بۆ ڕای گشتی —

لە ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی هەڤاڵ حوسێن خزری بە ناسراو هێمن بێكەس داین. سەرەتا لە كەسایەتی ئەو رۆڵە قارەمان و خۆڕاگرەی كوردەدا، هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی وەبیردێنینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە، سەرجەم گەلی كورد و هەموو تێكۆشەرانی رێگای ئازادی دەكەین.

كۆماری ئیسلامی ئێران هەموو كاتێك بۆ كپ كردنی دەنگی ئازادی و شكاندنی خۆڕاگری تێكۆشەران و دروست كردنی ترس و دڵەڕاوكێ لە نێو كۆمەڵگادا، كردەوەی دژەمرۆڤانەی ئێعدامی وەك رێبازێكی هەمیشەیی گرتووەتە بەر و بە هەزاران رۆڵەی كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێرانی لەو پەڕی ناعەدالەتیدا لە سێدارە داوە. كۆماری ئیسلامی ئێران هەموو كاتێك دوای لە سێدارەدانی ئەو ئازادیخوازانە، سیاسەتی فریو و چەواشەكاری بەكار هێناوە، لەو پەڕی بێ‌ئەخلاقییەوە تاوانی ترۆریست و سیخۆری و… خستووەتە ناو دۆسییەیان و بەو جۆرە نیشانی داوە كە كسانی دژی كۆمەڵگان. ئەمە لە حاڵێكدایە كە ئەو تێكۆشەرانە بۆ سەقامگیر كردنی ژیان و هەستاندنەوەی نرخ و بەرزكردنەوەی ئاستی كۆمەڵگا و خستنە گەڕی هێزی كۆمەڵگا بۆ ژیانێكی ئازاد و دێموكراتیزەكردنی هەوڵی فراوانیان دا. كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەر ئەوەیكە پاوانخۆازی و یەكڕەنگ بوون دەخوازێت، هەروەها لە نێو نەتەتوەكانی ئێراندا بە تایبەت نەتەوەی كورد فەرق و جیاوازی دادەنێت و بە هەموو جۆرێك زەخت دەخاتە سەریان و لە سەرەتاییترین مافەكان بێ بەرەیان دەكات، هەر چەشنە دژایەتییەك لە بەرانبەر ئەم سیاسەتە چەپەڵەدا، وەك مەترسییەك بۆ خۆی دادەنێت بۆیە لە هیچ هەڵسووكەوتێكی دژەمرۆڤانە پارێز ناكات، لە رووی ناچاری و ترسەوە رێبازی بەندیخانە و سێدارەی گرتۆتە بەر.

كۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە بزانێت كە بە كوشتن، لە سێدارەدان و بەندیخانە ناتوانێت كۆتایی بە هێزی خۆڕاگری بێنێت. بە لە سێدارەدانی هەر لاوێك بە هەزاران لاوی دیكە بۆ وەدی هێنان و كرداری كردنی ئارەزووەكانی ئەو قارەمانانە رێگاكەیان دەگرنە بەر و ناهێڵێن رووناكی ئەو رێگایە كز بێت. دوای لە سێدارەدانی هەڤاڵ حوسێن بە هەزاران منداڵی كورد ناوی هێمن لەسەر دانرا و گەلێك لە شڕوانانی ئازادیش نازناوی هێمنیان هەڵبژارد و بۆ توڵە سەندنەوەی كەوتنە ناو جەرگەی خەباتی رزگاریخوازی.

كۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە جارێكی دیكە بە هەموو رێباز و سیاسەتەكانی خۆی لە بەرامبەر گەلی كورددا بچێتەوە و دەس لە هەرچەشنە سیاسەتی قڕكردن و پەڕاوێزخستن هەڵگرێت و بە جێگای لە سێدارەدانی رۆڵەكانی كورد، هەوڵبدات لە داخوازییەكانی راستەقینەی ئەوان تێبگات.

ئێمە وەك كۆمەڵی جەوانانی رۆژهەڵات، جارێكی دیكە ئەو رەفتاری دژەمرۆڤانەی ئێران شەمەزار دەكەین و داوا لە سەرجەم گەلەكەمان بە تایبەت لاوان دەكەین كە لە سەر رێبازی ئەو شەهیدە و هەموو شەهیدانی خەباتی ئازادی پێداگر بن و خاوەنداری لەو نرخە پیرۆزانە بكەن. پێویستە هەموو لاوانی كورد بە تایبەت لە رۆژهەڵات لەگەڵ هەست و بیرۆكەی هەڤاڵ هێمن دا بژین. لە ناخەوە هەست بە خۆڕاگری ئەو نەمرە لە نێو سیاەچاڵەكانی كۆماری ئیسلامیدا بكەن و هەڵبژاردنی چەمكی خۆڕاگری وەك تەنیا رێگایەك كە دەتوانێت رزگاریان بكات بە بنەما بگرن. بۆیە داوا لە هەموو جەوانان دەكەین لەم پێناوەدا خۆیان بە رێكخستن بكەن، بۆ ئەوەیكە بتوانن پێگەی خۆیان دیاری بكەن و رۆڵی خۆیان لەم قۆناخە هەستیارەدا بگێڕن. لە كۆتایی دا دەڵێن خۆڕاگری تەنیا رێگا و خۆبەڕێكخستن كردن تەنیا رێبازمانە.

كۆردیناسیونی كۆمەڵی جەوانانی رۆژهەڵات
03.01.2013