ئازاد چلچه‌مه –

گەلانی مزۆپۆتامیا لە بواری بەرخۆدان و راوەستانی مێژووییدا، هەمیشە مۆری خۆیان لە مێـژوو داوە. ئەوە لە یەكێتی ناوبەینی مادەكان و ئۆرارتۆكانەوە هاتووە كە لە سەردەمی ئیمپراتوورییەتی ئاشووردا بە درێژایی سێسەد ساڵا بەردەوام ئامانجی هێرش بوون و توانییان خۆیان بپارێزن. هەڵبەت خۆڕاگری لەو بەشە لە جیهاندا فەرهەنگێكی هەمیشەییە و لە بەر ئەوەش توانیویانە كە پێكهاتەی خۆیان بپارێزن و لە نەمان، بە دووری بگرن. پێداگری لە سەر فەرهەنگ و ژیان كردن بەو فەرهەنگە، هەمان راوەستانە. ئەوەی كە وەك دیاردەیەكی مێژوویی دەكرێ‌ ئاوڕی لێبدەینەوە، ئەوەیە كە پاش كۆتایی هاتنی پێواژۆی زێرینی مادەكان و ئۆرارتۆكان، جارێكی دیكە لەو جوغرافیایەدا شایەتی وەدیهاتنی دووبارەی ستاتۆ نەبووین. بێ‌گومان ئەوەش لە بواری جیاجیادا كاریگەری لە سەر كۆمەڵگای كوردی داناوە و بۆتە هۆی دروست بوونی كەسایەتێكی تایبەت بۆ مرۆڤی كورد و رەفتاری سیاسی و كرداری تایبەتی بەخشیوە بە گەلی كورد و هەر چەند كورد لە جوغرافیایەكی بەربڵاودایە، بەڵام بە هەمووی پێكهاتەی خۆیەوە جلی ئەو تایبەتمەندییانەی لەبەر كردووە.

كورد تا ئێستا نە دەوڵەتی پێكهێناوە و نە سەری بۆ هیچ دەوڵەتێك دانەواندووە. كاتێك كە باس لە هەبوونی دەوڵەت دەكەین، مەبەستمان ئەوەیە كە باس لە میرنشین و پاشا بچووكەكان ناكەین كە ریشەیان لە قووڵایی هەمان راوەستانی مێژووییدا هەیە و هەر لە بەر پاراستنی نرخەكانیان بووە كە ستاتۆیەكی دەمكورتیان ئاوا كردووە. زیاتری ئەو دەسەڵاتانەش، ریشەی عەشیرەییان هەیە. عەشیرەتیش شێواز یان فۆڕمێكی خۆڕاگری كۆمەڵگای دیموكراتیكە كە پێداگرە لە سەر بنەماكانی ئازادی و پێوانەكانی كۆمەڵایەتی و بە كۆمەڵگا بوون. لە كۆنفدراسیۆنی مادەكانەوە بگرە هەتا ئەمڕۆ، لە شێوازی رێكخستن و رێكخراوەییدا، بە بەردوامی كۆمەڵگای كوردی دووچاری ئاڵۆزی و ناتەبایی بووە و وەك گرێیەكی نەگریسی لێهاتووە كە ناكرێـتەوە. لەوانەیە كە گەلێك جار شەرت‌ومەرج، هەلێكی پێك هێنابێ‌ كە رێكخەربێ‌ و سازدەربێ‌، بەڵام بە هۆی نەبوونی ژێرخانی تایبەت سوودی لێوەرنەگیراوە.

یەكێك لەو هەل‌ومەرجانە كە دەكرێ‌ باسی لیوە بكەین، كۆماری كوردستانە. لە دووی رێبەندانی ساڵی 1324دا، مێژووی گەلی كورد قۆناخێكی تازەی بە خۆیەوە بینی و شایەتی رووداوێكی تازە بوو. لەو كاتەدا بۆ جارێكی دیكە ئیمكانی ئەوە خوڵقابوو كە ستاتۆیەكی بەرفراوان وەدیبێ‌. بەڵام بە هۆی گەلێك مژاری ورد‌ودرشتی ناوخۆ و دەرەكی، رووبەڕووی بنبەست بۆوە و مێراتەیەكی لە ئەزموون و تەجرەبە بۆ جێهێشتین. لەوانەیە كە لە سەر كۆماری كوردستان و چۆنێتی و چەندایەتی زۆر نووسرابێ‌، بەڵام بەرز راگرتن و پێرۆز راگرتنی نرخەكانمان بە قووڵبوونەوەی زیاتر و تێڕوانینی تازە وەدی دێ‌. هەروەها لەوەش ئاگادارین كە ئازادی و بەرخۆدان و راوەستان و گەیشتن بە ترۆپكی رزگاری، پرۆسەیەكی درێژخایەنە و خاوەنداری لە مێژووی ئازادی و راپەڕین و راوەستان، بەشێكی خەباتە و دەبێ‌ بەڕێوە بچێ‌.

قۆناخێك كە كۆماری كوردستان لەودا لە دایك بوو و تەمەنی كەمی خۆی بەسەر برد، كاتی كۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی بوو. ئەو كاتە قەیرانێكی(كائووس) گران و بەربڵاو، جیهانی لە خۆگرتبوو. لە كاتی قەیران و ئاریشەی وەهادا، كام لایەن بتوانێ‌ كە بە زووترین كات شكلێكی باش بگرێ‌ و خۆی رێك بخا، دەتوانێ‌ لە قەیران دەركەوێ‌. لە كاتی قەیراندا بە هۆی كەش‌وهەوای تایبەت، ئیمكانی وەدی هاتنی هەرچەشنە رووداوێك هەیە. ئەوەی كە لە كاتی ئاریشەكاندا قسەی یەكەم و كۆتایی دەكا، رێكخستنە؛ هەڵبەت ئاگاداری لە هاوسەنگێكان و دروستكردنی پێوەندی بەجێ‌ و ئاوێـتەبوون یان خۆبەدوورگرتن لە كاتی خۆیدا، مەرجی سەرەكی دەركەوتنی سەلامەت، لە ناو ئاریشە و قەیرانن. هەروەها دەبێ‌ لە بواری ناسینی كات و وەختدا شارەزاییمان هەبێ‌. مەبەستم ئەوەیە كە بزانین كە كام قەیران لە پێش ئەوی دیكەدا تەواو دەبێ‌ و كاتی درێژی و كورتی و پانتایی ئاڵۆزییەكان بزانین و بە گوێرەی ئەوانە تاكتیك و ستراتژی خۆمان دانێین و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش بچین.

كاتێك كە باس لە وەدی هاتنی هەر جۆرە پێشهاتێك دەكرێ‌، لە بەرامبەردا دەبێ‌ كە خۆشمان بۆ هەر جۆرە رووبەڕوو مانەوەیەك، ئامادە بكەین و تەگبیری پێویست وەرگرین. ئەگەرنا لەناو دەچین و بێ‌پیلانی دەمانباتە بەر هەر درگایەك و موحتاجی هەر كەسێكمان دەكا. كەڵك وەرگرتن لەو چەند فاكتەرە ئەساسییە، دەبێتە هۆی بە خەسار نەچوونی هێز. چون لە كاتی قەیراندا چونێتی بەكارهێنانی هێزیش لە ئەگەرەكانی دوایی كەم دەكاتەوە. بەرژەوەندییەكان لە كاتی قەیراندا زۆر زوو دەگۆڕێن و متمانە كردن دادەبەزێتە رادەیەكی ژێر و نابێ‌ ئیزنی ئەوە بدرێ‌ كە نرخت بۆ دیاری بكەن.

بەو تێبینیانەوە كاتێك كە چاو لە كۆماری كوردستان دەكەین، بە باشی ئەوەی كە لە سەرتاوە باسمان كرد دەردەكەوێـتە پێش چاومان. بۆ وێنە باسمان كرد لە فەرهەنگی عەشیرەتی و مانەوەی ئەو لە كوردستاندا بە درێژایی هەزاران ساڵا و پتەو بوونی لە ناو كێلگەی زەینی مرۆڤی كورددا. هەر فەرهەنگێك كە لە شوێنێك سەقامگیر بوو، زەحمەت رێگە بە فەرهەنگێكی دیكە دەدا كە مەودای ژیان ببینێـتەوە و سەرهەڵدا. لە بەر ئەوەش بۆ رێكخستنی كۆمەڵگا، ناسینی تان و پۆی ئەو كۆمەڵگایە یەكجار گرینگە، یانی ناسینی زەمینێكی كە دەخوازین كاری تێدا بكەین. لە سەردەمی كۆماری كوردستانیشدا بەر لە هەر شتێك ئەوەی كە زەربەی گەورەی لێدا و نەیهێشت كە بەرەو پێش بچێ‌، گرینگی نەدانە بە رێكخستنی ناوخۆیی و ساكار چاو لە مەسەلە كردنە. یانی دەبێ‌ كە هەر دوو بواری پێكهاتەی عەشیرە لە بەر چاو گیرابایە. بەهێز بوونی نەریتێكی ژیانی دەتوانێ‌(ئەگەر كە لەبەر چاو نەگیرێ‌) هەمووی پیلانەكان تێك بدا. نەتەوەپارێزی سەرتایی و لە بەرامبەریشدا عەشیرەگەری رۆچوو بە ناخی كۆمەڵگای كوردی لە كاتێكدا دەكەونە رووبەڕووی یەك، كە بەر لەوە هەموو هێزە دەركییەكانی وەك ئینگلیس و رووسییە خاوەن پیلانی تایبەت بوون لەو بەشەدا و خۆیان رێكخستبوو. لە پێوەندی ناو بەینی عەشیرەكانی مەنگور و مامش و پیران(فیدراسیۆنی بلباس) لە تەك كۆماری كوردستان، ئەوە دەردەكەوێ‌. راستە كە بەرخۆدانی عەشیرەتەكان لە هەمبەر دەسەڵات و ئیستبداد قەت ئینكار ناكرێ‌، بەڵام هەمان زەمین، بە ئاسانی دەكەوێتە خزمەتی داگیركەرانەوە.

لە لایەكەوە، ئەو هەموو راوەستانە لە بەرامبەری حوكمەتی تاران هەیە بۆ پاراستنی ژیانی عشیرەیی، و لە لایەكی دیكەوە، بەربەرەكانێ‌ لە تەك كۆماری كوردستان هەیە. لەبەر ئەوەیە كە دەبێژم هەر دوو بواری فەرهەنگی عەشیرە دەبایە كە لە بەر چاو گیرابا. بە روونی دەبینین كە لە سەردەمی كۆماری كوردستان، هەوڵدان یەكجار كەمە بۆ رێكخستنی هێزی عشیرەتەكان بە تایبەت كە فەرهەنگی تەریقەتیش لە ناو عشیرەتەكاندا هەبێ‌. هەروەها دەبینین كە وڵاتانی داگیركەر یانێ‌ رووس و ئینگلیس، بە ئاسانی لە بەشی باشوور و باكووری كوردستانی رۆژهەڵاتدا خۆیان لە تەك نەریتی عەشیرەیی بە باشی رێك خستووە و هەركات كە بخوازن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان دەهێنن. لە لایەك هەتا سنووری سەقز لە دەستی ئینگلیس دایە و لە شنۆ بەرەو ژووریش لە دەستی رووسەكاندایە. تەنێ‌ مابەینی ئەوانە دەكەوێتە بن دەسەڵاتی حوكمەتی كوردستانەوە كە بەداخەوە لەوێشدا ئاڵۆزی ناوبەینی عەشیرەتان هەیە. هەڵبەت دەستی دەرەكی تێدا دەبینین و ئاگادارین لەو ئاڵۆزییانەی كە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دروست كراوە. تەنانەت لە پێشی گرتن لە پەیوەست بوونی شارەكانی وەك، بانە و سەقز و مەریوان بە كۆماری كوردستانەوە، رۆڵی سەرەكییان هەبووە. رووسەكانیش لە بەكار هێنانی كۆماری كوردستان بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان هیچ دەریغیان نەكردووە. بە تایبەت بۆ وەرگرتنی و مسۆگەر كردنی گرێبەستی نەوتی ناوبەینی خۆیان و ئێران كە بە پشتگیری قەواموسەڵتەنە پێشیان دەخست لە هەر چەشنە بێ‌پێوانی سوودیان وەرگرت.

لەوانەیە كە كۆماری كوردستان لەوەی كە هەبوو، زیاتریش راوەستانی كردبایە بەڵام ئەو كۆمەڵە كێشەیەی كە باسمان لێوە كرد لە ئاكامدا هەر بەرەو نەمانی دەبرد. هەمیشە رووخان و داڕمان ناكرێ‌ وەك دیاردەیەكی ناوخۆیی چاوی لێبكرێ‌، چونكوو هۆكارەكان دوو بەشن: یەكەم، هێزی ناوخۆیی كە باسمان لێوە كرد یانی هێزی عەشیرەیی و رێكخستن نەكراو( هۆكاری ناوخۆیی) و دووهەم، هێزە دەرەكییەكان كە خۆازیاری ستاتۆ نەبوون بۆ گەلی كورد (هۆكاری دەرەكی)، هەڵبەت هەر وەك لە رۆژی ئەمڕۆدا نین. دەبێ‌ كە هەوڵدان بۆ رێكخستنیان هەبووبێ‌، بەڵام پەیڕەو نەكردنی یاساكانی كاتی قەیران كە باسمان كردن، دەبێتە هۆی لەدەست چوونی هێز و بڕست.

خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد لە كۆماری كوردستاندا، خەباتێكی گشتییە و هەركاتێك خاوەنی دەرسی تازەیە. پشت بستن بە هێزی دەرەكی كە نامانگەیەنێـتە ئەنجام یەك لەو دەرسانەیە. ئاستی سیاسەتی داسەپێنراوی ئەو وڵاتانە بە ئاشكرایی دەبیندرێ‌. تەنانەت لە هەڵبژاردنی ناوی تازە بۆ كۆمەڵەی(ژـ ك)دا، كە دەگۆردرێ‌ بە حیزبی دیموكرات، ئەوە دەبینین. یانی دەبێ‌ كە ئەوان ناو و ناوەڕۆك دیاری بكەن. ئەوان بە ناوەكانیش حەساسن. كاتێك كە دوو جەمسەری هێز لە جیهاندا بۆ كورت كردنەوەی دەستڕۆیشتوویی یەكتری هەوڵدەدەن، ئاسایی دەبێ‌ كە نەك كۆماری كوردستان، بەڵكوو وڵاتێكی وەك ئێرانیش رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە. یانێ‌ نابێ‌ كە چاوەڕوانی لەوە زیاترمان هەبێ‌ لەو هێزانە، هەڵبەت كە خێرخوازی گەلەكەمان نین و نەبوون. لەوانەیە بوترێ‌ كە دەبوایە هێزی دەرەكی ئێمەیان بە فەرمی ناسیبایە و دانیان بە هەبوونی ئێمە دانیبایە. بەڵام هەتا ئێستا، بەڵگەیەك دەرنەكەوتووە كە نیشانی بدا كۆماری كوردستان بە فەرمی ناسرابێ‌. ئەوەی كە ئێمە وەك گەلی كورد لە جیهاندا بە فەرمی دەداتە ناسین و دەبێتە هۆی رێزدانین، تەنێ‌ یەك مژارە ئەویش هەبوونی هێزی رێكخستنییە.

ئەگەر رێكخراو بین، كەس ناتوانێ‌ بكەوێـتە ناومانەوە و بمانخەڵەتێنێ‌. ئەو دیاردەیە لە كۆماری كوردستاندا بەرچاوە، مەبەستمان پێش نەكەوتنی بواری رێكخستنییە. لە چوارچێوەی سیاسەتی سەقامگیری و بەرقەرار بوونی هێمنی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەردوو بەرەی جیهانی پشتگیری لە پێكهاتنی قەوارەی نوێ‌ سیاسی و كۆمەڵایەتی دەكەن، هەڵبەت تا كاتێكی كە بەرژەوەندی قەوارەیەكی دیكە لە هەمان ئاراستەدا نەخاتە مەترسییەوە. لەو كاتەدا كۆماری كوردستان مەترسییەكی گەورە بوو بۆ سەر بەشەكانی دیكە و ئەگەر مابایەتەوە، هاوسەنگییەكانی تێك دەدا. ئینگلیسییەكان هیچ پێیان خۆش نەبوو كە بەرەی سوسیالیسمی بونیادنراو، سنوورەكانی خۆی بەرفراوانتر بكاتەوە. ئەو كاتە لە دونیادا هیچ جووڵانەوەیەكی سیاسی نابینین كە بە تەواوی دابڕاو بێ‌ لە سیاسەتی جیهانی و مەنتەقەیی، كۆماری كوردستانیش بەشێكە لەو سیاسەتانە و دەبێ‌ شرۆڤەی راستەقینەی بۆ بكرێ‌.

دیسان لە كۆماری كوردستان، ئەوەی كە شیاوی باس بێ‌، مژاری رێوەبەرییە كە بەردەوام یەكێكە لە كێشەكانی كۆمەڵگای كورد و خەساری تایبەت لە تەك خۆی دێنێ‌. باس لە فیدایی بوون و لەخۆبوردوویی نیە، مەبەست بوون بە هێز و هزری رێوەبەرییە كە هەر كەسێك بتوانێ‌ كەڵكی لێوەرگرێ‌. لە راستیدا بەردەوامی شێوازی رێوەبەری خانەدانی و عەشیرەیی یانیش كاریزماتیك ـ لە كاتی كۆماری كوردستاندا ـ وەڵامدەر نەبووە و نەیتوانیوە كە هەمووی بەشەكانی كۆمەڵگای كوردستان لە بن چەترێكی رێوەبەریدا كۆ بكاتەوە. هەوڵدانیش بۆ تێپەڕاندنی كەم‌وكورتییەكان لەو پێوەندییەدا هەیە. خۆدی نەمر قازی لەو مەسەلەیە بە باشی تێگەیشتووە و خوازیاری ئەوەیە كە بە دروست كردنی پێكهاتەیەكی نوێ‌ لە رێوەبەری ـ كە دەكرێ‌ بە شێوەیەكی دیموكراتیك بەناوی بكەین ـ چاەرسەری بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە. بڵام دیسان عەقلییەتی كۆن، ئاستەنگی دەهێنێتە رێوە. لەوانەیە كە دانە پێشی خانەدانێك لە كوردستاندا لە لایەن هێزەكانەوە و نەهێشتنی ئەوەی كە رێكخستنی نوێ‌ بە رامانی تازەی رێكخستنی سەرهەڵدا، پیلانێك بێ‌ كە بە ئاسانی لە كۆتاییدا بتوانن پێكهاتەكانی كۆنی كۆمەڵگا لە هەمبەری بەكار بهێنن.

كاتێك كە هەمووی ئەو مژارانە رادەخەینە بەر چاو، دەزانین كە كۆماری كوردستان بۆچی نەیتوانی درێژە بە رێگای پیرۆزی بدا. ئەمما هەبوونی كەم و كووڕی لە گرینگی دەسكەوتەكە كەم ناكاتەوە و وەك ئەزموونێك لە بواری پێكهێنانی كۆمەڵگای دیموكراتیك، دەبێ‌ چاوی لێبكرێ‌. بۆیە دەبێ‌ بێژم كە كۆماری كوردستان لە سەرەتادا و بەر لە هەر شتێك، ئەزموونێكە كە هی هەمووی كۆمەڵگای كوردە و كەس ناتوانێ‌ وەك مڵكییەت نزیكی بێـتەوە. نزیكایەتێكی بەو جۆرە گەلێك تەیمان دەخاتە بەر ناسینی راستییەكان و لە تاپۆوە بەرەو تابۆ بوون و نامۆ بوونی دەبا. بە ناو كردنی كۆماری كوردستانیش لەو نووسراوەدا بە جیێ‌ كۆماری مەهاباد لەسەر ئەو ئامانجەیە كە لەو قالب و چوارچێوە تەنگەی بەرگری دەكا لە ناسینی دەریخەین.

كۆماری كوردستان هەڵبەت كە دیاردەیەكی دیموكراتیكە. چون لە پێكهێنانی ئەودا گرینگی دراوە بە سیستەمێكی دیموكراتیك كە ریشەی لە مێژووی گەلی كورددا هەیە و نموونەی بەرخۆدانی بەو جۆرە زۆرن. ئامانجی سەرەكی دابین كردنی ستاتۆ بۆ خەڵكە و ستاتۆیەكی كە بە ساڵان لیێ‌ دابڕابوو. نەبوونی تەقلید و لاساییكردنەوە، مژارێكی بنچینەییە و نیشاندەدا كە لەسەر داخوازی گەل و بە پێشنیاری خەڵك سیستەم دابین دەبێ‌ و ئەوە رەمزێكی سەركەوتنە. ناكرێ‌ لێرەدا پێشكەوتنی خزمەت گوزاری لە بەینی گەلدا نەبینین و وەك هەر دەسەڵاتێكی دیكە چاوی لێبكرێ‌. ئەوەی كە دەبێ‌ لەبەر چاو بگیرێ‌، مەسەلەی گەشەی سیستەمێكی دیموكراتیكە. یانی هەر سیستەمێك بۆ گەشەی زیاتر و مەزن بوون ناچارە كە خۆی بەرفراوان و بەربڵاو بكاتەوە و نابێ‌ قەت لە حاڵەتی پاراستنی تەواودا بمێنێتەوە. مانەوە لە حاڵەتی پاراستنیدا، رێگە بۆ هێرش هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوەوە دەكاتەوە. دەبوایە كە كۆماری كوردستانیش پیلانەكانی گەشە پێدانی یەك لە دوای یەك بخستبایەتە گەڕ و بەو جۆرە هەمیشە هێزكانی دەرەكی ناچار بكردایە دەرهەق بە گەلی كورد هەنگاوی كرداری هەڵگرن. یەك لەو پیلانانەی كە كەم ماوە و پێك نەهات چوون بەرەو باشووری رۆژهەڵاتی كوردستان یان بەشی ئەردەڵان بوو. هەر لە ناو شاری مەهابادیشدا، دەبینین كە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی دیموكراتیكە كە رای گەل لە سەرووی هەموویانەوە بێ‌.

هەبوونی مەسەلەیەكی بەو جۆرە، ئامادەیی كۆمەڵگا بۆ خۆبەڕێوەبردنێكی دیموكراتیك نیشان دەدا و دەبینین كە لەو سیستەمەدا مژارێكی دیكەی بەرچاو هەیە ئەویش نەبوونی حیزب و حیزبایەتییە. ئەگەر حیزب ببێـتە ئامێرێك لە دەستی گەلدا بۆ سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكانیان، راست دەبێ‌ و جێگای ناكۆكی نابێ‌. بەڵام ئەگەر كە حیزب بوو بە چینێكی ژووری كۆمەڵگا و گەل بوو بە ئامێری سیاسەتەكانی، ئەو كاتەیە كە گەندەڵی دەردەكەوێتە پێش و كۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر دەبا. بەڵام لە دیاردەیەكی دیموكراتیكدا قەت كێشەی بەو جۆرە دەرناكەوێ‌ و هەرچی بەرەو پێش دەچێ‌، ستاتۆ زیاتر مسۆگەر دەبێ‌ و رێكخراوەكان بەهێزتر دەبن.

لە كۆماری كوردستاندا ئامانجی سەرەكی دانینی بەردەكانی بنچینەیی ژیانی گشتییە و رێكخستن بە بنەما وەردەگیرێ‌. پەرەپێدانی خەباتی وەك پەروەردە و ئابووری، دەستنیشان كردنی خەباتی دەمی پێش نیشان دەدا و یەكجار گرینگە. گەلێك خەباتی بۆ وشیاری ئاستی نەتەویی بەڕێوە چووە، بەڵام ناتەواو بووە و لە ئاستی بەربەرەكانی لەتەك زهنییەتی كۆندا نەبووە. بەڵام كارەكانی كۆمار لە بواری ئەدەبێ‌ و وێژەییدا خاوەن گرینگی تایبەتن. كاتێك كە باس لەوە دەكەین با چاوێك لە باشووری رۆژئاواش بكەین كە لە ئێستادا سیستەمێكی دیموكراتیكی تێدا بەڕێوە دەچێ‌ و هەوڵدانێكی بەرفراوان هەیە بۆ سەقامگیر كردنی هێمنی و ئاسایش لەو بەشەدا. دەكرێ‌ وەك هەڵسەنگاندنێك باس لە سیستەمی پاراستنی بكرێ‌. لە باشووری رۆژئاوا، هێزی بەرگری بە پیلان و بەرنامەیە و هەنگاوی مەزن لەم بوارەدا هەڵگیراون، بەڵام لە كۆماری كوردستاندا ئەركی پاراستن خرایە سەر هێزێك كە بۆخۆی ئاوارەیە و تەڤگەری دەكەوێتە ناو یاساكانی سەردەمی قەیران و ئاریشە. لەو بڕوایەدام كە دەكرا لە بواری بەرگریدا زیاتر لە سەر بنەمایەكی خۆماڵی كار بكرێ‌ و بیرۆكەیەكی بەوجۆرە ساز بكرێ‌ كە مرۆڤ دەبێ‌ لە دەسكەوتەكانی خۆی خاوەندارێتی بكا و هێزی بەرگری تەنیا بۆخۆیەتی و كەسی دیكە بەبێ‌ بەرژەوەندی دەست ناداتە پاراستن. بەو جۆرە دەكرا هێزێكی هەڵقوڵاوی ناخی گەل دروست ببێ‌.

ئابوورییەكی خۆماڵی، یەكێكە لە بنەماكانی سەربەخۆیی و تێكۆشان لە سەر ئەو بنەمایە لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا دەبینین و هاوكاری گەل بە شێوەی هەرەوەزی ـ وەك تایبەتمندێكی كۆمەڵگای دیموكراتیك ـ بەرچاوە. بە هەموو ئەو مژارانەوە دەتوانین بلێین كە كۆماری كوردستان پێكهاتەیەكی دیموكراتیكە. كە لە راستیدا میراتەیەكی هەموومانە و نابێ‌ وەك موڵكی كەس بیبینین. دەبی كە لەو مژارە تێبگەین، خۆ بە خاوەنی ئەو میراتەیە زانین بە شێوەیەكی سروشتی ئەرك و بەرپرسیارێتی گران دەخاتە سەرشانی مرۆڤ و بێ‌گومان ئەرك و بەرپرسیارێتی لە هەمبەر گەلی كورد و نەمر قازی بۆ درێژە پێدان لە سەر رێبازی و بە ئەنجام گەیاندنی لە كاتی ئێستادا شیاوی باسە. تەنی ناكرێ‌ بە هی خۆ كردن و تاپۆ كردنی میراتەیەك بگوترێ‌ لەسەر ئەو رەوتە بەڕێدا دەچین. ئەگەر بەو شێوەیە رەفتار بكرێ‌، وەك مژاری میرات بەش كردنی پاش مردووی لێدێ‌ و لە تەك چەمكی فەلسەفی ئەو مژارە راست نابێ‌. یەكەم ئەوەی كە میراتەی گەلە و كەس ناتوانی بیكا بە موڵكی خۆی و بە جۆرەیەك دەبێتە دزی لە گەل و دزی لە گەل كاری چینی دەسەڵاتدار و پاوانخوازە و نەریتێكی راست نابێ‌.

بڕوام وایە لەسەر دەسكەوتە دیموكراتیكەكانی كۆماری كوردستان، دەكری زیاتر بیر بكەینەوە و رۆژانەیان بكەینەوە و بەوجۆرە خاوەندارێـتیان لێبكەین. بە تایبەت خەباتی رێكخستنی و فەرهەنگی كۆمەڵەی(ژـ ك) كە زۆر نزیكی خەباتێكی نەتەویی و گشتییە و رامانێكی پیرۆزی تێدایە و بەتایبەت بواری فرهەنگییەكەی خاوەن گرینگی تایبەتە. چون گەلی كورد گەلێكە لە ناو پەنجەكانی ژینۆسایدی فەرهەنگیدا و هەتا ئەوڕۆش بە فەرهەنگی خۆی راوەستانی كردووە. بەوجۆرە دیتن و روانین بۆ خەباتی كۆمار، پێشی لە رانتی سیاسی دەگرێ‌. ئیدی نابێتە پەلی داری رەز بۆ داپۆشینی جەستەی ناهەمواری رەز. ئەگەر كە بە باشی سەرنجی سەدەی رابردوو بدەین، لەوە تێدەگەین كە خەباتی فەرهەنگی پێواژۆی وەك كۆماری كوردستان و كۆمەڵەی (ژـ ك) بووە كە لە گرانترین قۆناخەكاندا كەناری هێمنی نیشان داوین. هەموو دوژمنانی گەلەكەمان لەوە تێگەیشتوون كە تەنیا بە قرتاندنی رەگەكانی فەرهەنگی گەل دەتوانن راوەستانمان لەبن بێنن و پەیوەستمان كەن بە سیستەمی جیهانییەوە.

بەڵام لە دونیای دوارۆژدا هیچ هەبوونێكمان نابێ‌، ئەگەر تەنیا پێكهاتەیەكی بێ‌ مەعنەویات بین و فەرهەنگمان وەك بەشێك لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی چاوی لێنەكرێ‌. لەبەر ئەوەش پێداگری لە سەر فەرهەنگی كۆمار وەك فەرهەنگێكی دیموكراتیك پێویستییەكە.