کۆچی دوایی کەسایەتی تێکۆشەر، نیشتمان پەروەر، ئازادیخواز و سیاسەتمەداری گەورەی کورد، عەبدولحەمید حاجی دەروێش، لەلانکەی شۆڕشی ئازادی رۆژئاوا، دڵگران و پەرۆشی کردین. بە بۆنەی کۆچی دوایی سیاسەتمەداری تێکۆشەر و ئەوینداری کوردستان، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان لەرۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئاراستەی گەلی کورد و بە تایبەت گەلی خۆڕاگری رۆژئاوا، بنەماڵە، هەڤەڵان و هاوسەنگەرانی دەکەین.

کۆچی دوایی عەبدولحەمید لەم دۆخە هەستیارەی رۆژئاوا کە رووبەڕووی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی قڕکردن و پاکتاوکاری لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوپەیمانەکانی بووەتەوە، لەگەرماوگەرمی خۆڕاگری شۆڕشی دێمۆکراتیکی سوریا بە خەسارێکی مەزنی نەتەوەیی دەبینین. مامۆستای دڵسۆزی کورد سەرجەم ژیانی بە بێ حەسانەوە لەپێناو چارەسەری پرسی کورد و یەکڕیزی نێوماڵی گەلی کورد بەڕێوە بردووە و لەگۆڕەپانی تێکۆشاندا، خەرمانێک لەئەزموون و وانەی تێکۆشانی، هەر لەدامەزراندنی یەکەمین پارتی کوردی لەسوریا تا سکرتێری پارتی دیمۆکراتی پێشڤەڕۆی کورد و خاوەندارێتی لەدەستکەوتەکانی رۆژئاوا و هەوڵدان بۆ یەکێتی گەلی کورد بە تایبەت لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا، بۆ تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کوردستان بە جێ هێشتووە.

هەر چەند کە ترافیکی دیپلۆماسی و هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەئارادایە و بەرخۆدانێکی بێ وێنەی شەڕڤانان و گەل مۆرکی لەمێژووی هاوچەرخی کورد دا، کۆچی مامۆستا حەمید خەسارێکە لەسەر رەوتی تێکۆشانی دێمۆکراتیکی پرسی کورد. هیوادارین کۆچی ناوبراو ببێتە هەوێنی یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردی لەرۆژئاوا و سەرجەم کوردستان. هەروەها هەموو هێز و لایەنە ئازادیخوازەکان بە رۆح و بەرپرسیارێتی شۆڕشگێڕانەوە، لەسەر بنەمای گرنگی دان بە نرخ و بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان درێژەپێدەری رێچکەی خەبات و تێکۆشانی بن و بۆ بەدیهێنانی هیوا و ئاواتەکانی کە پاراستنی دەستکەوتەکانی رۆژئاوا و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە، سەنگەرەکانی تێکۆشان بەهێزتر بکەن.

جارێکی تر هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ گەلی خۆڕاگری رۆژئاوا و کەسوکاری عەبدولحەمید حاجی دەروێش دەردەبڕین و بەڵێنی درێژە پێدان بە خەباتی ئازادیخوازی، بۆ بە دیهێنانی هیوا و ئاواتەکانی ناوبراو و سەرجەم شەهیدانی بەرخۆدانی مێژوویی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دووپات دەکەینەوە.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

٢٦\١٠\٢٠١٩