حەوتەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرەتا لە ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز ڕێبەر ئاپۆ، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ئازادیخوازانی جیهان پیرۆز دەکەین. بێ گومان لە قۆناغێکدا کە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدەست قەیران و ئاڵۆزیە جۆراو جۆرەکانی.ستەمی سەرمایەداری جیهانیەوە لە تەنگانەو سەرلێ شێوایەکدا تێپەڕدەبوو، سەرهەڵدان و سەرخستنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان خاوەن گرنگی و بەهایەکی زۆرە . ئەو شۆڕشەی کە لە مەیدانی کرداری و گوتاردا بەهەموو کەسی سەلماند کە باشترین جێگرەوە و ڕێبازە بۆ تێپەربوون و چارەسەرکردنی پرس و قەیران گەلێک کە لە ئەنجامی سیستەمی سەرمایەی جیهانی و مودێلی دەوڵەت نەتەوە هاتونەتە ئاراوە.
هاوکات شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەسەر ئەساسی فکر و ڕامانی ڕێبەری ئاپۆ دەستی پێکرد، جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەر جۆرە هەوڵدان و تێکۆشانێک کە لەسەر بنەمای راستی و هەقیقەتە مێژووییەکانی کۆمەڵگا نەبێت سەر ناکەوێت. ئەو سیستەمە بە ئەساس گرتنی زهنییەتی نەتەوەی دیمۆکراتیک توانی لە ماوەیەکی کورتدا هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا لە ژێر چەترێکی دیمۆکراتیدا کۆبکاتەوە و بە ڕێکخستن بکات.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان بوو. ئەوەش ئەوە ڕاستیەی دەرخست کە ئازادی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئازادی ژن و هێزی دینامیکی جەوانانەوە. بەشداری بەرچاوی ژنان و جەوانانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە لە ناو شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا زیندووکەرەوەی ڕۆحی نەتەوایەتی و سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە پرسی کورد لە هەموو بەشەکاندا گرێدراوی یەکترە و لە یەک دانەبڕاوە. بەتایبەت بەشداری و ڕۆڵی گەنجان و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک شەهیدان ( ڤیان پەیمان، موسا ئەردەم، هیوا سنە، فەریاد کرماشان) و سەدان هەڤاڵی شەهیدی دیکە نموونەیەکی بەرچاوی ئەو ڕاستیەیە.

بێ گومان ئەو ڕاستیە حاشاهەڵنەگرە کە ئەزموون و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هیوا و پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەسەر ئەو بنەمایە هەموو هەوڵدانی خۆمان بۆ ڕاگوێستنی ئەزموونەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەیەن، تاکو بتوانین لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو شۆڕشەدا ئەرکی شۆرشگێریمان پێکبهێنین. جارێکی دیکە پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی گەلی باکوری سوریا و گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان دەکەین. سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو ی شۆرش ڕۆژئاوای کوردستان دادەنەوێنین.

مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
2019/07/19