نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆئاوای کوردستان بەمەبەستی زیاتر لەیەک نزیک بوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و زەمینە خۆشکردن بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی لەهەرێمەکانی پاراستنی مەدیا سەردانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK یان کرد. لە دیدارەکەدا ڕۆژەڤی سەرەکی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کراو و هەردوو لا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت کورد لەم قۆناغەدا زیاتر ناو ماڵی خۆی ڕێکبخات و بۆ پارستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد سەرجەم پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان خاوەن سیاسەتێکی هاوبەش بن.

شاندنی دیبلۆماتیکی ڕۆژئاوای کوردستان لەم چەند رۆژی ڕابردوودا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکانی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدا لە بەردەوامی هەڵمەتی دیبلۆماتیکی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیان کرد. شاندی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتبوون لە هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیمووکراتی PYD، سەرۆکی پارتی چەپی کوردی سوریا، سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردی سوریا، نوێنەری کۆنگرەی ستار، پارتی یەکێتی کوردی سوریا، نوێنەری مەجلیسی سوریای دێموکراتیک، نوێنەری پارتی یەکێتی دیمووکراتی PYD لە باشور. ئەو شاندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک و کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار و کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کەژار پێشوازیان لێکرا.

“کۆنگرەی نەتەوەیی ئامانجی ئێمەیە”

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک پەیەدە شاهۆز حەسەن قسەی کرد و وتی:” لە باکوری کوردستاندا وەک ئاشکرایە لە هەڵبژاردندا ستراتیژی هەڤاڵانی هەدەپە سەرکەوتنی بەدەست هێنا، ئەمەش زۆر گرنگە، بە تایبەت بۆ هاوسەنگی سیاسەت لە باکوری کوردستان و تورکیادا. بەرخۆدانی مەزن لە زینداندا کە بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ لەیلاگوڤەن و هەڤاڵانی دیکەی لە باشور و ئەورپا بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد بەسەر کەوتووی کۆتایی پێهات، بەرهەمی بەرخودانی بێ وێنەی هەڤاڵان تا ئاستێک گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆی تێکشکاند. پەیامی گرنگ لە ئیمڕاڵی دەرکەوت، کەئەویش پەیامی ئاشتیە و چارەسەری پێشکەشکراوە. بەڵام ئێمە دەبینین کە هێشتا لە لایەن دەسەڵاتدارێتی ئاکەپە و مەهەپە وە هێرشی هەمەلایەنە بەردەوامە و هێشتا هەڕەشەی داگیرکردنی باشوری کوردستان دەکەن. بەڵام بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە لە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ وانە دەربخەین و بتوانین یەکێتی نێوماڵی خۆمان دروست بکەین. بۆ ئەوەی بتوانین هەوڵدانی دوژمنان پووچەڵ بکەین، هەوڵدانی دیبلۆماسی گرنگە.  لەسەر ئەو بنەمایە سەردانی بەشێک لە پارت و لایەنەکانی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانمان کرد.”

لەبەشێکی دیکەی قسەکانی دا هاوسەرۆکی پەیەدە ئاماژە بەوە دەدات کە بابەتی کۆنگرەی نەتەوەیی ئامانجێکی مەزنی ئێمەیەو دەڵێت:” ئامانجی گەورە زەحمەتی زیاتر و کۆشش و ڕەنجێکی گەورەی دەوێت. ئێمە هەوڵمان دا کە دەستپێشخەری بکەین و بتوانین دەرفەتێک بۆ لەیەک نزیک بوونەوەی لایەنەکانی کوردستان فەراهەم بکەینەوە. ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەرچاوە، ناکۆکی نێوان ئەمریکاو ئێرانیش بەرچاوە، ئەمە ڕەوشێکە تەنها کاریگەری لەسەر ئێران نیە، بەڵکۆ کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە. ئەوە ئاشکرایە کە هەر گۆڕانگاریەک لە ئێراندا ڕووبدات ڕاستەخۆ کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت، لەبەر ئەوە پێویستە کە ئامادەکاری باش بۆ ئەو قۆناغە بکرێت. هەندێک لایەنی ڕۆژهەڵآتی کوردستانمان بینی و فکری خۆمانمان بۆ خستنە ڕوو. چونکە گرنگە کورد یەکڕیز و یەکگرتوو بێت، دەتوانن سود لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان وەربگرن. هێزی چەکدار ئەگەر پارچە پارچە و بڵاو بن، ئەگەر باروودۆخێک بێتە ئاراوە دەبێت مەترسیەکی گەورە بەدوای خۆی دا بهێنێت. لەبەر ئەوە دەبێت لایەنەکان زۆر هۆشیار بن و هەوڵبدرێت زیاتر لە جاران نزیکی یەکتری ببینەوە.”

“یەکڕیزی حیزبە کوردیەکان ورە بە گەلەکەمان دەبەخشێت”

دوابەدوای هەڵسەنگاندنەکانی هاوسەرۆکی پەیەدە سیامەند موعینی قسەی کرد و وتی:” هەنگاوێکی بەنرخ لەلایەن ئێوەوە نراوە، ئەو هەنگاوە، هەنگاوی یەکگرتنەوەی هێزە کوردیەکانە. جیاوازی نیە بە کام ئایدۆلۆژیا و ڕونگەی سیاسیەوە ئەو هەنگاوە دەستی پێکردووە، ئەوەی گرنگە هەنگاوێکی پێویست و مێژوویی یە. ئەم هەنگاوە دەتوانێت لە قۆناغێکی مێژوویی وەک ئێستا هێزە کوردیەکان زیاتر بەهێز بکات و کوردان ببەنە ئاکتەرێک لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە.”

سیامەند موعینی ئەوەشی وت کە :” ڕاستە لەسیاسەت دا بەرژەوەندی هەیە، مرۆڤ لەم دۆخەدا ناکەوێتە ناو ئەو جیاوازیە بەرتەسکانە، بەڵام بە گشتی ئەو ئازادیەی کە لە ڕۆژئاوای کورستان بەرهەم هاتووە بۆ ئێمە زۆر بەهادارە. کاتێک کە کۆبانی کەوتە بەر هێرشی هێزێکی تۆقێنەر و وەحشی وەک داعش، گەلەکەمان لە ئیلام و لە کرماشان و لە ورمێ سەرهەڵدان دەکەن بۆ ئەوەی پشتیوانی لە کۆبانی بکەن، دەستە دەستە دێن و بەشداری ریزەکانی تێکۆشان دەبن تا لەکۆبانێ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئازادی و دیمۆکراسی بکەن. بەرخودانی کۆبانێ بەرخۆدانێکی مێژووی بوو، نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو جیهانیش نموونەیەکی تایبەتە. کۆبانێ بە ڕۆحی یەکێتی و یەکریزی گەلەکەمان سەرکەوت. لەبیری نەکەین ئێمە ڕۆڵەی ئەو گەلەین نابێت پشت لە یەکێتی ناوخۆی گەلەکەمان بکەین، دەبێت ئەوەش بزانین کە یەکێتی ئێمە ورە بە گەلەکەمان دەبەخشێت.”

“بوونە بەیەک زەحمەتە بەڵام لێک نزیک بوونەوە هێندەش زەحمەت نیە”

سیامەند موعینی لە درێژەی قسەکانی دا ئەوەش دەخاتە ڕوو کە پژاک خاوەن پرۆژەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت:” ئێمەش وەک پژاک پرۆژەمان پێشکەش کردووە لە قۆناغی یەکەم دا بۆ پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاستێکدا هاوکاری یەکتر بن. ڕاستە دووحیزبی سیاسی ناتوانن ببنە یەک، شتی واش نابێت، چونکە دوو مرۆڤ بەتەنهاش ناتوانن ببن بەیەک، بەڵام بۆ ئامانجێکی تایبەت دەتوانن لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا هەنگاوی گەورە بهاوێژن. ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین کە ئێوە سەردانی شاخ تان کرد، چاودێری سەردانەکانی ئێوەمان دەکرد لە باشوری کوردستان، کە سەردانی هەموو حیزبەکان کراوە، ئەم هەڵمەتەی ئێوەمان زۆر پێ باش و لەلای خۆمانەوە بەرز نرخاندمان، هیوادارین دەستکەوتی گەورەش بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئێمەش وەک گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک پارتێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانی ئێمە بۆ یەکگرتوویی کوردستان و یەکریزی لایەنەکانی کوردستان درێخی لێ ناکەین و ئامادەین هەموو هەنگاوێکی ئەرێنی لەو چوارچێوەیەدا هەڵدەگرین. ئەو هە نگاوەی کە ئێوە ناوتانە بەرزی دەنرخێنین.”

“کێشەی ئێمە ژیانی زەحمەت و زۆری گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کورستانە”

لەدرێژەی کۆبوونەوەکە هەریەکە لە نوێنەرانی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێکخستنەکانی پژاک و کۆدار و کەژار تێڕوانینی خۆیان بۆ بارودۆخی کوردستان بەگشتی و ناوچەکە دەربڕی. هاوسەرۆک و ئەندامانی شاندی پژاک لەبارەی بارودۆخی ئێرانەوە ڕاشکاوانە ئەوەیان خستە ڕوو کە ئەوان هیچ کات چاوەڕێ دەستی دەرەکی نیین . بەڵکو چاوی ئەوان لە هێزی خۆیان و ئیرادەی گەلی خۆیانە. زیلان ڤەین لەو بارەیەوە وتی:” کێشەی ئێمە ئەوە نیە کە کەی ئەمریکا هێرشی ئێران بکات، کێشەی ئێمە ئەوەیە کە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لەناو تەنگاویدا ژیان دەکەن، کێشەی ئێمە کێشەی گەلەکەمانە کە ئەویش کێشەی ئازادیە. لە باشوری کوردستان ڕەوشێکی ئاڵۆز هەیە، لەو باوەڕەدام هاتنی ئێوە ڕێگری لە هەندێک هەڵەی سیاسی لایەنی باشور بگرێت. چونکە ئێمە وەک هێزی سیاسی بەرپرسیارێتی ئەوەمان لەسەر شانە کە لەبارودۆخی دژواردا یارمەتی یەکتری بدەین و دەستی یەک بگرین. لە ئێستادا کە هێرش و داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە، پێویستی بەوە هەبوو کە هەڵوێستێکی توند لە لایەن لایەنەکانی باشورەوە دەرکەوێت، باوەرمان بەو هەوڵ و کۆششی ئێوە هەیە و ئومێدەوارین کە هەڵوێستێکی جدی لە لایەن هێزی باشورەوە دەرکەوێت.”

ڤەژین باسی لەوەش کرد کە:” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشەی پارچەبوون هەیە، ئەوانیش لەناو هەوڵدان دان بۆ ئەوەی کە بتوانن سەردانی هەموو لایەنەکان بکەن و یەکریزیەک دروست بکەن. زیلان ڤەژین هۆکاری نەبوونی یەکێتی سیاسی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستە ڕوو و وتی:” ڕاستە هەوڵدەدەین کە لەیک نزیکبوونەوەیەک دروست بکەین، بەڵام بەشێکی هێز و لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر ڕەوشی باشوری کوردستان و چاوەڕوانی دەرەوە بوون نەیان توانی ئەرکی خۆیان لەکاتی خۆیاندا پێکبهێنن. دەبێت لە هەندێک خاڵدا لەیەک دور بین، بەڵام پێویستمان بە سیاسەتێکی یەکگرتوو، هێزێکی هاوبەشی بەهێزی لەشکری هەیە، مادام دژمنمان یەکە، دەبێت ئێمەش زیاتر ناو ماڵی خۆمان یەک بخەیەنەوە.”

لە کۆبوونەوەکە دا هەردوو لا ئاماژەیان بەوەکرد:” ئێمە هەموومان لەسەر ئەوە ڕێکەوتووین کە دەبێت حیزب و لایەنی سیاسی کورد نزیکی یەکتری ببنەوە. بەڵام هێزی باشور زۆر بە ئاشکرا لەبەرامبەر داگیرکردنی باشور لەلایەن تورکیا و هەڵوێستێکی جدیان نیە. ئەمە ڕاستیەکە. بەڵام جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەستکەوتەکانمان بپارێزین و پشگیری لە یەکتری بکەین، ئەگەر ئێمە نەتوانین کۆنگرەیەکی نەتەوەیی پێکبهێنین هەری کەم دەبێت پەیوەندیەکی باشمان لەگەڵ یەک دا هەبێت، هەر پارچەیەک هەوڵبدات کە کێشەکانی خۆی لە ناو خۆیدا چارەسەر بکات، کە ئەمەش ببێتە بناغەیەک بۆ دروست کردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی.”

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا جەختیان لەسەر یەکڕیزی ناو ماڵی کورد کرد

لە کۆتاییدا نوێنەرایەتی هەردوو شاند لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم قۆناغە قۆناغێکی نوێیە و سیاسەتێکی نوێی پێویستە. نوێنەری شاندی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوانگەی پەژاک بۆ شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان بە گرنگ لە قەڵەمدا و خۆشحاڵی خۆیان دەربری کە پژاک سیستەمی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پرۆژەیەکی ئیستراتیژی دەبینێت.

دوابەدوای قسەکانی نوێنەری شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پژاک لەسەر ناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سوپاس و پێزانی خۆی بۆ شاندی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و وتی:” بەخێرهاتنی نوێنەرانی هەموو حیزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین. ئێمە هەنگاوی ئەوان بۆ یەکریزی و یەکێتی نەتەوەیی و هاوبەشی سیاسی گرنگ و  بە کاریگەر دەبینین. بەتایبەت بۆ باشوری کوردستان گرنگیەکی تایبەتی هەبوو.”

لەبەردەوامی قسەکانیدا ڤەژین وتی:” داگیرکەرانی کوردستان هەتا دەچێت داگیرکەری خۆیان لە کوردستاندا زیاتر دەکەن. ئێمە ئەمرۆ لەگەڵ شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەوشی داگیرکاری کوردستانمان بە بەرفراوانی تاوتوێ کرد. لە زۆرخاڵیشدا هاوفکر بووین. بەتایبەت وەک هێزی کورد لەڕوی سیاسی و لەشکەریەوە لەدژی داگیرکەرانی کوردستان پێویستە بە چ شێوازێک تێکۆشان بەڕێوە ببەین، قسەمان لەسەر ئەو بابەتە گرنگە کرد و گەشتینە خاڵی هاوبەش. لەو باوەڕەداین کە ئەم هەڵمەتی سەردانانەی شاندی ڕۆژ ئاوای کوردستان ڕێگری بکات لە سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان.”

لە کۆتایی دا زیلان ڤەژین گەشبینی خۆی بۆ سەردان و لێک نزیک بوونەوەی لایەنە سیاسیەکان دەبڕی و وتی:” خۆشحاڵ بووین بە سەردانی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان و ئومێدەوارم ئێمەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بتوانین بەم شێوەیە نزیکی یەکدی ببینەوە و هاوبەشی سیاسی و فکری و لەشکەری دروست بکەین. نموونەی بەرچاو سەرکەوتنی شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان و یەکگرتنی هێزی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستانە. ئێمەش دەتوانین بە یەکگرتنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکەوتنی شۆرشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری گەلەکەمان بکەین. تەنها بەم شێوازە دەتوانین خاوەندارێتی لە نرخی گەلەکەمان بکەین و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست هاتوون بیان پارێزین.