنجە و ئێشانەی کە سیاسیەکانی دەسەڵاتدارێتی ئێران بەسەریان هێناون دەناڵێنن.

لەهەموو کات زیاتر ئێستا گونجاوترین کاتە  کە  دەبێت کۆمەڵگا بگەرێتەوە بۆ خودی خۆی. خۆی بریار لەسەر چارەنوسی ڕۆڵەکانی بدات، خۆی خۆی بەرێوەببات، هەر بە خۆشی خۆی بپارێزێت، پێویستە لە جیاتی یاسا گڵاوەکانی ئێستا، ئەخلاق تێیدا پیرۆز و ئەرزشمەند بێت. بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگایەکی بەم ڕەنگەی ئێستا بۆ جەوهەری خۆی هۆشیاری کۆمەڵایەتی بۆ هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا پێویستە. پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگا هۆشیار ببنەوە، چاوکراوەبن ئەم ڕاستیان ببینن. چونکە تاکە ڕێگای ڕزگار بوونی کۆمەڵگا لەم دۆخەی ئێستادا ئەوەیە کە لە ڕێگای هۆشیاری کۆمەڵایەتیەوە کۆمەڵانی خەڵک بریاری شۆرشێکی کۆمەڵایەتی بدەن و هەنگاو بنێن  بەرەو ژیانێکی نوێ و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد.