ئامەد شاهۆ: سەرجەم داگیرکەران لە حەوزێک ئاو دەخۆنەوە
ئامەد شاهۆ: سەرجەم داگیرکەران لە حەوزێک ئاو دەخۆنەوە

ئامەد شاهۆ: سەرجەم داگیرکەران لە حەوزێک ئاو دەخۆنەوە

ئامەد شاهۆ: سەرجەم داگیرکەران لە حەوزێک ئاو دەخۆنەوە

لەبەرنامەی هێڵی سێ ئەم هەفتەیە ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پژاک ڕایگەیاند کە سیاسەتی چەپەڵی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، گێرەشێوێنی و شەڕ نێوان گەلی کورد و هێزە کوردیەکان دادەگرسێنێت و پەدەکە کەوتووەتە ناو گەمەی سیاسی دەوڵەتی تورکیا و سیاسەتەکانی خزمەت دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەکات. ئامەد شاهۆ لەهەمان بەرنامەدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران و بانگەشەی پالێوراوانی خولی ١٣ی سەرۆک کۆماری هەڵسەنگاند و رایگەیاند کە ئەو هەڵبژاردن جیا لەنمایش و سیرکێک واتایەکی بۆ گەل نییە. هاوکات شاهۆ دەستنیشانی کرد کە ئەگەر بەرپرسانی دەوڵەت بە کارهێنانی دەنگی سپی بە حەرام لەقەڵەم دەدەن، بە رای ئێمە لەبنەڕەتدا هەڵبژارتن لە ناو دەوڵەتێکی خوێنمژ و داپڵۆسێنەری رژێمی داگیرکەری ئێران حەرامە.

تورکیا بۆ شاردنەوەی شکستەکانی دەستدرێژی دەکاتە سەر باشووری کوردستان

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە ئامانجی لەشکەرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و بەشداری پەدەکە لەو هێرشانەدا رایگەیاند:

دوابەدوای قۆناخی پڕۆسەی بە ناو چارەسەری ئاشتیانە بەڕێوە چوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ناتۆ و زۆربەی زلهێزە جیهانی و هەرێمیەکان کۆنسێپتی پاکتاو کردنی گەلی کوردیان بە چڕی دەستپێکرد. لە بەر ئەوەی کە پەکەکە تاکە هێزێک بووە، کۆسپ و بەربەستی لە بەرامبەر پیلانی داگیرکەران لە ناوچەکە داناوە، هەوڵیان دا کە پەکەکە لاواز و بێ کاریگەر بکەن، تا ئامانجە چەپەڵەکانیان بە دی بهێنن. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سەرەتا لە باکوری کوردستان و تورکیا بە هەموو شێوازێک پەلاماریان داوەتە سەر گەل و گەریلای ئازادی کوردستان، بەڵام کۆی ئەو هێرشانە بێ ئەنجام ماون. لەبەر ئەوەی تورکیا بۆ شاردنەوەی شکستەکانی دەستدرێژی کردە سەر باشووری کوردستان و هەوڵی داگیرکردنی دەدات و بە بێ بەشداری لایەنێکی کوردی ئەو پیلانەی سەر ناگرێت. ئەردۆغان پڕۆژەی خۆی لەمەڕ داگیرکردنی ناوچەکە و بە تایبەت هەرێمی باشووری کوردستان، لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاشکرا نیشانی ڕای گشتی دا و هەموو ئەو هێز و دەوڵەتانەی کە ئامادە بوون پشتیوانی ئەو پڕۆژەی ئەردۆ‌غانیان کرد. بەڵام لەو پڕۆژەشدا سەر نەکەوتن و ناچار مان بۆ شاردنەوەو پەردەپۆش کردنی قارەمانی و ئازایەتی گەریلا لەبەرامبەر داعش و دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی تورکیا، بە هاوکاری پەدەکە پەنایان بردوەتە بەر هێرشێکی نوێ. لەم هێرشە داگیرکەریەدا پەدەکە رۆڵی هەسپی ترۆوای پێ سپێردراوە و دەیانهەوێت بە رێگای هەڵگرساندنی شەڕی ناوخۆیی، کوردی ئازاد پاکتاو بکەن. ئەوە زۆر روونە کە پەدەکە  بە بڕێک وادەی پڕووپووچ فریودراوە. سەر کۆنسوولگەری تورکیا لە هەرێمی باشووری کوردستان بە ڕاشکاوانە رایگەیاند کە زۆربەی خاکی هەرێمی باشووری کوردستانمان کڕیوە. لەبەر ئەوەی زۆر بە ئاسانی دارستانەکانی باشوور و سەرچاوە ژێرزەوینی و سەرزەوینیەکان بە تاڵان دەبەن و پەدەکەش وەک کرێچییەک بە سەر باشوورەوە سەروەرە. ئەو سیاسەتەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق زیان و زەرەری بو دەستکەوتەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان هەیەو دەستبەجێ دەبێ واز لەو سیاسەتەی بهێنێ.

ئامانجی پەدەکە خزمەت کردن بە دەوڵەتی تورکیایە

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو پەیامەی کە گوایا حکۆمەتی ئاکەپە پەیامێکی ئاراستەی پەکەکە کردووە کە لە باکووری کوردستان و تورکیا ئاگر بەست ڕابگەیەنن و لە پارچەکانی دیکە سەربەستن چ دەکەن، هۆشیاری بە پەدەکە دا و رایگەیاند:

بە رێگای مێدیاوە ئاگاداری ئەو بابەتە بووین کە فەرمانداری گشتی هێزەکانی پاراستنی گەل، بەرپرسانی پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراقی وشیار کردووەتەوە کە نەکەونە ناو گەمەی چەپەڵی دەوڵەتی تورکیا. سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە درێژایی مێژوو بەو شێوەیە بووە کە لەگەڵ هێزێکی دەستەمۆی خۆی دەست دەداتەوە و لە لایەکی تریشەوە هێرش و پەلامار دەباتە سەر دەستەکەوتەکانی گەلی کورد. ئێستا تورکیا پەدەکە وەک مۆرەیەکی سەرەکی سیاسەتەکانی لەدژی کورد بە کار دەهێنێ. ئەم سیاسەتە لە دژی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە چووە و بنەڕەتی ئەو سیاسەتەش گێرەشێوێنی وشەڕانگێزی لە نێوان گەل و پێشەنگەکانیەتی. ئێستا ئەو هێزە رادیکاڵەی کە بەڕەنگاری داگیرکەری دەبێتەوە پەکەکەیە، لەبەر ئەوەی دەیانهەوێ مارژیناڵی بکەن. بەڵام پەکەکە  لەم قۆناخە هەستیارەدا بەرخۆدان و تێکۆشانی لەلووتکەدایەو بە هەموو هێزیەوە بەرگری لەگەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز دەکات. بەداخەوە ئێستا پەدەکە چاوساغی بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکا و پەکەکە  وەکوو سەرئێشە بۆ سەر گەلی کورد بەناو دەکا. بەڵام داخۆ ئەوەیان لەیاد ماوە کە کاتێک هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵات و باکوور بوون، چ پێناسەیەکیان بۆ ئەوە هەیە؟ تەنانەت بۆ ڕەوا کردنی دەستدرێژیەکانیان لەرۆژهەڵاتی کوردستان هێرش دەکەنە سەر حیزبی دێمۆکرات. داخۆ گەلی رۆژهەڵات هەمان بەرچەسپیان لەدژی پەدەکە بە کارهێناوە؟ سیاسەت و کردەوەکانی پەدەکە  لەهەر بەشێکی کوردستان لەکات و ساتە جیاوازەکان لەقازانجی داگیرکەراندا بووە. درووست کردنی قیادەی مووەقەت لە ڕۆژهەڵات لەدژی پارتە کوردیەکان، شەهید کردنی کاک سولەیمان مۆعینی هەر وەکوو تر لە باکووری کوردستان شەهید کردنی سەعید قرمزی تۆپراک و لە باشوور ٣١ی ئاب و لە کۆتایی دا رادەستکردنی شەنگاڵ بە چەتەکانی داعش و داڵدەدانی بە ناو پێشمەرگەی رۆژ لەباشوور لەدژی رۆژئاوای کوردستان، بەشێکن لەو کردەوە دژە نیشتمانی و کوردیانەی پەدەکە ، کە سەرتا پا خزمەتی ناتۆ و لەقازانجی داگیرکەرانی کوردستاندا شکاوەتەوە. بە پێچەوانەی کردەوە و سیاسەتەکانی پەدەکە، پەکەکە هێزێکە کە بەردەوام لە کاتی زۆری و زەحمەتی، شەڕ و ئاڵۆزیەکان بەرگری لەخاک و نیشتمانی کردووە کە پاراستنی شەنگال، مەخموور، کەرکوک و ئێستاکەش سەرجەم باشووری کوردستان نموونەی کردەوەکانی پەکەکەیە. دوا بە دوای ئەو بەرخۆدانە بێ هاوتای پەکەکە لەهەرێمەکانی پاراستنی میدیا داخۆ بۆچی پەدەکە بە مەبەستی شەڕ چەکدارەکانی رەوانەی ئەو ناوچەیە دەکات کە گەریلا لە بەرخۆدان و شەڕدایە، ئەوەش دەیسەلمێنێ کە ئامانجی پەدەکە خزمەت کردن بە دەوڵەتی تورکیایە.

پەکەکە حەقیقەتێکە کە هەمیشە دەدرەوشێتەوە

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە شەڕی تایبەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لەدژی گەلی کورد و رۆلێ پەدەکە لەو شەڕەدا رایگەیاند:

دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکە کە بە رێگای شەڕی تایبەت هاش و هووش دەکات و وەکو بالۆنێکی بەتاڵ خۆی مەزن نیشان دەدا. ئەو سیاسەتەش بە رێگای مێدیاوە لەهەر جێگایەک تەشەنەی پێ دەدات. لەم خاڵە دا راگەیاندنەکانی پەدەکە رۆڵی مەزنی شەڕی تایبەتیان پێسپێردراوە. بچووک ترین لێدوانێکی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە خێرایی و بە رێگای شەڕی تایبەت بڵاو دەکاتەوەو راستیەکان چەواشە دەکات و بەردەوام بۆدرۆمانی فکری چەوت و درۆ دەرخواردی گەل دەدەن. دەبێ گەلی کورد زۆر ئاگادار و هۆشیار بێ کە نەکەوێتە داوی ئەم شەڕە تایبەتانەی دەوڵەتی فاشیستی تورک و پەدەکە کە ئامانجیان، درووست کردنی شک و گومان و نانەوەی دووبەرەکی و بێ باوەڕی ناو گەلە. لە سەردەمی داعش دا ویستیان بە شەڕی تایبەت ورەی هەموو لایەنەکان دابەزێنن. بەلام گەریلا بە خۆڕاگری ئەو شەڕە تایبەتەی تێکشکاند و هاوکات داعشی تێکشکاند و ئەوەش گورزێکی کوشندە بۆ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بوو. دەبێ هەر کەس ئەو لێدوانانەی کە لە لایەن پەدەکە و تورکیاوە بڵاو دەبێتەوە، بە پێچەوانەوە تێبگەن و بزانن کە ئەوە شەڕێكە و ناوەڕۆکەکەی فرت و فێڵ، چەواشەکاری و درۆیە. پەکەکە حەقیقەتێکە کە هەمیشە دەدرەوشێتەوە و بەم بانگەشانە ڕەش نابێ.

رۆژی هەڵبژارتنی سەرۆک کۆماری، ڕۆژی دادگایی کردنی رژێمی ئێرانە

لەبەشێکی تری بەرنامەی هێڵی سێ، ئامەد شاهۆ تیشکی خستوەتە سەر سیاسەتی پاکتاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و سەبارەت بە دەرئەنجام و ئاقارەکانی ئەو سیاسەتە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی ١٣هەمینی سەرۆک کۆماری رایەگەیاند:

لەسەر گشتی کوردستان بازنەیەکی داگیرکەری دامەزراوە، تورکیا بە شێوازی سەربازی و ئێران بە شیوەی سیاسی و مەرگی تەدریجی بەشدارە لەکۆمەڵکوژ کردنی کوردان. گەلی کورد ئەمڕۆ لە سەرجەم گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا چالاکە و پێداگرە لەسەر دەستەبەر کردنی ناسنامەی ئازادی خۆی. تایبەت ژنان و گەنجان بوونەتە ئامانجی سیاسەتە چەپەڵەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران. رۆژانە شاهیدی شەهید کردنی چالاکانی ژینگە پارێزین و دەستگیر دەکرێن و دەیانخەنە زیندانەوە. کۆڵبەرێک کە بۆ پارویەک نان دەچێتە سەر سنوور بە گولە پێشوازی لێ دەکرێ. هەروەها ژنێک کە بە داوای ئازادی و مافی خۆی دەکەوێ لەلایەن هەر دوو دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا وئێران دەبنە هەدەفی هێرشەکانیان. گەلی کورد ئیدی ئاشنای ئەم سیاسەتانەیە و هەڵناخڵەتێ. هاوکات گەلی کورد هێزی پاراستنی خۆی وەک؛ YRK، HPJ،KJAR ، KODAR وPJAK هەیە کە بەڕەنگاری ئەو زۆڵم و زۆریە دەبێتەوە. دەنگدان دان و هەڵبژارتن لەم قۆناخەدا بەلای گەلی کوردەوە، هیچ بایەخ و گرینگی نییە. رژێم ئەمڕۆ گەل دەخاتە ناو کونجی زیندانەکان و دواتر داوای دەنگدان دەکات و دەڵێ دەنگم پێ بدەن ئازادتان دەکەم یان مافتان پێ دەدەم، بەڵام گەلی کورد ئازادی لەو شێوەی رژێم دەڵێت نایەوێ. ئیمە وەکوو PJAK   و KODAR هەڵبژارتنی سەرۆک کۆماریمان بایکۆت کردووە و لامان روونە کە شەپۆلێکی نوێ دیکتاتۆری و ملیتاریزم لەئیران سەرهەڵدەدات و یەکەم قوربانی ئەوەش گەلانی ئازادیخوازی وەک؛ گەلی کورد، بەلووچ، ئازەری و گەلانی تێکۆشەر و ژنان و گەنجان دەبنە ئامانجی رژێم. ڕۆژی هەلبژارتنی سەرۆک کۆماری ڕۆژی دادگایی کردنی رژێمی ئێرانە. هەر چۆن ئێستا گەریلا لە گارێ و ئاڤاشین و مەتینا فیشەک لەدژی زۆڵم و زۆری دەتەقێنێ، گەلی کوردیش لە رۆژهەڵات بە بایکۆت، کۆنسێپتی دوژمن پووچەڵ دەکاتەوە.هاوکات گەل بۆ هەڵبژاردنی شورای شار و گوند بۆ خۆیان کەسێک بە گونجاو دەبینن و شایانی ئەو پۆستەیە و جێگای متمانە و باوەڕی گەلە دەتوانن خاوەندارێتی یان لێ بکەن.

گەل بەو سیرکبازیانە هەڵناخڵەتێ

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە قەیرانی ئابووری ناوخۆی ئێران و درووشمی یەکێک لە بەربژێرەکانی سەرۆک کۆماری کە جەخت لەسەر دەوڵەتی شەڕ لەگەڵ قاچاخ و بانگەشەی بەربژێرەکان رایگەیاند:

دیارە ئەو پاڵێوراو درەنگ هەستاوە لە خەو، چون دەوڵەتی شەڕ زیاتر لە ٤٠ ساڵە سەر دەسەڵاتە. کاتێک دەڵێن کە دەمانهەوێ بگەڕێنەوە بۆ دەسپێکی شوڕش، هەڵگری پەیامێکی مەترسیدارە و گەلی کورد دەبێ وشیاری ئەو دۆخە بێ. کاتێک دەڵێن بە کارهێنانی دەنگی بەتاڵ حەرامە، دەبێ گەل ئەوە بزانێ کە ژیان کردن لە ناو دەوڵەتێک دا کە دەرەوەی شەڕانگێزی و تاڵانکاری هیچ شتێکی تری نەکردووە، حەرامە. ئەو پاڵێوراوەی کە دەڵێت من ئابووریتان بۆ چارەسەر دەکەم و ئازادی دەستەبەر دەکەم، ئەگەر چاوێک بە کارنامەکەی بخشێنین، دەردەکەوێ کە گەورەترین بکوژی گەلە و بە ساڵانە وەکوو بەرپرسی سوپای پاسداران ئابووری لە کوردستان دا قۆرخ کردووە. ئیدی گەل بەم دوروشم و مونازرانە هەڵناخڵەتێ. بەربژێڕەکان دەڵێن کە ژن لە ناو کابینەکەی خۆم دا بە جێ دەکەم. بەڵام بۆچی هەر ئەو ژنە ناتوانێ ببێ بە سەرۆک کۆمار و مەجالی تێکۆشانی لێ زەوت دەکرێت. ئەمڕۆ ژنێک دەکەوێتە ناو گۆڕەپانی سیاسی، یان دەیهەوێ زمانی زکماکی خۆی پەروەردە بدا دەیگرن. هەروەها کۆڵبەرێک کە نایهەوێ مۆحتاجی کەس بێ و بە ٨٠ کیلۆ بارەوە دەڕواتە سەر سنوور تا پارچەیەک نان پەیدا بکات بەڵام بە گولە پێشوازی لێ دەکەن. دەڵێن کە ئیمە یارانە زۆر دەکەین، ئەمە لە حاڵیک دایە کە مەعاشی زۆربەی کرێکار و کارمەندانیان تا بە ئەمڕۆ نەداوە. ئیدی گەل بەم جۆرە سیاسەتانە ناخڵەتێ. کاربەدەستانی رژێم چەند مونازرەیەکیان رێکخست و بە رواڵەت مەلەفی یەکدی هەڵدەدەنەوە، بەڵام ئەمانە هەموویان نوێنەری رژێمن و لە یەک حەوز ئاو دەخۆنەوە. بۆیە گەل بەو سیرکبازیانە هەڵناخڵەتێ. ئێران وای لێ هاتووە کە کەسانێکی وەکوو ئیبراهیم ڕەئیسی و مۆحسێن ڕەزایی بوون بە ئازادیخواز، یان کەسێکی وەکوو ئەحمەدی نژاد بووە بە ئۆپۆزسیۆن. ئەو بەربژێرانە دەڵێن کە سفرەی خەڵک دەوڵەمەند دەکەین، بەڵام گەل پێویستی بە سفرەیەک نییە کە دەسەڵات بیڕازێنێتەوە، گەل پێویستی بە ئازادی و خۆ بەڕێوەبەری دیمۆکراتیک هەیە. هەڵبژارتنی سەرۆک کۆماری شتێکی نمایشی و سیرکبازی مۆرەکانی رژێمە و بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا حەرامە.

خاوەنداری لە بەرخۆدانی گەریلای ئازادی کوردستان ئەرکە

ئامەد شاهۆ لەکۆتایی بەرنامەی هێڵی سێ دا بانگەوازی لەگەنجان و ژنان کرد و دەڵێت:

دەبێ گەلی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنداری لە بەرخۆدانی گەریلای ئازادی کوردستان بکات و بەشداری ئەو بەرخۆدانە بکات و تا کۆتایی بەڕەنگاری هێڵی خیانەت و بە کرێگیراوی ببنەوە. ژنان و گەنجان دەبێ هەڵویستی خۆیان لەدژی ئەو داگیرکارییە راشکاوانە دیار بکەن و بەشداری ڕیزەکانی بەرخۆدان ببن. ئەگەر دوژمن دەیهەوێ کورد پارچە بکا، گەلی کوردیش بە سیاسەتی دێمۆکراتیک و یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی خۆی بە هێز دەکات. نابێ کەسێکی خاوەن ویژدان لە بەرامبەر داگیرکەران بێدەنگی هەڵبژێرێت. ویستی دوژمن ئەوەیە کە گەل بێ هەڵوێست بێ و ئاگاداری ئەوە نەبێ کە لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوا چ دەقەومێ. گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ زۆر وشیار بێ و نەکەوێتە ناو گەمەی سیاسی و شەڕە تایبەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ئێران و بە پێچەوانەوە پێویستە گەلی کورد باوەڕیان بە تێکۆشان و بەرخۆدانی رەوای خۆیان هەبێ.

بابەتی پەیوەندیدار