گەلی کورد گەیشتۆتە ئەو مستەوایەی کە چارەنووسی خۆی دیاری بکات و خاوەندارێتی لە سەرۆکایەتی و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئازادیخوازی بکات. گەلەکەمان ئەو ئاستە پێشکەوتنەی بە بەرخۆدانێکی بێ‌وێنە و بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ دەستەبەر کردووە. دیارە هێزە پیلانگێڕەکان بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی 9 ی ئۆکتۆبری 1998 پاکتاو کردنی رێبەر ئاپۆ دەستکەوتەکانی گەلەکەمانی کردۆتە ئامانج. لە 15 فێڤریەی 1999 کە رێبەر ئاپۆ بە دەستی ئەو هێزانە رفێنراوە، تا ئێستاکە ئەوە 9 ساڵە کە لە نێو زیندانی ئینفرادی ئیمرالی دا هەوڵی لە نێوبردنی لە ئارا دایە. زیندانی ئیمرالی بە یاسای تایبەتی ئیدارە دەکرێت لە ئاستێکدا کە مەودای ژیانی زۆر زەحمەت دەسەپێنێت. هەر چرکەیەک لە ژیانی رێبەرئاپۆ لە‌ ژێر کۆنترۆڵی کامیرا دایە. دەستی بە تێلێڤیزیۆن و هەر شێوە ئامرازی راگەیاندن ناگات، تەنانەت بە رێک و پێکی رۆژنامەشی پێ نادەن. ئەو ئیزۆلاسیۆنە بە ئامانجی سڕینەوەی هەر شێوە رەنگی ژیان لە سەر رێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت. قسەکردن بە زمانی کوردی لەگەڵ خزم و وەکیلەکانی قەدەخە کراوە. هەوای خاوێن، خەو، بێداری، خورد و خۆراک هەر هەمووی وەکوو ئەشکەنجەیەکی روحی هەمە لایەنە لە بەرامبەری بەکار دەهێنرێت. هەتا هەندێک نامەی هەرەشەئامێزانەی لە لایەن دەوڵەتەوە پێدەدرێت و دواتر دەڵێن دوایە ئەو نامەیانە لە دەرەوە نێردراون. رژیمی تورکیا بەو ئاکارانەی هەموو پێوانی حقوقی و سنووری ئەخلاقی تێپەڕاندووە و بەو شێوەیەش لە زیندانی ئیمرالی ئەشکەنجەیەکی سیستەماتیک و هەمەلایەنە لە سەر رێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکات.

سەرەڕای ئەو بار و دۆخە، رێبەر ئاپۆ ئەوە 9 ساڵە بەرخۆدانیەکی بێ وێنە دەکات و هاوکات بۆ چارەسەری کێشەی کورد بە رێبازی ئاشتیانە و دیموکراتیک چی لە دەستی هاتبێت درێخی نەکردووە. بەڵام رژیمی تورکیا چ کاتێک وڵامی پۆزیتیڤی بەو هەڵوێستە ئاشتی‌خوازانەیە نەداوەتەوە بە پێشێل‌کردنی هەموو پێوانەکانی ئەخلاقی، سیاسی و حقوقی دەستی بە پلانی ژەهراوی کردنی رێبەر ئاپۆ کردووە. لە سەر ئەو بنەمایەش مەترسیەکی گەورە لە سەر رەوشی تەندروستی رێبەر ئاپۆ لە ئارا دایە و بە‌ تایبەتیش لە بواری نەفەس کێشانەوە کێشەی زۆر جیددی بۆ دەر کەوتووە.

دەزانرێت کە رفاندنی رێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕیەکی نێونەتەوەیی بوو. هەربۆیەش ئاشکرایە کە سیستەمی زیندانی تاکە‌‌کەسی ئیمرالی لە ژێر چاوەدێری و یان بە ئاگاداری ئەو لایەنە پیلانگێڕە‌ نێونەتەوەییانە ( بە‌ تایبەتی کۆمیتەی پێشیگرتن لە ئەشکەنجە CPT ) بونیاند نراوە. بەڵام هەتا ئێستا سەرەڕای ئەوەی کە ئەو لایەنانە لە بارودۆخی تەندروستی رێبەر ئاپۆ ئاگادارن بەڵام هەتا ئێستا بە هیچ شێوە هەوڵوێست و یان هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری هەڵنەهێناوەتەوە. رێبەر ئاپۆ لەو ماوەیەی دوایی رایگەیاندووە کە لە هەفتەیەک دا 10 کیلۆ لە کێشی وەزنی کەم کردووە. دیارە ئەوە رەوشێکی ئاسایی نیە و ئاشکرایە کە روبەڕووی هەڵسوکەوتێکی نامروڤانە دەکرێتەوە. لەو بوارەیەوە رۆژی 1ی مارسی 2007 لە پایتەختی ئیتالیا بە کۆبوونەوەیەکی چاپەمەنی لە لایەن وەکیلەکانیەوە هێرشی ژەهراوی کردنی رێبەر ئاپۆ لە لایەن رژیمی تورکیاوە بۆ رای گشتی جیهانی ئاشکرا کرا. هەر لەو رۆژەوە گەلی کورد و بزاڤی ئازادیخوازی داوایان لە دەوڵەتی تورکیا، پارتی داد و گەشەپێدان کردووە کە پێویستە زیندانی ئیمرالی لە لایەن هەیئەتێکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لە پزیشکانەوە کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری بکرێت. بەڵام رژیمی تورکیا نە ئەو داخوازیەی بەجێ هێناوە و نە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەش هەنگاوێکی ناوە. هەیئەتی CPTش لەگەڵ ئەوەی سەردانی ئیمرالی کردووە و هاوکات ئاگاداری لەو رەوشە هەیە بەڵام هەتا ئێستاش چ هەنگاوێکی بۆ راوەستاندنی ئەو پرۆسەی ژەهراوی کردنی نەناوە. ئەو سیاسەتەی دەوڵەت لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشە‌پێدان دەستی پێ کردووە. پارتی ناوبراو لەو بارەیەوە بەرپرسیارە و هەتا ئێستاش لە ناو بێدەنگیەکی گوماناوی دایە. CPTش هەتا ئێستا بە هۆی هێندێ هاوسەنگی و بەرژەوەندی سیاسی ئاکامی چاوەدێری خۆی لە ئیمرالی رانەگەیاندووە.

رژیمی تورکیا لە لایەکەوە پلانی لە‌نێو بردنی رێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەبات و لە‌هەمان کاتدا باکووری کوردستانیشی وەکوو گۆڕەپانێکی شەڕ لێکردووە و هەر شێوە سەرکوت و ئازار و ئەشکەنجە و هەتا کوشتنی مروڤی مەدەنی زۆر بە ئاسایی پێش دەخات. لایەنی رەگەزپەرەست و فاشیست بە‌ هاوپەیمانی لەگەڵ ئەرتەش هەوڵی پەرەپێدانی هەستی شۆڤەنیستی و میلیتاریستی لە‌ نێو کۆمەڵگای تورکیا دەدەن و بەو شێوەیەش دەیانهەوێ بە سیاسەتی سەرکوت و زەخت و گوشار ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن و بە شێوەیەک سەرپۆش لە سەر ژەهراوی کردنی رێبەر ئاپۆ دابنێن.

ئەرتەشی تورکیا لە‌ مەیدانی شەڕ لەگەڵ گەریلا زیانی ماڵی و گیانی زۆر گەورەی وەبەر دەکەوێت، هەر بەو بەهانەیەشەوە سەرەڕای پێداگری لەسەر کەش و هەوای شەڕ لە باکووری کوردستان هەڕەشەی داگیرکردنی باشووری کوردستان، تێکدانی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەو پارچەیەش دەکات. هەر لەو چوارچێوەیە دا زەختی سیاسی و ئابوری و دیپلوماتی بۆ سەر هەرێمی کوردستان فراوانتر کردووە. دیارە ئەوە بە واتای سیاسەتێکی داگیرکاری نوێ و ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی بە یەک‌جاری گەلی کوردە. لە‌ لایەکی ترەوە هەر ئەو رژیمە لە‌ چواچێوەی هاوپەیمانی دژە کورد دا هاوکاریەکی چڕ و پڕی رژیمەکانی ئێران و سوریا دەکات. دیارە رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سیاسەتی سەرکوت و زەخت و گوشار لە سەر گەل، گرتن و ئەشکەنجە و هەتا لە سێدارە‌دان پەیڕەوی لە هەمان سیاسەت دەکات. رژیمی سوریاش لە‌ بەرامبەر هەر شێوە هەست و چالاکیەکی ئازادیخوازی و دیموکراتیانەی گەلی کورد سیاسەتێکی هۆڤانەی سەرکوت و کوشتن و لەنێو بردن پەیڕەو دەکات. ئەو سیاسەتەی کە ئەوڕۆ بە سەر گەلی کورد دادەسەپێنرێت، سیاسەتی کۆیلە کردن و بە‌دیل گرتن و تێک‌ شکاندنی ئیرادەی ئازادی گەلەکەمانە. دوژمن لە هەوڵی ئەوە دایە گەلی کورد و رێبەر ئاپۆ و بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان لە یەکتر داببڕێ.

جێ و شوێنی رێبەر ئاپۆ لە‌ تێکۆشانی ئازادیخوازی و ژیانەوەی راستەقینەی نەتەوەیی و ناسنامەی نوێی گەلی کورد و هەروەها بونیادنانی روحی بەرخۆدانی و تێکۆشانی دیموکراتیانە و هاوچەرخی ئەو گەلە و هاوکات هەموو دەستکەوتی دیموکراتیانەی گەلەکەمان لە ئاستی جیهانی و هەرێمی‌دا بۆ دۆست و دوژمن ئاشکرایە. وەکوو بونیاد‌نەر و بەدیهێنەری ئازادی و ئافرێنەری مێژوویەکی نوێ بۆ گەلی کورد مۆری خۆی لە مێژوو داوە. ئاشکرایە کە رێبەر ئاپۆ وەکوو ئیرادەی ئازادیخوازی، روحی خۆڕاگری گەلەکەمانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تاک بە‌ تاکی گەلی کورد پێکەوە گرێداوە و کردوونی بە یەک. دروشمی ” بێ رێبەر ئاپو ژیان نابێت ” پێناسەی ئەو راستیە‌یە کە گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک و هەرچی رۆژە دەیڵێتەوە.

گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ناسین و تێگەیشتن‌ لە‌ فەلسەفە و ئایدیۆلۆژی ئازادیخوازی رێبەر ئاپۆ؛ هەتا ئێستا لە ریزی پێشەوەی تێکۆشانی نەتەوەیی ـ‌ دیموکراتیک رۆڵ و بەرپرسیاری مێژوویی خۆی بە‌جێ هێناوە و پەیوەندیەکی دانەبڕاو لەگەڵ ئەو فەلسەفەیە بەدی هێناوە. سەرهەڵدانەکانی گەلی رۆژهەڵات لە ساڵی 99 و قۆناخی دوای ئەوەش هەتا ئەمڕۆ سەلمێنەری ئەو راستیەیە. ئەمڕۆ بە‌ پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ شەپۆلێکی نوێی تێکۆشان و فەلسەفەی ئازادیخوازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندووە، لەگەڵ ئەوەش رۆژهەڵات ئیدی وەکوو هێزی پێشەنگی گۆڕەپانی تێکۆشانی نەتەوەیی لێ‌هاتووە. هەر بۆیە خاوەندارێتی و هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی تەندروستی و ئازادی رێبەر ئاپۆ ئەو بەرپرسیاریە مێژووییەیە کە‌ لە هەر کەس زیاتر دەکەوێتە‌ سەر شانی گەلەکەمان لە‌ رۆژهەڵاتی کوردستان.

لە سەر ئەم بنە‌مایە، هاودەنگ لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان ئێمەش، “کۆمیتەی پاراستنی تەندروستی و ئازادی رێبەر ئاپۆ ـ ‌رۆژهەڵاتی کوردستان”مان دامەزراند. گەلی خۆڕاگری رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بە پشت‌بەستن بە هێزی پاراستنی گەوهەری خۆی و بە‌ بآ درێخی کردن لە‌ هیچ رێ و رێبازێکی رەوا و دیموکراتیانە هێز و ئیرادەی خۆی دەربڕێت و جودا لە سەرکەوتن و ئازادی هیچ شتێکی تر پەسەند نەکات. لەو تێکۆشانە دژوارە‌دا بە باوەڕی و ورەیەکی بەرزەوە ئێمەش پشتگیری و بەشداری لە حەملەی سیاسی “ئیدی بەسە! لەگەڵ رامانی رێبەر ئاپۆ ژیان بکە و پەرەی پێ‌بدە” رادەگەیێنین. بار و دۆخی تەندروستی رێبەر ئاپۆ رۆژەڤی سەرەکی ئێمەیە. ئەو مەترسیانە لە شوێنێک وەک ئیمرالی چارەسەر ناکرێن، بۆیە ئەو حەملە سیاسیە‌ی کە‌ لە 9ی ئۆکتۆبری 2007ەوە بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی و ئازادی رێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە، وەکوو حەملەی خۆڕاگری و تێکۆشانێکی بێ‌ وچان لە قەڵەم دەدەین و هەتا سەرکەوتن لە سەری سوور دەبین. زیندانی ئیمرالی بە تەئکید پێویستە دابخرێت.

بەڵام ئێمەش دەڵێین بار و دۆخی ژیانی رێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی لە مەترسی دایە و گەلی کورد ئیدی لە بەرامبەر سیستەمی ئیمرالی هەتا ساتێکیش دان بە‌خۆدا ناگرێ. ئەو حەملەیە لە هەموو بوارێکی ئایدیۆلۆژی ـ سیاسی، کەلتووری و رێکخستنی و هاوکات دیپلۆماسی و سەربازی بەردەوام دەبێت. گەلەکەمان لە هەر شوێنێک پێویستە بۆ پاراستن و ئازادی رێبەر ئاپۆ تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستان بەشداری لە‌ تێکۆشانێکی هەمەلایەنە بکات. بەشداری کەسایەتی دیموکرات، رووناکبیر و شۆرشگێڕ و هەر وەها تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ، پسپۆرانی حقوق، پزیشکانی دیموکرات و رێکخراوە مەدەنیەکان لە کۆمەڵگای کورد و گەلانی تریش بۆ بونیاد‌نانی ئاشتی و ئارامی و برایەتی گەلان لە هەرێمەکە‌دا زۆر گرینگ و حەیاتیە.

رژیمی تورکیا و داگیرکەرانی تر لە هەرێمەکەدا شەڕێکی رەوانی و پرۆپاگەندەیی و هاوکات تیرۆری دەوڵەتی و شەپۆلێکی بە‌هێزی فاشیستی لە ناو ریزەکانی گەل‌دا پەرە پێ‌دەدەن. بە هەموو شێوەیەک دەیان‌هەوێت رای گشتی گەلەکەمان لە سەر کێشەی نەتەوەیی و لە سەرووی هەمویانەوە بار و دۆخی رێبەر ئاپۆ چەواشە و بێ‌کاریگەر بکەن. بەڵام ئێمەش بە هەموو وشیاری و توانایەکمانەوە پێداگری لە سەر ویست و داخوازیە بنەڕەتیە‌کانی خۆمان دەکەین. لە سەر ئەو بنەمایە بانگ لە هەموو ریزەکانی گەلی کورد، دۆستانی گەلی کورد و رای گشتی دیموکراتی‌خواز دەکەین کە بەشداریەکی چالاک لەو حەملەیەدا بکەن. دیارە لەو مەرحەلەیە‌دا رۆژەڤی کار و تێکۆشان هەموو رێکخستنەکانی کۆما جواکێن کوردستان بۆ سەرکەوتنی ئەو حەملەیە تەرخان کراوە. لە بەرامبەر هەموو ئەو چەواشەکاری و سیاسەتی نەیارانەی دوژمنان گەلەکەمان رێبەر ئاپۆ لە ناوەندی هەموو تێکۆشانی خۆی‌دا دە‌بینێت و بەو شێوەیەش هەوڵ بۆ سەرکەوتنی ئەو قۆناخە دەدات. لە سەر ئەو بنەمایە بە تایبەتی جەوانان و ژنان پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک هەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بکەن و ئەو راستیە بزانن کە لە‌ گوتن زیاتر کاتی کردەوە و چالاکیە و پێویستە بە پێی پێداویستی قۆناخ بە بێ ساتێک درەنگ کەوتن و غەفڵەت هەموو هێزی خۆیان و بگرە زیاتریش بە‌گەڕ بخەن و ببن بە هێزی گەرەنتی و پێشەنگی سەرکەوتنی ئەو حەملە تاریخییەی کە‌ بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی و ئازادی رێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت.

 

کۆمیتەی پاراستنی تەندروستی و ئازادی رێبەر ئاپۆ ـ رۆژهەڵاتی کوردستان
18.11.2007