ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە میانەی بەشداری کردن لە بەرنامەی هێڵی سێی ئاریەن تیڤی دا وەڵامی لێدوان و چەواشەکاریەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران دەداتەوە دەڵێت: ” ئێمە وەک PJAK زۆر جار بە ڕوونی ئەوەمان وتووە کە لەو شەڕە بەرژەوەندیخوازیەی کە لە ناوچەکەدا هەیە ئێمە بێ لایەنین و لایەنگری هیچ هێزێک ناکەین و لەبەرەی دیمۆکراسیداین. کەچی ڕژێمی داگیرکەری ئێران بۆ ڕەوایەتی دان بە داگیرکەری خۆی هێرشی هەمە لایەنە دەکاتە سەر گەلی کورد و چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاسۆس تۆپباران دەکات.”

لەسەرەتای بەرنامەکە دا ئامەد شاهۆ ڕوانگەی خۆی بۆ دۆخی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو و وتی:” شەری جیهانی سێیەم ئێستا لە قۆناغێکی نوێدایە، بێ گومان ناوەندی ئەو شەڕە ئەمرۆ لە کوردستانە و تەواوی هێز و لایەنەکانی ئەو شەڕە ئەمرۆ سیاسەتەکانیان لەسەر ناوچەکەمان پەیرەو دەکەن. هێزە هەژموونگەراکان بە پێی هێزی خۆیان شەری بەرژەوەندیخوازی خۆیان بەڕێوە دەبەن. دیارترینیان دەوڵەتی داگیرگەری تورکیا یە کە ئەمرۆ بە سیاسەتی نکۆڵی کردنی گەلی کورد دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر کوردستان و ناوچەکەدا بسەپێنێت.”

ئامەد شاهۆ لەبەر دەوامی قسەکانی دا دەشڵێت:” ئەمرۆ سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سیاسەتی هێزە نێودەوڵەتیەکانە کە دەیانەوێت لە ڕێگای تورکیاوە پێگەو ستاتۆی گەلی کورد لەم شەڕە جیهانیەدا لاوازبکەن. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا گەورەترین هێزی ناتۆیە لە ناوچەکەدا، لەبەر ئەوە لەسەر ئاستی باڵا پشتگیری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکرێت بۆ لە ناو بردنی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد و لاواز کردنی ئیرادەی ئازادیخوازی کوردان.”

ناوبراو ئەوەش دەخاتە ڕوو: “ ئەوەی لەسەرەتادا لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە کرا، ئەوەبوو کە گۆشەگیری خرایە سەر ڕێبەر ئاپۆ، ئەمەش بۆ ئەو مەبەستە بوو، کە ڕێگری لە پرۆژەی ئاشتیانەی گەلی کورد و تەڤگەرە ئازادیخوازیەکەی بگرن. بۆ ئەوەی قەیرانەکان چارەسەر نەکرێن و کێشەکان گەورەتر ببن لە ڕێگای دەوڵەتی تورکیاوە گۆشەگیریەکی توند خرایە سەر ڕێبەر ئاپۆ.”

“تێکۆشان بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئاستی جیهانیدا بێ وێنەبوو”

ئامەد شاهۆ لەدرێژەی قسەکانی دا تیشک دەخاتە سەر ئەو چالاکیانەی کە بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوە چوو و دەڵێت:” شۆڕشگێران و ئازادیخوازنی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ لەیلا گوڤەن و ناسر یاگز و گەلێک تێکۆشەری دیکە، لە زیندان و دەرەوەی زیندان و لە ئەوروپا  تێکۆشانێک بە دروشمی گۆشەگیری تێکبشکێنین، فاشیزم لە ناو ببەین، کوردستان ئازادبکەین دەستی پێکرد، ئەوە قۆناغی یەکەمی تێکۆشان بوو کە دوای 200 ڕۆژ گەیشتە ئەنجامی خۆی و پەیامی ڕێبەر ئاپۆش کە لە ڕێگای پارێزەرانیەوە بڵاوبوویەوە بەهەمان واتا بوو، کە تێکۆشان ئەنجامی خۆی بەدەست هێناوەو لە قۆناخی نوێ تێکۆشان دا دەبێت لەدژی فاشیزم بەرخۆدان بەرفراوان تر بێت. بۆ ئەوەی شکاندنی گۆشگیری گەرەنتی بکەین دەبێت ئاڕاستەی تێکۆشان لە ڕووی فاشیزم بێت و هەموولایەک لە ئاستێکی بەرزدا پەرە بە تێکۆشانەکانیان بدەن.”

ئامەد شاهۆ دەشڵێت:” دەبێت لە بیرنەکەین کە سیاسەتی ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەدەستی هێزە هەژموونگەراکانە، کە دەیانەوێت دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ گەلانی دیکەی ناوچەکەدا بەگژ یەکدا بدەن. لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم شەڕە کەس قازانج ناکات، لە ڕوانگەی ئێمەدا قەیران بەشەر چارەسەر نابێت، بەڵکوو بە پرۆژە و ڕێبازی ئاشتیانە یان بە دیالۆگێگی شەرافەتمەندانە دەتوانرێت چارەسەری بۆ کێشەکان فەراهەم بکات. پەیامی ڕێبەر ئاپۆ لەم قۆناغەدا زۆر بە ڕوونی دیار بوو کە گەلی کورد ئەمرۆ خاوەن پرۆژەی چارەسەریە بۆ قەیران و کێشەکانی ناوچەکە.  لەسەر ئاستی جیهانیشدا لەبەرامبەر قەیرانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا خاوەن هێڵێ سێیەمینە.

“ڕژێمی داگیرکەری ئێران خۆی هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەیە”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئامەد شاهۆ باس لە شەڕ و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت:” ئێران یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە شەر و ئاڵۆزیەکان لەناوچەکە قووڵتر دەکات، بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو شەڕەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا لە ئارادایە، ئێران ڕۆڵێکی بەهێزی هەیە بەتایبەت لەو هێزە سێبەرانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران پشتگیریان دەکات. دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت بەهەموو جۆرە ئیمکانی مادی و مەعنەوی هاوکاری ئەو گروپ و لایەنانە دەکات. ئەم سیاسەتەی ئێران بۆ ئەوەیە کە هەژمۆنی خۆی بە سەر ناوچەکەدا بسەپێنێت و کۆسپ لەبەردەم بەرژەوەندی زلهێزانی جیهان دروست بکات و بەمەش بتوانێت خۆی لە ئەگەری هەر هێرشێکی دەرەکی بپارێزێت.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە:” گەلانی ئێران ماوەی دوو ساڵە لە ناو چالاکی و ناڕەزایەتی دایە، ئیدی گەلانی ئێران ئەو سیاسەتانەی ڕژێمی داگیرکەری ئێران قبوڵ ناکات. ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئەمرۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەئارادایە، ئەوە دەسەلمێنێت کە گەلانی ئێران لەگەل ئەو سیاسەتانەی ڕژێمی داگیرکەری ئێراندا نیە. واتە لەگەڵ بەربڵاو کردنی شەڕ و ئاژاوە و توند و تیژیدا نیە.”

لە بەردەوامی قسەکانیدا شاهۆ ئەوەش دەڵێت:” لە ئێستادا هێزە هەژموونگەراکانی جیهان بە بیانووی ئەوەی کە ڕژێمی داگیرکەری ئێران دەستێوەردانی ناوچەکەدەکات گوشارێکی توندیان خستووەتە سەر ئێران. ئەوەش حاشا هەڵنەگرە کە ئەو ڕژێم لە ناوچەکەدا پەرە بە تیرۆر دەدات. ڕژێمیش سەرەرای ئەوەی کە هەر کەس دەزانێت هەوڵی نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا دەدات، کەچی سیاسەتی پەردەپۆش  کردنی کارە قیزەونەکانی دەدات، لە ڕوانگەی ئێمەدا ئەو سیاسەتەی کە ئێستا ڕژێمی داگیرکەری ئێران پەیڕەوی دەکات سەرناگرێت و توشی شکست دەبێت.”

تێکۆشانی گەلان لە ئێراندا تێکۆشانێکی ڕەوا و دیمۆکراتیکە

ئامەد شاهۆ لە درێژەی بەرنامەکەدا تیشکی خستە سەر تێکۆشانی گەلانی ئێران و وتی:” ئەوە 40 ساڵە گەلانی ئێران لەبەرامبەر زوڵم و زۆرداری و فاشیزمی مەزهەبی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناو تێکۆشاندان و بە هەزاران قوربانیان داوە. ئەو ڕژێمیش بۆ ئەوەی کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکات سیاسەتی برسی کردن و کۆمەڵێک دیاردەی تری دیکەی نا مرۆڤانەی لەناو کۆمەڵگادا پەیڕەو کردووە. تێکۆشانی گەلان لە دژی ئەو ڕژێمە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو سیاسەتەی لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت مایەی پەسەندکردن نیە، قۆناغ لە دوای قۆناغ هەڵوێستی جیاواز دەردەکەوێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەلانی ئێران بە شێوازی جیاواز بەرنگاری ئەو سیاسەتەی ڕژێـمی داگیرکەری ئێران دەبنەوە.”

ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاک چارەنووسی سیاسەتی فاشیستانەی ڕژێمی داگیرکەرانی ئێران بە دیکتاتۆرەکانی دیکە وێنا دەکات و دەڵێت:” ڕژێمی داگیرکەری ئێران تا قۆناغێک دەتوانێت پەرە بە دیکتاتۆریەت و فاشیزم و سیاسەتی نادیمووکراتیکی خۆی بدات. بەڵام لە جێگایەکدا دەبێت تێکبچێت. چونکە ئەو ئەزموونەی کە لە ناوچەکەدا هەیە ئەوەیە کە هەموو دیکتاتۆرەکان یەک لە دوای یەک تێکچوون، بەچی تێکچوون؟ بە ڕاپەرینی جەماوەری تێک چوون. بێ گوومان چارەنووسی ڕژێمی داگیرکەری ئێران لە چارەنووسی دیکتاتۆرانی ناوچەکە و جیهان زیاتر نابێت، لەوە دڵنیاین کە ڕۆژێک ڕژێـمی داگیرکەری ئێران هاوشێوەی داگیرکەران و دیکتاتۆرانی ڕابردوو هەڵدەوەشێتەوە.”

” 40 ساڵە گەلانی ئێران لە ناو بەندینخانەی رژێم دەژین”

ئامەد شاهۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت گەلانی ئێران خوێندنەوەیەکی واقیع بینانەیان بۆی هەبێت، ئەوەیە کە 40 ساڵە گەلانی ئێران لە ناو بەندیخانەیەکی کراوەدان. شاهۆ بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دەدات:” لەو بەندینخانەیەدا شێوازەکانی ئەشکەنجە بەسەر گەلاندا جێ بەجێ کراوە، شێوازی دەستەمۆ کردنی گەلان پەیرەو کراوە. ڕژێمی داگیرکەری ئێران بە دروشمی جیهاد لە دژی کوفر دەست بەکار بوو، لە ڕوانگەی ئەو ڕژێمە داگیرکەرەدا کوفر ئازادی و دیموکراسی و یەکسانیە، لەبەر ئەوە تەنها زهنیەتێک ڕێگای پێدەدرێت ئەویش لە ژێر سایەی ڕژێمی ویلایەتی موتڵەقەی فەقێ دا بێت.”

ناوبراو وتیشی” بە مردنی خومەینی ئەو پرۆسەیە کۆتایی پێنەهات، ئەو بەندینخانەیە تێک نەشکا، گەل بەمردنی کەسایەتی خۆمەینی نەجاتی نەبوو، واتە لێرە ئایدۆلۆژیەک و فکرێک ئاڵا هەڵگری ئەو ڕێبازەیە، کە لەدوای مردنی خومەینیەوە، خامەنەیی ئاڵای دیکتاتۆریەت هەڵدەگرێت و ماوەی 30 ساڵە درێژە پێدەری هەمان زهنیەتی فاشیستی مەزهەبی یە.”

ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاک ئەوەشی وت کە:” دەبێت ئاراستەی تێکۆشانەکانی گەلانی ئێران لە دژی دیکتاتۆریەت و فاشیزم بێت، بۆ ئەمەش بەرەیەکی بەهێزی دیمووکراتیکی گەلانی ئازایخواز پێویستە. چونکە ئەمرۆ دەبینین پەکەکە بەرەیەکی لە دژی فاشیزم پێکهێناوە، کەواتە پەژاکیش ئەمرۆ ئاڵا هەڵگری ئەو تێکۆشانەیە و لە دژی فاشیزم و دیکتاتۆریەت لەناو تێکۆشاندایە. لەبەر ئەوە دەبێت هەموو بزاڤە شۆرشگێریەکان و هەموو ئازادیخوازان و گەلانی تێکۆشەر لەناو بەرەیەکی دیمووکراتیکی بەهێزدابین، دڵنیاین تەنها بەم ڕێگایە دەتوانین کۆتایی بە دیکتاتۆریەت و فاشیزم لە ئێران و ناوچەکە بێنین.”

“ململانێ نێوان ئەمریکا و ئێران سەپاندنی دۆخی بێ پرۆژەیی و بێ چارەسەریە “

ئامەد شاهۆ لە درێژەی قسەکانی دا باسی لە ناکۆکی 40 ساڵەی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات و دەڵێت:” ئێمە وەک تەڤگەری ئاپۆیی خاوەن سیاسەتی ستراتیژی و تاکتیکی خۆمانین، بۆ گەیشتن بە ستراتیژی خۆمان خاوەن ڕێ و ڕێبازی جیاوازی تێکۆشانین بۆ ئەوە بگەینە ئامانجی خۆمان. بێ گومان خوێندنەوەی ئێمەش بە پێی ئەو واقیعەیە چونکە ئێمە تەڤگەرێکی ئایدۆلۆژی و سیاسین، لەبەر ئەوە خاوەن هێڵی تێکۆشانی خۆمانین. لە ئێستادا نێوان ئەو دوو دەوڵەتە ئەوەندە لێدوانی پارادۆکس دەدرێت واتایان نامێنێت، چونکە هەر ڕۆژ لێدوانی جیاواز دەدرێت، دەبێت خەڵک چاو لەوە بکات ئەو دوو دەوڵەت 40 ساڵە لەناو ململانێی سیاسی دان، 40 ساڵە ئێران دەڵێت بمرێ ئەمریکا. ئێران هەموو شتێک بۆ مردنی ئەمریکا دەکات، لەبەرامبەر دا 40 ساڵە لە لایەن ئەمریکاوە ئێران گەمارۆ دراوە. سیاسەتێکی توند لەدژی ئەو ڕژێم پەیڕەو دەکەن، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە کێ لە ناو چەکەدا دەرفەتی بە ئێران دا کە بەم شێوەیە پەل بهاوێژێت و پرۆژەیەکی گەورەی وەک هیلالی شیعە دەست پێبکات. کێ دەرەفەتی  ئەوەی دا کە حەشدی شەعبی لە عێراقدا ڕەسمی ببێت؟ حوسیەکانی یەمەن و حیزب اللە وەها بەهێز و پڕ چەک بکرێن. سیاسەتی ئەو دوو دەوڵەتە یەکتریان بە هێزکردووە.  ئێران ئەمریکا بە  شەیتانی گەورە ناو دەبرد و ئەمریکاش ئێرانی بە دیکتاتۆر پێناسە دەکرد. ئاستی لێدوانەکان لە ئێستادا ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەگەری دانوستاندن لە نێوان هەر دوو هێزدا هەبێت و بە دوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن. 40 ساڵە سیاسەتی ئەو دوو هێزە هەژموونگەرایە ئەوەی دەرخستووەتە ڕوو کە لە سیاسەتی هەر قۆناغێکدا گەلانی ئێران لێی زەرەرمەند دەبن.”

ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاک ئاماژەی بەوش کرد کە:” لەم  قۆناغەدا کە ئێران و ئەمریکا نە شەڕ دەکەن و نە ڕێکدەکەون سەپاندنی  قۆناغی نەبوونی پرۆژەیە، ئەوەی ئەمرۆ لە ناوچەکەدا خاوەن پرۆژەیە تەڤگەری ئاپۆییە. ئەمرۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پژاک خاوەن پرۆژەیەکی چارەسەری دیمووکراتیکە. ئەمرۆ ئەو هێزانە نایانەوێت ئەو پرۆژەیەی ئێمە لە ئێراندا بڵاو بێتەوە. بۆ ئەوەی پرۆژەی ئێمە لێڵ و ناڕوونی بکەن، هێرشێکی هەمەلایەنە لە دژی ئێمە پەیرەو دەکەن.”

” لەلایەن دوو ناوەندەوە هێرشمان دەکرێتە سەر “

ئامەد شاهۆ لە بەشی کۆتایی بەرنامەکەدا وەڵامی ئەو چەواشەکاریانەی دایەوە کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە دژی PJAK دەیکات و دەڵێت:” گومان لەوەدا نیە کە ئەو هێرشانە لە لایەن ناوەندێکەوە پشتگری دەگرێت و نەخشەسازی بۆ دەکرێت. ئێمە  تەواوی ئەم هێرشانە وەک دوو ناوەند دەگرینە  دەست، یەکێک ناوەندنی نێودەوڵەتیە کە دژایەتی پرۆژەکانی کۆدار و  پژاک و کەژار دەکات. ئەوی دیکەش ناوەندێکی هەرێمیە کە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و هێزە سێبەرەکانی بە بیانوی ئەوەی کە ئێمە خاکی ئێران پارچە دەکەین و شەڕ و ئاژاوەگێری لەناوچەکە دا پێشدەخەین، لەحاڵێکدا ئەوە خودی ئەو ڕژێمەیە کە هۆکاری نائارامی و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەیە.”

ئەندامەکەی مەجلیسی پژاک ئەوەش دەخاتە ڕوو:” ئەو پەیامانەی کە لە لایەن  ئێرانەوە بڵاو دەکرێنەوە، کە  گوایە پەژاک لەشەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لەگەڵ ئەمریکادایە، شتێکی بێ بنەمایە. چونکە پەژاک لەسەرەتای خەباتی خۆیدا خاوەن پرۆژەی هێڵی سێیەمین و ئاڵاهەڵگری ئازادی و دیمووکراسی و داخوازی گەلانی ئێران و گەلی کوردە. لەبەر ئەوە ئێمە زۆر جار ڕاشکاوانە ئەوەمان وتووە کە ئەو شەڕە هەژموونیەی کە ئەمرۆ لە ناوچەکدا هەیە، ئێمە جیا لەبەرژەوەندی گەل، لایەنگری لە بەرژەوەندی دەوڵەتێک ناکەین. چەواشەکردنی لێدوانی بەرپرسانی ئێمە لە لایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە تەنها یەک ئامانجی لە پشتەوەیە، ئەوەیش ئەوەیە کە ڕژێمی داگیرکەری ئێران دەیەوێت بەم شێوازە ڕەوایەتی بە هێرش و داگیرکاری خۆی بدات. یان بە حساب پەژاک ڕێگەخۆشکەرە بۆ دەستێوەردان  لە ناو ئێراندا، دەوڵەتی داگیرکەری ئێران دەیەوێت لە ژێر ئەم بەهانەیەدا پەلاماری گەلی کورد بدات و رەوایەتی بە داگیرکاری خۆی بدات.”

ناوبراو دەشڵێت:” لەبەر ئەوە ئێمە لێدوانەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران بێ بنەما سەیردەکەین، بۆچی؟ چونکە ئەو ڕژێم 40 ساڵە داگیرکەرە. ئەو ڕژێم 40 ساڵە سیاسەتی بێ ئیرادەکردن و سەرکوت  و لەناو بردنی گەنجانی کورد پەیرەو دەکات. شایەنی ئاماژە پێکردنە کە 2. 6. 1362 ساڵ ڕۆژی لە سێدارە دانی 59 گەنجی قارەمانی کوردە. هەتا ئێستاش سیاسەتی لە سێدارەدانی ئەو ڕژێمە داگیرکەرە نەوستاوە. سەیرکەن ئەمرۆ چیاکانی ئاسۆس و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆپباران دەکات و فرۆکە سیخوریەکانی بەسەر ناوچەکەدا بڵاو کردۆتەوە. ڕژێمی داگیرکەری ئێران ناتوانێت بەم شێوەیە ڕەوایەتی بە داگیرکاری خۆی بدات، چونکە ئەوە ئەو ڕژێم خۆیەتی کە ئەمرۆ لە دژی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئازادیخوازی ئێران لەناو هاوپەیمانی دایە.”

ئامەد شاهۆ ئەوەش دەخاتەڕوو:” لەم قۆناغەدا چەندین جار لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران پێکدان لە نێوان گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێراندا ڕووی داوە، لێدوانی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەرکە کە بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە ئاماژە بە وردەکاری پێکدادانەکان دەکات، ڕژێمی داگیرکەری ئێران بۆ ئەوەی تێکۆشانی پەژاک بە لاڕێدا ببات سیاسەتێکی بەم شێوەیە پەیرە و دەکات”

ئەو ئەندامەی مەجلیسی پارتی  ژیانی ئازادی کوردستان PJAK  باسی لە گرنگی  ئەم قۆناغە کرد و وتی:” هەر قۆناغێک بۆ گەلی کورد گرنگە، ساڵی ڕابردوو ئێمە وەک پەژاک لە 10 خاڵدا پرۆژەیەکمان بڵاوکردوە، پرۆژەی ئێمە بۆ ویست و داخوازیەکانی گەلی کوردە. ئەو پرۆژە دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت، ئەگەر ئەو پرۆژە لە ئێستاشدا بکەوێتە بواری کرداریەوە دەتوانێت ڕژێمی داگیرکەری ئێران بە چۆکدا بهێنێت. گەلی کورد نیاز پاکی پژاکی بینی، لایەنەکانیش ئەم هەڵوێستەی پەژاک دەبینن. کە پرۆژەی پەژاک چەندە ئاشتیانەوە دیموکراتیکە کە لە سەر ئاستی کوردستان و هەتا لەسەر ئاستی ئێرانیش دا خاوەن پرۆژەی چارەسەرین و بۆ دیموکراتیزەکردنی ئێران هەموو هەوڵدانی خۆمان خستووەتەگەڕ.”

ئامەد شاهۆ دەشێڵێت:”  بەداخەوە لەم چەند ڕۆژی رابردوودا لە مەدیاکاندا بڵاوکرایەوە کە چەند ‌هێزی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چیای هەڵگورد دا لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسک گڕژی ئاڵۆزی لەنێوانیاندا دروست  دەبێت، ئەو گرژی و ئاڵۆزیە هۆکارەکەی چیە؟ هۆکارەکەی بۆ جێبەجێ نەکردنی ئەو نەخشە ڕێگای پژاک دەگەڕێتەوە. ئەگەر نەخشە ڕێگای پەژاک پێکبهاتبا ئەمرۆ ئەو  دۆخە لە هەڵگورد ڕووی نەدەدا و ڕژێمی داگیرکەری ئێرانی پێ شاد نەدەکرا و لەم دۆخە هەستیارەدا گەلی کورد بە پرۆژەی بەهێزەوە دەستکەوتەکانی گەلی دەخستە گەرەنتی یەوە.”