بۆ رای گشتی —

لە كاتێكدا كە گەلی كورد لە قۆناخێكی هەستیاری مێژوویی تێپەر دەبێت و بەرخۆدانی بێوێنە و فیداییانەی مانگرتووانی زیندان لە باكووری كوردستان هەر رۆژبەرفراوانتر دەبێت و رەوشی تەندرووستی ئەوان هەر دەچێت بەرەو مەترسی جیدی دەروات، رژێمی فاشیستی و دیكتاتۆری ئاكەپە هێرشەكانی بۆ سەر گەلی كورد هێچ سنوورێك ناناسێـت. رژێمی توركیا بە جێی وەڵامدانەوە بۆ داخوازێ رەواكانی گەلی كورد و مانگرتووان، بە هێرش، کۆمەڵکوژی، هەڕەشە و پێداگری لەسەر سیاسەتی ئینكار و قڕ كردن، وەڵامی داخوازی گەلی كورد دەداتەوە. ئەم كردەوانەی رژێمی AKP بەتەواوی رووی راستەقینەی ئەم رژێمەی سەبارەت بە گەلی كورد و پرسی دیمۆكراسی لە توركیا و بەتایبەت تەنگاو بوون و لاواز بوونیان لە ئاست بەرخۆدانی بێوینەی گەلی كورد نیشان دەدات و سەلمێنەری ئەم راستیەیە. بێ گومان ئەوەی روون و ئاشكرایە ئەوەیە كە رژێمی توركیا نەتەنیا لەبەرامبەر گەلەكەمان لەباكووری كوردستان، سیاسەتی ئێنكار و قڕ كردن بەرێوە دەبات، بەڵكوو بەتایبەت رژێمی AKP لە بەرامبەر سەرجەم گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان ئەم سیاسەتە بەرێوە دەبات و رووی هێرشەكانی رووبەرووی سەرجەم گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستانە. هێرشە هەواییەكانی ئەم رژێمە بۆ سەر خەڵكی سڤیل و شوێنە مەدەنییەكان لە باشووری كوردستان و کۆمەڵکوژی ژنان و مناڵان و كاسبكارانی كورد، بەساڵانە بەردەوام دەكات. هەری دوایی لە رێكەوتی 06.11.2012 كاتژمێر 12ی شەو فرۆكە جەنگییەكانی رژێمی توركیا، هێرشیان كردە سەر خەڵكی سڤیل و شوێنە مەدەنییەكان و لە نزیكی گوندەكانی مارادوێ و ئێنزێ و زەرگەلێ ئەنجام دا 2 كاسبكاری سەر سنووری خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوەكانی مام عەلی 45 ساڵەی و باوكی سێی مناڵ خەڵكی شاری پیرانشار و گەنجێكی كورد بە ناوی شەپۆل لوقمان 19 ساڵە خەڵكی شاری مەهاباد شەهید بوون و 2 كەسی تریش بە ناوەكانی رێباز و چەكۆ خەڵكی گوندی چەكۆی باشووری كوردستان بەشێوەیەكی گران بریندار بوون و هاوكات زیانێكی مادی زۆر بەرفراوان وەبەر كاسبكارانی ئەم هەرێمە كەوتووە.

وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان هێرشی درندانە و فاشیستانەی رژێمی ئاكەپە بۆ سەر گەلی كورد و خەڵكی سڤیل بە توندی شەرمەزار دەكەین و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی كورد و بنەماڵەی شەهیدانی ئەم كارەساتە دەكەین و بۆ برینداران لەش ساغی و سەلامەتی بە ئاوات دەخوازین. و بانگ لە سەر جەم گەلی كورد و هەموو لایەنە سیاسی و مەدەنییەكانی كورد دەكەین كە بە تێكرایی و بە هەڵوێستێكی یەكگرتووانە لە بەرامبەر كردەوەكان و هەڵوێستی رژێمی توركیا خاوەن هەڵویست بن و لە پێناو تێك شكاندنی سیاسەتی ئینكار و قڕ كردنی گەلی كورد، لە هەر گۆرەپانێك دا تێكۆشان بەرز بكەنەوە. هاوكات رژێمی توركیا وشیار دەكەینەوە كە بە زووترین كات ئەم هێرشانە كۆتایی پێبێنێت. بێگومان گەلی كورد هیچ كات ئەم چەشنە هێرشانەی پەسەند نەكردووە و لەبەرامبەر كردەوەی وەها هیچ كات بێوەڵام نامێنێتەوە.

 

سڵاو و رێزی شۆرشگیڕی
كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK
07.11.2012