ئارەزووی ژیان هاندەری خۆ پاراستنە

ئارەزووی ژیان هاندەری خۆ پاراستنە

کاوەندا ئەژین
کاتێ کۆمەڵگایەک بگاتە ئاستێک کە ئیدی ئارەزووی ژیانی نەمابێ یان خۆی دەکوژێ یان یەکتر دەکوژێ. زەخت و زۆرداری ڕژێمی پیاوسالار دەرفەتی ژیان بۆ مرۆڤ ناهێڵێ و وای لێ دێ کە ئیدی نەک تەنیا ژن بەڵکوو پیاویش ناتوانێ هەناسە بکێشێ. هەواڵی خۆکوژی و خۆ سووتاندن لە پەنای ئەو هەموو سەرهەڵدان و بوێریەی ناڕەزایی دەربڕینە نیشاندەری بەرزی ئاستی ویست و داخوازی گۆڕانە. گۆڕانی شێوە و ڕژیمی دەسەڵاتێ کە دەستی ناوەتە ناخی کۆمەڵگاوە، ڕژێمێک کە لە ژێر ناوی ڕەگەزی یەکەم و دووهەم، ڕەگەزی نەهێڵاوەتەوە و بە ماشینی تواندنەوەی خۆی، ژن و پیاو دەهاڕێ و دەتوێنێتەوە. ڕژێمێک کە بە ناوی دین بنەمای بیر و باوەڕی کۆمەڵگا پووچەڵ و نەتەوەیەک سەردەست دەکا و لە ڕاستیدا هەوێنی هەبوونی کۆمەڵگا دادەڕزێنێت.

هەرچەندە نرخی ئەم گۆڕانە لەناوچوون بێت، دیسان هەنگاو بەرەو دوا هەڵناگرین. دەبێ وریا بین و هەنگاو بەرەو هەڵدێر نەبێت.

هەڵەکە لێرە دایە کە لە پرۆسەی گۆڕان دا، بەجێگای ئاوا کردن و داڕشتنی شێوەی باش و لە ناو بردنی هەڵە سەپێندراوەکان، خۆت لەناوببەی. کۆمەڵگایەك کە تووشی لەبیرچوونەوە کرابێ، ئەوکات ڕاست و ناڕاستی لێ تێک دەچێ. کۆمەڵگای ئێران ناتوانێ نە لەناو هەڵە دا تێک بڕوا و نە دەتوانێ ڕاستیەک کە لەگەڵ تاک تاکی کۆمەڵگا واتا و سازی ژیانی تێکەڵ بووە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەبوونی داناوە یەکسەر لەبیری بکات. بۆیە هەوڵ و تەقەلاکانی لە پێناو گۆڕاندا، لەلایەن ڕژێمەوە بڵاوە، قەیراناوی، پچڕاو، بێ ئەنجام یان بەئەنجامی هەرزانەوە شێوە دەدرێت. کۆمەڵگا زیندووترین هەبوونە لە گەردووندا، بە تایبەت کۆمەڵگای ئێران زیندوویەکی ڕەنگین و جەوانە و بۆ هەمیشە هێز و وزەی بەو شێوە ڕاناگیردرێت. ڕژیمی ئێران ئێستا لە بەرانبەر ویستی کۆمەڵگا لە هەمیشە زیاتر بێ هێز و بێچارە ماوە و نایەوێ لە گەڵ ڕاستیەکان ڕووبەڕوو ببێت و بە تەنیا بارودۆخ بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگاش ئاڵۆزتر دەکات.

لە بارودۆخێکی ئاوا ئاڵۆزدا؛ کە تەواوی چین، توێژ، ڕەگەز و نەتەوەکانی لەبەرگرتووە و بەرەو بێ هیواییان دەبات، هەر دەنگێک کپ دەکرێ. هێزی بە ناو پاراستنی ڕژیم بووە بەهێزی سێدارە و دارەدەست لە کوردستان، بووە بە بکەری دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە بەلووچستان، بووە بە خودا و ڕۆژوو دیاری ئەکات، لەبەرامبەر داخوازی مووچەی رەنجی مامۆستا و دەنگی بەردەوام بەرزی ژنان بۆ مافی هاوسەنگی و یەکسان بەشدار بوون لە گۆڕەپانی ژیان، ڕەوانەی ستادیۆمی فووتباڵیان دەکا و ئەو هاوارە زوڵاڵە کە قەد لە ناو نابردرێ-بۆ ماوەیەک- مایەپووچ دەکات.

ژیان لەگەڵ ئەو ئێش و ژانانەی کۆمەڵگایەکی وەها و لە ناخەوە هەست پێکردن بەبیر و بۆچوونێکی بێ پەردە و بێ بەرژەوەندی، ئەمە ڕوون دەخاتە پێش چاو کە کۆمەڵگا ڕووت و قووت و بەدەستی خاڵی لە پێش هێرشێکی بێ پێواندا ماوە. هێرشی ڕژێمێك کە ئاوابوونی نەک تەنیا سی/چل ساڵەی بەڵکوو بنەڕەتی زهنیەتی هەزاران ساڵەی لەسەر دەستدرێژی و داگیرکاری دامەزراوە. بێ کۆک ڕواوە و هەموو گۆڕەپان و دەرفەتی ژیانی کۆمەڵگایی کردووە بە ئامرازێک، بە چەکێکی کوژەر و لەبەرامبەیان بەکاری دێنێت. کۆمەڵگای بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کردووە بە موڵکی خۆی، دەرگای لێ داخستوە و هیچ یاسایەکی مرۆیی و پێوانێکی ئەخلاقی ناناسێت، مافی چاودێری و حیساب خواستنیش بە کەس نادات.

ئەو لایەنانەی وا بە ناوی دیمۆکراسی و ئازادیەوە حکوومەتی ئێران دەخاتە بەر لێپرسینەوە، لە ڕاستیدا دەردی ئەوان، دەردی نەتەوەی ئێران یان ژیانی شایانی مرۆڤ نیە، دەردی سوودی خۆی و نەرم کردنی ڕژیمی ئێرانە لە بەرانبەر سوودی خۆیەوە. لە قۆناخێکی وەها هەستیاردا کە شەڕی دەسەڵات لە ئارادایە، بێ پەردە دیارە کە شەڕی بەش و بەرژەوەندی زۆر و زۆرترە، ڕژیمی ئێران ناتوانێ پێداگری لە شێوەی کۆنی خۆی بکات و نەبێتە گۆڕەپانی خوێنینی شەڕی ئەم سەردەمە. بۆ دەرکەوتن لەو قەیرانە کە لە کۆمەڵگا زیاتر، خودی ڕژیمی تووشی داڕزان و لە ناوچوون کردووە، سەرکەوتوانەترین ڕێگەچارە و بەهێزترین هەبوونێک کە خۆی پێ بسپێرێ دیسان خودی کۆمەڵگایە، ئەو هێزەیە وا هەرچەندە سەرکوتی دەکات، ئەوەندە بەرزتر و سوورتر دەبێت.

ڕژیمی یەک دەست خوازی پیاوسالار نەک تەنیا لە ئێران، لە سەرانسەری دونیا کەوتۆتە ناو قووڵایی بیرێکی بێ بن کە خۆی هەڵی کەندبوو. هەر ئەو کۆمەڵگا وا ڕژیم پێی بێ بڕوایە و تووشی بێ باوەڕی بە خۆی کردوە، دەتوانێت ڕۆڵی دەستێکی بەهێز بۆ دەرکەوتن لەو بیرە بگێڕێت. لەمە زیاتر ناتوانێ تەواوی گۆڕپانەکانی ژیان لە ژێر پاوان(ئێنحسار) و چەرخی سەرمایە و درۆی ئاسمانی ڕابگیردرێت. ڕووی ڕاستینی تەواوی هێزە هەرێمی و ناونەتەوەییەکان، بە ئێرانیشەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەرکەوتوە، کەسیان هیچ چارەسەریەکیان بە دەستەوە نیە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە مرۆڤی ئەم جیۆگرافیایە بێ هیچ خۆف و دوودڵیەک خۆی چارەی خۆی ئاوا دەکات. دار لە سەر ڕیشە و دەماری خۆی شین دەبێ و بەرهەم ئەدا.

پاراستن یان بەڕەنگاربوونەوە لە حەز کردن و نەفرەتەوە دێ و ئەو دوانەیش لە ناسینەوە سەرچاوە دەگرن. حەز لە هەبوونی گەوهەرینی خۆت، هێزی پەرە پێدان و نوێ کردنەوەیە و نەفرەتیش لە بەرانبەر ئەوەی وا هەبوونی گەوهەرینی تۆی ڕووبەڕووی مەترسی و بێڕێزی کردووە هێزی بەرەنگاربوونەوە لە مرۆڤدا پێش دەخات. کۆمەڵگایەک گەوهەری خۆی نەناسێ چۆن بیپارێزێ و چۆن بزانێ چ هێرشێک لە چ ئاستێک، لە لایەن چ کەس و سازیەکەوە و بە چ شێوە و ئامرازێک بەڕێوە دەچێ؟. تەنیا هەست پێ کردن بە ئێشی تیژیی تیغی سەربڕین لە سەر شادەمارت بۆ بەرەنگاربوونەوە تێر ناکات. خۆ پاراستن بە پەروەردە، زانیاری و ناسین، ڕێکخستن و چالاکی کاریگەر بەرەو پێش دەڕوات، ئەمە لە هەمان کاتدا خاوەن هێزی خۆبەڕێوبردنە. بە گوتنێکی دی؛ کۆمەڵگای بێ پاراستن، کۆمەڵگایەکە لە شێوە و سیستەمی خۆ بە ڕێوبردن بێ بەش بووە.

تێگەیشتن لە چۆنیەتی گەیشتن بە ئاستێکی ئاوەها بۆ کۆمەڵگایەک زۆر گرینگە. هەبوونی کۆمەڵگا نەک تەنیا لە پێکهاتەی بیۆلۆژیکی بەڵکوو لەو دیاردە زهنیەتیانە وا شێوەی ژیان دیار دەکەن، پێک دێ. بۆ نموونە لە گەردووندا هەر هەبوونێک خۆی بە شێوەیەک لە بواری بیۆلۆژیکیەوە دەپاریزێ، بەڵام بۆ مرۆڤ تەنیا لایەنی بیۆلۆژیکی تێری خۆ پاراستن ناکات. گۆڕەپانی هونەر، ئابووری، سیاسەت، کولتور و… هەر هەموویان بۆ مرۆڤ گۆڕپانی ژیانین کە بە درێژایی مێژوو و ئاوا بوونی کۆمەڵگاکان لە شێوەدان و ئاوا کردنیدا ڕۆڵێکی بنەڕەتیان گێڕاوە. گەر ئەم بنەما لە ژێر کاریگەری و ئیرادەی کۆمەڵگایەک دەرکەوت و ئیدی نەبوو بە ئاوێنە بۆ نواندنی ڕاستیەکانی، هەروەها نەبوو بە وەڵامدەری ویست و ئارەزووەکانی؛ ئەوە ئەو بنەمایە تووشی لەڕێ لادان بووە و بچووکترین کێشەی دەبێتە گرێەکی کوێر. واتا کۆمەڵگایەک کە سەر تا پێ وەکوو ناکۆکی لە ئاستی خۆکوژی لە بەر برسیەتی لە سەر خاکێکی دەوڵەمەنددا خۆی دەنوێنێ. ئەم ناکۆکی و گرێ کوێرانە وەکوو ڤایرۆسێک تەواوی پێکهاتەی کۆمەڵگا تووشی نەخۆشی ڕۆحی و فەلەج دەکات. بەمجۆرە کۆمەڵگا بە هەموو دەوڵەمەندیەکانی، هەم مادی و هەم مەعنەوی بۆ دەستێوەردان و ڕەوا کردنی هەر جۆرە داگیرکەری و هێرشێک کراوە دەهێڵێت.

کۆمەڵگای ئێران کە وەک لە ژوور ئاماژەمان پێکرد لە بواری نەتەوەیی و باوەڕی کۆمەڵگایەکی ڕەنگینە و ئەم ڕەنگین بوونیە لە مێژوودا قەد نەبووە بە هۆکاری کێشە و ئاڵۆزی نێوان پێکهاتەکانی. تەنیا هۆکاری کێشە و ئاڵۆزی، سیستەمی یەک دەست خوازە کە لە ڕاستیدا کارەکتەری بێ گەوهەری ئەو لە دابەش کردن و کۆنترۆڵی بە مەبەستی حوکمڕانی زیاترەوە پێک هاتووە. هاتنە لای یەکی کۆمەڵگایەکی وەها ڕەنگین، زیندوو بوونێکی بە هیوا و ورە ئاوا دەکات.

بۆ هاتنە لای یەکی دیاردەیەکی وەها پڕ لە جیاوازی، یەک بوونێکی زهنیەتی – کەلتوری یان هەمان بنەمای ئەخلاقی کە حەقیقەتی هەبوونی ئەوە بەسە. تەواوی دیاردەکانی کۆمەڵگا لە کۆڵان بگرە تا گوند و شار، تێدا ژن، جەوان و مندال دەتوانن بێنە لای یەک و بۆ تەواوی گۆڕەپانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیان قسە بکەن، بەرنامە و نەخشە دابڕێژن و چۆنیەتی پاراستنیشی لە بەرانبەر هەر جۆرە هێرشێکەوە چ جەستەیی و چ فکری بخەنە بەر باس. دەرئەنجامی ئەو باسانە مرۆڤی وریا، زانا، ڕیکخراو و خاوەن هێزی چالاکی پێش دەخات.

بەو شێوە کۆمەڵگا خاوەنداری لە ئیرادەی ئازادی خۆی دەکا و هەبوونی خۆی بە هیوای هێزەکانی بە ناو پاراستن و بەڕێوبەری ڕژیمەوە، ناهێڵێت. پاراستن لە تێگەیشتنی کۆمەڵگادا دەبێ بە ئەرکێکی ئەخلاقی و دڵخوازانە. چون لە سەر گەوهەری هەبوونی خۆی خاوەن زانستە و ڕووناک بۆتەوە، بوێرانە و ڕێزدار لە بەرانبەر ژیانی خۆی و پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەژیەت. لە سیستەمێکی وەهادا ڕژیم ناچاری ڕێز گرتن لە نرخەکانی کۆمەڵگا دەکرێت. کاتێ کۆمەڵگایەک لە تەواوی گۆڕەپانەکانی ژیانی زانا بوو، بێ هەڵوێست یان بە هەڵوێستی بێ ئەنجام نزیک نابێتەوە. دەکەوێتە ناو جووڵانەوەیەکی ماندوونەناسانە بۆ تێکۆشانی ژیانی ئازاد و هاوبەش، وەکوو ئەوەی لە نموونەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بینیمان. شەو و ڕۆژ، ژن، کورد، عەرەب، منداڵ و پیر و جەوان ئەوەی تا ئەوڕۆ وەکو قاڵب و ئەستەم دەناسرا، لە خۆڕاگری ئەواندا تێکچوو.

کاتێ هەر پێکهاتەیەک لە سەر هەر بنەمایەک لە ئابووریەوە بگرە تا پەروەردە و… کۆمین کۆمین خۆی ڕێکدەخات، دەبێ لە هەمان کاتدا سیستەمی هێرشکاری ڕژیم کە وەکوو زنجیری بازنەیک دەورپێچی کردووە بناسێ و لە بەرانبەر ئامێر کردن و شێوە هێرشکانیدا خاوەن تەدبیر بێت. ڕژیم لە بەرانبەر کۆمەڵگایەکی وەهادا ئیدی بە حیساب دەجووڵێتەوە و کەنگێ چی پێ خۆش بوو، نایهێنی بە سەر میللەت دا. هیچ هێزێک بە تایبەت هێزی لەشکەری دەوڵەت ناتوانێ هێوری و پاراستنی کۆمەڵگا پێک بێنێت. بە تەنیا خودی کۆمەڵگایە کە لەم پێناوەدا دەبێ خاوەنداری لە خۆی بکات و لەمە زیاتر دەرکەی بەڕووی دەستی درێژی ڕژیمدا کراوە نەهێڵێ و لەم قۆناخە لە هەمیشە هەستیارترەدا لە بەرانبەر ئەو قەیرانانەی وا لە هەموو زیاتر بەرۆکی ژن و لاوانی گرتووە سەر سووڕماو ڕانەوەستێت.

ڕژێم تەواوی دەرفەتەکانی کۆمەڵگای خستۆتە خزمەتی خۆیەوە و دژ بە ئێمە بە کاری دێنێ و هەر سەرهەڵدان و بزووتنەوەیەک بێ پەروا بە دەستدرێژی، سێدارە و گرتن وەڵام بداتەوە، ئێمەش دەتوانین پێش هەمو شتێک یەک بگرین و بە شێوەیکی ژیرانە و درێژ خایەنانە نە بە شیوەی کۆن، ئاشکرا و کراوە بۆ هێرش و تەسفیە کردن خۆ ڕێکبخەین. بە تایبەت ژنان و لاوان کە بوون بە ناوەندی سیاسەت و شەڕی تایبەتی ڕژیم لە ئێران و ڕۆژهەڵاتدا دەبێ تاک تاک و پێکەوە ببینە خاوەن چالاکی. هەر چالاکیەکیشمان لە هونەریەوە بگرە تا چالاکی ناڕەزایەتی دەربڕین دەبێ سازی و ئەو ڕەهەندانەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گرێدراوی ڕژێمن بە ئامانجی بگرین. جگە لەوەی کە دەبێ ڕێکخراوەی پاراستنیمان بە شێوەی سەربەخۆ هەبێت، دەبێ هەموو ئەو کۆمینانەی وا بۆ خەباتە کۆمەڵایەتیەکان ڕێکخراون بتوانن شێوە و ڕێگای پاراستنی خۆیان بزانن و لە کاتی پێویست و لەناکاو و بەپەلەدا بتوانێ هێزی پاراستنی تەواو بکات و شان بە شانی ئەوان تێبکۆشێت.

بابەتی پەیوەندیدار