ئازادی لە ساتەکانی تێکۆشاندایە
ئازادی لە ساتەکانی تێکۆشاندایە

ئازادی لە ساتەکانی تێکۆشاندایە

ئەمرۆ ساڵیادی شەهادەتی هەڤاڵی تێکۆشەرمان (علی محمدی) ناسراو بە زاگرۆس بێریتانە.
هەڤاڵ زاگرۆس لە ساڵی ١٩٩٧ وە لەتەک بیر و ڕامانی سەرۆک ئاپۆ ئاشنا دەبێت، وە بە شەوق و هەیەجانێکی زۆرەوە خوازیاری بەشداری لە خەباتی ڕێکخستنی ناو شاردەبێت. لە ساڵی ١٩٩٨ وە بە شێوازێکی زۆر ئەکتیف و چالاکانەوە دەکەوێتە ناو کارو خەباتی ڕێکخستنی ناو شارەوە گەلێك هەنگاوی زۆر پتەو و توکمە لە بواری ئاشاناکردن و پێگەیاندنی گەلەکەمان لە شاری سنە و دەورووبەری هەڵدەگرێت. کە دەبێتە بناغەیەک بۆ تێکۆشانی بەردەوامی بزووتنەوەی ئازادیخوازی. بەڵام بەپێی بەرزبوون و پێگەیشتنی بیر و ڕامان و ئەندێشە و کەسایەتی شۆڕشگێڕی هەڤاڵ زاگرۆس بە شوێن مەجال و دەرفەتی گەورەتردا دەگەڕێت بۆ تێکۆشان و خەباتی بەربڵاوتر. دەرئەنجام لە ١٢/٨/٢٠٠٠ دا بە دڵێکی پڕ لە ئەوین و بڕواوە لە چیاکانی قەرەداغ یەکەم هەنگاوەکانی گەریلایی هەڵدەگرێت.
کەسایەتی شۆڕشگێری هەڤاڵ زاگرۆس لە ماوەی شەش ساڵ خەبات و تێکۆشانیدا بەردەوام لە هەڵکشان و گەشەکردندا بوو، وە هەموو ساتەکانی تێکۆشانی ئازادانە دەژیا. ئەرک و بەرپرسیاریەتی زۆر گەورە و گرنگی وە ئەستۆ گرتوە. بێ دوودڵی و دڵەڕاوکێ بۆ بەرەو پێشچوونی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردوەوامی بە خەبات دا. بەتابەت لە قۆناغی سەرلەنوێ بونیادناوەی پەکەکەدا بە جۆش و ورەیەکی بەرزەوە بەشدار بوو، لەو چوارچێوەیەدا بوو بە کانگای موڕاڵ و وزە بۆ هەموو هاوڕێیان و هەڤاڵانی.
تەنانەت ئاستی خەبات و موڕاڵ بەرزی و پەیوەست بوونی بە ئامانجەوە دەبێتە جێگای سەرنج و میناکی هەموو هەڤاڵان و ڕێوەبەری گشتی بزاڤی ئازادیخواز و بە وتەی هەڤاڵانی وەک هێمای حەقیقەراری ڕۆژهەڵات بەناو دەکرا. بۆ چۆنیەتی خەبات و تێکۆشانی ئەو هەڤاڵەمان هەتا ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەک سەردێڕێکی خەبات هەر گەشێنەوە و بەردەوام ئەزموونەکانی جێگای پێداچوونەوەی هەڤاڵانیەتی.
هەڤاڵ زاگرۆس بێریتان لە ٢١/٧/٢٠٠٥ لە ڕۆژێکی وەک ئەمرۆدا کەسەرقاڵی ڕاپەڕادنی دواین ئەرکە ڕاسپێردراوی بوو دەکەوێت بۆسەی سەربازانی ڕژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و دەگاتە پلەی شەهادەت. لە ساڵیادی شەهادەتی هەڤاڵماندا جارێکی دیکە یادی بەرز ڕادەگرین و پەیمانمان دووبارە دەکەینەوە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی زاگرۆس ئاسا لە تێکۆشاندا بین.
کۆمیتەی شەهیدان پژاک
٢١/٧/٢٠١٩

بابەتی پەیوەندیدار