ئەگەر زمان کوردی بێت، دەبێ ژیانیش کوردی بێت

ئەگەر زمان کوردی بێت، دەبێ ژیانیش کوردی بێت

هێرش گارزان —

ماوەیەکە لە ناو راگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێران و هەروەها لێدوانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوایە لە تەنیشت زمانی فارسی، نەتەوە جیاوازەکانی ناو ئێران دەتوانن بە زمانی خۆیانیش پەروەردە ببینن. هەرچەند ئەو لێدوانانە زۆر روون و ئاشکرا نین و وەکوو کە گوتراوە، ئەم کارە تا ماوەیەکی کورت بەردەوام دەکات و هەتا ئاستێک کە پێویست بکات بەڕێوەدەچێت. ئیتر نازانرێت کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندە بە پێویستی بزانن! بەڵام دەبێ لە ئاکامدا شیکاری پێویست بۆ ئەو بابەتە بکرێت. پێش هەمووشتێک هێنانە بەر باسی وەها مژراێک لە لایەن کاربەدەستانی دەوڵەتەوە داننان بە ئەوەیە کە ئێران خاوەن کۆمەڵگایەکی فرەڕەنگە و دانیشتووانی ئێران تەنیا بریتی لە نەتەوەی فارس نین. لە هەمان کاتدا کردنەوەی کێشە کەڵەکەکراوەکانی ناوخۆیی ئێرانە. مادام کە باسی خوێندن بە زمان دایکی دەکرێ، ئەو کاتە باسی جیاوازی نەتەوەیی و فەرهەنگیش دێتە ئاراوە. ئەمەش راستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆیە دەستەواژەی”جیاوازی” بە شێوەیەکی بابەتیانە دەبێت پێناسە بکرێت. جیاوازی چیە؟ پێویستە چۆن چاو لە جیاوازیەکان بکرێت و کامە رێگا دەبێت بگردرێتە بەر؟

زمان، خاڵی سەرەکی فەرهەنگە و گوزارە لە مێژوو و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی دەکات. زمان کۆی بەها و نرخە کۆمەڵایەتیەکانە، دەربڕین و ئاشکرا کردنی بیر و هەست و جیهانی دەروونی تاک و کۆمەڵگایە. بە دڵنیاییەوە ناکرێت، زمان لە فەرهەنگ و مێژوو جیا بکرێتەوە. ئەوەی کە کاربەدەستان کۆماری ئیسلامی ئێران دەیکەن، نزیکبوونەوەیەکی میکانیکیە و دوورە لە راستی و جیاوازییەکانی ناو ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەت. ئەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕاستەوخۆ دەیڵێن ئەمەیە: بە فکری ئێمە بیر بکەنەوە و بە زمانی خۆتان بخوێنن. هەروەها ئەو رەستەیەی کە دەبێژێ هەتا ئەو ئاستەی کە پێویست بکات دەخوێنن چەمکێکی زەقی داگیرکارانەیە. بۆیە بەکارهێنانی مێتۆدی زانستی بۆ چارەسەری کێشەکان لە جیاتی پینە کردن، چارەسەری ریشەییتر و درێژخایەنتر لەگەلڕ خۆیدا دەهێنێت. هەروەها دەبێـت هەر لەسەرتاوە ئەو پرسیارە بکەین کە ئامانج چیە؟ بە راستی دوڵەتی رۆحانی دەیهەوێ کێشەی دیمۆکراسی لە ئێراندا چارەسەر بکات، یان ئەوەی کە دەیهەوێ کەلەبەرەکانی ناو دەوڵەت پڕبکاتەوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا روون دەبێتەوە. لە هەر حاڵێکدا پێویستە شرۆڤەی باش بۆ سەرچاوەی کێشەکان بکەین. لە راستیدا، شێوازی پێناسە کردنی کێشەکان، بۆ خۆی کێشەی هەیە. لە بواری رێبازی چارەسەی و مێتۆدی تێپەڕاندنی کێشەکانیشدا، دەوڵەت دووچاری ئاڵۆزییە و تەنیا قەیرانەکانی ئێران زیاتر دەکات.

بێگومان خاڵی هاوبەش لە رووی مێژوویی، فەرهەنگی و باوەڕییەوە لە نێوان گەلانی ئێراندا هەیە و کەس ناتوانێت ئەمە رەد بکاتەوە. بەڵام جیاوازییەکی ئێجگار زۆریش هەیە کە تەنیا بریتی لە زمان نیە. لە ئێراندا جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی هەیە، هەر نەتەوە خاوەن مێژوو و فەرهەنگی تایبەت بە خۆیە. هەبوونی ئەو جیاوازییانە نایێتە ئەو واتایەی کە هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێوان ئەو گەلانەدا بوونی نیە. کاتێک دەوترێت جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی، ئەوە ئاماژەیە بە شارستانیەت و فەرەهەنگی جیاواز. لە کاتێکدا کە هەموو ئەو جیاوازیانە لە پەرگالی پەروەردەیی ئێراندا خراونەتە ناو بازنەیەکی سیاسییەوە و دەرگایان لەسەر داخراوە. هەرچی مافی رادەربڕینە لە ریشەوە قەدەخە کراوە و پەرگالی زانیاری توندءتۆڵ لەسەر گەڵانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەت زاڵکراوە.

ناکرێت کە نەتەوەیەک بە فەرهەنگ و رامان و بیری دەوڵەتێکی سەردەست پەروەردە بکرێت. چوون منداڵ لە قوتابخانەدا تەنیا فێری زمان نابێت، لە هەمان کاتدا فێری مێژوو، ئەخلاق و ئایین دەبێت. منداڵێکی کورد کاتێک کە بە زمانی دایکی خۆی دەخوێنێت، پێویستە کە مێژووی کورد و کوردستانیش بخوێنێت. ناکرێت کە وانەکانی مەکتەب بە زمانی کوردی باسی فەرهەنگ و مێژووی گەلێک یان نەتەوەیەکی تر بکات. ئەمە وەکوو ئەوەیە کە بڵێی: بە زمانی خۆت، داگیرت دەکەم. هەتا ئێستا بە زمانی فارسی زەخت و گوشاریان دەخستە سەر گەلانی ئێران، لەمەوبەدوا بە زمان خۆیان زەختەکە بە کاریگەرتر و قووڵتر دەکەنەوە.

لە ئەنجامی ئەو شیکارییەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە لە ئێراندا کێشەی دیمۆکراسی و ئازادی و رادەربڕین هەیە. زمان تەنیا بەشێک لەو کێشانەیە. لە لایەکەوە لەبەر داواکردنی مافی نەتەوەیی، رۆژانە بە دەیان کەس لە سێدارە دەدرێن و لە لایەکی دیکەشەوە باس لە خوێندن بە زمانی دایکی دەکرێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا لە تەک هیچ عەقڵییەتێکی سیاسی و رۆشنبیریدا ناگونجێت.

کاتێک باس لە هەبوونی چەند نەتەوەی جیاواز لە ئێراندا دەکەین، مەبەست ئەوە نیە کە بۆ هەر نەتەوەیەکی جیاواز دەوڵەتێک دروست بکرێت. رێگا چارەکان دەبێ راوێژی لەسەر بکرێت. ئەوەش پێویستی بە کەشءهەوایەکی کراوە و هەبوونی ئازادی رادەربڕین هەیە. هەمووی ئەو شیکاری و روونکردنەوانە ئەوە دەسەڵمێنن کە ناوەڕۆکی کێشەکە سیاسی ـ کۆمەڵایەتیە. جا ئەگەر کێشەکە سیاسی بێت ناکرێ کە چارەسەری لە حاڵەتی سیاسی بەدوور بێت. بە دەرمانی سەرئێشە(موسەکین) نەخۆشی شێرپەنجە چارەسەر ناکرێت. وەک دەبینین لە لایەکەوە ناسنامەی گەلی کورد قەبووڵ ناکرێت و ئابلۆقەی ئابووری دەخرێتە سەر، ناوچە کوردنشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ملیتاریزە کراون و بچووکترین جوڵەی سیاسی و رادەبڕین کاردانەوەی توندی دەوڵەتی لێدەکەوێتەوە لە لایەکی دیکەوە باس لە خوێندن بە زمانی زگماکی دەکرێت. بۆیە ئەوەی کە دەبێت بخرێتە بەر گفتءگۆ، پرۆسەی گۆڕانگاری و دیمۆکراتیزەکردنی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئێسلامی ئێرانە و هەموارکردنی بەربەستەکانی ناو یاسای بنچینەییە. دەبێت بە شێوازێک بێت کە ئەو یاسایە هەموو فەرهەنگ و ئایین و جیاوازییەکانی ناو ئێران لە ژێر چەتری ناسنامەیەکی گشتیدا کۆ بکاتەوە. هەروەها دەست لە کاراکتێری ناوەندگرا، شیعەگرای دەوڵەتی و نادیمۆکراتیکی خۆی لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی نەتەوەکانی ئێران بەربدات. لەبەر ئەوەی کە دەسەڵاتی ناوەندی ئێران لەمە زیاتر ناتوانێت ئەو هەموو قورسایی جیاوازی نێوان گەلانی ئەو وڵاتە لە خۆیدا راگیربکات. بچووکترین گومان لەوەدا نیە کە کێشەی زمان لە ئێراندا ناتوانێت پێناسەیەکی ژیرانە و عاقڵانە بێت بۆ بارءدۆخی هەنووکەیی ئێران. هەر لەبەر ئەوەش راستترین پێناسە ئەوەیە کە بڵێین: کێشە دیمۆکراسی و ئازادی لە ئێراندا هەیە و دەبێ بە مێتۆد و رێبازی سیاسی و کۆمەڵایەتی نزیکی بینەوە. لە بەر ئەوەی کەهەموو رەهەندەکان لەخۆ بگرێت و زمانیش لەوناوەدا جێگا بگرێت. مەرجی سەرەکی چارەسەرکردنیشی، ئازادی رادەربڕینە. هەتا باس لە چارەسەری بەبێ مافی رادەربڕین بەردەوام بێت و تەنیا بە شێوازێکی یەکلایەنە رەفتار بکرێت، ئەوا کێشەکان بە هەڵپەسێراوی دەمێننەوە.

هەرچەند ئەوە روون و ئاشکرایە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێش لە هاتنی لافاو دەیانهەوێت کە گەمییەکەیان کۆنترۆڵ بکەن، تا بتوانن لە نوقم بوون لە گێژاودا رزگاریان بێت، بەڵام کێشە لەوەدایە کە گەمییەکەیان پووکاوەتەوە و بەرگەی شەپۆلی توند ناگرێت. بۆیە دەبێت کە لە فکری نووژەن کردنەوەی بەشە رزیوەکانیدا بێت.

گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەت داخوازیان ئازادی، یەکسانی و دادپەروەرییە. کاتێک دەوترێت ئازادی واتە خۆڕێوەبەری و دەستنیشانکردنی شوناسی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییە. نابێت ئەوە وەک داخوازی دەوڵەتێکی سەربەخۆ تێبگەین. دەکرێ لە ناو سنوورەکانی ئێراندا ژیانێکی ئازاد، بەکرامەت و شەرافتمندانە لەگەڵ گشت گەلانی ئێراندا دەستەبەر بکرێت. یەکەمین بژاردەی گەلی کورد بۆ ئەمەش، رێگاچارەی سیاسی و دیپلۆماسیە. ئەگەر دەوڵەت بۆ ئەو مژارە کراوە بێت، ئەوە بە بێ نوقوم بوونی ناو زەریا، خۆی لەو قەیرانە رزگار دەکات. وەک ئەنجام، ئەگەر بڕیارە کە رۆڵەکانمان بە زمانی دایکی بخوێنن و پەروەردە ببینن، ئەوە پێویستە بە فکر و عەقڵییەتی خۆجێیی و کوردی بخوێنن و بیر بکەنەوە، بێئەوەی کە لە قوتابخانەدا هەست بە هیچ زەخت و زۆرییەک بکەن. بۆ ئەوەی کە بە شێوازێکی تەندروستانە بخوێنن و بتوانن لە ئێمکاناتی هەیی نیشتمانەکەیان کەڵک وەرگرن. دەبێ بزانین کە رێشەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ کوێ و لە کوێوە هاتووین. کێشەکان وەک حەڵقەی زنجیر بەیەکەوە بەستراونەتەوە و لە یەک جیا ناکرێنەوە. بۆیە گۆڕانکاری ریشەیی و راستەقینە، پێویستە.

بابەتی پەیوەندیدار