هەوڵ و تەقالای داگیرکەری کوردستان و کۆمەڵکوژی سەر کوردان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە بە چڕی بەردەوامە. نەیارانی کورد لەبەرامبەر گەلی خۆڕاگر و تێکۆشەری کورد، بە رێگای ئاموورەکانی شەڕی تایبەتەوە، قۆناخێکی نوێ داگیرکەرییان دەستپێکردووەو لەناو هەوڵدانێکی چەپەڵدان.

جمووجۆڵ و سووڕانەوەی فڕۆکەی سیخۆری و بێ فڕۆکەوانی نەیارانی کورد بە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و ناوچە شاخاویەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەم رۆژانەی دواییدا روویان لەزیادبوون کردووە. دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران بە کۆنسێپتێکی هاوبەش، دەیانەوێت بە رێگای فڕۆکەی سیخۆرییەوە، کارتێکەری لەسەر ورە، باوەڕی و مۆڕاڵی گەلی کورد دابنێن و بە رێبازی هاوبەش، قەڵای بەرخۆدانی کوردان تێکبشکێنن، کە ئەو پیلانەش لەبەر بەرخۆدانی بێ وێنەی گەل و گەریلا، هەرگیز سەرکەوتوو نابێت.

ئەو فڕۆکانەی کە لەسەرچیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەسووڕنەوە، سەر بە رژێمی داگیرکەری ئێرانن و ئەوانەش کە بە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە مەبەستی سیخۆڕی بە سەر گەل و گەریلاوە دەسووڕنەوە سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە.

بەو پێیە فڕۆکەی سیخۆڕی داگیرکەری تورکیا لە ٢٣ و ٢٥ی ئاب بە سەر هەرێمەکانی پێنجوێن و ئاسۆس بۆ ماوەیەکی درێژ سووڕاونەتەوە.

لەدرێژەی هەوڵە داگیرکەریەکانی نەیارانی کورد لە ٢٦ و ٢٧ی ئاب فڕۆکەی سیخۆری رژێمی داگیرکەری ئێران بە سەر شارۆچکەی سەبەتلوو، گوندەکانی دروولە، مجەسە، کانیناو، بنەخوێ و دەوسینەی سەر بە شاری بانە و هاوکات لەچیای شاهۆ بێ ناوبەر سووڕاوەتەوە.

پێویستە گەلی کورد لەبەرامبەر شەڕی تایبەتی دوژمنان، رێکخستن بوونی خۆیان بەهێزتر بکەن و دەرفەتی خەباتی سیخۆڕی و داگیرکاری لەکوردستان، بە یەکگرتن و یەکڕیزی نێوماڵی کوردی لەبار ببەن.

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی یەرەکە

٢٩\٠٨\٢٠١٩