بۆ ڕای گشتی گەلی کورد
بۆ ڕای گشتی گەلی کورد

بۆ ڕای گشتی گەلی کورد

بۆ ڕای گشتی گەلی کورد

گەلی وەڵات پارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان

شۆڕشی مەزن و مرۆڤی گەلی کورد ئەمڕۆکە لە هەستیارتین قۆناخی ئازادیدا بەروە پێشەوە دەچێت. گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە دیاریکەرترین قۆناخی تێکۆشانی خۆیدایە و زێدتر لە هەر کاتێک لە سەرکەوتن نزیک بۆتەوە و بەنرخترین دەستکەوتی نەتەوی دموکراتیکی بەدەست هێناوە. دوژمنانی بزووتنەوە و گەلەکەمان لەم سەردەمەدا کە تێکۆشانی فیدایی و فیداکارانەی گەریلا و گەل گەیشتۆتە لووتکە، زیاتر لە رابردوو لەمەڕ نزیک بوونەوەی گەلەکەمان لە ئازادی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون هەر بۆیەش پەنا دەبەنە بەر هێرشی دڕندانە و بەردەوام و هەموو دەستکەوت و هەبوونی گەلی کورد دەکەنە ئامانج.

لە ئەنجامی یەکێک لە هێرشەکانی دوژمن و خیانەتکاران لە رۆژی ١٥ی گەلاوێژ(٦ی اگۆست) لە ناوچەی ( حی‌الصناعه ) شاری قامیشلووی رۆژئاوای کوردستان، هەڤاڵی هێژامان، هەڤاڵ رێزان جاوید ( یوسف ربانی ) شەهید بوو. شەهید بوونی هەڤاڵ رێزان جاوید خەسارێکی مەزن بوو بۆ بزووتنەوەی ئازادی خوازیمان و رێکخستنەکەمان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان ( کۆدار ) و هەموو گەلی کورد. وێڕای بەتووندی سەرکۆنە و شەرمەزار کردنی هێرشی دوژمن بەتایبەتی رژێمی فاشیستی تورکیە و داگیرکەر، بۆ شەهید بوونی هەڤاڵمان پرسە و سەرساخی خۆمان ئاراستەی رێبەر ئاپۆ، گەلی وەڵاتپارێزی شاری مەهاباد، بنەماڵەی بەڕێزی رەبانی و هەموو گەلی کورد و ئەو ئازادیخوازانەی فیدایی و فیداکاری ئازادین، ئەکەین. رێگەی شەهید رێزان جاوید و رێگەی رێبەر ئاپۆ و تێکۆشانیان بەردەوامی تێکۆشانی قارەمانانەیە بۆ وەدەست خستنی بەنرخترین دەستکەوتەکانی ئازادیخوازی مرۆڤایەتیە.

هەڤاڵ رێزان جاوید وەکوو ئەندامی ئەنجوومەنی رێوبەری کۆمەڵگای دموراکتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان ( کۆدار ) بە مەبەستی بەرەو پێش بردنی ئەرکەکانی لە پێناو وەدی هێنانی یەکگرتنی نەتەوی دمۆکراتیکی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە نزیکەو کەڵک وەرگرتن لە لە ئەزموونەکانی گەلەکەمان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریە، چووبوو بۆ رۆژئاوای کوردستان. شەهید بوونی هەڤاڵ رێزان جاوید و دەیان کەس لە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریە ئەوە ئەسەلمێنێت کە دوژمنانی گەلەکەمان دەستیان داوەتە دەستی یەک تاکوو پێش بە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە مەزن وبەنرخە بگرن و بە ئامانج گرتنی پێشەنگانی گەل لە هەر چوارپارچەی کوردستان، گەلی کورد لە تێکۆشانی ئازادی و درێژە پێدانی رێبازی شەهیدان دڵسارد بکەنەوە.

هەڤاڵ رێزان جاوید لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. هەڤاڵ لە کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ( پژاک ) بەشدار بوو و بە تێکۆشانی بێووچان نەمامی پارتی ئاو دا و مەزن کرد. بوو بە سمبوولی فیدایی بوون بۆ گەلەکەی و بێ دوودڵی لە رێگەی دژواری ئازادیدا بەردەوام بوو.  شەهیدی هێژا لە هەمان سەرەتای دامەزراندنی پژاک لە گۆڕەپانی رووناکبیری و راگەیاندن بگرە تا ئەندام بوون لە مەجلیسی پژاک گەورەترین تێکۆشانی لە پێناو پێشخستنی شۆڕشی گەلەکەمان پێکهێنا. هەروەها ساڵی ٢٠١٤ لە کۆنگرەی دامەزراندنی ( کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار ) بەشدار بوو و لەمەر راستگۆیی، تێکۆشەر بوون و تێکۆشانی بێ ووچانی وەکوو هاوسەرۆکی کۆدار  لە پێناو خزمەت کردنی گەلدا هەڵبژێردرا و تا کۆتایی هاتنی خولی هاوسەرۆکایەتی بەردەوام بوو لە هەوڵ و تێکۆشان.

شەهیدی هێژا، رێزان جاوید بە درێژایی تەمەنی تێکۆشانی وەکوو کەسایەتێکی پاک و بێگەرد، خەمخۆری گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد پابەندی رێبازی رێبەر ئاپۆ بوو و بە تێکۆشانی خۆی بوو بە کەسایەتیکی ئاپۆیی کە لە ناو گەلەکەمان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناسراو بوو. شێوازی فیداکاری و فیدایی بوونی هەڤاڵمان لەسەر زاری هەموو گەل بووە و هەشە. هەر لە سەرەتاوە بۆ یەکڕیزی گەلی کورد و حیزبەکان و رێکخراوەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بێووچان و ماندوو نەناسانە تێکۆشانی کرد. بە تایبەتی لە چالاکی بەرێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوی کورد چووە شاری هەولێر و شوێن پێیەکی بە شەرەفی لە مێژووی گەلەکەمان لە شوێن خۆی بەجێ هێشت. هەر بۆیەش ئاواتی پێکهاتن و گەیشتنە ئەنجامی یەکڕیزی نەتەوەی دمۆکراتیکی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بوو، یەکگرتنێک کە ئاواتی بزووتنەوە، رێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان و رەمزی دەستەبەر بوونی ئازادیە. هەڤاڵ ریزان جاوید لە بەردەوامی هەمان ماندوو  بوون و تێکۆشانی بێووچان سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد تاکوو  بە کۆمەڵێک چاوپێکەوتن و چالاکی بەستێنی یەکگرتنی نەتەوەی دموکراتیک بەهێز بکات. شەهید بوونی هەڤاڵ، خەسارێکی مەزنە بۆ گەلەکەمان بەڵام نەریتی تێکۆشانی ئێمە هەڵ کردنی ئاڵای بە هێزی تێکۆشانی هەڤاڵانی شەهیدمانە. وەکوو رێکخستنمان کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بەڵێن ئەدەین کە کاروانی رێگەی بەردەوام بکەین و بە تێکۆشانی بەهێزتر لە رابردوو گەورەترین ئاواتی کە یەکگرتنی نەتەوی دموکراتیک لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وەدەست هاتنی ئازادتی تەواو بۆ گەلەکەمانە بەدی بێنین.

وەکوو ئەنجومەنی رێوەبەری ( کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار ) و ( پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک ) جارێکی دیکە هێرشی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورکیە بە توندی سەرکۆنە ئەکەین و پرسە و سەرساخی شەهید بوونی هەڤاڵ رێزان جاوید ( یوسف رەبانی ) ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان، گەلی وەڵاتپارێزمان لە مەهاباد و هەڤاڵانی تێکۆشەری و گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان ئەکەین. لە هەموو گەلەکەمان، دڵسۆزانی رێگەی ئازادی و دموکراسی و  خۆشەویستان و کاروانی رێگەی پڕ شکۆی شۆڕشگێڕی هەڤاڵ رێزان داوا دەکەین کە بۆ بەرز راگرتنی یادی هەڤاڵی شەهید و بەردەوام کردنی ریگەی تێکۆشانی بەشداری مەڕاسمی یادکردنی ببن و بەم چەشنەش دڵی دۆژمن بهەژێنن و نائۆمێدیان بکەن. بەشدار بوونی گەلەکەمان لە مەڕاسمی شەهید رێزان و لە گەڵ بنەماڵەیدا بوون دەبێتە هۆی سەبر و هیوا و وورە بۆ بەردەوام کردنی رێگەی ئازادیخوازی شەهیدی بەنرخمان. ئێمە، ئەنجوومەنی رێوەبەری کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک بەڵێن ئەدەین کە تا کۆتا هەناسەمان بۆ ئازادی گەلەکەمان و بەردەوام کردنی رێگەی شەهیدان دریغی لە هیچ فداکاری و فیدایی بوونێک نەکەین و  ئاواتی هەموو شەهیدان و بزووتنەوە و گەلەکەمان بە گەیشتن بە ئازادی وەدی بێنین. تێکۆشانی هەڤاڵ ریزان جاوید وەکوو مانیفێستۆی رێگەی بێ پسانەوەی بزووتنەوەمان و هێزی گەریلا تا گەیشتن بە ئازادی دەمێنێتەوە. ئێمە بەهێزتر لە رابردوو تێکۆشانمان بە هیز دەکەین و ئازادی دەستەبەر دەکەین ئەوەش ئەبێتە تۆڵە سەندنەوەیەک بۆ  هەڤاڵانی شەهید.

 

ئەنجوومەنی رێوەبەری کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

١٠ – ٠٨ – ٢٠٢٢

 

ناو و پاشناو: یۆسف رەبانی

نازناوی رێکخستنی: رێزان جاوید

ناوی دایک: فاتمە

ناوی باوک: مەحمۆد

بەرواری بەشداربوون: ساڵی ٢٠٠٣ قەندیل

بەروار و جێی شەهادەت: ٦ اگۆست ٢٠٢٢ قامشلۆ

بابەتی پەیوەندیدار