مێژوی گەلی کورد، لێوانلێوە لە شەڕ، کوشتن، ئەنفال، ماڵوێرانی و کۆمەڵکوژی. لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە، پیلانی ئەوە داڕێژراوە کە کورد و کوردستان لەسەر ئەم جۆگرافیایە بسڕنەوە. بەڵام لە بەرامبەر ئەو داگیرکەریەدا گەلی کورد بۆ ئەوەی ناسنامەو ئیرادەی خۆی بپارێزێت سینگی کردوەتە قەڵخان.

داگیرکەری و شەڕ بە درێژایی مێژوو بەردەوامەو لەو شەڕە ماڵوێرانکەرانەدا بە هەزاران گەنج گیانیان فیدا کردووە و داستانی قارەمانیەتییان نووسیوە. شەهید دلۆڤان فەدا، یەک لەو گەنجە قارەمانانەیە کە لە لاپەڕەکانی مێژوودا، بە  رۆح سوکی و دڵ نزمی خۆی، هێڵی فیدایی و خۆڕاگری نەخشاندووە.

شەهید دلۆڤان فەدا لە شاری سەردەشت و لە ناو بنەماڵەیەکی هەژار و وڵاتپارێز چاو بە دنیا هەڵدێنێت. لەبەر هەژاری بنەماڵەکەی، لە تەمەنی منداڵییەوە بۆ دابین کردنی پێویستییەکانی ژیانی چێژی زۆر و زەحمەتیەکانی ژیان دەچێژێت و لەگەڵ هەژاری و ڕەنج و کۆششدا دەست و پەنجە نەرم دەکات.

ئەو ئێش و ئازارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەڤاڵ دلۆڤان، ڕێگەی شۆڕش بدۆزێتەوە و لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببێت. هەر لەسەرەتای بەشداربوونی بۆ ناو ریزەکانی تێکۆشان، بە ناسنامەی جەوانی دەست بە خەبات و تێکۆشان دەکات. بە وزە و هێزێکی گەورەوە، ئەرکەکانی رێکخستن رادەپەڕێنێت و بەشداری کارا لەژیان دەکات و لە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا خۆی قووڵ دەکاتەوە. سەرجەم ئەو شتانەی کە لەناو ژیانی رێکخستن فێر بووە، بە کرداری کردووە، بۆیە بە هەڤاڵێک دەناسرا کە وتە و کرداری یەکن و لەناو گەل و هەڤاڵانیدا کەسێکی متمانە پێکراو و خۆشەویست بووە.

سەرجەم تەمەنی ناو رێکخستن، خاوەندارێتی لە پاشناوی خۆی دەکرد و لە ناو هەڤالانیدا بە کاسایەتییەکی فیداکار دەناسرا. یەک لە ئاواتەکانی ئەوە بوو کە خۆی بگەیەینێتە جەوانانی رۆژهەلات و بەرێکخستن و خاوەن ئیرادەیان بکات، تا رژیمی داگیرکەری ئێران نەتوانێت سیاسەتەکانی خۆی بە ساکاری لە سەر جەوانان بەڕێوە ببات. بە هەمان فکر و باوەڕییەوە، لە بەهاری ساڵی ٢٠١٨ی زایینی روو لە ناوچەی سنە دەکات و بە جۆش و هەیەجانەوە خەباتێکی بەرچاوی لەگەڵ هەڤالانی بەرێوە دەبرد. رژێمی داگیرکەری ئێران هەست بەوە دەکات کە لەو هەرێمەدا، جەوانان بەڕێکخستن دەکرێن و ئەوەی بە هەڕەشەیەکی بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی بینیوە. بۆیە بە ڕێگای بەکرێگیراوەکانی رژێمەوە لە ٢٠١٨.٩.٧ی زاینی، هێرشێکی دڕندانە دەکەنە سەریان و دوای شەڕێکی قارەمانانە هەڤاڵ دلۆڤان و سێ هەڤاڵی بە ناوەکانی (تۆڵهەڵدان سنە، ئارگەش کارزان و رۆژهات شەڕ)، دەچنە کاروانی شەهیدانەوە.

ئێمە شەهید دلۆڤان و هەر سێ هەڤاڵی دیکەمان  و سەرجەم شەهیدانێ ڕێگەی ئازادی بەبیر دەهێنینەوە و هەر کەس دڵنیا دەکەینەوە کە تێکۆشانمان بەهێزتر و بەرفراوانتر دەکەین. بۆیە داوا لەسەرجەم جەوانانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و بە گشتی ئێران دەکەین کە خاوەنداری لە خوێنی شەهید دلۆڤان و سەرجەم شەهیدانێ ڕێگای ئازادی بکەن و بە بەشداربوونیان بۆ ناو ریزەکانی گەریلا خەون و ئاواتەکانی شەهیدان دەستەبەر بکەن.

لەکۆتاییدا بەڵێن و پەیمانی خۆمان لەگەڵ شەهیدان نوێ دەکەینەوە و بە درێژەدانی ریبازی تێکۆشانی شەهید دلۆڤان و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی، تۆڵەی شەهیدان لە داگیرکەران بستێنینەوە.

 

کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان ( KCR)

٠٧\٠٩\٢٠١٩