بۆڕای گشتی

٢٧ی مژدار ساڵیادی ٢٩هەمین دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە. دامەزراندنی پەکەکە گەورەترین رووداوی مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد و هاوکات وەکوو سەرکەوتووترین ئەزموونی بەرخۆدان و تێکۆشانی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد دەنرخێندرێت. ساڵیادی سیەمینی ئەو قەڵەمبازە شکۆدارە مێژووییە لە گەلی کۆڵنەدەر و بەرخۆدان‌ڤانی کورد لە هەر لایێکی جیهان، لە مرۆڤایەتی و سەرجەم تێکۆشەرانی ئازادی و دیموکراسی پیرۆز بێت.

لە کاتێک‌دا کە کۆمەڵگای کورد، لە ژێر کاریگەری سیاسەتی قڕ کردن و نکۆڵی کردنی داگیرکەران پارچە پارچە و پەرتەوازە بووە، وەکوو جەستەیێکی نیوە گیان تووشی نەهامەت و شکەست و بە دەیان جۆرە قەیرانی کۆمەلایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت تێک‌چوونی شۆناسی نەتەوەیی ببۆوە، ئەو گەلەی کە لە ژێر چەتری کۆلۆنیالیستی نێونەتەوەیی لە لێواری مان و نەمان‌دا قەتیس مابوو، گەلێک کە لە مێژوو شکۆدارەکەی‌دا بڕدرا بوو، لە تێگەیشتنی هاوچەرخی هەبوونی خۆی سەرگەردان کرابوو، زۆربەی هیواکانی بۆداهاتوو نەزۆک و هەڵواسراو بوو، ئەو گەلەی کە لە نێو کۆمەڵی جیهانی‌دا و لە نێو بازنەی مرۆڤایەتی‌دا، تەریک کرابوو و ناسنامەی خەڵکێکی نەفرەت لێکراو و کۆیلایەتی هەتاهەتایی بۆ نەخشێنرا بوو. گەلێک کە ئەوەی ناوی چارەنووس بێت لێ ون بوو، ئەوەی ناوی ئیرادە بێت لێ سەندرابوو، گەلێک کە بە هەڵاتن بەرەو پەسەند کردنی فەلسەفەی نەبوون، پەلکێش دەکرا. وڵاتێک کە مرۆڤە‌کانی، سرووشتەکەی، و هەرچی ناوی هەبوون بێت، خاپوور دەکرا. قۆناخێک کە کوردستان ئیدی نەک هەر لە نەخشەی سیاسی باو لە جیهان‌دا سڕا بووە، بەڵکوو ئیدی لە‌نەخشەی یاد و خەیاڵەکانی مرۆڤیش‌دا بەرەو سڕینەوە دەچوو. وڵاتێک کە ئەوپەڕی کۆلۆنیالیزم بە بێ هیچ ئاستەنگیێک، تێدا هەڵدەسووڕا. ژینۆسایدی زیهنیەتی و رۆحی و مێژوویی و فەرهەنگی، لەو پەڕی خۆی‌دا بوو. فەلسەفەی هەبوون ژینۆساید دەکرا.

لەو کوردستانەی کە ئەمڕۆ بە سەربەرزیەوە ناوی دەهێنن، شیعر و شادی، بەیت و بالۆرە، لاوک و حەیران و هەتا دواندنی ئاسایی بە کوردی قەدەخە بوو. لاواندنەوەی دایکان، پێکەنینی منداڵان و هەرهەموو شتێک قەدەخە بوو. دوژمن ماڵ بە ماڵ دەگەڕا و داخوا کامە منداڵ لە کامە ماڵ تەنیا جارێَََک بە کوردی لە گەڵ دایک و باوکی دواوە. لەو وڵاتە ‌بە گوێرەی سەرەتایی‌ترین پیوانە هاوچەرخەکانی مرۆڤایەتی، هەموو شتێک لە گەلی کورد زەوت کرابوو. لە ماوەی دەیان ساڵ هەرچی هەڵوێستی خۆڕاگرانە و هەڵبژاردەی رێبازی بەرەنگاری داگیرکەریش دەرکەوتە پێش، هەمووی بە خوێن و ئاسن تێک‌شکێندرا و لە کۆتایی‌ هەموویان‌دا سەردەمی “ئاش‌بەتاڵ” هەناسەی لە گەلی کورد بڕی. ئیدی دروشمی وەها دەگوترانەوە کە بە زیندوویی لە چاڵێکی زۆر قووڵمان ناشتن و سەریشمان بە چیمەنتۆ گرتوون و ئەو هەڵڵایە کۆتایی هات. ئەوە تاریکترن قۆناخی مێژووی گەلی کوردە کە ئیدی خۆشی بە چارەنووسێکی وەها هێدی هێدی رازی دەبوو.

لە دایک‌ بوونی پەکەکە لەو قۆناخە شەوەزەنگە مێَژوویی گەلی کورد، پێش هەموو شتێک، هەڵوێست و سەرهەڵدانێکە لە بەرامبەر بن‌دەستی سەپێندراو لە سەر گەلی کورد. بونیادنانەوەی ئیرادەیێکی پۆڵایین و ئافراندنی ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفەی بەرخۆدانیە. پەکەکە ئەو رووداوەیە کە چەرخی مێژووی گۆڕیوە و روح و گیانێکی نوێی خۆڕاگری کردۆتەوە بە بەر جەستەی بێ‌گیانی نەتەوەی کورد دا. پەکەکە رووداوی مێژوویی ژیانەوەی نەتەوەیی کوردە. پەکەکە بۆ گەلی کورد واتای هەبوونە. شەڕێکی هەمەلایەنەیە دژ بە فەلسەفەی نەمان. پەکەکە شکۆدارترین قەڵەمبازی ئازادیخوازیە. شەڕێکە لە نەبوون، هەبوونێکی سەرکەوتوانەی ئافراندوە. هەبونێکی ئازاد، ناسنامەیێکی ئازاد لەگەڵ لە دایک بوونی پەکەکە. چەرخی سڕینەوە و نکۆڵی و کوێلە کردنی گەلی کورد، رادەوەستێت. گەورەترین ئاکاری زوڵم و ستەمی مێژووی چەند ‌سەد ساڵی رابردوو لە مەڕ پاکتاو کردنەوەی گەلی کورد، ئاشکرا دەبێت. سیستەمی بێدادی جیهانی بە ناچاری روبەڕووی کۆمەڵێک پێناسەی نوێ دەکرێتەوە؛ کوردی ئازاد و کوردستانێکی ئازاد.

رێبەر ئاپۆ دەڵێت: شۆڕشی پەکەکە لە‌کوردستان‌دا هێندەی بیرێکی قووڵ بە دەرزی بکۆڵیت، دژوارە. پەکەکە ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفەی گۆڕینی تاک و کۆمەڵێکی نەفرەت لێکراو و بێ‌ئیرادەیە بۆ گەل و نەتەوەیێکی تێکۆشەر و ئازادیخواز و رێکخراو لە چوارچێوەی پێوانی هاوچەرخی دیموکراتیک. پەکەکە رەنج و ماندووبوونی پێوەنەدانەوەی گەلێکی بێ‌ ناسنامەیە لەگەڵ پێشکەوتووترین قۆناخەکانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ. بۆیە لەدایک بوونی پەکەکە، لەدایک بوونەوە و بووژانەوەی نەتەوەی کورد و ئەو کاروانەی کە بەرەو ئازادی و دیموکراسی دەڕوات، هەر یەکن و قەت لە یەک داناپچڕن. مێژووی تێکۆشانی پەکەکە و مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد هەر یەکە و ئەوەش بە دۆست و دوژمن سەلمێندراوە. پەکەکە پێ‌ دەنێتە سی ساڵ تەمەنی سەرکەوتوانەی خۆی. رێبەر ئاپۆ بە ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفە و چەمک و رێبازی شۆڕشگێرانەی خۆی، میعماری پەکەکە و ئەو مێژوویە نوێیەیە کە گەلی کوردی لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی‌دا بە ناسنامەی بەرخۆدانی و ئازادیخوازی جێگیر کردووە. رەنج و تێکۆشانی بونیادنانەوەی کەسایەتی و کۆمەڵگایێکی ئازاد و پێشەنگایەتی هەمیشەیی ئەو قەڵەمبازە پیرۆزە لە پێواژۆی مێژووی رێبەرایەتی ئەودا لە هەموو لاپەڕەکانی ئەو تێکۆشانە درێژ‌ خایەنە‌دا، نەخشێندراوە. لەو وڵاتە‌دا هەرچی واتای ئازادی و خۆڕاگری پێوە دیار بێت، هەرچی نرخ و بەهای پێرۆزی ئەو گەلەیە، هەرچی تێگەیشتن بۆ مێژوو و ئیرادەی ئازادیخوازی ئەمڕۆ، هیواکانی داهاتووی چارەنووسی گەلی کوردە، هەر هەمووی لەگەڵ ئەودا دەستی بە ژیان کردووە و ئەمڕۆ دەژی و بۆ دواڕۆژیش بێ ئەو نابێ. گەلی کورد بەو تێگەیشتنەوە لە بەرامبەر هەرچی زەختی ئەم دونیایە هەر دەڵێت: ” بێ رێبەر ئاپۆ ژیان نابێ”

پەکەکە پێناسەیێکی ئایدیۆلۆژیکی ـ فەلسەفیە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان. لەو ٢٩ ساڵە‌دا، رۆژ بە رۆژ و هەرچی رووداو و ئێش و ئازاری خۆی و نەخۆشی ئەو بزاڤە بۆ گەلی کورد بووتەوە مێژوو، ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاکی مرۆڤی کورد لە‌شیعر و گورانی و مۆسیقا تا کوو گووتنەوە و لەبەر کردن وەکوو رۆمانێکی، تۆمارکردنی مێژووی نوێ بە رەنجی خۆی دەزانێ. مەیدانی شەڕی گەریلا تاکوو بەرخۆدانی زیندانەکان، ریزی جەماوەری سەرهەڵدانەکان و هەر هەموو شتێک هی گەلە و لەگەڵ گەلە. لێرەدایە کە پەکەکە یەکێک لە گەلێریترین و جەماوەریترین شۆڕشەکانی دونیایە.

پەکەکە لە رۆژی دامەزراندنی هەتا ئێستا بەرخۆدانێکی بێ‌هاوتا و مێژوویی لە بەرامبەر سیستەمی داگیرکاری و ئینکار و قڕ کردنی گەلی کورد کردووە. هەر لەم لایەنەشەوە لە هەموو قۆناخەکانی مێژووی تێکۆشانی خۆی‌دا روبەڕووی کۆنسێپتی هەمەلایەنەی داگیرکەران بووەتەوە. لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا پلانگێڕی نێونەتەوەیی کە بە رفاندنی رێبەر ئاپۆ گەیشتە لووتکە و دوا بە دوای ئەوەش قۆناخ بە قۆناخ بە رەنگ و شێوەی جیاوازتر بەڕێوە چووە، هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە. دوژمنانی گەلی کورد سەرەڕای ئەوەی کە بە تێکۆشانێکی زۆرتر لە سی ساڵ هەموو پلانەکانیان لە مەڕ پاکتاو کردنی یەکجاری کورد پووچەڵ بووەتەوە و بێ‌ئاکام ماوە و لە سەروبەندی ئەو سیاسەتانە‌دا بە رێبەرایەتی “رێبەر ئاپۆ” گەلی کورد وەکوو گەلێکی یەکگرتوو، یەک ئیرادە، لە تێکۆشانێکی بێ‌ وچان دایە. بەڵام هێشتاش ئامادەی ناسینی گەلی کورد نین و دان بە ماف و ئازادیەکانی‌ دانانێن. سیاسەتی ئینکار و قڕ کردن ئێستاکەش لە ئاستی ژووردا پێداگری لە سەر دەکرێت. پلانگێڕی نێونەتەوەیی لە قۆناخی هەرە دژواری خۆی دایە. لە کاتێک‌دا ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە دەکەین کە یەکێک لە هەستیارترین قۆناخەکانی مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد لە ئارا دایە. سیاسەتی پاکتاو کردنی گەلی کورد و بزاڤی ئازادیخوازی بە شێوەیێکی هەمەلایەنە بەڕێوە دەچێت. رەوشی تەندروستی رێبەر ئاپۆ بە هۆکاری ژەهر داینی لە لایەن رژیمی تورکیاوە لە مەترسی‌دایە. رژیمی تورکیا بە هاوپەیمانی داگیرکەرانی دیکە شەڕێکی هەمەلایەنەی دژ بە گەلی کورد راگەیاندووە. هەموو دەسکەوتەکانی گەل لە باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا و هەموو شوێنێکی تر لە ژێر هێرش و زەختێکی بێ وێنە دایە. گەلی کورد و هەموو دەسکەوتەکانی تێرۆریزە دەکرێن. سیاسەتی چارەسەری کێشەی کورد بە بێ پەکەکە و رێبەر ئاپۆ پەیرەو دەکرێت. هێزی خیانەت‌کار و خۆ بە دەستەوەدەر لە باشووری کوردستان جارێکی تر رێبازی هاوکاری دوژمن لە دژی کورد دەگرێتە بەر. مەترسی هاندانی کوردان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی نێوخۆیی و براکوژی دەسەپێندرێت. هەر بۆیە یەکێک لە هەستیارترین قۆناخەکانی مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد لە ئارا دایە.

٢٩مین ساڵیادی پەکەکە واتایێکی زۆر تایبەتی هەیە. ئەو روح و ئیرادەیەی کە لە نێوان ئەو هەموو زەحمەتیانە‌دا توانی گەلێکی یەکگرتوو و بە ئیرادە و خۆڕاگر بئافرێنێت، هەر ئەو روحە پێویستە ئەمڕۆکەش لە بەرزترین ئاست‌دا بێتە هێز و ورە و ئیرادەی بەرخۆدانی و تێکۆشانی هەموولایەنەی گەلی کورد. پێویستە ئەوە بسەلمێندرێت کە ئەو گەلە هیچ کاتێک ژێردەستی، خۆبەدەستەوەدان، بەکرێگیراوی و خیانەت قەبووڵ و پەسەند ناکات. لەو قۆناخە‌دا هەر کەسێک پێویستە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانە، لە بەرەی تێکۆشان و بەرخۆدانی نەتەوەیی‌دا جێ بگرێت. ژنان و لاوان و هەموو چین و توێژەکانی گەلی کورد پێویستە لە هەستیاری ئەو قۆناخە تێبگەن و بە چالاکی خۆیان بەرپرسیاری مێژوویی خۆیان بەجێ بێنن. وەکوو پژاک و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، ٢٩مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە بەو روحەوە پێشوازی دەکەین و لە بەرامبەر کۆنسێپتی دژی گەلی کورد و چەمک و سیاسەتی خیانەت و هاوکاری دوژمن، لە بەرەی بەرخۆدانی نەتەوەیی‌دا جێ دەگرین و بە دروشمی ” یان ئازادی یان مردنێکی بە شەڕەف ” هەتا دوایی خۆڕاگری دەکەین.

 

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
23.11.2007