ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك باس لە سیاسەتەكانی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی كوردستان و چاوپێكەوتن و دانوستاندان نێوان رژێمی داگیركەری ئێران و بەشێك لە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات.
لە میانەی بەرنامەی هێلی سێیەم كەنالی ئاریەن تیڤی ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان دەلێت: هۆكار زیاتر میلیتاریزەكردنی رۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن رژێمی داگیركاری ئێران، ترس لە ئیرادە و بە خۆ باوەر بوونی گەلە كە خاوەن ئالترناتیوە. ئامانجی ئەم سیاسەتانە سوپای پاسداران چاوترساندنی كۆمەڵگا و هاوكات شاردنەوەی قەیرانەكان و ئالۆزیەكانی ناوخۆیی رژێمە.
ئامەد شاهۆ لە سەرەتای بەرنامەكەدا دەلێت: رژێمی داگیركاری ئێران لە هێز و ماتەوزەی گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و بونیادنانی كوردستانێكی ئازاد و ئێرانێكی دێمۆكراتیك لە ترس و دڵەراوكێ دایە. بێگومان هۆكاری زیاتر میلیتاریزەكردنەی روژهەڵاتی كوردستان لە لایەن رژێمی داگیركاری ئێران ترسە لەو ئیرادە و بە خۆ باوەر بوونەی گەل كە خاوەن هێز و ئالترناتیوە. ئامانجی ئەم سیاسەتانە سوپای پاسداران چاوترساندنی كۆمەڵگا و هاوكات شاردنەوەی قەیرانەكان و ئالۆزیەكانی ناوخۆیی رژێمە.
هەروەها ناوبراو هاوكات لەگەڵ دەربڕینی پیشتگیری پژاك لە مانگرتنی چالاكانی سیاسی و مەدەنی نێو زیندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد: ئەگەر خوێندنەوە و تێگەیشتنێكی مێژووی سەبارەت بە سیاسەتەكانی رژێمی داگیركەری ئێران نەبێت بێگومان هەركەس و لایەنێك دەكەوێتە داوی پلان و سیاسەتەكانی ئێران. لە راستیدا ئامانجی بنەرەتی سوپای پاسدران دوبەرەكەو ئاژاوەگێری لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و گەلی رۆژهەڵاتی كوردستانە. لە لایەكەوە گرتن و ئەشكەنجە كردنی چالاكانی مەدەنی و سیاسی، هونەری بەردەوامە و لە لایەكی دیكەشەوە بە بەڕێوەبردنی كۆنگرە و كونفرانسی جیاواز لە ژێر ناوی رێزگرتن لە ناودارانی كورد و كوژراوانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق ئەو سیاسەتە چەواشەكارانەی خۆی بەڕێوە دەبات. لە هەموو سەرنج راكێشتر هێرش و پەلامار بۆ سەر گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە.
شاهۆ لە بەردەوامیدا دەشلێت: رژێمی داگیركەری ئێران باس لە پلان و بەرنامە بۆ ئاوادان و خزمەت گوزاری لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە هێشتا لێقەوماوانی كارەساتەی بوومەلەرزە و لافاوەكان لە كرماشان و شوێنەكانی دیكە لە دۆخێكی نالەبار دان و هیچ قەرەبوو و بە دووادا چونێكی ئەوتویان بۆ نەكراوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ناوبراو ئاماژەی بە دانیشتن و وتووێژی نێوان بەشێك لە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و رژێمی داگیركەری ئێرانی كرد و وتی: رژێمی داگیركاری ئێران هاوكات لە گەڵ ئەوەی كە لە كوردستان میلیتاریزەكردن و سیاسەتی داگیركەری پەرە پێ دەدات لە نۆروێژ باس لە چارەسەری ئاشتیانە و سیاسی پرسی كورد دەكات. گەلۆ لە وەها دۆخێكدا چەندە دەتوانین دڵخۆش بین بە ئەو پەیوەندی و دانوستاندنانە. بە لە بەرچاو گرتنی ئەزمون و خوێندنەوەی مێژووی بۆ سیاسەتەكانی رژێمی داگیركاری ئێران ئاشكرا و روونە كە بەردەوام ئێران قڕكردن و لە ناو بردن، وەك چارەسەری كێشەی كورد بینیوە و هەوڵی بۆ داوە. كە وا بوو هەر چاوپێكەوتن و دانوستاندنێك پێویستە بە رەچاوكردنی ئەو زێهنییت و سیاسەتەی رژێم و بە شێوەیكی ئاشكرا و فەرمی بەڕێوە بچێت. بەڵام ئەوەی كە ئێستا لە ئارادایە دۆخێكی لێل و ناروونە. رژێمی داگیركەری ئێران بەشێوەیكی فەرمی باس لە چاوپێكەوتنەكان ناكات. هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نییەتی رژێم و لە لایكی دیكەشەوە پێگە و جێگە و هەڵویستی ئەو پارتانە.
لە وەلامی پرسیاری ئەوەی كە ئایا پژاك بۆ ئەم چاوپێكەوتنانە بانگهێشت كراوە ئەندامی مەجلیسی پژاك دەڵێت: تاكوو ئێستا پژاك بۆ ئەم دیدارانە بانگهێشت نەكراوە و لە ئەگەری شتێكی وەهادا، پژاك ئەوكات هەلوێستی خۆی دەردەبڕێت. بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی كە ناوندی هاوكاری پارتەكانی رۆژهەڵات تەنها بە بەشداری چەند پارتێك پێكهاتووە و چالاكی دەكات، ئەوەی كە روون و حاشاهەڵنەگرە ئەوەی كە ئەگەر یەكگرتن و هاوئاهەنگیك لە نێوان هەموو پارت و لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت ئەو لایەنانەی كە لە گۆڕەپانی تێكوشان لە رۆژهەڵاتی كوردستان چالاك و خاوەن هێزن پێك نەیێت، زۆر ئەستەمە ناوەندگەلێكی وەها بگەن بە ئامانج و چارەسەری.
ئامەد شاهۆ سەبارەت بەو پروژەی پژاك كە ساڵی رابردوو بۆ چارەسەری دۆزی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند، وتی: ئەو پروژەیە خاوەن گرینگی و ئامانجێكی ئێستراتژیكە. هەروەها پژاك سەلماندوویە كە خاوەن هێزێكی كاریگەر و چالاكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هاوكات لە پێناو چارەسەركردنی كێشە و پرسی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەموو بوارێكدا تێكۆشان دەكات. هەر بۆیە بە باش و پێویستی دەزانین كە هەموو پارت و لایەنەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستانیش چاوخشاندێك بە سیاسەت و رێبازی تێكۆشانی خۆیان بكەنەوە.
لە كۆتایدا ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان دامەزراندنی ناوەندێكی نەتەویی دێموكراتیك كە جیا لە پارتەكان هەموو چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەلگا لە خۆی بگرێت بە پێویست دەزانێت و لەو باوەرٍدایە: ئەم ناوەندە لە دۆخی هەنۆكەدا دەتوانێت رێگە خۆشكەر و هاوكار بێت بۆ چارەسەری كێشەكان. بێگومان پێویستیی هەرچی زیاتر بە پتەوتركردنی پەیوەندی نێوان گەل و پارتە سیاسیەكان هەیە. ئێمەش وەكو پژاك لە ئەم چارچێوەیەدا لە نێو كارو خەباتێكی بێ وچان داین و بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێك ئامادە و خاوەن پلان و بەرنامەین.