پارتی ژیانی ئازادی کوردستان چ کاریگەریەکی لە سەر کۆمەڵگایی ژنان هەیە؟

ئەگەرچی لە بەر کەم و كورتی ئێمە لە بواری تێپەڕاندنی بەربەستەکانی دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستان و ئێران، گشتگیریش نەبێت بەڵام پارتی ئێمە بە تایبەتی پێگەی ژن تیایدا بۆ زۆربەی ژنان لە تەواوی نەتەوە، چین، تەمەن و توێژەکان، نوێ و سەرنج ڕاکێشە. خوێندەوان، هاوڵاتیانی دانیشتووی شار و گوندەکان پرسمان لێدەکەن کە ئەوەش هەنگاوی یەکەمی ناسین و نیشانەی وریا بوون و بوێریە. لە کوردستان لە بەر بوونی ڕاستەوخۆی ژنە گەریلاکانی بەشی پاراستن و خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی پارتەکەمان پژاک، ژنان بە خۆباوەڕتر بوون و هیوایان بە ژیان گەشاوەتر بووە. لەپێکهاتەی دەرەبەگی کوردستان و دەیان گرێ کوێرەی ئەم شێوە زیهنیەتە دواکەوتوانەوە کە ژن یان دەبێ خۆی بکوژێ یان دەیکوژێت ئاڵوگۆڕی گەورەی درووست کردووە.

 

پژاک لە مێژوو دا بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کرد کە پێگەیی ژنان لە ناو احزابی نوژەن خاوەن بڕیاردایین و پێگەیەک دان کە رۆلیان هەیە، ئێستا پژاک چۆن توانیەتی رۆلی ژنان بگەیەنێتە رۆلی راستەقینەای خویان؟

گەیاندنی ژن بە پێگەی ڕاستەقینەی ئەو لە ناو خەباتی پارتی، کاریگەر کردنی لە ئاستی بڕیار، ڕۆڵ گێڕانی لە گۆڕەپانی شۆڕش و چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا، لە ڕاستیدا گەیاندنی ژنە بە هێزی گەوهەری خۆی. پژاک بە بنەما گرتنی ئەم حەقیقەتە تەواوی خەبات و شێوەی تێکۆشانەکەی ڕێکدەخات. بەم جۆرە بە ئافراندنی ژنی نوێ، بناخەی سیستەمی پیاوسالار کە لە کەسایەتی ژندا تەواوی کۆمەڵگا بێکاریگەر دەکات و دەیخاتە پەراوێزەوە، دەیباتە ژێر پرس و پەلکێشی لە ناو چوونی دەکات. ئەمە تەنیا وەکو پرۆسەیەکی خەبات یان ساز و کار و ڕێکخستنی ژنان ناو پارتدا نیە. لە ڕاستیدا شێوەیەکی ژیانە و نە تەنیا ژن، پیاوانیش بە گوێرەی ئەم شێوە ژیانە لە هەوڵی گۆڕینی پارادایم یان شێوەی چاو لێکردنیان لە ژن و ژیاندایە. ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، لە یەکەمین هەنگاودا پەروەردە بە ئارمانجی ئافراندنی ژن و پیاوی تێکبەری سیستەم و زهنیەتی پیاوسالارە. تێکۆشان و خەباتێکی بێ‌ناوبەر و پڕ لایەنەیە، هاوکات لە گەڵ ئەوەی وا فێر ئەبی بۆ پێک هێنانەکەشی ئەکەویتە ناو ڕێکخراو و ساز و کاری جۆراوجۆرەوە. وەکو ژن لە کامە خەبات یان ڕێکخراوێکی ئەم پارتەدا ببیت، بە شێوەیکی خۆسەر ناو بەدەنەی سازمانیدا، هاوتەریب لە گەڵ گشتیدا کار دەکەیت. سەرجەم بوارەکانی خەبات لە کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی و سیاسیەوە بگرە تا لەشکەری و پاراستن، ژن خاوەن بەڕێوەبەری خۆیەتی و هەمو بڕیارەکانی بۆ تەواوی ئەندامەکانی، ژنان لە ناو خۆیاندا دەیگرن. هەڵبەت ئەمانە هەمویان بە لە بەرچاو گرتنی ئارمانجەکان و بەرژەوەندیە گشتیەکانی پارتی یە. لە ڕاستیدا یەک لە ئارمانجەکانی گشتی پارتیش کە کلیدی کردنەوەی دەرکەی داخراوی پێش جوانی و ئازادی ژیانە، ئایدیۆلۆژیای ڕزگاری ژنە. هەم ژن، هەم پیاویش پابەندی ئەم پارادایمەن و ئەمە مەرجی کادیر بووین ناو ئەم پارتەیە. وەکو لاشی مرۆڤ چۆن چاو ئەبینێت و بۆ باشتر و ڕاستتر جوڵانەوەی دەست و لاق ڕۆڵ دەگێڕێت، ڕێکخراوی ژنان لە گشتی پارت دابڕاو نین. بە هێز بون و پتەو بونی خەبات و ڕێکخراو بونی ئەوان ناو پژاکدا، لە سەر تەواوی خەبات و ڕێکخراوەکانی‌تر بە کاریگەر دەبێت. هیچ پرۆژە، پیلان و لە ئەنجامدا هیچ بڕیارێک بە بۆچونی تەنیا پیاو یان ژن، ناتوانێت بەرەو ژیانی ئازادمان هان بدات. ژیانی مرۆڤەکان، بە هەموو فێربونەکانی تەواوی لایەنە دینی، زانستی، کۆمەڵایەتی و …. بە کاریگەری زێهنیەتی ڕگەزپەرەستی پیاوەوە پێشکەوتوە. پیاو لە ناو ئەم شێوە ڕێکخستنەی پژاکەدا دەرەوەی ئەوەی کە لە ڕێ لادانی کۆمەڵگا و سەپێندراوەکانی زێهنیەتی ڕگەزپەرەستی پیاو شی دەکاتەوە، ڕۆژانە فێر ئەبێ ژن شان بە شانی خۆی ناو دان و ستاندنی بیر و بۆچون‌دا ببینێت. ژنیش فێر دەبێ کە لێهاتوە و هیچ بە سەرهاتێک چارەنوس نیە و نابێت وەک خزمەتگوزاری پیاو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. سیاسەت گۆڕەپانی فریودانی پیاوان بۆ دەسەڵاتداری نیە، ئەرتەشیش هێزی دەستەسەری و حۆکمڕانی پیاو نیە.

 

سیستەمی هاوسەروکایتی فورم و پێگەیەک سیاسی کە پژاک هێمدانەری بوە لە ناوچەکە دا،سەرەتا ئەم سیستەمە چ کاریگریەکی لە سەر روانگە، پارت و لایانەکانی دیکە لە ئێران و رۆژهەلات هەیە؟لە ەنجام دا سیستەمی هاوسەرۆکایتی لە فورمی دیموکراتیک بویین و پێگەی سیاسی،کۆمەلایتی و سەربازی لە ناو پژاک دا لە چ شێوازێک دایە؟

پێشکەوتنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە پژاکدا، بە جارێک و لە سەر سیاسەتێکی تاکتیکی پێش نەکەوت. زیاتر لە ٣٠ و چەند ساڵ بۆچون، لێکۆڵینەوە و ئەزمونی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ لە سەر بنەمای زانستی مێژوویی و کۆمەڵناسی ئازادی لە سەر ئاکامی دەیان شۆڕشی جیهان و ڕاپەڕین و خۆڕاگری کوردانی، لە پشت بوو. سیستەمی هاوسەرۆکایەتی سەرنجی نە تەنیا زۆرینەی پارتە سیاسیەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەرەو خۆی ڕاکێشا، خەڵک و ژنانیش سه‌ره‌ڕای سەرقاڵ کردنیان لە لایەن ڕژیمی داگیرکەری حاکم لە ئێران، به کۆنجکاویەوە لە ڕێگای جۆراوجۆر بە تایبەتی YRK-HPJ وە پێوەندیان ئەگرت و پرسیار، یان بۆچونی خۆیان لە سەر ئەم بابەتە ڕادەگەیاند. زۆر جار نە تەنیا لە لایەن ڕژێمەوە، بەڵکو ئەو کەس و ڕێکخراوانەی وا ئێدی بڕوایان بە ژیانی ئازاد و هاوبەشی مرۆڤەکان و تێکۆشان بۆی نەماوە، وەکو بابەتێکی تیۆری و پرۆپاگەندەیی بە ناو کرا. بەڵام نەیتوانی ڕێگری لە نزیک بونەوەی ژنانی ئاکتیڤیستی سیاسی-مەدەنی ئێرانی، بە تایبەت هەندێ لەو ژنە تێکۆشەرانەی کە بە ساڵانە لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی، رۆناکبیری و پێشمەرگایەتی خاوەن ئەزمونن، بۆ لای ئێمە بگرێت. لە ناو خۆی پارتیش‌دا ورە و جۆشێکی گەورەی ئافراند، گرینگی زۆرتر درا بە پەروەردە و تەقەلا بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە. لە تەواوی خەباتەکانمان‌دا زۆرتر ناسنامەی ژن و کۆمەڵگای ئازاد دەرکەوت، هەروەها دڵنیایی لە سەرکەوتن و متمانەی گەرەنتی تێکۆشان و شۆڕشەکەمانی ئافراند. بەڵام هێشتا ناتوانین بڵێن وەک پرۆژە و بۆچونی ڕێبەرمان بە تەواوی پێکی دێنین و لە هەموو بەشە جۆراوجۆرەکانی خەباتمان‌دا ئەم شێوە ڕێوەبەریە بێ کێشە و گرفت پێش ئەخەین. کاریگەری زێهنیەتی یەکدەستداری ڕەگەزپەرەست ئەوەندە قوڵ و پڕ لایەنە هزر و هەستی ژن و پیاوی داگرتوە، کە پێویستە چرکە بە چرکە هەم لە بواری ساختاری و هەم زێهنیەتی‌دا، ژن و پیاو ئەم داگرتنە کە وەکو نەخۆشی کوێر فام بوون لە ئازادیە تێپەڕ کەن و بگەنە هاوسەنگی.

 

روش و امری واقع لە بابەتی سیاسی، کومەلایەتی و سەربازی لە رۆژهەلاتی ناوین بە چڕ و پڕی پیاوسالارانەیە. ئەم بابەتە چ کاریگەریەکی لە سەر کار و بەرفراوان بونی خباتی ژنان لە روشی سیاسی و سەربازی دا هەیە؟

تەواوی گۆڕەپانە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ژن بوون بە گۆڕەپانی تەقەلا و ململانێ بێ‌بەزەیانە و نا یەکسانی ژن لە گەڵ دەوڵەت و ماڵبات بۆ حزوور و هەبوونی سروشتی خۆی. یاسا و شەرێعەت، هەر جۆرە بەڕەنگاربوونەوەیەک بەرانبەر بە ژنێک کە دەرەوەی چوارچێوەی سەپێندراوەکانی ڕەگەزپەرەستی دەرکەوتبێت ئەداتە پیاو. گرتن، ئەشکەنجە و دەسدرێژی بەرۆکی ژنان لەم ململانە بەر نادات. ژن لە هەر گۆڕەپانێکدا بیهەوێ ڕەنگی هەبێت دەبێ یان لە پێناو بەرژەوەندی سیستەمی پیاوسالاردا بێت، یان دەبێت لە پیاوێک بە زێهنیەتی پیاوسالارەوە، پیاوتر بێت. بۆ نمونە ئەگەرچی بابەتێکی شایانی باس و شیکردنەوەی بەرفراوان بێت، کورت ئاماژە بە پێشخستنی هێزی لەشکەری ژنان لە ناو سیستەمی لەشکەری ڕژیمی دژە ژنی ئێران دەکەم. ژن لە مێژوی کۆن تا مێژووی هاوچەرخی ئیران لە گۆڕەپانی پاراستنی و تێگەیشتن لە بابەتی لەشکەری‌دا خاوەن پێگەیکی بەرچاو بوە. هەرێم بەر هێرش، دەسدریژی و زهنیەتی دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتداری کەوتوە و هەرە زۆریش ژنان تیایدا توشی زیان بوون. ئەمە و حزوری ژنی کورد وەکو خاوەن هێزی پاراستنی خۆ و کۆمەڵگا لە کوردستاندا کاریگەری و ڕاکەشیەکی  بەرچاوی لە سەر ژنان لە تەواوی ئاین و نەتەوە جۆراوجۆرەکان داناوە. ئەمە ڕژیمی توشی سەرشێوان، پیلان ڕێژی و سیاسەتی دور لە ئەخلاق وەکو گۆڕانی ژنان بە سەربازی دارەدەست لە بەرانبەر ژنان و گشت کۆمەڵگا کردوە. واتا لە ڕێ لادانی وزە و هێزی لێگەڕینی ئازادی ژنان بەرەو باتڵاقی داقۆرتێنەری ڕەگەزپەرەستی و بۆن پێکەوتوی پیاوسالاریەوە.

ئەڵبەت ئێدی ئەم سیستەمە ڕزیوە و تەواوی دەمامکەکانی داکەوتون و بە ڕاشکاوی دیارە؛ تەنیا کەش وهەوای زاڵ بە سەر گۆڕەپانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و لەشکەری ڕۆژهەڵاتی ناوین نیە کە پیاوسالارانەیە. جیاوازیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەم بابەتە بە گوێرەی شوێنەکانی‌تری جیهان ئەوە کە پیاوسالاری لێرەدا زەق و بەر چاوە. هەر ئەمەش بوە هۆی ئەوەی کە ئێستا ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە پێشەنگی ژنی کورد، یەکگرتوتر و ڕێکخراوتر لە ژنانی تەواوی جیهان بن. ڕێبەرمان لەم بارەوە تەسبیتێکی جوانی هەیە ئەڵێت؛ «لە هەر کوێ زەخت و گوشار زۆر بێت ئەوە لەوێ سەرهەڵدێری و خۆڕاگری زۆرترە.»

منبع: برگرفته از شماره آلترناتیو شماره 73