نەورۆز سیمبولی بەرخۆدان و تێكۆشانی ئازادی گەلەکەمان بە درێژایی مێژوو بووە. ئەگەر چی جەژنی نەورۆز یەکێک لە نرخە هاوبەشەکانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە بەڵام بۆ گەلی کورد خاوەن واتایەکی جیاوازترە. نەورۆز بۆ گەلی کورد ڕوحی سەر لە نوێ ژیانەوە، بەرخۆدان و تێكۆشانی بەردەوام و هەمیشەیی بوونی کولتور و شارستانیەتی دیموکراتیکی گەلەکەمانە. پەسەندنەکردنی ستەم و داگیرکەری لە لایەن گەلەکەمان کە خاوەن یەکێک لە دێرینەترین کۆمەڵگاکانی سروشتی لە جیهاندایە وەک کولتور و نەریتێک لە قوڵایی ژیان و کەسایەتی کۆمەڵگا و تاکی کورد دا ماوەتەوە. ئەم کولتورە لە نەورۆزدا کراوەتە سیمبول و زیندووراگیراوە.

چەوسێنەرترین دیاردەی دەسەڵات واتە دەوڵەت- نەتەو لە سەدەی بیستەمدا بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستدا داسەپێندرا و گەلی کورد قوربانی سەرەکی سیاسەتی پاکتاوکاری و تواندنەوە و جێنوسایدی ئەم دەوڵەت- نەتەوانە بوون. تەسلیم نەبوون و نەتوانەوە لە بەرامبەر ئەم داگیرکاریە لەم سەد ساڵەدا بە دەیان کۆمەڵکوژی لێی کەوتەوە. زێهنیەت و سیستەمی دەوڵەت -نەتەوی سەدەی بیستەم زێهنیەت و سیستەمی دژی نەورۆز بوو.

گەلی کورد بە زیندووراگرتنی ڕوحی نەورۆز لە کەسایەتی هەزاران شۆرشگێرو تێکۆشەری خۆیدا، سیاسەت و سیستەمی سەدەی بیستەمی تێکشکاند. لە ئەنجامی ئەم ڕوحەدا ئەمرۆکە قۆناخی چارەسەری پرسی کورد دەستی پێ کردووە. ئیتر هەموو جیهان و هێزەکانی جیهانی و هەرێمی ناچارن هێز و ئیرادەی گەلی کورد ببینن ودانی پێدا بنێن. گەلی کورد لە هەر کاتێک زیاتر لە هەڵکردنی مەشخەڵی نەورۆزی ئازادی خۆی نزیک بۆتەوە. ئەو سەرکەوتنانەی کە لە ئەنجامی تێکۆشان و بەرخۆدانی قارەمانەی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان بە دەست هاتوون نیشاندەری ئەم راستیەن.

قۆناخی چارەسەری پرسی کورد بە دەست پێشخەری رێبەر ئاپۆ، رۆڵ و میسیۆنی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهاندا بەرز دەکاتەوە وبەرخۆدانی نەورۆزواری یەک سەدەی گەلەکەمان لە نەورۆزی سەرکەوتندا بە ئەنجام دەگەیەنێت. هەڵبەت دوژمنانی گەلی کورد لە بەرامبەر ئەم رەوتە بێ دەنگ نامێنن. کۆماری ئیسلامی ئێران کە هێزو ئیرادەی گەلی کورد کە گەورەترین هێزی گۆرانکاری دیموکراتیکە وەکوو مەترسی لێکدەداتەوە و لەم قۆناخەدا گوشارەکانی بۆ سەر گەلی کورد زیاتر دەکات. ئۆپەراسیۆنی ڕەشبگیری، گوشار لە سەر زیندانیانی سیاسی، بەرێوە بردنی سیاسەتی ئێعدام، و کوشتنی کاسبکاران و بەردەوامی سیاسەتی تێکدانی ژیان و رەوشتی کومەڵگای کورد، ئەنجامی ترسی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە سەرکەوتنی قۆناخی ئیرادە و چارەسەری کێشەی کورد. لە دوایین هەڵوێستدا کۆماری ئیسلامی بەرێوە بردنی جەژنی نەورۆزی لە رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە کردووە . ئەم هەڵویستەی کۆماری ئیسلامی بێ گومان لە گرینگی نەورۆزی ئەمساڵ و ترسی ئەم رژیمە لە کاریگەری ئەم قۆناخە لە سەر رۆژهەڵاتی کوردستانە.

ئەمە ئاشکرایە کە گۆرانکاریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئێراندا ئەنجامگیر دەبێت و سەرکەوتنی گەلی کوردیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان مسۆگەر دەبێت. کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە بزانێت کە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕوح و کولتوری نەتەوایەتی بە بەرخۆدانی فەرزاد، شیرین، فەرهاد و عەلی و بە ڕوحی سەرکەوتنی سمکۆ و عەگید و بەفرین و دەیان قارەمانی دیکە لە خۆیدا ئافراندووە و بەهاری ئازادی خۆی لە گەڵ بەهاری ئازادی هەر چواربەشی کوردستان دەست پێ کردووە. بە قەدەغە کردنی نەورۆز پێش لە هاتنی بەهاری کوردی ناگیردرێت . کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێ پێش لەم راستییە بگرێ کە نەورۆزی ٢٠١٣ (٢٧١٣ی کوردی) نەورۆزی ئازادی و بەهاری گەلی کورد دەبێت، ئەمەش ئاشکرایە کە راستەقینەترین بەهاری گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەهاری گەلی کوردە و ئەم بەهارەیە کە هەر کەس ناچاری گۆرانکاری دەکات.

ئێمە وەکوو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان نەورۆزی سەرکەوتن لە رێبەر ئاپۆ و لە شەهیدانی گەلەکەمان وەکوو کاوە و مەشخەلدارانی نەورۆزی سەردەم وهەروەها لە گەلی کورد بەتایبەت لە بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز دەکەین و نەورۆزی ٢٠١٣ وەکوو سەرەتای بەهاری گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینین وهەموو هێز و توانامان بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەم قۆناخە وسەرکەوتنی بەهاری رۆژهەڵاتی کوردستان بە کار دەهێنین.

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
20.03.2013