گفتوگۆیەك لەگەل بەرێز رێزان جاوید، ئەندامی كوردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاك، سەبارەت بە رەوشی دوایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و كوردستان و روانگەی پەژاك بۆ چارەسەركردنی ئەم گیروگرفتانە

ئاڵتەرناتیڤ: بەرێز رێزان جاوید ئەندامی كوردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، دەزانن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو گۆڕانكارییەكی بەرفراوان دایە و پانتایی ئاڵۆزییەكان سەرجەم هەرێمەكەی لە ناو خۆیەوە گرتووە. تا چ رادەیەك دەتوانین كاریگەری گەل لەم ئالووگۆڕانەدا ببینین؟ تا چ ئاستێك دەستێوەردانی دەرەكی لەسەر ئەم بابەتە زاڵە؟ بۆ وێنە رەوشی سوریا چۆن دەنرخێنن؟

ر. جاوید: ئەمڕۆكە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی تابلۆیەكمان لە بەرچاوە كە بە پێی نرخاندنی ئەم تابلۆیە وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە و شێوازی هەڵسووكەوتی لایەنە هەرێمی و دەرەكییەكانمان زۆر بە روونی بۆ دەردەكەوێت. دوای رووخانی هەندێك لە خانەدانە دەسەڵاتدارەكان لە وڵاتانی تونس، میسر، لیبی و دەست پێكردنی شەڕ و پێكدادان لە بڕێك وڵاتی تر، هەنووكە ئاڵۆزییەكان و قەیرانە ناوخۆییەكان لە رابردوو بە دەیان قات زیاتر بۆتەوە. سەرەڕای ئەوەی كە ئاڵووگۆر لەو حكوومەتانەدا كرا، ئەوانەی كە وا ئێستاكە لەسەر كاریشن نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوەی ویست و داخوازییەكانی گەل بن. واتە لە دەرەنجامی ئەم ئاڵووگۆڕانە، شۆڕشی چاوەڕوان كراو، پێك نەهاتووە. بۆیە پێناسەی شۆڕش بۆ ئەم ئاڵووگۆڕانە ناتوانین بەكار بهێنین. تەنانەت بەكار هێنانی دەستەواژەی رێفۆرمیش چەندە لە جێی دایە، ئەویش دیار نییە. بێ گومان لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە وا دەسەڵاتەكەی گۆڕدرا، دەستێوەردانی دەرەكی رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو. ئینكاری ئەم بابەتە ناكرێت كە لە هەمووی ئەو وڵاتانە نارەزایەتی گەلان لە بەرامبەر دەسەڵاتەكان لە ئاستی لووتكە دایە. بەڵام خاڵی گرینك و واتە پرسیاری گرینگیش ئەوەیە كە ئایا دەستێوەردانە دەرەكییەكان ئیزنی ئەوەیان دا كە سەرهەڵدانی گەڵان بە رەوتی سرووشتی خۆیدا تێپەر بێت و بەرەو شۆرشێكی بنەڕەتی بڕوات یا نا؟ تەنانەت دەستێوەردانی دەرەكیش هەنووكە سیاسەتێكی زۆر جیاوازتر لە جاران لەم وڵاتانەدا و لە گشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەكات. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئامریكا لە دوای كشاندنەوەی هێزەكانیان لە ئێراق سیاسەتێكی نوێیان لە ئاستی هەرێمدا پەیڕەو كرد. ئەمجارەیان ئەم لایەنە بە جێی ئەوەی كە بۆخۆی راستەوخۆ رووبەڕووی لایەنەكانی هەرێم بێتەوە، زەمینەی ناكۆكییەكانی ئامادە كرد و هەنووكە لە دوورەوە، بەدواداچوونی ململانیەتی نێوان هێزەكانی هەرێم دەكات و چەندەی ناكۆكییەكان لەهەرێمەكەدا قووڵتر بێتەوە، ئەوەندە زەمینە بۆ بە جێی كردنی بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆی لە هەرێمە كە دا دەرەخسێنێت. لە رەوشی ئەمڕۆكەی سووریادا زۆر بە ئاشكرا بەرێوە چوونی سیاسەتێكی لەم چەشنە دەبینرێت. هاوكات لە رەوشی ئەمڕۆكەی سوریاش دا زۆر ئاشكرا لایەنەكانی توركیا و پشتیوانەكانی و هاوكات ئێران، روسیا و چینن كە چارەنوسی ئەم وڵاتە دیاری دەكەن. لە لێدوانەكانی دەوڵەتانی توركیا و ئێراندا راشكاوانە باس لەوە دەكرێت كە ئەم شەڕە هی ئەوانە و تەنانەت چارەنووسی خۆیان لە سەركەوتن یان بنكەوتن لەم شەڕەدا دەبینن. لەم ناوەدا خەڵكانێكی یەكجار زۆر قەتڵەعام دەكرێن و رووبەڕووی ئاوارەیی و ئێش و ئازارەكانی شەڕ دێنەوە. ئەو موخالەفەتەی كە لە لایەن توركیاوە پشتگیری دەدرێت لە رەوتی راستەقینەی خۆی دەركەوتووە و ئەویش وەك رژێمەكەی بەرامبەری دەستی بە قەتڵەعام كردووە. فڕێدانی مرۆڤەكان لەسەر بانی چەند قاتەوە و وەرگرتنی بە دەیان هەزار لیرەی توركی بۆ سەر بڕینی مرۆڤەكان لە لایەن موخالەفەتی سەر بە توركیاوە، چۆن دەتوانرێ ناوی موخالەفەتی لێی بكرێت؟! ئایا لە ئەگەری هاتنە سەر كاری ئەم چەشنە موخالەفەتە چارەنووسی كۆمەڵگای سوریا بەرەو كام ئاراستەدا دەچێت و ئایا هەمان عەقلیەت زاڵی ئێستاكە بە شێوەیەكی خرابتر بەردەوام دەبێت یا نا؟ هێشتا ئەم موخالەفەتە هیچ شتێكی وەدەست نەكەوتووە، ئامادە نییە كە مافی كوردان قەبووڵ بكات، ئیتر داهاتوو چی لێدێت زۆر ئاشكرایە. هەرچەندە ئێستاكە لایەنەكان باس لە چارەسەری كێشەكان بە رێگای دیالۆگ دەكەن و گۆیا زەمینەی رێككەوتنەكان ساز دەكەن، بەڵام بە هۆی ئەو مامەڵە سیاسیانەی كە لە پشت پەردە بەرێوە دەچن، سوریا رووبەڕووی داهاتوویەكی نادیار و مەترسیدارە.

ئاڵتەرناتیڤ: پێگەی كوردانی رۆژئاوای كوردستان لە نێوان بەرەی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەنرخێنن؟

ر. جاوید: گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەهەموو گەلانی نێو سوریا چەوساوەتر و بێ‌مافتر بوو و بە دەیان ساڵە كە گەلی كورد تێكۆشانی ئازادیخوازانە لەم وڵاتەدا بەڕێوە دەبات. لە دوای دەستپێكردنی سەرهەڵدانەكان و قۆناخی شەڕ لە سوریا، گەلی كورد بە یەكپارچە، دەستی بە سەرهەڵدان كرد و داوای مافە رەواكانی خۆی كرد. ماوەیەكی زۆر درێژ نییە ئەم بابەتە دەستی پێكردووە و هەركەس قۆناخی ئەم دوو ساڵەی دوایی لە رۆژئاوای كوردستان بینی. سەرەتا هەندێك لایەنی نەزانی سیاسی، بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە گۆیا گەلی كورد دژایەتی ئەسەد ناكات. بەڵام ئەمە جگە لە چەواشەكاری و پێچەوانە كردنی راستییەكان، بانگەشەیەكی تر نییە و ئەمە ناسیاسی بوون و نەزانی سیاسی خاوەنی ئەم بانگەشانە، ئاشكرا دەكات. وەك ئاماژەمان پێی دا هەنووكە لە سوریا دا هەر دوو بەرەی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕ و ململانیەتێكی بەرفراوان دان. لە رواڵەتدا هەر دوو لایەن باس لە دێمۆكراسی و مافی مرۆڤ دەكەن، بەڵام هەر دوو لایەنیش ئامادە نەبوون دان بە مافی گەلی كورد دا بنێن. ئەگەر بلێین كە گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێوانەی ویژدان و دێمۆكراسییە، پێناسەیەكی زۆر راست دەبێت. چوونكوو نزیكایەتی لە بەرامبەر گەلی كورد و یا بە گشتی گەلانی هەرێمەكەیە كە نیشانی دەدات لایەنی بەرامبەر چەندە دێمۆكراتە و چەندە پابەندە بە مافی مرۆڤ. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وەڵاتانی رۆژئاوا كە لە سەرەكی ترین دامەزرێنەرانی كێشەی كوردن و لە دەرەنجامی سیاسەتەكانی ئەوان گەلی كورد رووبەڕووی چارەنووسێكی وەها هاتەوە، لەم قۆناخەش دا نیشانیان دا كە بە هێچ جۆرێك نە بۆ خۆیان ئامەدەن گەلی كورد و مافەكانی بە رەسمی بناسن و نە بەرژەوەندییەكان لە گەڵ دەوڵەتی فاشیستی توركیا ـ وەك گەورە داگیركەر و دوژمنی گەلی كورد ـ ئیزن بەوە دەدات كە كوردان وەك هێزێك پەسەند بكەن. لە لایەكی ترەوە دەوڵەتە ستاتۆپارێزەكانی هەرێمیش هەتا ئێستا چی نەماوە لە دژی گەلی كورد نەیكەن. وەك باسمان كرد، موخالەفەتێكیش لە سوریا پێش كەوتووە كە سەر بە توركیایە و ئەویش هێشتا هیچی وەدەست نەكەتووە، هێڵی سوور بۆ كوردان دیاری دەكات و دەڵێ كێشەیەك بە ناوی كێشەی كورد بوونی نیە. گەلی كورد نە دەیتوانی لە بەرەی دەرەوەدا جێگە بگرێت و ببێتە هاوسەنگەری توركیا كە هەموو سیاسەتەكانی لە سەر بنەمای دژایەتی لە گەڵ كوردان بونیاد ناوە و نە دەیتوانی رژێمی زاڵ بە سەر سوریا بەم عەقلییەتەوە پەسەند بكات. هاوكات بێ‌دەنگی لە بەرامبەر رەوشێكی وەها، لە هەردوو حاڵەتەكەی تریان خرابترە. بۆیە گەلی كورد هەڵوێستێكی سەربەخۆی بۆ گەیشتن بە ئازادی نواند و لە ئاكامدا گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان توانی بگات بە ئاستی ئەمڕۆ كە جێی خۆشحالی و شانازییە بۆ سەرجەم گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان. هەڵبەت لێرەدا پێویستە ئەم بابەتە بە باشی شی بكرێتەوە كە گەلی كورد تەنیا و تەنیا لە دەرەنجامی ئەم هاوسەنگییانە نەبوو كە چەمكی سێهەمینی گرتە بەر. بەڵكوو گەلی كورد بەتایبەت لە رۆژئاوای كوردستان لە بواری چەمكی ئایدیۆلۆژیكی و تەنانەت روانگەی سیاسی و فەلسەفی و ژیانیشەوە پەیڕەوی لە چەمكی ئایدیۆلۆژیایی رێبەر ئاپۆ دەكات كە ئەم چەمكە لە ئاستی هەرێمی و جیهانی دا چەمكی سێهەمە. واتە چەمكی سێهەم بوون لە دەرەنجامی بۆشایی سیاسی نێوان چەمكەكانی رۆژئاوا و هێزە ستاتۆپارێزەكانی هەرێم دەرنەكەوتۆتە پێش. دەتوانین بڵێین كە چەمكی سێهەم لە گەڵ چەمكەكانی تر هاوپەیمانی نەكرد. بە پەیڕەو كردنی سیاسەتێكی لەم چەشنە هەنووكە گەلی كورد توانیویەتی قورسایی سیاسی خۆی لە ئاست سوریا دا دابنێت و تەنانەت بۆ چارەنووسی سوریا هەڵوێستی گەلی كورد دیاریكەرە.

ئاڵتەرناتیڤ: دامەزراندنی سیستەمی خۆبەرێوەبەری دێمۆكراتییانە بە بێ ئەوەی پێداویستی بە گۆڕانكاری لە سنوورەكانی ئێستای سوریا هەبێت، چ كاریگەرییەكی لەسەر پرۆسەی دێمۆكراتیزاسیۆنی هەرێم دەبێت؟

ر. جاوید: سەرەتا دەبێ باس لەوە بكەین كە سنوور واتای چییە و ئایا لە ناو سیستەمێكی دێمۆكراتییانەدا سنوور واتەی هەیە یان نا؟ سنوور لە كاتی ساز بوونی سیستەمی دەسەڵاتداری و بە تایبەت لە دوای پێشكەوتنی عەقلییەتی دەوڵەت نەتەوە و ناسیۆنالیزمەوە، ساز بوو و قەداسەتی پێی بەخشرا و چوارچێوەی دەسەڵاتی، دەسەڵاتدارانی پێناسە دەكرد. ئەم عەقلییەتە زۆر قەتڵەعام و كوشتاری لێكەوتەوە و زۆر پێكهاتەی نگریسی تری لە گەڵ خۆیدا هێنا. هەنووكە لە بەشێكی زۆری جیهاندا مرۆڤەكان گەیشتوون بەو قەناعەتە كە سنوور هیچ واتایەكی نییە و دواكەوتووی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری، كومەڵایەتی و هتد… لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت. بۆیە پێویستە مرۆڤەكان و كۆمەڵگاكان بتوانن بە ئازادانە لەگەڵ مرۆڤ و كۆمەڵگاكانی تر پێوەندییان هەبێت و دان و سەندنی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییان پێكەوە هەبێت. بەڵام عەقلییەتی دەسەڵات ئەوە دەسەپێنێت كە ئەوەی لە چوارچێوەی سنوورەكەی دابێت، ئەو خاوەنێتی و تەنانەت دەسەڵاتەكان خۆیان بە خاوەنی رووحی مرۆڤەكان دەزانن و مرۆڤەكان نابی بە بێ ئیزنی ئەو هیچ چەشنە سنوورێك ببەزێنن. بێ‌گومان سنوور تەنیا واتایەكی جوگرافیایی نییە و دەسەڵاتدارەكان سنووریان تەنانەت بۆ ئاستی فكراندن و خەون و خەیاڵەكانی مرۆڤەكانیش دیاری كردووە. بۆیە سنوور و سنووردار كردن گەورەترین سووكایەتییە لە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بۆ شكاندنی ئەم سنوورانە تێكۆشانێكی جیهانی سەرجەم مرۆڤایەتی پێویستە و پێویستە تەنانەت پێكهاتەی دەسەڵات و دەسەڵاتداری بە گشتی تێپەڕ بكرێت و مرۆڤەكان بگەن بەم ئاستە كە كەس خاوەنی كەس نییە و نابی هێڵی سوور بۆ كەسی تر دیاری بكات كە ئەمەش بە چەمكی ئایدیۆلۆژیكی نوێ و هەڵگرتنی ئاستەنگییەكان لە بەردەم پێوانە ئەخلاقی و سیاسییەكانی كۆمەڵگاكان سەقامگیر دەبێت.

بۆ وەڵامی پرسیارەكەتان دەتوانین ئەوە بڵێین كە گەلی كورد ئەمڕۆكە داوای مافە ئینسانییەكانی خۆی دەكات و لە عەقلییەتی كوردی ئازاد دا سنوور واتای نییە و سنوورەكانیش ناكات بە ئاستەنگ و هیچ كاتیش بە رەوا سەیریان ناكات. هەنووكە دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان بە تێكڕایی كورد بەوە تاوانبار دەكەن كە گۆیا گەلی كورد دەیهەوێ ئەم وڵاتانە پارچە بكات. بەڵام لە راستی دا ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان ئەم بانگەشانەی هەموو پووچەڵ كردەوە و هەنووكە گەلی كورد لە چوارچێوەی سنوورە دەستكردەكانی سوریادا سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دێمۆكراتییانە بەرێوە دەبات. بێ‌گومان سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دێمۆكراتییانە، خۆی لە خۆیدا سیستەمی دێمۆكراسی راستەقینەیە و لە گەڵ پێناسەی دێمۆكراسی بەتەواوی هاوسەنگە. زۆربەی لایەنە جیهانییەكان و بەتایبەت دەوڵەتەكان باس لە دێمۆكراسی و سەردەمی دێمۆكراسییەت دەكەن. بەڵام هەڵسووكەوتیان لەگەڵ كۆمەڵگا هەڵسووكەوتی شوان و مەڕە. كۆمەڵگا پێویستی بە دەسەڵاتدار نییە. پێداویستی كۆمەڵگا بە بەڕێوەبەری دێمۆكراتییانە هەیە كە لە لایەن كۆمەڵگا بۆ خۆیەوە بێت و پێداویستییەكان كۆمەڵگا جێ بە جێ بكات، نەك ببێتە خاون گیان و ماڵ و خەون و خیاڵەكانی و بیچەوسێنێتەوە و چارەنووسی بۆ دیاری بكات. بێ‌گومان، ئەمە هەم فۆرمۆلاسیۆنێكی نوێی سیاسییە بۆ چارەسەری كێشە كورد لە هەرێمەكەدا كە دەتوانێ وەك مۆدێل بۆ گەلانی تریش پەیڕەو بكرێت و هەمیش فۆرمۆلاسیۆنێكی نوێی سیستەمی دێمۆكراتییانە و وڵامێكی گونجاوە بۆ ئەو خێڵ و بنەماڵە و كەسانەی كە وادەزانن كە كۆمەڵگا ناتوانێ بە بێ ئاغا و دەرەبەگ و خان و میر خۆ بەڕێوە ببات و دەبێت خۆ لە كۆمەڵگا بە زلتر زانەكان بەرێوەی ببەن. هەنووكە لە رۆژئاوای كوردستان ئەم مۆدێلە لە بواری ژیانی كۆمەڵایەتیشدا بەڕێوە دەچێت و بەردەوامی و سەركەوتنی ئەم پرۆژەیە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانی رێگا لە بەردەم رێنۆسانسێكی فیكری، فەلسەفی و سیاسی بكاتەوە.

ئاڵتەرناتیڤ: رەوشی كۆماری ئیسلامی ئێران لەم قۆناخەدا چۆن دەنرخێنن؟

ر. جاوید: كۆماری ئیسلامی ئێران یەك لەو دەوڵەتە نادێمۆكراتییانەی هەرێمە و رووبەڕووی ناڕەزایەتی زۆر بەرفراوانی ناوخۆیی بۆتەوە. هاوكات بە هۆی لێكنەكردنیان لە گەڵ بەرەی رۆژئاوا، مەترسی دەستێوەردانی دەرەكی لەسەرە و تەنانەت بۆ لاواز كردنی ئەم دەوڵەتە، لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران دەستێوەردانی ئێران بە كرداری دەستێ پێكراوە و بەردەوامە. شەڕ و ململانیەتی نێوان ئێران و هێزەكانی تر لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت ئێستاكە لە سوریا بەردەوامە. سوریا هەم بۆ بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی ئێران و هەم بۆ دەوڵەتانی رووسیا و چین خاوەن گرینگی تایبەتە. دەوڵەتی ئێران كە لە مێژ ساڵە خەریكی دامەزراندنی بازنەیەكی ئایدیۆلۆژیكی چەمكی شیعەیە لە هەرێمەكە دا لە ناو لایەنە شیعەكانی هەرێم دا خاوەن پێگەیەكی تایبەت و رۆڵێكی مەزنە و بەم رێگایەوە لە هەوڵی سەقامگیر كردنی هێژێمۆنیای خۆیەتی لەم هەرێمەدا. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئیسرائیل، ئەورووپا و توركیا لە بەرامبەر ئەم دەوڵەتە هەوڵدەدەن لە كوێ پێگەی ئێران بە هێز بێت هێرشی بۆ سەر بكەن و بەم شێوازە دەوڵەتی ئێران لاواز بكەن. وەك باسمان كرد، سوریا لەم قۆناخەدا یەك لەم گۆڕەپانانەیە. لێدوانی كاربەدەستانی ئێران كە دەڵێن، ئەگەر ئەمریكا لە سوریا سەر بكەوێت ئەوا لە گشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حاكمییەتی خۆی ساز دەكات، بۆ ئەم وڵاتە بەواتایە. بۆیە دەوڵەتانی دەرەوە و بەتایبەت ئیسرائیل لەم قۆناخەدا هەڕەشەی لێدانی ئێران دەكەن و دەوڵەتی ئێرانیش ویستی گۆڕینی پۆزسیۆنی پاراستنی بەرەو پۆزسیۆنی هێرشكارانەی هەیە. بۆیە دەوڵەتی ئێران، بەردەوام بوونی رژێمی ئەسەد و یاخود سەركەوتنی پرۆژەپێشنیارییەكانی رووسیا، ئێران و چین لە سووریا زۆر بە گرینگ دەزانێت و بۆ ئەو سەنگەرێكی دەسلێبەرنەدراوە. بێ‌گومان چەندە ئێران دەتوانێ لە سیاسەتەكانی خۆی لە سووریا دا پێ داگری بكات و یا پرۆژەكانی خۆی سەربخات، یان چەندە دەتوانێ پێوەندییەكانی لە گەڵ لایەنە هاوپەیمانەكانی لە هەرێمدا بپارێزیت و رووسیا و چین رازی رابگرێت بۆ پاڵپشتی كردنی و یاخود چەندە بە دوای ئاڵتەرناتیڤی جیاوازە، لە داهاتوو دا ئاشكرا دەبێت.

ئاڵتەرناتیڤ: هەروەك دەزانن لە ئێران كێشەی مافی گەلانی ئێران و بەتایبەت كێشەی ناسنامە ئەتنیكی و ئایینی و مەزەبییەكان، كێشەیەكی سەرەكییە. لەو رەوشەی كە ئێستا رووبەڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆتەوە، شیمانە بۆ داهاتووی ئێران چییە و ئایا رێبازی چارەسەری و دەركەوتن لەو قەیرانە بۆ ئەم دەوڵەتە لە ئارادایە یان نا؟ ئەگەر هەیە رێبازەكان چین و چۆنیان دەنرخێنن؟

ر. جاوید: ئەمە زۆر راستە كە دەوڵەتی ئێران خاوەن كێشەی زۆر بەرچاو و حاشاهەڵنەگیرە و رۆژانە هەبوونی ئەم كێشانە پێگە و هێزی ئەم دەوڵەتە بەرەو لاوازی دەبات. لاوازی هەرە سەرەكی ئەم دەوڵەتەش لاوازییە ناوخۆییەكانیەتی. ئەگەر ئەم دەوڵەتە، ئەوەندەی گرینگی بە كێشەكانی لە دەرەوەی سنوور دەدات، ئەوەندە بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی هەوڵ بدات، ئەوا پێگەی ئێران لە ئاستی هەرێمی و جیهانی دا چەند بار بە هێز دەبێت. یانی ئەگەر ئەم دەوڵەتە هەوڵ بدات كێشە ناسنامەیی، ئەتنیكی، فەرهەنگی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و ناسنامەیی و … چارەسەر بكات و واتا دێمۆكراسی سەقامگیر بكات و دەست لە ستاتۆپارێزی و موحافەزەكاری بەربدات، ئەوا دەتوانێ قەڵەمبازێكی مێژوویی لە ئاستی دەرەكیشدا بنێتەوە. ئاخاوتنێكی زۆر بەناوبانگ هەیە كە دەڵێ لە دێمۆكراسیدا هیچ كات بێێ‌چارەیی نییە. بەڵام لە ئێران دا ئەوەی بوونی نییە، دێمۆكراسیە. سەرەڕای كێشە ناسنامەییەكان كە كێشەیەكی بنەڕەتییە، هەنووكە سیاسەتی ناڕاستی دیپلۆماتیكی و پێداگری لەسەر هەندێك پرۆژەی دواكەوتوو لە ئاستی هەرێمدا، كێشەی زۆر جێدیتری ئابووری و كۆمەڵایەتی رووبەڕووی كۆمەڵگای ئێران، كردۆتەوە. لە حاڵێكدا كە گەلانی ئێران زۆر بە جێدی رووبەڕووی هەژاری و برسێتی بونەوە و تەنانەت ئیتر مرۆڤەكان لە بەر ئەوە توانای بەخێوكردنی خۆیان و بنەماڵەكەیانیان نییە، خۆكوژی دەكەن، دەوڵەت بە لێشاو پارە بۆ بەشی سەربازی و تەنانەت بۆ شەڕ لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی لە بەرامبەر رۆژئاوا مەسرەف دەكات. سەرەڕای ئەوە سەرۆكی ئایینی ئێران ئاغای خامەنەیی بانگ لە خەڵك دەكات كە «ئابووری خۆڕاگرانە» پەسەند بكەن و لەگەڵ ئەم رەوشە خۆیان رێك بخەن. بەڵام لێرە دا ئەم پرسیارە دێـتە ئاراوە كە خەڵك بە چ باوەڕییەك و بە چ هۆكارێك و یاخود بۆ بەدیهاتنی كام داخوازی خۆیان دەبێ خۆڕاگری بكەن و یا هەژاری و برسێتی تەحەمۆل بكەن؟ پێویستە ئەم بابەتە بە باشی بزانرێت كە، لایەنە دەرەكییەكان لە سەربەخۆیی و بە ئیرادە بوون و هەڵوێستی مێژوویی ئێرانییەكان باكیان هەیە، نەك لە چەكی ناوكی و سوپای قودس و ئەم تەشكیلاتانە. بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران بە سیاسەتەكانی خۆی سەربەخۆیی و ئیرادەمەندی و هەڵویستی كۆمەڵگای لە ناو بردووە. گەلانی ئێران پێویستییان بەوە نەبوو كە كەس بانگەوازی وەڵاتپارێزییان لێ بكات، چوونكوو زەمینەی مێژوویی ئەم بابەتە لە ناخی هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە دا هەبوو. بەڵام ئایا ئێستا تا چ رادەیەك دەوڵەت دەتوانێ بانگەشەی هەبوونی ئەم ئاستە لە وەڵاتپارێزی بكات. بۆ چی هەتا ئێستا هیچ چارەیەك بۆ هەڵاتنی مێشكەكان لەم وەڵاتەدا نەبینراوەتەوە؟ بۆ چی كاربەدەستانی ئێران، هەڵاتنی بەشێك لە موخالەفەكانیان بۆ ئەورووپا و ئەمریكا بە سەركەوتن بۆ خۆیان لە قەڵەم دەدەن؟! بە گوێرەی كاربەدەستانی ئێران، جیا لە خۆیان و دار و دەستەكەیان هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە پوتانسییەلی مەترسییە و بە چاوی دوژمن سەیری دەكرێت. ئایا ئەمە راستە، یان پێچەوانەكەی؟! دەبێ ئەم راستییە بە باشی ببینرێت كە كۆمەڵگای ئێرانی ئەمڕۆكە لە لای ئەم دەوڵەتەوە هەست بە ئاساییش ناكات، هەتا بیپارێزیت و رێنماییەكانی پێك بێنێت. بۆیە رێبازی رزگار بوون لە مەترسییە دەرەكییەكان لە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان تێپەڕ دەبێت. ئەمە ئینكار ناكرێت كە لەنێوان دەوڵەت و كۆمەڵگای ئێران مەسافەكان یەكجار زۆر بەرفراوان بۆتەوە و خەڵك و دەوڵەت لە یەكتر بیانی بوون. بەر لە هەر شتێك پێویستە دەوڵەتی ئێران باوەڕی كۆمەڵگا قازانج بكات. ئەمەش بە چارەسەری كێشەكان جێ بە جێ دەبێت. پێویستە گۆڕانكاری لە ناو سیستەمی ئێراندا بكرێت و سیستەمێك دابمەزرێت كە هەر كەس و هەر نەتەوە و ناسنامەیەك خۆی تێدا ببینێتەوە و بە هی خۆی بزانێت. ئەو كاتە دەوڵەت دەتوانێ چاوەڕوانی لە كۆمەڵگا و بەتایبەت گەلانی ئێران هەبێت و رێنماییان پێ بدات. رەوشی پێچەوانەی ئەوە بێ ویژدانییە و كۆمەڵگا هیچ كات پەسەندی ناكات.

ئاڵتەرناتیڤ: پێگەی كورد لە هەرێم چۆنە و بە رای ئێوە شێوازی نزیكایەتی ئێران لە بەرامبەر ئەم كێشەیە دەبێ چۆن بێت؟

ر. جاوید: گەلی كورد لە ئاستی هەرێمی و جیهانی دا هەنووكە خاوەن پێگەیەكی گرینگی سیاسییە. لە دەرەنجامی تێكۆشانی بە دەیان ساڵەی گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان، ئەمڕۆكە كورد خاوەن قورسایی سیاسی تایبەتە و لە هاوسەنگییە سیاسییەكانی هەرێمدا خاوەن رۆڵێكی بەرچاوە و تەنانەت هاوسەنگی تایبەت بە خۆی ساز كردووە. لە چوار وڵاتی ئیستراتیژیكی هەرێمەكە گەلی كورد خاوەن تێكۆشانی ئەكتیڤە و پێشەنگایەتی ئازادیخوازی و دێمۆكراسیخوازی دەكات. گەلی كورد بە هەست پێ‌كردن بە هەڵەكانی خۆی لە قۆناخەكانی رابردوو دا هەنووكە بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە پێناو سەقامگیر كردنی ماف و ئازادییەكانی خۆی تێدەكۆشێ و بە پێی رەوشی ئۆبژێكتیو و بابەتییانە سیاسەت بەڕێوە دەبات و ئەنجام وەردەگرێت. سەرەڕای ئەوەی كە هەتا ئێستا لایەنە موداخەلەگەرەكانی رۆژئاوا و هێزە ستاتۆپارێزەكانی هەرێم، هیچكامیان دانیان بە ماف و ئازادی و ستاتۆی گەلی كورد دا نەناوە، بەڵام گەلی كورد و پێشەنگەكانی توانیویانە كە هاوسەنگی تایبەت بە گەلی كورد ساز بكەن، ئەگەر ئەم دوو هێزە پەسەندیشی نەكەن. لە ئاست ئێرانیش دا هەنووكە هێزی هەرە پێشاهەنگ و خاوەن رۆڵ لە تێكۆشانی ئازادیخوازی دا گەلی كورد و بزاڤی ئازادیخوازی ئەم گەلەیە.

دەوڵەتی ئێران هەتا ئێستاش دانی بە هەبوونی كێشەی كورد لە چوارچێوەی ئەم وەڵاتە دا نەناوە. لێدوانەكانی كاربەدەستانی ئێران سەبارەت بە كێشەی كورد لە پارچەكانی تر كوردستان سرنج راكێشە و پۆزێتیڤە بەڵام لە چوارچێوەی ئێران وەها نیشان دەدات كە ئەم كێشەیە بوونی نییە. پێناسەیەك كە دەوڵەت بۆ كێشەی كوردانی ئێران دەیكات، لە چوارچێوەی ئاساییشی و ئابووری دایە كە وێڕای ئەوەی كە راست نییە بەڵام تەنانەت لە چوارچێوەی ئابووریش دا هیچ هەنگاوێك لە ئارادا نییە. لە راگەیاندنەكانی ئێران و لە لایەن هەندێك لە كاربەدەستانی ئەم دەوڵەتەوە سەبارەت بە كوردانی رۆژئاوای كوردستان هەندێك لێدوان دراوە. هەڵبەت دیار نییە كە ئەم هەڵوێستانە تا چ رادەیەك بووچوونی سەرجەم دەوڵەتە یان هی تاكەكەسەكانە. بەڵام باس لەوە دەكرێت كە لە چوارچێوەی سنوورەكانی سوریادا كوردان مافی دیاری كردنی چارەنووسی خۆیان هەبێت. بێ‌گومان ئەم فۆرمۆلاسیۆنە بە شێوەی كرداری لە لایەن گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستانەوە بەڕێوە دەچێت. بەڵام ئایا چەندە دەوڵەتی ئێران بۆ گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، فۆرمۆلاسیۆنی هاوشێوە پەسەند دەكات؟ دیار نییە. ئێمە وەك پەژاك بە جاران لە لێدوان و دێكلراسیۆنەكانی خۆماندا هەمان فۆرمۆلاسیۆنمان بۆ چارەسەری كێشە كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان پێشنیار كردووە، بەڵام هەتا ئێستا دەوڵەتی ئێران هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەری لەم چەشنە نەناوەتەوە. دەبێ ئەم ئەزموونە لە رۆژئاوای كوردستان زۆر بە باشی ببینرێت كە گەلی كورد تەنیا و تەنیا داوای مافە هەرە سرووشتییەكانی خۆی دەكەوێت و ویستی دوژمنی لەگەڵ هیچ لایەنێك دا نییە. هەمان عەقلییەت لە نێو گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە. ئەمە حاشای لێ ناكرێت كە لایەنە دەرەكییەكان، ویستی بەكارهێنانی كێشەی كوردیان لە بەرامبەر دەوڵەتەكانی هەرێم هەیە، بەڵام ئەمە ویستی كۆمەڵگای كوردەواری و بەتایبەت وەك پەژاك ویست و هەڵوێستی ئێمە نییە. لە مێژووی تێكۆشانی گەلی كورد دا بە جاران ئەم بابەتە بینراوە كە هەم لایەنە دەرەكییەكان و هەم لایەنە هەرێمییەكان گەلی كورد و پارتە كوردییەكانیان بە كار هێناوە و دواتر خیانەتیان لەم گەل و پارتییانە كردووە و بنكەوتنیان كرد بە چارەنووسی گەلی كورد. بۆ جاری یەكەم لە مێژووی ئەم تێكۆشانەدا گەلی كورد بە شێوەیەكی زۆر سەربەخۆ و تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی گەوهەری خۆی و بەچەمكی ئایدیۆلۆژیایەكی نوێوە دەستی بە تێكۆشان كردووە. هیچ گومانی تێدا نییە كە گەلی كورد و كوردستان قورساییەكی سیاسی زۆر گرینگە و ئەم وڵاتە وڵاتێكی هەتا دوایی ئیستراتیژیكییە. دەوڵەتی ئێران بە چارەسەر كردنی كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەتەنیا هیچ شتێك لە دەست نادات بەڵكوو لە ئاستی هەرێم دا دەتوانێ وەك مۆدێل خاوەن پێگەیەكی مەزن بێت. ئەمڕۆكە رەوشی رژێمی توركیا لە بەرچاوە. لایەنە دەرەكییەكان دەیانویست رژێمی دواكەوتووی توركیا وەك مۆدێل بەسەر هەرێمەكەدا بسەپێنن. بەڵام نزیكایەتی ئەم دەوڵەتە سەبارەت بە كێشەی كورد و ئەو قەتڵەعام و هێرشانەی كە لەسەر گەلی كوردی كرد، ئەم پیلانانە بە تەواوی لێی پووچەڵ بۆوە. هەموو پیلان و پرۆژە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی توركیا پوچەڵ بۆتەوە. هیوادارین كە دەوڵەتی ئێران هەم لە ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان و هەم لە ئەزموونی توركیا كەڵكی پێویست وەربگرێت و بە زووترین كات بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە هەنگاوی پێویست بنێتەوە. رێبازەكانی ئەوەش دەستپێكردنی دیالۆگ و گفتگۆیە. وەك پەژاك پێشتریش رامانگەیاندووە كە بە هەر چەشنە هەنگاوێكی ئاشتیخوازانە لە پێناو چارەسەری كێشە كورد ئامادەین.