شۆڕش ئاڵان

نەخۆشی دەسەڵاتداری، بناغە و سه‌رچاوه‌ی هەموو نەخۆشییەکانی سیستەم و شێوازی به‌ڕ‌‌ێوەبەری دەوڵەتییه‌. ئەگەر دەسەڵاتی زاڵ به‌سه‌ر ئێران و لایه‌نەکانی پەیوەندیداری، راست هەڵسەنگاندن بکرێن، بەباشی دەردەکەوێ كه‌ کێشەکانی ئه‌م رژێمه‌ سه‌ره‌ڕۆیه‌، چەندە قووڵ و بێ چارەسەر ماونەتەوە. هه‌روه‌ها، لەمپەره‌ بنەڕەتیه‌كان لە به‌رانبەر گۆڕانکاری و ئاوابوونی کۆمەڵگایه‌كی دیمۆكراتیك و ئازاد، بە روونی دیار دەبن. ئه‌وه‌ی كه‌ زه‌ق و به‌رچاوه‌، چاوگه‌ و هۆی سه‌ره‌كی كێشه‌كانی دەسەڵاتداری ئامانجه‌ له‌شكه‌رییه‌كانن و ده‌سه‌ڵات ده‌یهه‌وێ هەبوونی خۆی بە زاڵبوون و هژمۆنگەرایی لەشکەری بپارێزێت.

بە چاوخشاندنێک بە کۆمەڵێک لە ئەو ئاریشه‌و و کێشانەی كه‌ وەک شاخێکی زبڵ لەناو زبڵداندا گەورە بوون، دەتوانین راستی ئەو سیستەمە زەبەلاحەی کە ئەمڕۆ بوویه‌ به‌ بەڵای سەری گەلانی ئێران و هەرێمه‌كه‌ زیاتر شی بکەینەوە. حەقیقەتی هەموو کێشەکان، لەناو دەسەڵاتی بێ سنووری هێزی سوپای داگیرکەردا شاراوەیه‌. ئەگەر ئامانجی دەسەڵاتداریی لەشکەری شی بکرێتەوه‌، رێکارەکانی بۆ بەفیڕۆدان و لاوازكردنی وزەی گەل و کۆمەڵگا روونتر و ساناتر دەردەکەوێتە پێش. بەم شێوەیە، دەتوانین ئاماژە بە چەند کێشە و دیاردەی سەرەكی بکەین کە چاوکانی خۆی لە سیستەمی دەسەڵاتداری سوپاوە دەگرێ. سوپا نەتەنیا لە بواری لەشکەری و ئابووری دەستی بەسه‌ر ئێراندا گرتووه‌، بەڵکوو دەستی خزاندوەتە هەموو بەشەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، پیشەسازی، تەندروستی، پەروەردەیی، گه‌شتیاری و هتد.

لە کاتێکدا دەزانرێت دزانی هه‌ره‌قه‌تی و به‌ناو و ده‌نگی سیستەمی به‌ڕێوه‌به‌ری و كارگێڕی ئێران، پێکهاتوون لەم کەس و لایه‌نانەن کە بە ده‌مامك و رووپۆش جێاوازن، بەڵام لە راستیدا، ریشه‌یان بۆ ئەوانە دەگەڕێتەوە کە له‌ناو هێزی نیزامیدا جێگیرن یان ئەندامی فەرمین لەناو سوپادا. بازرگانانی ناڕەوا و دوورن لە یاسای کار و پیشە. سەلماندنی ئەوە شتێکی ئه‌سته‌م نیە و بەنموونەی زیندوو و بەرچاو، دەتوانرێت ئاماژەی پێ بکرێت. چونکە سەرەتای شۆڕشی ئێران ئەو دەرفەتەی خولقاندبوو کە هێزە نیزامییەکان هەر جۆرە ئیمکانی شۆڕش بۆ بەرژەوندی خۆیان بە کار بهێنن، کەسیش نەیدەتوانی رێگری لە پێشچوونی ئەم قۆناخە بکات، چونکە هەر کەس و لایه‌ن، پێویستیان بە هێزێکی لەشکەری پتەو و تۆكمه‌ هەبوو. بەڵام سوپا ئەو دەرفەتەی بە شێوەیەکی دیکە قۆستەوە و بۆ بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری بە کاری هێنا. تەنانەت سوپا دوای شەڕی ئێران و عێراق لەبن ناوی خه‌زای ئاوه‌دانی (جهاد سازندگی) دەستی بە سەر هەموو ده‌ره‌تان و دەرفەتەکانی ئابووریدا گرت. ئەمەش رێگای بۆ ئەوە خۆش کرد کە بتوانن بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەست دانێنە سەر هەموو بنەسازییەکانی دەوڵەت. هەروەها دەوڵەتێک کە لە کۆنتڕۆڵی ئه‌واندا نەبێ، رێگری لێبکەن و بگره‌ بەسیاسەتی گوشار و هه‌ڕه‌شه‌، رێگا نەدەن ئەو دەرفەتانەی لە ئاکامی قۆناغی شەڕدا هاتۆتە ئاراوە لە دەستی بدەن.

ده‌ستێوه‌ردانی نایاسایی و بەتاڵان بردنی سامانە سروشتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێکارێکی بنەڕەتی و نموونه‌یه‌كی به‌رچاون لە دەستدرێژی هێزی سوپا بۆ سەر کوردستان. ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای داگیركردنی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و وه‌ك كارێكی ئاسایی و رۆژانه‌ی لێهاتووە. هەمووی ئەو تاڵانکاریانە بەشێوەی سیستەماتیک و ئۆرگانیزەكراو، بەڕێوە چوون. لە هیچ جێیەکی دیکە، تا ئه‌م ئاسته‌، دیارده‌ی دزی به‌ ئاشکرا بەرێوە نه‌چووه‌. کاتێک هەڵدانەوەی شوێنەوارە مێژوویەکان سەیر دەکەین، ئەم راستییە دەبین. هیچ شوێنەوارێکی مێژوویی لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەماوە کە دەستدرێژی لێ نەکرابێت. یانێ لە ماوەی دەسەڵاتداری ئەم رژێمەدا، بەتاڵان بردنی ئاسەواری مێژوویی، یەکێكه‌ لە گەورەترین و به‌ئێشترین کارەساتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

بە پاوانخوازی و نەهێشتنی دەرفەتی کار بۆ جه‌وانان و به‌گشتی چینی کرێکار، سیاسەتێکی تایبەتی بەڕێوە دەبردرێت، چینی کرێکار و رەنجدەر، ناچاری نەهامەتی و خراپترین و به‌ئێشترین کار دەکرێن. به‌هۆی ئه‌م ئاسته‌نگی وته‌نگه‌ژانه‌وه‌، به‌شێكی به‌رچاوه‌ی كۆمه‌ڵگا بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان، ده‌كه‌ونه‌ دۆخێكی وه‌ها ناله‌بار و دڵته‌زێنه‌وه‌ كه‌ سه‌رده‌مانی كۆیه‌له‌داری وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ و بگره‌ تێپه‌ڕیشی ده‌كات. ئێستاکە کار لەپێناو نانه‌ و مردنیشی لە گەڵداو بەڕێوەیە. کاتێک کە سەیری رەوشی کرێکاران و بەتایبەتی ئەوانەی كه‌ لە سنوورە دەستکردەکان بۆ بژێوی ژیانی رۆژانەیان، گیانیان دەکەنە قاڵغانێک بۆ مردن ده‌كه‌ین، هەر شتێک سەرسووڕ هێنه‌رتر دەبێت. ئەوەش وەک دیاردەی کۆڵبەری بەناو دەکرێ و بۆ پاراستنی مافی ژیانی مرۆڤەکان، هیچ یاسا و رێسایەکیش لەم نێوانەدا نیە. كاری له‌و شێوه‌ و به‌تایبه‌تی كۆڵبه‌ری كه‌ بەرهەمی سیستەمی داگیرکەر و سه‌ره‌ڕۆیه‌، دیاردەیەکی بەرچاوە کە وه‌ك ژینوسایدێكی رۆژانە و ئاسایی لێهاتووه‌. لەم نێوانەدا رەنجدەرترین مرۆڤەکانی کورد ناچاری کۆڵبەری دەکرێن كه‌ بۆ به‌‌ده‌ستخستنی نانی رۆژانە، سنووری دەستکردی داگیرکەران دەپێون، مۆرك و تۆمه‌تی قاچاخچیان لێ ئەدەن و بە نامرۆڤانەترین شێواز، رۆژانە کۆمەڵکوژیان دەکەن. بەتایبەت هێزە سنوورپارێزەکانی سوپا، بكوژان و رێکخەرانی ئەم پرۆسەیەن. ئەمە قەیرانێکی بنەڕەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بە تەواوی رژێمی داگیركه‌ر و سوپا چه‌واشه‌كاره‌كه‌ی لێی بەرپرسیارن.

هەموو ناٰڕەزایه‌تی دەربڕین و خۆپێشاندانە رەواکان، بە هێزی دژە شۆڕش وەڵام دەدرێنەوە. هه‌موو فزه‌ و ده‌نگێكی بچووكیش به‌خێرایی كپ ده‌كرێته‌وه‌. له‌ ئاست جیهاندا، یاساكان رێکاری ناڕەزایی دەربڕین و خۆپێشاندان، وەک هەڵمەتێکی دیمۆکراسی بۆ بەدەست هێنانی مافە رەواکان پێناسە دەکه‌ن و رێگای بۆ کراوە دەهێڵنه‌وه‌؛ کەچی دەسەڵاتی داگیركه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران، بە پشت بەستن بە هێزی سوپا و ئاسایشەوە، به‌ بیانۆ و پاساوی جیاواز، ده‌بێته‌ له‌مپه‌ر له‌ به‌ر ئه‌م هه‌ڵوێست و چالاكییه‌ دیمۆكراتیكانه‌ی گه‌ل، له‌ ئه‌گه‌ری به‌ڕێوه‌چوونیشی، به‌ تووندترین شێواز و رێباز، سه‌ركوت و رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌. ئەمەش دەهێڵێ کە کۆمەڵگا نەتوانێ هێزی بەربەست بێت لەمەڕ پێشێلکارییەکانی دەزگای بەڕێوەبەری دەوڵەت. مێژووی كۆن و ئەمڕۆی ئێڕان، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م راستییه‌ن و كوشتن، ئه‌شكه‌نجه‌ و گرتن خاڵی سه‌ره‌كی و هه‌ڵوێستی یه‌كه‌می رژێمی حاكم به‌ سه‌ر ئێراندا بووه له‌ ئاست ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر و كۆمه‌ڵگا‌. خۆپێشاندانەکانی ئه‌م دواییه‌، ئەوەی نیشاندا کە رژێم بەشێکی زۆری هێزی سوپا بۆ سەرکوت و بێده‌نگ كردنی گەلان و بەتایبەت دژبه‌رانی ناوخۆیی بە کار ده‌هێنێت. ئەمەش، هزری دیمۆکراسی و بەیەکەوە ژیانی گەلان لاواز دەکات. هەروەها پێش لە پێشکەوتنی سیستەمێک کە نوێنەرایەتی مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک بکات، دەگرێ. چونکە مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک بە هەڵوێست و بڕیاری گەل پێشدەکەوێت. دەبێ ئەوەش لە بیر نەکەین کە رژیمێک ئەوەندە داپڵۆسێنه‌ر و سه‌ره‌ڕۆ کە رێگا بە هیچ جورە دژبەریی و هەڵوێست نانەوە نادات، لە ناوەرۆکدا لە دژی بیروڕای دیمۆکراسیە و هەر جۆرە داخواز لەم سیستەمە هەڵەیە و تەنیا تێکۆشانی بەردەوام دەتوانێ به‌ستێنی دیمۆکراتیک بوون دروست بکات. جارێکی دیکە ئەوەمان بۆ دەسەڵمێندرێ کە گۆڕین و لەرزاندنی كۆڵه‌كه‌كانی رژێمی حاکم، بە بەرخۆدانی گەلان مسۆگه‌ر دەبێت.

تاقم و تۆڕه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی مادە سڕکەرەکان، هەموو لە ژێر چاودێری و پشکنینی دامودەزگا نیزامی و سیخوڕییەکاندا، بەتایبەتی گرووپە جیاوازەکانی ناو سوپا پێكده‌هێنرێن و كار ده‌كه‌ن. تەنانەت بازرگانیی ناوخۆیی و دەرەکیش هەر لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت. هەمیشە ئەم راستیە لە لایان دەزگای ئاسایشی ئێرانەوە چەواشە کراوە و هەر چەندە بابەتێکی روون و ئاشکرایە، بەڵام دیسانیش تۆمەتی بازرگانی کردن لە کەسانی دیكه‌ ده‌ده‌ن‌. لە لایەکی دیکەشەوە هەموو گرووپ و رێكخراوه‌ مافیاییه‌كانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ به‌م دیارده‌یه‌ له‌ كوردستان بده‌ن، یان راستەوخۆ لە بن چاودێری سوپا دان، یان یارمه‌تی له‌ سوپا وه‌رده‌گرن. لە تەنیشت ئەوە هێزی ئاسایش بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، ساڵانە گەلێک کەس بەتایبەت جەوان، دەگرن و بۆ بێدەنگ کردنی رای گشتی و بۆ خستنە بن کۆنتڕۆلی باندەکانی دیکە، لە سیدارەیان دەدەن. لە راستیدا ئەوەی لەم ناوبەرە دەبێ لێپرسین بکرێ و سزا بدرێت، مافیاکانی ناو سوپان کە بازرگانانی بنچینەیی مادە هۆشبەرەکانن. ئەگەر سوپا هەوڵدانی پێشگرتنی هەبایە، ئێستاکە هیچ گروپێکی مافیا و بازرگانی مادەی هۆشبەر نەدەمان. بەڵام چوون بۆ خۆی تاوانبار و بەرپرسیاری سەرەكییه‌، پێش لەم کارەساتە مرۆڤیە ناگرێ. خراپترین شت لێرەدا، ئەوەیە كه‌ لەناو ئەو سیستەمە گەندەڵەدا مناڵیش دەبنە قوربانیی و ئەوەش فەلەج کردنی کۆمەڵگایە و بێ نرخ کردنی داهاتوویە.

سیاسەتی سیخوڕی و بەبسیج کردن، یەکێکی دیکە لە رێبازەکانی سوپایە کە لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگادا پەیڕەوی دەکات. بەم شێوەیە خواسترا بە ناوی بەسیج، کۆمەڵگایەکی سیخوڕ، لەشکەر و گوێڕایه‌ڵ ئاوا بکەن، کۆمەڵگایەک کە بە تەواوی سڕ، کەڕ و کاس ببێت و تاقەتی هەڵوێست گرتنی نەمێنێت. هەروەها لە هەمان کاتدا، هه‌وڵده‌درێت كه‌ تاک بێ ئیرادە بکەن و کێبەرکێ بۆ سیخوڕی کردن پێشدەخەن. ئەمەش باوەڕی و متمانە لەناو تاک و کۆمەڵگادا تێکدەبات، ئامانجی بنچینەییشی ئەوەیە. رژێم ئەم سیاسەتە چەپەڵەی ئەوەندە پێش خستووە کە ئەگەر نەبێ بە بەشێک لە دەزگای سیخوڕی بەسیج کە سەرچاوەی بیردۆزی سوپایە، تەنانەت نابێ بە خاوەن هیچ پیشەیەک. بۆ ئەمە بە میلیۆنان کەس کە بەشداری ئەم سیستەمە چەپەڵە نەبوون، وەک ئەرتەشێکی بێکاران ماونەتەوە و ئەوە بۆ خۆی کێشەیەکی دیکەی رژێمە کە دەستکردەی رۆحی دەسەڵاتداری و سیخوڕ بوونە. ئەم سیاسەتە چەپەڵە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە سیستەماتیک و رۆژانە پەیڕەو دەکرێت.

داگیركه‌رانی کوردستان ماوەیەکی درێژە کە بە سیاسه‌تی بێ چەک کردنی کوردان، ویستوویانە کورد بێ پاراستن بهێڵنه‌وه‌. لە سەر ئەو بنەمایە، هەنگاوی بەکرێگیراو کردنیان پێشخستووە. بەکرێگیراوی یان دوژمنی خاک و خوێنی خۆت بوون، وەک نەخۆشی گەورەی کۆمەڵگای کوردە. بە تێگەیشتنی ئەم راستییە، دوژمن بە کارهێنانی کوردانی لە به‌رانبەر یەکتری وەک کارتێک بەکار هێناوە. بەکرێگیراوی و جاشایەتی بە سیستەم کردووە، بە ناوی پێشمەرگەی موسڵمانه‌وه‌، په‌ره‌ی به‌ سیسته‌می جاشایه‌تی داوە، هەوڵدانی کوشتنی کورد بە دەستی کوردی پێش خستووە، هەر چەندە ئێستاکە کەمڕەنگ و لاواز بووبێت، به‌ڵام لە دەیەکانی رابردوودا، سەرکەوتووانە ئەمە گەمەیەی پەیڕەو کردووە. هه‌نووكه‌ گه‌لی كورد به‌  به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، به‌ شێوازێكی جددی رێگری ده‌كات له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه‌ و رووداوه‌كانی رابردوو. ئیدی نەتەنیا جاشایەتی بۆ رژێمێکی وەها گەندەڵ نابێ، پێویستی بە ئەمە هەیە کە جه‌وانانی کورد لەوپەڕی هۆشیارییه‌وە مامه‌ڵه‌ لە گەڵ ئەم دیاردەیە بکەن و وەک هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی، چەکی دوژمن هەڵنەگرن و سەربازیش نەکەن. بە هەر جۆرێک پاسەوانی و بەکرێگیراوی بۆ داگیرکەران رەد بکەنەوە. بەم تێگەیشتنه‌ کە دوژمن گەورەترین و کوشەندەترین زەره‌ری بەسیاسەتی جاشایەتی لە کوردان داوە، تێکۆشانی بەرەو ئازادی پەرەی پێبدرێ و بەهێزێک کە هه‌ڵقوڵاوی ناخی کورد بێت، پشت ببەستن.

لە دەرەوەی ئێران، سوپای قودس و رێكخستنەکانی رەشه‌کوژی و تیرۆر، یەکێكی دیکە لە ئامراز و رێکارەکانی سپاندنی دەسەڵاتداریی چڵ ساڵەی رژێمی حاكم له‌ ئێران بووه‌. تیرۆری کەسانی شۆڕشگێڕ، ناڕازی رژێم، رۆژنامەوان و چەپگر و کوردان، بنەمای ئەو سیاسەتانە بووه‌. سیاسەتی تیرۆر، تۆقاندن و بێ سەروشوێن کردن، سەرەڕای هەموو دژبەرییەکانی ناوخۆیی و دەرەکی، هەتا ئێستاش بەردەوامی کردووە. نموونەی بەرچاوی عێراق و باشووری کوردستانە كه‌ بۆتە مۆڵگەی ئەم رەشه‌کوژانەی سەر بە سوپا و باسکی ئۆپراسیونە تایبەتەکان. رژێم بەمەش رانەوه‌ستا و شەڕی مەزهەبی و تایفی وەک رێکارێكی دیکە پێشخست.

پێشخستنی شەڕی مەزهەبی، گەورەترین نەهامەتییەکانی ناوچەیی لە گەڵ خۆی هێنا، ئەم شەڕانە جگە لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە، سوودی بۆ هەر لایەنێک هەیە. بەم شەڕە مەزهەبیانە، کۆمەڵگای ئێران و عەرەبیش لە تاقەت کەوتوون. بەرهەمەکەشی، تەنیا بۆ هێزە هژمۆنی خوازەکان دەمێنێتەوە. لە ئەنجامی ئەم شەڕانەدا، چەند شارێکی سوننە مەزهەبی سووریە، یەمەن و عێراق وەها کاولکراون کە تەنیا ناویان ماوەتەوە. بە سەدان ئاوایی لە سەر نەخشه‌ سڕاونەتەوە. لەمەڕ ئەوەش برینێکی ئەوەندە قووڵی لە زاکیرەی سوننە مەزهەباندا دروست کردوە، کە سارێژ کردنەوەی ئەوەندە ئاسان نابێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئەم مەبەستەش پێک بێت، لە سامانی گشتی ئێران ساڵانە پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر به‌فیڕۆ دەچێت.

لەو بوارەدا، ساڵانە بۆ ناسەقامگیریی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پارەیەکی بێ سنوور بۆ هێزە ملیشیاکانی وڵاتانی دیکە ته‌رخان دەکرێت. ئەو پارەیە هێنده‌یه‌ کە تەواوی کێشەکانی ژێرخانی ئابووری ئێرانی پێ چارەسەر بکرێت و بگره‌ کەسێک بێ خزمەتگوزاری نەمێنێت. بەڵام بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتداریه‌تی شێعەتی، هەموو هێزی مادی ئێران سەفەربەر و خراوه‌ته‌ گه‌ڕ. بۆ ئەوەی شەڕ لە دەروەی سنوورەکانی خۆی بگرێت، هێزی پاراملیتاریستی لە گەلێک وڵاتاندا بەرێكخستن کرد. ئەمەش لە بن ناوی شەڕ لە دژی دوژمنانی خودا، جلێکی شەرعی لێکراو و بۆ پێکهاتنی خولیای هژمۆنی شێعه‌ لە ناوچەی قەیراناوی بوو. ئەمەش کێشەکانی ناوچەکەی کەم نەکردۆتەوە و بگره‌ چەندین بەرابەری کردوون. ئاڵۆزییەکانی دوایی، ئەم حەقیقەتە بە هێزتر نیشان دەدات. لەبن ناوی پیتاندنی ئۆرانیۆم و بوونە خاوەن وزەی ناوه‌كی، بوونه‌ هۆكار كه‌ گەلانی ئێران به‌هۆی گه‌مارۆ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان، لەبن ڕێژەی هەژاریدا بناڵن. نەخۆشی دەسەڵاتداریه‌تی چاوی بەڕێوەبەرانی ئێرانی کوێر کردووە و جگە لە پەرەپێدان و دووپات كردنه‌وه‌ی ئه‌م هەڵانە هیچ شتێکی دیکە نابینن و نابیسن.

وەک هه‌ڵسه‌نگاندن و كۆكردنه‌وه‌ی پراكتیكی (عملکرد) رژێمی داگیركه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران کە دەبێ بکەوێتە بەر لێپرسینەوە، پێویسته‌ چەن پرسیارێکی ئاراستە بکەین کە چاوەڕوانی وەڵامن. ئەم هەموو تیرۆر و گرتن و کوشتنه‌، لە پێناوی چی بوو؟ کێ بەرپرسیاری ئەو هەموو بێکاری و هەژارییه‌ی گەلە؟ بە لەسێدارەدانی جه‌وانانی شۆڕشگێر و وڵاتپارێز، چیتان بەدەستخست؟ لەمەڕ ئەو هەموو کێشەی ئابووری و کاولکاریە، کێ بەرپرسیارە؟ بۆ لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە بێ سنوورەی سوپا و دەستدرێژەی بۆ هەر شوێنێک، ئیرادەیەک دەرناکەوێ؟ بە شەڕی دەره‌وه‌ی سنوور و گوڕکردنی شەڕی مەزهەبی، رێگا بۆ چی کرایەوە؟ گەمارۆی ئابووری لە دەروەو و راپەڕینی گەلان لە ناوخۆ، رێگا لە بەر چی دەکاتەوە؟

بەگشتی دەسەڵاتی بێ سنووری سوپا لە ناو سیستەمی رێوەبەری ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو شکستی لە ناکاو هەنگاو دەنێ. لەم رەوشەدا، سیستەمێک پڕاوپڕ لە گەندەڵی و کێشە هەیە و لە بەرانبەریشدا شەپۆلێکی تێکۆشان بە پێشەنگایەتی ژنان، جەوانان، ژینگە پارێزان، ئانارشیستەکان، كرێكاران، ئازادیخوازان و رووناکبیران و هەموو چین و توێژەکانی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادایە. ئەوەی لەو ناوەدا سەردەکەوێ، تێکۆشانی بە رێكخستن بوونی گەلانە، کە پشت بە هێز و باوەڕی خۆی ده‌به‌ستێت. هەڵوێست و بڕیاری بە یەکەوە ژیانە. بە دڵنیاییه‌وە، ئه‌گه‌ر هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌كان بە شێوه‌یه‌كی ئاكتیڤ رۆڵ بگێڕن و له‌ گه‌ڵ پێشه‌نگانی ئه‌م تێكۆشانە شکۆمەندانه‌یه‌دا یەکبگرن، هیچ هێزێک ناتوانێ بەره‌نگارییان ببێتەوە. ئەمە دەبێ بە ئاڵتەرناتیڤ، یانێ هێڵی سێهەم کە هێڵی ئاڵتەرناتیڤە لە بەرەی پێشەوەی تێکۆشانی دژی دەسەڵاتداری بوەستێتەوە و رێبەرایەتی ئەم قۆناخە بکات، بە بێ ئەوەی ببێتە ماشەی دەستی هیچ هێز و لایه‌نێک. بەو پێیه‌ تێکۆشانی ئازادی دژی دەسەڵاتداری، گەندەڵی، تاڵان و کۆمەڵکوژی سەردەکەوێ.